چەند یادەوەریەکی جەمال نوری لەگەڵ دڵشاد مەریوانیدا لە بەندینخانەی ئەمنە سورەکە

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
271654777 .jpg

پێش نیوەڕۆیەکی مانگی سێی ساڵی ١٩٨٩ ، بەهۆی ئیخباریکردنەوە لەلایەن ئەمنی سلێمانیەوە دەستگیر کرام، دوای سێ شەو و سێ رۆژ لێدان و ئەشکەنجە و هەڵواسین لەزیندانی تاکەکەسی بردمیانە زیندانی بەکۆمەڵ، لەیەکێک لەژوورەکانی زیندان کاتێک چوومه ژوورەوە دڵشاد مەریوانیم لەوێ بینی.

ئەم پیاوە کێوێک بوو لەوورەو خۆڕاگری لە شەهامەت و نەبەزین، مەریوانی بێباک بوو لەگیانی خۆی تەنانەت گەر لەسەر زیندانیەکی تری ژوورەکەش ببرایەوە بۆ ئەشکەنجە و لێدن و هەڵواسین باکی نەبوو، ‏دڵشاد مەریوانی لەژووری زیندان، سەرگەورەو ڕێکخەری تەواوی زیندانیانی ناو ژوورەکە بوو، بەشەو دادەنیشتن و لەدەوری کۆدەبوینەوە هەرشەوێک بەسەرهات و سەرگوزشتەو باسێکی بۆمان دەگێڕایەوە بەپێی ئەو خشتەیەی کە دروستیکردبوو تەواوی ڕۆژو مانگ و ساڵی تیابوو واتە تەقیمێک بوو لەسەر مقەبایەک دروستی کردبوو بۆنمونە دەستنیشانی ئەو ڕۆژانەی دەکرد کەتیایدا کورد دەستی بەڕاپەرین و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی کردن دەکردەوە. دڵشاد مەریوانی بەوردی و بەشێوەی چیرۆک باسەکەی دەگێڕایەوە تا تەواو ماندوو دەبووین.

بەیانیانیش هەمووانی لەخەو هەڵدەستان و پێی دەووتین هەستن خواردنەکەتان بخۆن. ئەو هەرگیز نەیدەهێشت زیندانیەک خاڵی لاوازی بداتەدەست جەلادەکانی بەعس تاوەکو سوکایەتی پێ نەکرێ. شەوێک لەکاتژمێری دوانزەی شەو چەند ئەفسەرێکی ئەمن لەناکاوێک خۆیان کرد بەژووری ئێمەداو پارچە پەڕۆیەکی سەوزیان ئاڵاندبووە کتێبێکەوە و پێی وتین دەبێ یەک بەیەکتان سوێند بخۆن بەم قورئانە کە ئەو مێرد مناڵەی هەفتەیەکە هێناویانەتە ژوورەکەی ئێمەوە، قسە ئەکات یان نا..؟ بێ سێ و دوو کردن دڵشاد مەریوانی یەکەم کەس دەستی نا بەو پارە پەڕۆ سەوزەی لەکتێبێکەوە ئاڵاندبویان وتی بەم قورئانە قسە ناکات و ناتوانێ قسە بکات.. ئیتر هەموو یەکە یەکە دەستمان نا بەقورئانداو وتمان بەم قورئانە مێرد مناڵەکە قسەی بۆناکرێ و ناتوانێ قسە بکات، لەکاتێکدا خۆی وەها نەبوو مێرد مناڵەکەیان هێنایانە ژوورەکەی ئێمە لەگەڵ کۆمەڵە برادەری سەر یەک سفرە کۆدەبووەوە قسەی دەکرد .

‏ دڵشاد مەریوانی و دەروێشێکی سیخوڕ ..

‏دوایین کەسێک لەژووری زیندانەکە دەبوو سوێند بخوا بەقورئانەکە کە داخۆ مێرد مناڵە قسە دەکات یان نا؟ دەروێش حاڵی لەخۆی هێناو وتی ئەی ئەو قورئانە ڕووتی هەمووتان ڕەش بکات، وەڵاهی ئەم مێرد مناڵە تابەیانی حەپەی دێ..؟ ئیدی جەماعەتی ئەفسەرانی ئەمن ڕۆیشتن.

دڵشاد مەریوانی مێرد مناڵەکەی بانگ کردو پێی وت هیچ مەترسە تۆ لەسەر چی گیراوی وتی من لەسەر شەستیەکە گیرام مەڕم پێ بوو شوانیم دەکرد پێیان وتم لەئەرزی محەرەمەدای بۆیە گرتمیان. دڵشاد پێی وت بەیانی بانگت دەکەنەوە هیچ مەترسێ گەر وتیان بۆ درۆت کردوە لەگەڵمان پێیان بڵێ من درۆم نەکردوە، کاتێک منتان دەستگیرکرد زمانم ڕانەوەستابوو کەمنتان هێنایە ئێرە و توشی ئەشەنجە بووم لەترسانا زمانم وەستاو توشی سەدەمە هاتم و قسەم بۆ نەدەکرا، پاشان کە منتان هێنایە ئەم ژوورە کە هەمووی کوردن وردە وردە زمانم کرایەوەو ترسەکەم هێد هێدی ڕەویەوە، بەڵێ بۆ سبەی مێرد مناڵەکە بانگ دەکەن و لێ دەپرسن بۆ وا درۆت کردوە لەگەڵمان، ئەویش بەو شێێوەی دلشاد مەریوانی تێی گەیاند وەڵامی دابوونەوە، بۆیە دوای هەفتەیەک مێرد مناڵەکە بەپێی ڕاپۆرتی پزیشک و وەڵامدانەوەکەی خۆشی ئازادیان کرد، دڵشاد مەریوانی ئەوکات لەژوورەکەی ئێمە نەمابوو بریان بۆ ئینفرادی چون کارێکی وەهای بەو دەرویشە کرد سوک و ڕیسوای کرد کە چۆن بۆتە چاوساغ و سیخوڕی ڕژێمی بەعس و دەیەوێ ژیانی مێرد مناڵێک ڕووبەڕووی مەرگ بکاتەوە، هەر ئەوەش وایکرد دەروێش داوای ئەوەی کرد لە ئەمنەکان لەو ژورە دووری بخەنەوە، بەڵام دڵشادیشیان دوورخستەوە بۆ ژووری تاکە کەسی ئەو ڕۆژەی دڵشاد مەریوانیان برد، نەورۆزی ساڵی ١٩٨٩ نەهاتبوو، لەبەیانیەوە خواردنیان دابەش نەکرد بۆ درەنگانێ کاتێک خواردنیان هێنا ئەوەی خواردنەکەی دەگێڕا ئەویش زیندانی بوو وتی ئەمڕۆ کاک دڵشاد مەریوانیان لەژوورە تاکەکەسیەکەی دەرهێناو بردیان، ئیدی شێوەو سیماو ڕووخساری ئەم کەڵە پێاوەو قەڵەمە بەژنزرافەی نەتەوەکەمم نەبینیەوە..