هەندێک زانیاری گرنگ لەسەر هەڵبژاردنەکانی تورکیا

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

ناونیشانی بابەت: هەندێک زانیاری گرنگ لەسەر هەڵبژاردنەکانی تورکیا

OIP (1).jpg

ئامادەکردن: بورهان شێخ ڕەئوف

لە 14 ئەم مانگەدا خەڵکی تورکیا سەرۆک و پەڕڵەمانێکی نوێ هەڵدەبژێرن، لایەنە سیاسییەکانی ئەو وڵاتەش ئێستا لە ململانێیەکی گەرمدان بۆ سەرکەوتن لە هەردوو هەڵبژاردنەکەدا، بۆیە ئەم هەڵبژاردنە بە یەکێک لە گرنگترین هەڵبژاردنەکانی تورکیا دێتە هەژماردن لەکاتی دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیای نوێوە لە 100 ساڵی ڕابردوودا.

ئەم هەڵبژاردنە بڕیاردەدات کە ئاخۆ سەرۆکی ئێستا ئەردۆغان لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە دوای دوو دەیە لە فەرمانڕەوایی یان نا؟ کە جێ پەنجەی بەسەر هەموو سێکتەرەکانی ئەو وڵاتەوە دیارە بە باش و خراپەوە؟!

ئۆپۆزسیۆن هەڵبژاردن دەباتەوە؟

لەبەرانبەردا ئایا هاوپەیمانی شەش قۆڵی بە سەرۆکایەتی (جەهەپە) و کەمال کلیچدار ئۆغڵۆ دەتوانن دەسەڵات بگرنەدەست؟ هەرچەندە ئەردۆغان بە هاوپەیمانی حەوت قۆڵی ناویان دەبات و دەبێژێت (هەدەپە) شتان لەگەڵدایە، بەڵێنەکانیان بە مەنزڵ بگەیەنن کە دەخوازن گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەکی تورکیادا بخوڵقێنن، بە گەڕاندنەوە بۆ سیستمی فەرمانڕەوایی لە سەرۆکایەتییەوە بۆ پەڕڵەمانییەکی بەهێز.

هەموو ئەوانەی چاودێریی دۆخی تورکیا دەکەن، ئەم زانیارییانە گرنگە بۆ هەر هەڵسەنگاندنێک بۆ پڕۆسەکە:

1- ژمارەی هەموو دەنگدەرانی تورکیا لە ناوەوە و دەرەوە کە مافی دەنگدانیان هەیە (64) ملیۆن و (113) هەزار و (941) کەسن، نزیکەی (5) ملیۆن لەمانە گەنجن و بۆ یەکەمجارە دەنگدەدەن، پێدەچێت ئەمانە ڕۆڵی سەرەکی ببینن لە یەکلاکردنەوەی ئەنجامەکان بۆ سەرۆکایەتی و پەڕڵەمانیش.

2- هەڵبژاردنەکانی سەرۆک لەنێوان چوار کاندید دایە، بۆ سەرکەوتنی هەر کاندیدێک پێویستە (٪50 + 1) ی دەنگەکان بە دەستبهێنێت، ئەگەرنا دەکەوێتە گەڕی دووەمەوە کە بڕیارە لە 28/5/2023 بەڕێوەبچێت لەنێوان براوەی یەکەم و دووەمدا، جا کامیان زۆرتری هێنا دەبێت بە سەرۆک کۆماری ئاییندەی تورکیا.

3- کاندیدی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن (شەش قۆڵی) کەمال کلیچدار ئۆغڵو پشتیووانی (هەدەپە) ی بەدەستهێناوە، ئەمەش پێگەی ناوبراوی زۆر بەهێز کردووە، چونکە (هەدەپە) خاوەنی قەوارەیەکی جەماوەریی بەهێزە لە باکووری کوردستان و تەنانەت بەشێک لە شارەکانی دیکەی ئەو وڵاتەش، بە تایبەتی لە دوای لایەنگریی هەدەپەوە بۆ کاندیدەکانی جەهەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا ساڵی 2018 لە ئیستانبوڵ و ئەنقەرە و شارە گەورەکانی تورکیا کە تای تەرازووی ئەنجامەکانی گۆڕی، ئێستا پێدەچێت لەم هەڵبژاردنەشدا و بە تایبەتی ئەگەر بکەوێتە گەڕی دووەمەوە، ئەوا کاندیدی ئۆپۆزسیۆن سەربکەوێت، چونکە بەڵێنی ئەوەی داوە کە گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە سیاسەتی وڵاتدا بکات سەبارەت بە دۆسێی کورد لەدەرەوە و ناوەوەدا.

4- کێبڕکێیەکی توندیش هەیە لەنێوان 24 حزب و 151 کەسایەتی سەربەخۆ لەسەر 600 کورسی پەڕڵەمانی تورکیا کە ئەمە خولی 28-ەمینە، بەهێزترینیان هاوپەیمانی حوکمڕان و ئۆپۆزسیۆنن، جگە لە هاوپەیمانیی کار و ئازادی کە هەدەپە سەرۆکایەتی دەکات.

کورسییەکانی پەڕڵەمانیش گرنگن بۆ ئەو لایەنەی سەرۆک کۆماری دەباتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت حوکمڕانیی وڵاتەکە بکات بە بێ‌ گرفت، لە هەمانکاتدا بەریەککەوتن ڕوونەدات لەنێوان دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردندا، هەروەها بۆ لایەنی ئۆپۆزسیۆنیش گرنگە بەدەستهێنانی زۆرینەی سێیەکی پەڕڵەمان بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور لە سەرۆکایەتییەوە بۆ پەڕڵەمانی، یان (نیوە + 1) بە دەستبهێنن، بۆ ئەوەی بتوانن پێشنیاز پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی دەستوور هەموار بکەنەوە.

هەڵبژاردن لە بارودۆخێکی تەواو جیاوازدا

5- ئەم هەڵبژاردنەی ئەمجارەی تورکیا لە بارودۆخێکی جیاوازدا بەڕێوەدەچێت سەبارەت بە ئەردۆغان، چونکە هیچ جارێک ئاوا شپرزە نەبووە و هەڵاوسان 40 ٪ی تێنەپەڕاندووە، کاریگەرییەکانی زەمین لەرزەکەی 6 ی شوبات 2023 کە زیاتر لە (50) هەزار کەس تێیدا بوونە قوربانی، 100 ملیار دۆلاری ئەمریکی زیانی لێکەوتۆتەوە بەگوێرەی خەمڵاندنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانیش، جگە لە ئاڵۆزی و گرژییە نێودەوڵەتییەکان و کاریگەرییەکانی لەسەر تورکیا، بە تایبەتی لێکەوتەکانی جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا.

6- تایبەت بە سیاسەتی دەرەوە، ئەردۆغان بەڵێنی ئەوە دەدات کە درێژەپێدەری هەمان بەرنامەی پێشووی بێت، کە بەهێزکردنی ڕۆڵ و پێگەی تورکیایە لە ناوچەکە و جیهانیش وەکوو هێزی ڕاگرتنی هاوسەنگی لەنێوان خۆراوا و خۆرهەڵاتدا، لەبەرانبەریشدا کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بەڵێنی ئەوە دەدات، ناسنامەی جیۆسیاسی تورکیا وەکوو ئەندامی (ناتۆ) بگێڕێتەوە.

7- لەلایەکی ترەوە، ئاوارە سووریاییەکان ترسی زۆریان لێ‌ نیشتووە ئەگەر ئەردۆغان سەرنەکەوێت، بە زۆر بگەڕێنرێنەوە بۆ وڵاتەکەیان، کە نزیکەی (5) ملیۆن ئاوارە لە دوای ساڵی 2011 و ڕووداوەکانی سووریا لە تورکیادا دەژین، ترسەکە لەوەوە هاتووە کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بەڵێنی ئەوەی داوە کە ئەو ئاوارانە بگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکەیان لە ماوەی دوو ساڵدا.