چوار زیندانیی سیاسیی کورد لە سێدارە دران / تەرمی گیانبەختکردوان ڕادەستی بنەماڵەکان نەکراوەتەوە

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
Wafa-Mohamad-Pejman.jpg

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕێبەندان (٢٨ی ژانڤییە) دوای تێپەڕینی ١٩ مانگ لە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی پژمان فاتیحی، موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی و وەفا ئازەربار لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە، بنەماڵەکانیان توانیان دیدارێکی کورتیان لەگەڵدا بکەن.

ڕۆژی شەممە ٧ی ڕێبەندان (٢٧ی ژانڤییە) بنەماڵەی ئەم چوار زیندانییە سیاسییە لە لایەن بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای تارانەوە بۆ زیندانی ئێڤین بانگهێشت کرابوون. ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕێبەندان (٢٨ی ژانڤییە) بنەماڵەکان سەردانی زیندانی ئێڤینیان کرد و لەوێ بەو بیانووە کە زیندانییەکان لە زیندانی قزلحەساری کەرەجەوە بۆ دیدار دەهێنرێنە زیندانی ئێڤین، لە بەیانییەوە تا نیوەڕۆ لە هۆڵی دیداردا چاوەڕوان ڕایان گرتن.

دوای دیدارەکە، پژمان فاتیحی، موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی و وەفا ئازەربار لە زیندانی ئێڤینەوە ڕەوانەی زیندانی قزلحەساری کەرەج کران و بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕێبەندان (٢٩ی ژانڤییە) بە ئامادەبوونی بەرپرسانی دادوەری و ئەمنی، هەر چواریان لە سێدارە دران.

بنەماڵەکان دوای بیستنی هەواڵی لەسێدارەدانی کوڕەکانیان چوونەتە بەردەم زیندانی قزلحەسار، بەڵام تا ئێستا تەرمەکان بۆ ئەسپەردەکردن ڕادەستی بنەماڵەکان نەکراوەتەوە.

محەممەد فەرامەرزی، ٢٨ ساڵان و خەڵکی دێولان، موحسین مەزڵووم، ٢٧ ساڵان و خەڵکی مەهاباد، وەفا ئازەربار، ٢٦ ساڵان و خەڵکی بۆکان و پژمان فاتیحی، ٢٨ ساڵان و خەڵکی کامێران، لە ڕێکەوتی ١ی گەلاوێژی ١٤٠١دا (٢٣ی جولایی ٢٠٢٢) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە گوندێکی ورمێ دەستبەسەر کران. ئەم هاووڵاتیانە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ڕۆژێک پێش لەسێدارەدان، ڕۆژی یەکشەممە، لە مافی دیداری بنەماڵە بێبەش کرابوون و لە پرۆسەی دادوەرییشدا مۆڵەتی بینینی ئەم زیندانیانە و وەرگرتنی دۆسیەکە بە پارێزەری دیاریکراویان نەدرا و تەنانەت دیار نەبوو لە کام زیندانیشدا ڕاگیراون.

دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی دوای دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتیانە وەک هەمیشە بە دووپاتکردنەوەی سیناریۆی هەڵبەستراو و تۆمەتبارکردنیان بە هاوکاریکردن لەگەڵ دەزگای مووسادی ئیسراییلدا، دوو جار دانپیانانی زۆرەملێی ئەم کەسانەیان لە تەلەڤیزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بڵاو کردەوە.

لەم ڤیدیۆیەدا وترابوو کە ئەم ٤ ئەندامەی کۆمەڵە گرێدراوی «دامودەزگا سیخوڕییەکان» بوون و لە شاری ئیسفەهان دەستبەسەر کراون. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەندامێکی بنەماڵەی دەستبەسەرکراوان پێشتر لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتبووی: «بە پێچەوانەی پڕوپاگەندەکانی وەزارەتی ئیتلاعات، ئەم کەسانە تەنها بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی ڕێکخستن و کاری سیاسی نێردرابوون بۆ ورمێ و هیچ چەکوچۆڵێکیان پێ نەبووە».

پژمان فاتیحی، موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی و وەفا ئازەربار لە سەرماوەزی ١٤٠٢دا (دیسامبەری ٢٠٢٣) بە تۆمەتی «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپا و لە ناوەڕاستی بەفرانباردا (سەرەتای ژانڤییە) حوکمەکە لە دیوانی باڵای ئێراندا وەک خۆی پەسەند کرایەوە.[١]