چۆن چووکی ڕەپی سانتۆگوستین جیهانی وەرچەرخاند؟

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
Thumbnail9871.jpg

چۆن چوکی ڕەپی سانتۆگوستین جیهانی وەرچەرخاند ؟

نووسینی: سەردار حەمەڕەش

سانتۆگوستین saint Augustin (354 - 430)، ئەمازیقی بوو خەڵکی ئەفریقای باکور بوو، دەیگووت:

گەورەترین گوناحی مرۆڤ ئەوەیە، کاتێک چوکی ڕەپ دەبێت بە بێ هۆکار.

خۆ هەموو ڕۆژێک بەبێ هۆکار چەندەها چوک ڕەپ دەبن و کەسیش ئەم دیاردەیەی نەداوەتە بەر پرسیار، وەک شتێکی نامۆ ڕەچاوی لێ نەکراوە، وەک دیاردەیەکی سروشتیی و ئاسایی ناسراوە.

بەڵام بۆچی کەسانی وەک سانتۆگوستین بە گوناحیان لە قەڵەمداوە؟

سانتۆ گوستین لەسەر دینی مانی بوو، پاشان بوو بە مەسیحی، پێ دەچێت هۆکاری ئەوە بووبێ کە دەیویست خودایەکی بەهێز و بێ بەزەیی بئافرێنێت کە لە توانایدا هەبێت چوکی ڕەپی دابمرکێنێتەوە و کۆنترۆڵی بکات، لەبەر ئەوەی کە سانتۆگوستین خۆیشی هەمیشە چوکی رەپ دەبوو بەبێ هۆکار.

ئەو وەک هیگڵ وەهای باوەڕی بوو کە لە کۆتاییدا چاکە سەردەکەوێت بەسەر خراپەدا.

چەندە مرۆڤێکی ساویلکە بوو ! هەر هۆکاری چوکی ڕەپی بوو کە دیاردەی ( خود) ی کردە باسێکی فەلەسەفی لە ئەورپا، هەموو ئەوروپای مەسیحیەتی بە گوناحکار و لەزەتی جەسەدی وەک گوناحێکی گەورە ناساند، دوای ئەوەی کە خۆی هەتا توانای هەبوو لەو بوارەدا بێ دڵی خۆی نەدەکرد.

سانتۆگوستین وەک یەکێک لە دکتۆرە گرنگەکانی ئیمانی مەسیحی ناسراوە، کۆڵەکەیەکی گرنگی مەسیحیەتە.

خۆ وەنەبێت سانتۆگوستین کەسێکی بێ گوناح بوو بێت، چوکی رەپ نەبووبێت بە بێ هۆکار.

ئەو کاتێک بە گوناحەکانی خۆی ئاگامنەد بوو ئیدی دەیویست ڕیگریی لە هەموو مرۆڤایەتی بکات هەتاوەکوو نەگەن بەو گوناحانەی کە ئەو درکی پێ کرد بوو، کە ئەو ئاگامەند بووپێی، چونکە باوەڕی وا بوو هەموو تاکەکان ڕۆژێک لە دەرئەنجامی دەستبردن بۆ پشکۆیەک دەگەن بە ئاگامەندیی، لەبەر ئەوەی کە هەر هەموویان چوکیان ڕەپ دەبێت بەبێ هۆکار.

بۆیە تەنانەت رابواردنی ژن ومێردی قەدەغە کردبوو لە دەرەوەی جێگەی خەوتن.


سانتۆگوستین پێش ئەوەی واز لە ژیانی مێردایەتی بهێنێت و ببێتە کەسێکی مەسیحی، واتە واز لە سێکسکردن بهێنێت وەک چۆن لە دینی مەسیحیدا باوە، رووی دەکردە خودا و دەیگووت:

خوایە گیان، پاکیزەیی ؟ بەڵی باشە، بە ڵام جارێ نا.

واتە، دەیویست هەتا دواهەمین ساتەکانی ژیانی لە کۆمەڵگەدا، چوکی ڕەپی "بە بێ هۆکار" ی خۆی بخزێنێتە ئەو شوێنەی کە دەیویست، بۆ وەدەستخستنی زۆرترین لەزەت، وەک خۆی دەیگووت:

"چوکی ڕەپی گوناحباری"

دوای ئەوەی کە ئیدی توانای نەما، سەرزەنشتی خەڵکی دەکرد کە ئەو ڕێگایە نەگرنە بەر و کۆنترۆڵی چوکی رەپی خۆیان بکەن.

یان پێدەچێت کە سانتۆگوستین ویستبێتی لە هەموو گوناحەکانی مرۆڤ تێ بگات بە ئەزمونی چوکی ڕەپی خۆی هەتاوەکو بتوانێت دۆگمێکی تەواو جێگیر بسەپێنێت بەسەر کۆمەڵگەدا ؛ کە هەرگیز سێکس بە مەبەستی لەزەت نەکەن، بەڵکو تەنها بۆ نانەوەی نەوەیەکی نوێ، نەوەکا بیانبات بەرە و ئێرۆتیزم و پاشان گوناحی گەورەتر.

بۆ ئەو ئێرۆتیزم و چوکی رەپ جۆرێک بوون لە گوناح و دەرگایەک بوون بۆ واڵاکردن بەسەر گوناحی تردا.

سانتۆگوستین کەسێکی نێرینە بوو، خاوەنی چوکێکی ڕەپ بوو، وە ک هەمو نێرینەیەک.

خۆ ئەگەر مێینەکان چوکیان ڕەپ نابێت لەبەر ئەوە نیە کە وەک ئێمەی نێرینە بیر لە گوناح ناکانەوە، یاخود ئارەزووی خراپەکارییان نییە، نا نەخێر، لەبەر ئەوەیە کە ئەوان هەتا ئەم ساتە ژێردەستەی نێرینەن، کەسانی ژێردەستەش بە شێوەیەکی گشتیی لەژێر ڕکێفی ئاغاکانیاندان و سەیری تاوانەکانی ئەو دەکەن بەبێ ئەوەی ڕیگری لێ بکەن، هەندێ جاریش یارمەتیدەرن.

نەخێر مێینە ئەو پەرییە بەهەشتییە نییە کە کەسانی ڕۆژهەڵاتیی وەک خواوەندێک تێیان دەڕوانن، کاتێک چوکیان ڕەپ دەبێت بە بێ هۆکار، لەبەر ئەوەی کە دەبێتە جێگای دامرکاندنەوەی چوکی ڕەپیان.

کاتێکیش دەیانەوێت ئەو مێینە ببێتە موڵکی تەنها خۆیان، موڵکی تەنها چوکی ڕەپیان، بە چەقۆ دەدەن لە ورگی یەکتری و چەندەها شەڕ و کوشتاری لەسەر دەکەن بە بێ هۆکاری چوکی ڕەپیان.

تابلۆی هونەرمەند philippe de Chapmagne 1602-1974 بۆ سانتۆگوستین
تابلۆی هونەرمەند philippe de Chapmagne 1602-1974 بۆ سانتۆگوستین

تابلۆی هونەرمەند philippe de Chapmagne 1602-1974 بۆ سانتۆگوستین

دەستبردن بۆ پشکۆیە، کە مرۆڤ دەگەیەنێت بە هۆش، دەگەیەنێت بە ئاگامەندیی. لەبەر ئەوەی کە هەموو مرۆڤێک بە سروشتیی لە خەوێکی قوڵدایە و مرخە مرخیەتی، کوتووپڕ بەهۆش خۆیدا دیتەوە و دەپرسێت کە بۆچی پیاوانی دینی وەک سانتۆگوستین هەر دوو دەستی خۆیان گرمۆڵە دەکەن کاتێک بەرامبەرت دەوەستن ؟ بۆچی چوکیان ڕەپ دەبێت بە بێ هۆکار؟ مەبەستم ئەوەش نیە کە بڵێم ئەوانەی کە ئاگامەند نین مرۆڤێکی خراپ نەبن، نەخێر، مەبەستم بەخەبەربونەوەیە، کاتێک تۆ لە دەرگایەکەوە دەچیتە جیهانێکی تر، کاتێک تۆ هەموو ڕۆژێک هەمان ئەکسیۆن دەکەیت، هەمان شکڵ دەبینیت، هەمان دەنگت بەرگوێ دەکەوێت، کوتووپڕ ڕۆژێک بە نامۆ دێنە بەرچاوانت، دێنە بەرگوێت. وەک ئارتوور ڕامبۆ دەڵێت:

ڕۆژێک کوتووپڕ جوانیم بە تاڵی هاتە پێش چاو ..........


پێیدەچێت گەورەترین تاوان بکەیت، بۆ نمونە کەسێک بکوژیت، بەڵام هەر بەخەبەر نەبیتەوە، لە ئێسپاسێکی تردا بژیت، دوور لە واقیع، دوور لە ئاگامەندیی، بەڵام ئەو کاتەی کە تۆ بەبێ هۆکار دەتەوێت ئەو چەقۆیەی بەسەر دیواری موبەقەکەتا هەڵواسراوە بچەقێنیتە ورگی ئەوەی کە بەرامبەرت وەستاوە، ئەوسا کوتووپڕ بەهۆش خۆتا دێیتەوە و لە خەوێکی قوڵ بەخەبەر دەبیتەوە. ئەوە یەکەم جارە کە تۆ دەستت بردووە بۆ پشکۆیەک بە خۆڕسکانە، وەک چۆن چوکت ڕەپ بووە بە بێ هۆکار.

دایکم زۆر لە چەقۆ دەترسا، هەمیشە چەقۆکانی دەشاردەوە لە ماڵەکەیدا، لە موبەقەکەیدا، لەبەر ئەوەی کە حەوت کوڕی هەبوون، هەرهەموویان چوکیان بە بێ هۆکار ڕەپ دەبوون. دایکم دەیگووت: چەقۆ شەیتانە، دایكم باوەڕی بەخودا و شەیاتنیش نەبوو، بەڵام دەیزانی کە پیاوان چوکیان ڕەپ دەبێت بە بێ هۆکار. هەردایکم بۆی دەگێڕامەوە کاتێک دووگیان دەبوو؛ پیش ئەوەی منداڵی ببێت ئەگەر کەسێک لە خەویدا بەرچەقۆی دابێت، ئەوا سەد دەرسەد دڵنیا بووە لەوەی کە کوڕی دەبێت، واتە چەقۆ هێمای چوکی ڕەپە، هێمای دژوارییە لە شیکاری دەروونیدا، واتە دایکم حەوت جاران لە خەویدا بەر چەقۆ دراوە، لەبەر ئەوەی کە حەوت کوڕی هەبووە، بۆیەکا کاتێک شەوێک بە پەلە پەل گەیاندمە خەستەخانە، لەبەر ئەوەی کە خوێنێێکی زۆری لێ دەڕۆشت، لەناو ئەمبولانسەکەدا بووین پێکەوە هەردووکمان. ئەو دەمە گەنج بووم، بەڵام دایکم هەمیشە باسی ڕوداوەکانی بۆ دەکردم و هیچی لێ نەدەشاردمەوە، ڕوی تێ کردم و گووتی، بۆیە هێندە خوێنی لێ دەڕوات، لەبەرئەوەی کە شەوی ڕابوردوو هەتا بەرەبەیان کەلوپەلی قورسی هەڵگرتووە، بە ویست و بە مەبەست هەتاوەکو منداڵەکەی لەبار ببات.

لەبەر ئەوەی کە زانیویەتی دووگیانە بە نێرینەیەکی چوک ڕەپ ؛ نێرینەی هەشتەم، لەبەر ئەوەی شەوێک پێش ئەو کارەساتە لەخەویدا بەرچەقۆیان دابوو وەک هەمیشە. دایکم ئیتر نەی دەویست جارێکی تر چوکی ڕەپ، وەک چەقۆی سەردیواری موبەقەکەی، بچەقێت بە هەناویدا.

وەک زۆر لە مرۆڤی نێرینە، منیش وەک سانتۆگوستین چوکم ڕەپ دەبیت بە بێ هۆکار، وەک زۆر لە نێرینە منیش حەزم بە شکڵی چەقۆیە، هەمیشە حەزدەکەم بە دیواری موبەقەکەمداهەڵیان واسم، نازانم بۆ ؟ هەرچۆنێک بێت من حەزم پێیانە،، بەڵام هاوسەرەکەم وەک دایکم دەیانشارێتەوە، حەزی بە بینینیان نیە بە دیواری موبەقەکەوە، هاوسەرەکەم هەرگیز خەو نابینێت، یان باشتر بڵێم : بیری خەوەکانی نایەتەوە.

ئەو هەرچەندە ئاگامەند نیە بە خەوەکانی، بەڵام لە نەستیدا دەزانێت کە چەقۆ هێمای چوکی ڕەپە، هەرچەندە هاوسەرەکەم و دایکم لە دوو شارستانیەتی جیاوازدان، لە دوو کەڵچەری جیاوازن، بەڵام هەردووکیان یەک تێڕوانینیان هەیە بۆ چەقۆ؛ لە نەستی هەردووکیاندا چەقۆ هێمای چوکی ڕەپە بە بێ هۆکار.

کاتێکیش خەزورم لە فەرەنسا وەک دیاری چەقۆیەکی پێ دام، تەبەدۆرێکی شەرابی بۆردۆی بە نووکی چەقۆکەوە کردبوو، پاشان داوای ئۆرۆیەکی لێ کردم، وامدەزانی شۆخی دەکات، بەڵام نەخێر، لەبەر ئەوەی کە هەرگیز نابێت چەقۆ وەک دیاری بدرێت بە کەسێک، نەوەکا بە ڕێکەوت بە بێ هۆکار وەک چوکی ڕەپ بچەقێتە هەناوی مێینەیەک، شەوانە بچەقێتە پشتی ئافرەتێکی دوو گیان، نەوەکا ئەو کەسەی کە چەقۆکەی بە دیاری بۆ هێناویت خەتابار بێت بەو هۆیەوە. بە کورتیی نەی دەویست کە چەقۆکە بکەم بە هاناوی کچەکەیدا بە بێ هۆکار وە ک چوکی ڕەپم.

خۆ ئەگەر ئێمە وەک ئاژەڵان بوینایە ئەوا هەرگیز بە بێ هۆکار چوکمان ڕەپ نەدەبوو، تەنها لە وەرزی زاوزێدا نەبێت، واتە تەنها لە وەرزی بەهاراندا چوکمان ڕەپ دەبوو، ئەوەش بە بێ هۆکار نیە. خۆ ئەگەر نا هەرگیز سانتۆگوستین نەی دەگووت و داوای لە ئێزدان نەدەکرد کە وازی لێ بهێنێت هەتاوەکو چوکی ڕەپی بخزێنێتە ناوگەڵی کچێکی شۆخوشەنگ، چوکی ڕەپی بخاتە سەرلێوی کچێکی لێو گۆشتن و کەمەرپانوپۆڕ، تەنها بۆ لەزەت و خۆشی، بە بێ ئەوەی مەبەستی لە نانەوەی نەوەیەکی نوێ بێت، لەبەر ئەوەی کە چوکی ڕەپ بووە و دەبێت بیخزێنێتە کەلێنێکەوە هەتاوەکو دابمرکێتەوە. هەرگیز سانتۆگوستین دژی ئەوە نەدەبوو کە ئێمە بەهاران بە شۆق بەرببینە یەکتری بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین مێینە وەک ئاژەلان. سانتۆگوستین هەرگیز تاکی ئەوروپای مەسیحی خەتابر نەدەکرد.

ئارکیۆلۆژی ناتوانێت پێمان بلێت کە ئایا لە کەیەوە مرۆڤ بەبێ هۆکار چوکی ڕەپ بووە، ئایا هەر لەسەرەتاوە ئاژەڵێکی جیاواز بووە لەو ڕوەوە، یان کاتێک مێشکۆڵەی پەرەی سەندووە و قەبارەی گەورەتر بووە، چونکە بەپێی لێکۆڵینەوە ئەوەی کە ئاگامەندیی بە ئێمە بەخشیوە، گەورەبوونی قەبارەی مێشکە، کەسیش نازانێت هۆکاری چیە و بۆچی مێشکی ئۆمۆساپیان ملوێنەها ساڵ لەمەوبەر قەبارەی گەشەی سەندووە و گەورەبووە، هەندێک لێکۆڵینەوە باسی جۆرێک لە خواردن دەکەن، وەک ماسی. هەر ئەم پەرەسەندنەشە کە بۆتە هەوێنی ئاگامەندیی، واتە مەرج نیە کە گەورەبوونی قەبارەی مێشک پەیوەست بێت بە لۆژیکێکی پێویستەوە بە مرۆڤ، ئایا پرۆگرامێکە و دەبوا ببێت یان ڕێکەوتە ؟ پێ دەچێت کە گەورەبوونی قەبارەی مێشک ئەگەریش ئاگامەندیی و دیاردەی ژیریی بێ هاوتا بئافرێنێت لە هەمان کاتا کاری ناپەسەندیشی پێ ببەخشێت، واتە دەمانگەیەێتەوە بۆ سانتۆگوستین، بۆ دیاردەی خراپەو باشە. کەواتە ئێمە چۆن هەڵسوکەوت لەدەم ئەو دوو چەمکەدا بکەین کە لە یەکتری ئاڵاون وەک ماری ئاشقەو ماشقە ؟ بۆیە سانتۆ گوستین دینی مانی جێ هیشت و بوو بە مەسیحی، لەبەر ئەوەی کە بە دوای چارەسەردا دەگەڕا، چارەسەری ڕادیکاڵانە.

کتێبی میشێل فوکۆ Michel Foucault
کتێبی میشێل فوکۆ Michel Foucault

کتێبی میشێل فوکۆ Michel Foucault

لە ڕێنیسناسەوە هەتا ئەمڕۆ، لە ئەوروپا دژی فکرەی سانتۆگوستین خەبات دەکەین، بە جۆرێک کە ئەوروپا سەرپەلیی لەو بوارەدا پەیڕەوی دەکات، کە پێی دەڵێن: لیبرالیسم. چەمکی لیبرالیسم ڕزگاربوونە لە فکری سانتۆگوستین. دواهەمین کتێبی میشێل فۆکۆ " Michel foucault" بە ناوی:

گوناحی جەسەدی یان دانانن بە گوناحدا " Les aveux de la chair

کتێبێکی ناتەواوە و بریتیە لە نۆتی فۆکۆ لەسەر فکرەی سانتۆگوستین و پیاوانی فەیلەسوفی مەسیحی و کۆڵەکەی مەسیحییە.

بە داخەوە فۆکۆ نەیتوانی کتێبەکەی تەواو بکات، تەنها نۆتەکانی لە چاپدراون. لەم نوسینەمدا بە هیچ جۆرێک فکرەی فۆکۆم نەخستۆتە ڕوو.

کۆتایی.

-هەندێک لە زانیارییەکان لەسەر فکرەی سانتۆگوستین لە کتێىی فۆکۆوە وەرگیراون (داننان بە گوناحی جەسەدیدا).

-وێنەکەی سەرەوە نەخشێکی سەر دیوار پۆمپەیی (Pompei) یە.