وێنەکانی گەمەی دوایی ئێران بە چاوی کامێرایەکی ڕووسییەوه 1901- 1914

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
Hassan qazi58.jpg

نووسینی: جان. چالێنکۆ

وەرگێڕانی: حەسەن قازی

سیاسەتی روووسییە لە ئازەربایجانی ئێران بە گشتی واداندراوە کە بە گشتی کۆنسوولە خۆجێیەکانی کارتێکەرییان لە سەر بووبێ، کە زۆر جار تەواو بە پێچەوانەی ئه و ڕێنوێنیانە دەجووڵانەوە کە لە لایەن وەزیری ڕووسییە لە تاران و وەزارەتی کار‌وباری دەرەوە لە سەنت پێترزبورگەوە بە دەستیان دەگەیشت.

بۆ وێنە، گومانێکی کەم لەوەدا هەیە کە بیروڕا و کردەوە تیژپەڕە ئیمپریالیستییەکانی کۆنسوولی گشتی لە تەورێز میلر و جێنشینەکەی، پرۆبرایێنسکی، دەورێکی نێوەندییان دەگێڕا لە ڕووداوەکاندا، نفووزی ئەوان لە ساڵی 1912 دا زیاتر بوو کاتێک میلر بوو بە بەرپرسی مێزی ئاسیای نێوەندی لە وەزارەتی کاروباری دەرەوە لە سەنت پێترزبورگ.

ئیاس تەنیا کۆنسوولێک بوو کە لەگەڵ ئه و ڕەوتە نەدەگونجا. ئیاس نەخشەی دانانی شوجاعودەولەی وەکوو حاکمی گشتی ئازەربایجان کە سەرەڕای دژایەتی حکوومەتەکانی بریتانیا و ئێران لە لایەن میلرەوە کێشرابو و، بە هەڵبژاردنی هەرە خراپ دەزانی.

لەم گوزاریشتەی لە خوارەوە دا دێ ئیاس شوجاعودەولە وەکوو کەسێکی بە تەماح، هاندەر و گەندەڵ دەناسێنێ و، لە گوزارێشتەکانی دواتری دا تەنانەت شتی زۆر توندتری لە سەر دەڵێ.

ئیاس چ حەول نادا بۆ شاردنەوەی بێزاری خۆی له و پیاوە، تا ڕادەیەکی ئەوتۆ، کە بریکاری کۆنسوولی بریتانیا لە تەورێز بنووسێ: (ئیاس لە ساوجبولاغ (سابڵاغ) فەنلاندی یە و زۆر دژی رووسییە یه).

لە بەر ورووژاندن و حەولی لە زێدەی لایەنگران و مەئموورەکانی ترک، کەشوهەوای سیاسی لە سابڵاغ بە خیرایی بەره و خراپی و گرژی دەچوو و، به گوێنەدانی تەواو بە ئیدارەی حاکمی ئەستانەکە و دڕێژەکێشانی شەڕی نێوخۆیی لە نێوان عەشیرەتەکان لە چیاکاندا. ئێستا بڵاو بوونەوەی دەنگۆی پەیتا پەیتا سەبارەت خۆ کۆکردنەوەی هێزەکانی ترک له و بەری سنوور زیاد ببوو.

129830.jpg

ئیاس بڕیاری دا داوای ناردنی هێزی زیاتر بۆ سابڵاغ بکا.

125 قازاخی ڕووسی و 5 ئەفسەر لە تەورێزەوە گەیشتنێ و، 500 سەربازیش لە ورمێ وە 'خوازرانەوە' بۆ ئەوەی ماوەی جێژنی پاک لە سابڵاغ بن وەکوو نیشانەیەک لە بەهێزی و بە بڕیاری ڕووسییە.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئه و هێزانە، بوون بە سەرچاوەیەکی نوێ بۆ ئەوەی چەت لە کاروباردا بکەوێ کاتێک شوجاعودەولە، بە کەلکوەرگرتن لە پێگەی زێدەبووی دەستەڵاتی عەسکەری ڕووسییە، دەستی کرد بە پیلانگێڕان بۆ لابردنی باب مەزن و سەرۆک عەشیرەتی مەنگوڕ بایزپاشا و، دانانی باپیری ئامۆزای لە جێگەی ئەو.

عەشیرەتەکانی دەوروپشت دەستبەجێ هەریەکەی پشتی لایەنێکی کێشەکەیان گرت و خەریکی ئامادەکاری بوون بۆ تێکهەڵچوونی چەکدارانە. ئیاس، کە له و دواییانە دا پلەی بەرز کرابووەوە بۆ کۆلۆنێل، کردەوەکانی شوجاعودەولەی بە زمانێکی زۆر توند مەحکووم کرد و، توانی ئاشتییەک لە نێوان لایەنەکان پێک بهێنێ به و ئاکامە سەیرەوە کە بایزپاشای، مەنگوڕی لایەنگری ترک، لە لایەن کۆنسوولی رووسییەوە داڵدە درا.

گوزاریشتی ژمارە 86 ی ئێلێکساندر ئیاس، 1ی ژووەنی 1913 (14 ی ژووەنی 1913). نهێنی.

گوزاریشتی ڕووداوەکانی قەڵەمڕۆی کۆنسوولخانەی شایانەی ڕووسییە لە سابڵاغ بۆ مانگی مەی 1913.

مەئموورییەت بە دژی بایزپاشای مەنگوڕ:

گوزاریشتەکەی پێشووی من ئاماژەی کرد بە تێکهەڵچوونی نێوان سەرۆکایەتی مەنگوڕان بە فیت و پیلانگێڕی باپیرئاغای مەنگوڕ (ئامۆزای بایزپاشای مەنگوڕ) کە، بە فەرمانی حاکمی ئازەربایجان، شوجاعودەولە، هاتە سابڵاغ نزیک بەرزاییەکانی وا سەربازگەی ئێمەی لێ هەڵکەوتووە بە مەبەستی داگیرکردنی ئه و دێیانەی کە لەلایەن خزمەکانییەوە دەستیان بە سەر دا گیرا بوو و هەر وەها بۆ ئەوەی ببێ بە سەرۆکی مەنگوڕان. لە ئاکامی تێکهەڵچوونەکە دا، بایز پاشا، کە ئه و دەمی نەخشەی وا بوو بچێ بۆ (لە دەقی ماک دا بەتاڵە)، بێ ئەوەی چاوەڕوان بکرێ ڕێگەی گۆڕی بەره و سەروو چوو بۆ گوێجکەدەرێ و کاوێس.

ئه و دوو رۆژان لە وێماوە تایفەکەی خۆی کۆ کردەوە بەر لەوەی بەره و بەنگین و حەسەن چەپ بڕوا و لەوێ لە شوێنێکی ستراتێژی باروبەندیلی داکوتا و ئۆردووی دامەزراند.

شوجاعودەولە به و هیوایەی له و هەیەجانه ‌کەلک وەربگرێ کە گواستنەوەی گرووپەکانی ئێمە لە ورمێ و تەورێزەوە بۆ ساوجبولاغ سازی کردبوو بۆ ئەوەی ئاخرەکەی دوژمنی کۆنینەی خۆی بایز پاشای مەنگوڕ لە نێو بەرێ، فەرمانی دا بە حاکمی سابڵاغ، سەرداری موکری فەرمان بدا بە دێبۆکری و بەگزادان سەر وەبەر سەرۆکایەتی باپیر ئاغای مەنگوڕ کە لە سەرەوە دا باس کرا بهێنن و لە قۆڵی سابڵاغەوە هێرش بکەنە سەر بایز پاشای مەنگوڕ؛ لە هەمان کات دا گەورک، پیران و مامەش فەرمانیان درایە لە باشوورەوە هێرش بهێنن.

بۆ ئه و مەبەستە دێبۆکری و بەگزادەکان بانگ کران بۆ سابڵاغ، لە کاتێک دا فەرمان درا بە سەرۆک عەشیرەتەکانی دیکە لە خەتی پشتەوە و لە باڵانەوە هێرش بەرنە سەر ئۆردووگەکەی بایزپاشای مەنگوڕ. دێبۆکرییەکان دەستبەجێ هاتنە سابڵاغ و ئامادەیی خۆیان نیشان دا، ئەگەرچی زۆر بە نابەدڵی؛ لە لایەکی دیکەوە، بەگزادەکان، پێ دزیلکەیان بوو و خۆیان وەدرەنگی خست و تەنێ لە نیوەی مانگی مەی دا گەیشتنە سابڵاغ و، ئەودەمی ئیدی هیچ پێویستی بەوان نەمابوو.

دێبۆکرییەکان، لەگەڵ ئەوەشدا، ئه و کاتی لە سابڵاغ بوون، شەوقێکی زۆر کەمیان لەخۆیانەوە نیشاندا بۆ بەشداریکردن لە هێرش کردن بۆ سەر بایزپاشای مەنگوڕدا، چونکوو زۆر باشیان دەزانی له و بەرەوڕووبوونەوەیە دا وێناچێ لایەنی سەرکەوتوو بن.

سەرداری موکری لە حەولێک دا بۆ دڵخۆشی دانەوەیان داوای کرد 200 سوارەی قەرەپەپاغ لە سندووسەوە‌ بێتە یارمەتییان، لە گەڵ ئەوەشدا، لە ڕاستیدا لە 70 سوارە زیاتر نەهات.

کاتێک دەرکەوت کە هاتنی قەرەپەپاغەکانیش ناتوانێ ورەی دێبۆکرییەکان بەرز بکاتەوە، سەرداری موکری تکای لە من کرد بە پێی فەرمانی شوجاعودەولە ڕێگە بدەم گوردانی قازاخی ئێرانی کە پێگەی لە نەغەدە بوو لە گەڵ هێزی باپیرئاغای مەنگوڕ بکەون و، قسەشی ئەوە بوو دەرسێک بدرێ بە بایز پاشای مەنگوڕ لە بەر ئەوەی هێشتوویە کوڕەکانی دێیەکانی کیتکە، جانداران و قەڵاجو‌غە ئاورتێبەردەن.

من بەگومان بووم لەوەی ئه و داوایە لە لایەن شوجاعودەولە خۆی ڕا کرابێ، بۆیە داوام لێکرد ئه و داوخوازەی بە نووسین بێ ؛ ئەویش نووسی.

بە ئاگاداری تەواو له و ڕاستییەی کە بوونی قازاخەکان لە نێو هێزی باپیرئاغا دا لە لەنێوچوونێکی تەواو بە دەستی ئۆردووی زۆر بەهێزتر و زۆر بە بڕیارتری بایزپاشای مەنگوڕ دەیانپارێزێ و، بە ئاگاداری تەواو لەوەی کە دێبۆکرییەکان و قەرەپەپاغەکان ناوێرن بە بێ یارمەتی هێرش بەرنە سەر پاییز پاشا، ئەمن لێبڕام بە ویژدانێکی خاوێنەوە داوخوازی سەردار بەجێ بهێنم و فەرمانی گوێستنەوەی 50 قازاخ و ئەفسەرێکم دا بۆ سابڵاغ بۆ بەشداریکردن لە مەئموورییەتی دژ بە بایزپاشای مەنگوڕ دا.

کاتێک قازاخەکان گەیشتنە جێ، دێبۆکرییەکان، کە تائەودەمی ژمارەیان دەگەیشتە نزیکەی 200 کەس، تەواو گەشانەوە و ئاخرەکەی لێبڕان بەره و حەسەن چەپ بچن. لە 29ی ئاوریل، 200 سوارەی دێبۆکری، 70 سوارەی قەرەپەپاغ و 50 قازاخ سابڵاغیان بە جێ هێشت و لە دوو ڤێرستی شاری ئۆردوویان دامەزراند. بەر لەوەی قازاخەکان وەرێ کەون، ئەمن ئەفسەری فەرماندەریان، زییائەدین خان م بانگ کرد و، بە نهێنی فەرمانم دایە نابێ ڕێگە بدا بە هیچ تێکهەڵچوونێک لە نێوان هەردووک لا دا و، ئەگەر هاتوو لایەنێک حەولی شەڕهەڵائیساندنی دا، دەستبەجێ تاوانکارەکە بێ هێچ بەزەییەک سزا بدا.

بایزپاشای مەنگوڕ داوای پارێزگاری لە کۆنسوولخانەی ڕووسییە دەکا:

کاتێک دەستەی باپیرئاغای مەنگوڕ بەکاوەخۆ و بە ڕاڕایی بەره و حەسەن چەپ دەچوون، کە لە 25 ڤێرستی سابڵاغ هەڵکەوتووە، مامەشەکان لە ژێر سەرۆکایەتی قەرەنیاغای مامەش دا، پێکەوە لەگەڵ پیاوانی عەشیرەتی پیران لە ژێر سەرۆکایەتی حەمەدەمیناغای پیران و دەستەکانی عەشیرەتی مەنگوڕ لە ژێر سەرۆکایەتی قادری مروەت و پیرۆتی کاکە‌مەر، بە پێی فەرمانی شوجاعودەولە، دەستیان کرد بە سووتاندن و تاڵانی موڵک و ماڵی جێهێشتووی بایزپاشای مەنگوڕ و لایەنگرانی لە ترکەش و نەڵێن.

ئاکار و جووڵانەوەی سەرۆکی پیران، حەمەدەمیناغا، ئاڵۆزی و پێچەڵپێچی پێوەندییەکانی کوردی کە ئیاس لەگەڵیان ڕووبەڕوو بوو بە جوانی دەردەخا.

دەکرێ وەبیر بخرێتەوە کە چەند مانگ پێشتر، هەمزاغای مامەش داوای لە حەمەدەمیناغای پیران کردبوو لەگەڵ ئه و و بایزپاشای مەنگوڕ بکەوێ، بەڵام ئه و لێبڕابوو بەدەنگییەوە نەچێ و چاوەڕێ بکا.

هاتنی ئۆردووی ڕووسییە ئاخرەکەی وای کرد بڕیار بدا لەگەڵ باپیرئاغا بکەوێ بە دژی بایزپاشا، بڕیارێکی کە ئەوچەند مانگ دواتر زۆری لێ پەشیمان بوو کاتێک جارێکی دیکە تای تەرازوو لە قازانجی ترکەکان قورستر بوو. وەک نەبای لێ نیشتبێ و نە بۆران، حەمەدەمیناغا ئەوجار ڕووی لە ئیاس نا لە گەڵ بایزپاشای مەنگوڕ پێکیان بهێنێتەوە.

بایزپاشای مەنگوڕ زۆر زوو هەستی پێکرد کەوتووەتە هەڵوێستێکی لاوازەوە و ناتوانێ بەرگری لە خۆی بکا، کەوتبووە نێوان هێزەکانی باپیرئاغا کە لە ترسی قازاخەکان نەیدەوێرا هێرشی بکاتە سەری و، جەنگاوەرانی مامەش و پێرانەوە.

لە یەکی مەی مامەکانی بایزپاشا، قادری باپیر و حەمەدی باپیر نامەیەکیان نارد بۆ کۆنسوولخانە و تێیدا داوایان کردبوو هاووڵاتێتی ڕووسییە یان بدرێتێ. دیارە ئەمن وڵامم دانەوە کە ئەوە ناکرێ.

ڕۆژێک دواتر بایزپاشای مەنگوڕ هەمان داوخوازی لە من کرد. ئەمن وڵامی ئەویشم هەر ئاوا داوە کە ڕۆژێک پێشتر بە مامەکانیم دابووەوە، بەڵام لێم زیاد کرد بێتوو هێندێک مەرجان پێک بهێنێ لەوانەیە بتوانم پارێزگاری لێ بکەم، مەرجەکانیش ئەوانە بوون بە تەواوی مل ڕاکێشێ بۆ دەستەڵاتی هەم حکوومەتی شا و هەم ئیدارەی ناوچەیی، ئه و دێیانەی کە عەشیرەتەکەی داگیری کردووە بداتەوە بە خاوەنە حەقدارەکانیان و کۆتایی بهێنێ بە تاڵان و بڕۆی مەنگوڕان.

لە ڕۆژی 4ی مەی مامی بایز پاشای مەنگوڕ، کورەکەی و برازاکەی بە نامەیەکەوە هاتن بۆ کۆنسوولخانە کە تێیدا بایزپاشا ڕایگەیاندبوو کە مەرجەکانی من دەپەژرێنێ و ئاماژەی پێکردبوو کە هەڵگرانی نامەکە وەکوو نوێنەرانی عەشیرەتەکە ناردراون بۆ ئەوەی ئامۆژگاری بکرێن تا ئه و کاتەی کە ئه و دەتوانێ ئۆردووگەکەی بەجێ بهێڵێ بە بێ ترس لەوەی کە لە نەبوونی خۆیدا قەرەنیاغای مامەش تاڵانی کا.

لە وڵامی ئه و ڕاگەیاندنە دا ئەمن تاجری کۆنەساڵی خۆمان ناجی کازمۆڤ م نارد بۆ حەسەن چەپ بۆ وریاکردنەوەی ئه و کوردانەی کە پاییزپاشایان دەورەدابوو کە ئێستا لەوه و دواوە بایز پاشا لە لایەن کۆنسوولخانەی ڕووسییەوە پارێزگاری لێ دەکرێ و لە گەڵ نوێنەرێکی کۆنسوولخانە بەره و سابڵاغ دێ.

ناجی کازمۆڤ لە بەر ئەوەی درەنگ وەڕێکەوتبوو و تووشی بارانی بە خوڕ و هەورە تریشقە هاتبوو نەیتوانیبوو بە ڕۆژ بگاتە پێگەی سەرەکی بایزپاشای مەنگوڕ و ناچار مابوو شەوێ لە ماڵی حەمەدی باپیرئاغای مەنگوڕ بمێنێتەوە.

زۆربەی کادەروێشەکانی (پیاوە بەساڵداچووەکان) مەنگوڕ بە بیستنی هاتنی ناجی کازمۆڤ چووبوونە لای و ڕایانگەیاندبوو ڕێگە نادەن بایزپاشا بەره و سابڵاغ بچێ چونکوو لێیان سوورە بە ساغی لەوێ ناگەڕێتەوە. کاتێک لە 6 ی مەی ناجی کازمۆڤ لە چوونی بۆ لای بایز پاشا بەردەوام ببوو کادەروێشەکان لە گەڵی کەوتبوون و، کاتێک ئەوان گەیشتبوونە لای بایزپاشای مەنگوڕ پێکێشییان لەگەڵ کردبوو دەبێ دەست لە فکری چوونی سابڵاغ هەڵگرێ.

لەگەڵ ئەوەشدا، بایز پاشا لە سەر قسەی خۆی ڕاوەستابوو و پێی گوتبوون ئه و بەڵێنی خۆی ناشکێنێ و دەچێ بۆ سابڵاغ و هەرچی دەبێ باببێ.

کاتێک بایزپاشا دەیەوێ ماڵاوایی لە ئەندامانی بنەماڵەکەی بکا، کوڕە دوازدە ساڵانەکەی فیشەک وەبەر تفەنگەکەی دەنێ و سێرە لە بابی دەگرێ به و مەبەستەی بیکوژێ.

کورەکە دەگرن و تفەنگی لە دەست دەردەهێنن و چەکی دەکەن و ناتوانێ تەقە بکا؛ لە گەڵ ئەوەشدا دوای ئەوەی بایزپاشا سواری ئەسپەکەی دەبێ و تێیدەخوڕێ بڕوا، کوڕەکەی بەردێک لە سەر زەوی هەڵدەگرێ، نیشانی ئەوکەسانەی دەدا وا ئامادە بوون و بەردەکە بە سینگییەوە دەنێ و دەڵێ: ' لە ئێستاوە ئەگەر هەرکەس لێم پرسێ بابت لە کوێیە، ئەمن ئەم بەردە نیشان دەدەم و دەڵێم، "ئەوەتا بابم" بایز پاشای مەنگوڕ سەرلەنگۆرێ گەیشتە سابڵاغێ و خۆی بە کۆنسوولخانە ناساند. ئه و پێی گوتم لەمەودواوە بە تەواوی مل کەچ دەکا بۆ دەستەڵاتی من و بێ ئەملاو ئەولا گوێڕایەڵی دەکا لە هەموو ئامۆژگارییەکی من سەبارەت بە شەخسی خۆی، کێشەی لە گەڵ باپیرئاغای مەنگوڕ و گشت کاروباری عەشیرەتەکە.

بایزپاشای مەنگوڕ و باپیرئاغای مەنگوڕ:

بەرلەوەی کە پاشماوەی فاکتەکان لەمەڕ مەنگوڕان کورت بکەمەوە، لەوانەیە یارمەتیدەر بێ ئەگەر پۆرترەیەکی کورتی ئه و دوو سەرۆکە ڕقەبەرانەی لکی بڵباس بکێشمەوە.

لەقەبی بایزپاشای مەنگوڕ رەئیسولعەشایر (سەرۆکی عەشیرەت) و لەقەبی باپیرئاغای مەنگوڕ سالارولعەشایر(ڕێبەری عەشیرەت) ە. ئەوان ئامۆزان نەک هەر لە لای بابەوە، بەڵکوو لە لایەن دایکیشانیەوە. ئەوان نەوەی سەرۆکی کۆچکردووی عەشیرەتی مەنگوڕ باپیرئاغان، کە 19 کوڕی هەبووە.

بە پێی بلەوەزی و ڕاڕایی دەستەڵاتدارانی ئازەربایجان و تەگبیری بێ سەباتی خۆیان، هەر دووکیان لە سەروبەندی جیاواز دا و، بە سەرکەوتوویی جیاواز، مەزنایەتی عەشیرەتەکەیان کردووە.

هیچ دوژمنایەتی خوێنی و شەخسی لە نێوانیان دا نییە. بایزپاشا پیاوێکی کەڵەگەتی چوارشانه و بەخۆوەیە و، هەیکەڵیکی وەرزشکارانەی هەیە.

ئه و هەوای دەستەڵات و هێز لە خۆیەوە نیشان دەدا بەڵام لە هەمان کاتدا پیاوێکی کراوە و ڕەپ و ڕوویە. بایزپاشا هەر کوردی دەزانێ. باپیرئاغای مەنگوڕ بە شێوەیەکی بەرچاو لە ئامۆزاکەی کورتترە، کابرایەکی خرپنی، حیلەبازە و ئامادەیە بۆ جامەلۆسکێ و زمان چەوری، پیاوێکی پیلانگێڕە و بە ڕەوانی بە کوردی، فارسی، تاتاری و ترکی قسە دەکا.

هەشت ساڵ لەمەوبەر بایزپاشا وەکوو سەرۆک عەشیرەتی مەنگوڕ، کەوتە بەر ئازار و ڕاوەدوونانی حاکمی سابڵاغ، شازدە ئیمام قوڵی (میرزا – تێبینی وەرگێڕ)، کە داوای دانی 500 تمەنی لێکرد.

بایزپاشا لە بەر ئەوەی ئه و بڕە دراوەی نەبوو، ناچار بوو هەڵێ بۆ ترکییە؛ لە ئاکامدا باپیرئاغای مەنگوڕ سەرۆکایەتی عەشیرەتەکەی بە دەستەوە گرت. ئاکامەکانی هەڵاتنی بایزپاشا و داڵدە بردنی بۆ ترکییە باش زاندراون.

ڕۆژێکی خودای دەستەی عەسکەری فازیل پاشای ترک لە سنوور پەڕینەوە و هاتنە نێو خاکی ئێران، ناوچەی سەرسنووریان داگیر کرد، کاربەدەستانی ئێرانییان دەرپەڕاند و دەستیان کرد بە تاڵان و ڕووتکردنەوەی خەڵکی مەدەنی بە هەمان گەرمی و مرخی کوردەکان.

فازیل پاشا دەستەڵاتی بایزپاشای مەنگوڕی دامەزراندەوە و دوای ئەوە باپیر ئاغا بە بیستنی هاتنی ترکەکان بەره و سابڵاغ، لە گەڵ حاکمی ئەودەمی سابڵاغ، شوجاعودەولە تێیانقووچاند و بەره و میاندواو هەڵاتن، ئاخرەکەی باپیرئاغا لەوێ مایەوە و لە لایەن ئێرانەوە مووچەی بۆ بڕاوە.

لەهەمان کاتدا، ترکەکان، بایزپاشای مەنگوڕیان خستە بن باڵی خۆیان، نازناوی "پاشا" یان پێ بەخشی، چەندین میداڵیان دایە و تەنانەت مووچەیەکی مانگانەیان بە بڕی 10 لیرەی ترکی بۆ بڕییەوە، کە ئه و دوایین جار پێنج مانگ لەمەوبەر وەریگرتووە. دوای پاشەکشەی ترکەکان له و ناوچەیەی قڕەی لە سەر بوو، بایزپاشای مەنگوڕ لەگەڵ سەرۆک عەشیرەتە کوردەکانی دیکەی سەر سنوور هاتنە سابڵاغ و وەفاداری خۆیان لە ئاست حکوومەتی ئێران ڕاگەیاند. له و دەمییەوە ئه و لە چاوی دەستەڵاتدارانی ئێرانی دا وەکوو سەرۆکی عەشیرەتی (مەنگوڕ) ناسراوە.

بایزپاشای مەنگوڕ

چارەسەرکردنی بابەتی سەرۆکایەتی عەشیرەتەکە:

لە نەبوونی چ دوژمنایەتییەکی خوێنی لە نێوان بایزپاشا و باپیرئاغا دا، مرۆ وای بۆ دەچوو کە دانەوەی ئه و زەوییانەی لەلایەن مامەکان و ئامۆزاکانی بایز پاشاوە لێی داگیرکرابوون دەتوانێ کۆتایی بهێنێ بە کێشە و دمەقڕەی وی لە گەڵ باپیرئاغا، بەتایبەتی لە بەر ئەوەش کە بایزپاشا تەنانەت ئه و زەوییانەی ڕەعەمەلیش نەهێنابوون.

لەگەڵ ئەوەشدا، کارەکە، ئاوا نەبوو. لە جیاتییان، دوای ئەوەی باپیر ئاغا لە گەڵ دەستەکەی ئێمە هات بۆ سابڵاغ بە باوەڕی پتەوەوە بەوەی کە سەرۆکایەتی عەشیرەت بە تەواوی دەدرێتەوە بەوی، بە بڕیار بوو ئه و فەرمانە جێبەجێ بکرێ کە لە لایەن شوجاعودەولەوە دەرکرابوو و لە گیرفانی دابوو لەمەڕ بە دەستەوەگرتنی سەرۆکایەتی عەشیرەتەکە.

لێکدانەوەی شەخسی من ئەوەبوو کە زیاتر لە یەک لە پێنجی عەشیرەتی مەنگوڕ پشتیوانی لە حەولی باپیرئاغا ناکەن بۆ سەرۆکایەتی عەشیرەتی مەنگوڕ، ئەوانی دیکە هەموویان لە پشتیوانی کردنی خۆیان لە بایزپاشا یەکدەنگ و هاوڕا بوون.

لەهەلومەرجێکی ئاوا دا دانانی باپیرئاغا وەکوو سەرۆک عەشیرەت نە تەنێ گەوجییەکی ڕووت بوو که ‌تەنێ کەسێکی وەک شوجاعودەولە دەیتوانی بیکا بە کەلک وەرگرتنی خراپ لە زێدەڕۆیی ئێمە لە ئاست خۆی و لە ئاکامدا بیرۆکەیەکی ئاوا بهێنێتە گۆڕێ کە تەنیا ئەرکی هێزەکانی ئێمەلە ئازەربایجان پشتیوانی کردن لە بەرژەوەندییەکانی وییە.

ئیاس ئێستا باسی ئەوەمان بۆ دەکا ئیدی بابەتی ئەوەی کە کێ مەنگوڕان ڕێبەری بکا لە ئارا دا نییە، تا ئه و کاتەی کە ئەوان ئاگایان لە ئاکاری خۆیان بێ و خزمەت بکەن بە بەرژەوەندییەکانی ڕووسییە؛ بۆیە ئه و پێشنیاری بە شوجاعودەولە کرد به و مەرجە لە گەڵ بایز پاشا دێتە ڕەدایێ کە بەڵێنێکی نووسراو بدا بە ئیاس کە ئاگای لە ئاکاری خۆی بێ و ژن و کوڕەکانی وەک دەستەبەری ئه و بەڵێنییەی داویەتی لە سابڵاغ بە جێ بهێڵێ.

ئه و فکرە بە دڵی شوجاعودەولە نەبوو و ئه و له و بابەتەوە لە وڵامی تێلگرامی سەرداری موکری دا نووسی بایز پاشای مەنگوڕ دەبێ قەرەبووی هەموو ئه و زەرەر و خەسارانە بکاتەوە کە لە لایەن تاکوتەرای جۆر بە جۆرەوە لە سابڵاغ دراون لە سەروبەندی داگیرکردنی ترکەکان دا (مەبەستی شوجاعودەولە لە تاکوتەرای جۆر بە جۆر هێندێک لە ئاخوندە(مەلا – وەرگێڕ) خۆجێیەکان بوو، کە جاسووسییان بۆ دەکرد و ئاگادارییان دەدایە سەبارەت بە کێشەی نێو کوردەکان کە ئەوەش لە وانەبوو سەرچاوەیەکی توانایەکی بێ بۆ داهات بۆ شوجاعودەولە)؛ لەوەش زیاتر داوای کردبوو، مەنگوڕ بە دووعەشیرەتی تەواو سەربەخۆ دابەش بکرێن، یەکیان لە ژێر سەرۆکایەتی باپیرئاغای مەنگوڕ دابێ و ئەوی دیکەیان لە ژێر سەرۆکایەتی بایزپاشای مەنگوڕ دا.

ئەوەی لە خوارەوە دا دێ سەربەخۆیی ئەوپەڕی ئاسایی بیر و بۆچوونی ئیاس دەسەلمێنێ لە ئاست ستراتێژی ڕەسمی ڕووسییە لە ئازەربایجان. ئاماژەی وی بە 'ئاڵۆزییەکانی تەورێز' دەگەڕێتەوەسەروبەندی نێوان دیسامبری 1911 – ژانڤییەی 1912 کاتێک کە کۆنسوولی گشتی ڕووسییە، میلر، دەروازەکانی شاری لە سەر شوجاعودەولە کردەوە و نێوبراو دەستی کرد بە کەمپەینی ئەشکەنجە و کوشتنی مەشرووتەخوازەکان.

دوای ئەوەی لە نەخشەی شوجاعودەولە ئاگادار بووم، کە سەرداری موکری بە فەرمانێکی دادەنا، داوام لێکرد لە زمان منەوە تێلگرامێک بۆ شوجاع بنێرێ و بڵێ ئەمن هێشتا نەمبیستووە هیچ داوایەک کرابێ بۆ قەرەبووکرانەوە و تێهەڵهێنانەوەی ئه و زەرەر و خەسارانەی کە لە بەر کردەوە تاوانکارییەکانی شوجاعودەولە خۆی و لایەنگرانی لە ماوە و لە دوای ئاڵۆزییەکانی تەورێز دا قەوماون؛ لە ئاکامدا بە بیریشم دا نەهاتووە کە قەرەبووکردنەوەی ئه و خەسارانەی کە بەهەمان شێوە لە لایەن مەنگوڕانەوە دراون بکەمە مەرجێک بۆ پارێزگاری کردن لە بایزپاشای مەنگوڕ.

ئەمن هەر وەها وەبیرم خستەوە کە حکوومەتی شا لێخۆشبوونێکی گشتی ڕاگەیاندووە بۆ هەموو کوردەکانی سەرسنوور و سەرۆکەکانیان دوای پاشەکشەی ترکەکان و، جەختم کردەوە که ‌گشت موڵک و دارایی عەشیرەتەکە تەنانەت ناگاتە یەک لە سێی ئه و خەسارانەش کە ئەوکەسانەی لە سابڵاغ لە شوجاع نزیکن ئیدیعا دەکەن لێیان کەوتووە.

لە کۆتایش دا ئاماژەم پێکرد دانانی دوو سەرۆک عەشیرەت، کە یەکێکیان زۆر لە ئەویدیکەیان لاوازترە، بێ ئەوەی خۆی لێ بپارێزدرێ لە نێو مەنگوڕان دا کێشە دەنێتەوە، ئەمن له و بەڵێنیانەی بایزپاشا پێیداوم خۆش دەبم و دەینێرمەوە بۆ حەسەن چەپ، ترکەش یان هەر جێیەکی کە بۆ خۆی پێی خۆش بێ، با شوجاع بۆخۆی، کە وێدەچوو زۆر باوەڕی بە هێزی خۆی هەبێ، ڕاستەوڕاست پێوەندی پێوە بکا.

دوو ڕۆژ دواتر سەرداری موکری تێلێگرامێکی کورتی لە شوجاعودەولە ڕا بە دەست گەیشت کە تێیدا داوای لێکرابوو بە پێی ئامۆژگارییەکانی من لە گەڵ بایزپاشا بجووڵێتەوە.

لە سەر بنەمای ئه و تێلێگرامە سەرداری موکری عەبایەکی شانازی بە شانی بایزپاشا دادا و هەڵکەوتی وی وەکوو سەرۆک عەشیرەت داگرتەوە.

باپیرئاغای مەنگوڕ به و بڕیارە ڕازی نەبوو و پیرۆتی کاکە‌مەر، قادری مروە‌ت و ئەوانی دیکەی هان دا تێلێگرامێک بۆ شوجاع بنێرن و ڕابگەیێنن ئەوان بایزپاشایان وەکوو سەرۆک عەشیرەت پێ هه و نییە.

شوجاع به و پەیامە زۆر خۆشحاڵ بوو و دەستبەجێ داوای لە کۆنسوولی گشتی ڕووسییە لە تەورێز کرد کە ناوەرۆکی ئه و تێلێگرامە بە ئاگاداری تاران بگەیێنێ لە گەڵ بۆچوونی خۆی لە مەڕ ئەوەی کە دانانی بایزپاشا بە سەرۆک عەشیرەتی مەنگوڕ ئاڵۆزییەکی نەخوازراو لە سەر سنووری ئێران – ترکییە ساز دەکا.

بە خۆشییەوە تێلێگرامی کۆنسوولی گشتی هیچ شوێنێکی نەبوو لە سەر ڕەوتی ڕووداوەکان.

بۆ ئەوەی شێوەی ئاکار و جووڵانەوەی شوجاع بە تەواوی لە قاو بدرێ و وەڕوو بخرێ، ئەوە زۆروێژی نییە ئەگەر لێی زیادکەم کە کاتێک من لە قادری مروەتم پرسی بۆچی بنی ئه و تێلێگرامەی واژۆ کردووە، ئه و وڵامی دامەوەئه و چ پشکێکی نەبووە، چونکوو شوجاعودەولە فەرمانی داوە بە کادەروێشان نەک هەر لا لە بایز پاشا نەکەنەوە تەنێ لە ئەمر و نییەی باپیر ئاغا دابن و سەر وەبەر وی بهێنن، بەڵکوو هانیشی داون دەست بە دوژمنایەتی کەسانی بایزپاشا بکەن و، ئەوە بووەتە هۆی ئەوەی کوڕانی بایز پاشا دێیەکانی جانداران و قەڵاجوغە ئاور تێبەردەن.

ئەمن هیچ گومانم لەوەدا نییە کە دانەوەی پلەی سەرۆکی عەشیرەت بە بایزپاشا بە گردبڕی چارەسەری (کێشەی) نێوان کادەروێشان دەکا و کۆتایی دەهێنێ بە گێرە و کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێو مەنگوڕان، لە گەڵ ئەوەشدا که ‌ئه و بەڵێنی نووسراوی داوە، بەڵام ئەمن باوەڕی زیاتر بە بایزپاشا ناکەم لە باپیر ئاغا، یان شوجاعودەولە بۆخۆی، سەرداری موکری و گشت ئاسیاییەکان بەگشتی. تەنیا هۆییەکی کە بووە هۆی داڵدەدانی دەست پەروەردەی ترکان لە لایەن منەوە ئەوە بوو کە من دەمەویست لە بەر چاوی دەستەڵاتدارانی سنووری ترک سووکی کەم هەروەها لە بەر ئەوەش کە هەنووکە هیچ کاندیدایەکی باشتر له و نییە بۆ ئه و پلەیە و هیچ ڕێگەیەکی باشتریش نییە بۆ کردنەوەی ئه و گرێ پووچکەیە کە لەبەر کردەوەکانی تەماحکارانە، هاندەرانە و بێ ڕەوشتی شوجاع خۆی هاتووەتە گۆڕێ.

لاجان:

بەشداری قەرەنیاغای مامەش لە مەئموورییەت بە دژی بایزپاشای مەنگوڕ دا کە بە فیتی شوجاعودەولە ڕێک خرابوو بووتە هۆی وەدەست هێنانی بایی 30،000 تمەن دەستکەوت بۆ خۆی و خزمەکانی بە ڕێگەی تاڵانی مەڕوماڵات و کەلوپەل کە لەلایەن مامەشەکانەوە لە ئۆردووگەکانی نزیک ترکەش و نەڵێنەوە کراوە کە مەنگوڕەکان بە جێیان هێشتبوون بۆ ئاگاداری لە ژنەکانیان.

ئه و جووڵانەوە نە هێندە جوامێرانەیەی مامە‌شان بووە هۆی ئەوەی مەنگوڕەکان چیرۆکێک بۆ قەرەنیاغای مامەش و عەشیرەتەکەی هەڵبەستن و بە ترسەنۆکی جێی بەزیی پێداهاتنەوەیان نێوزەد بکەن کە هەر دەرەقەتی ژنان دێن قەرەنیاغای مامەش و براکانی، لە حەولێک دا بۆ شاردنەوەی قەدرایی ڕاستی تاڵان و بڕۆی خۆیان لە دەستەڵاتدارانی تەورێز، نیوەی یەکەمی مانگی مەی یان بەوە دەرباز کرد کە بەشێکی کەم له و مەڕوماڵاتە دزراوە لە پێشدا بۆ شنۆ و لەوێوە بۆ ورمێ بنێرن.

لە گەڵ ئەوەشدا، شوجاع بە چاوی پەروەردەکراوی دزێک، له و گزییە تێگەیشت و فەرمانی دا قەرەنیاغا بێتە تەورێزێ و خۆی پێ بناسێنێ. قەرەنیاغا هەستی پێکرد ئه و ماستە بێ موو نییە، بە بیانووی نەخۆشی بۆ خۆی نەچوو، لە جیات خۆی براکەی خۆی مارف ئاغای ناردە تەورێز. هیچ گومان لەوەدا نییە کە هەر دووک ئه و برایانە دەبێ دەستکەوتەکانیان لە گەڵ شوجاع دابەش بکەن؛ شاپەوگاپەی پاراستنی بەرخۆڵان لە دەمی گورگان بە هیچ ڕێگەیەکی دیکە دا ناکرێ.

سەبارەت بە هەمزاغای مامەش، ئه و لە 10 ڕۆژی دوایی مانگی مەی دا دوای سەردانی موسڵ و پاشان شێخ جەلالەدین لە زینوێ گەڕاوەتەوە ڕایات. واوێدەچێ ئه و هیچ پشتیوانییەکی لە حاکمی موسڵ وەرنەگرتبێ چونکوو یەکەم شتی کە ئه و دوای گەڕانەوەی لە زینوێ کردی بە چاوی پڕلەگریانەوە لە من دەپاڕاوە بۆ ئەوەی ئه و پشتیوانییە سەر بگرێ.

ئیاس گوزاریشتی مانگانەی خۆی بە دەنگووباسی بە وردە ڕیشاڵی سەقز، بانە و سەردەشت لە هەرێمە باشوورییەکانی ناوچەی سابڵاغ کۆتایی پێ دەهێنێ کە تێیاندا ترکەکان گوشاریان دەهێنا بۆ سەر سەرۆکە خۆجێیەکان کە سەر وەبەر حوکمی ئێران نەهێنن و خۆیان ئامادەبکەن بۆ داگیرکرانەوەی عەسکەری.

ساوجبولاغ، 1 ی ژووەنی 1913، کۆنسوولی نێشتمانی باوکی شایانە کۆلۆنێل ئیاس، لەوەوە بۆ گەڕانەوەی لاجان (بەندی 10. بابەتی سەرۆکایەتی مەنگوڕان مەی 1913)

نووسینی: جان. چالێنکۆ

وەرگێڕ: حەسەنی قازی