ڕەئوف حەسەن

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
0019014.jpg

ڕەئووف حەسەن لە گەڕەکی گوێژە لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و خانەی مامۆستایانی (١٩٦٤) ھەر لە سلێمانی و چەندین خولیشی لە پەیمانگای بەریتانی لە بەغدا تەواو کردووە. بۆ ماوەی دە ساڵ مامۆستای سەرەتایی و ناوەندی بووە و وانەی ئینگلیزی وتووەتەوە.

ڕەئووف حەسەن ساڵی ١٩٦٠ حەفتەنامەی تریفەی دەرکردووە، کە دواتر ناوەکەی بووە بە ھەفتەنامەی کەش. ١٩٦١ لەگەڵ چەند نووسەرێکی تر، کۆمەڵەی ئەدیبانی پڕشنگی دامەزراندووە و گۆڤارێکیشی بەناوی پڕشنگ بڵاو کردووەتەوە. لە ساڵی ١٩٦٣وە ھەتاوکوو ١٩٦٧ بووە بە ئەندامی حیزبی شیووعیی عێراقی و دوای ئەوە لە وێژەدا درێژەی بە چالاکییەکانی داوە.

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵی ھونەر و وێژەی کوردی بووە. ساڵی ١٩٧٣ تیپی پێشرەوی شانۆی کوردی دامەزراندووە؛ وەرگێڕانی درامای «جەنابی موفەتیش» و کاری بەڕێوەبردنی درامای «لانەوازان»ی لە ئەستۆ بووە.

ئەندامی یەکیەتیی نووسەرانی کورد و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بووە.

لە نێوان ساڵەکانی ٩٧٤–١٩٨٢ لە بەغدا، بە کاری ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی کوردی و ڕۆژنامەوانییەوە خەریک بووە و لە ڕۆژنامەکانی: ھاوکاری، بەیان، بیری نوێ، ئەستێرە، ڕۆژی کوردستان و ڕۆشنبیری نوێ ھاوکار بووە. ساڵی ١٩٧٧ لە ئەمنی عامەی بەغدا گیراوە و لە زیندانی تاکەکەسیدا ئەشکەنجە دراوە.

ساڵی ١٩٩٢ کراوە بە بەڕێوەبەری تەلەڤیزیۆنی ھەرێم.

لە دوای ڕاپەڕێن، ساڵی ١٩٩٣، ڕۆژنامەکانی: ئاڵای ئازادی و وڵاتی دەرکردووە. سەرنووسەری گۆڤاری دیالۆگ و دامەزرێنەری «سەنتەری دیالۆگی ڕۆشنبیریی کورد» بووە و لە ساڵی ١٩٩٦ تا ٢٠٠٠ کاری تێدا کردووە. ساڵی ٢٠٠٢ تا ٢٠٠٤ یانەی سەرای منداڵانی دامەزراندووە و خۆی بووە بە بەڕێوەبەری. ساڵی ٢٠٠٥ تا ٢٠٠٩ ڕاوێژکاری بزافی ڕۆشنبیریی سلێمانی بووە.

خاوەنی زیاتر لە ٣٧٠٠ وتار و ٢٦ کتێبە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا.

ڕەئووف حەسەن سەر لە بەیانی ٢١ی مانگی ١٢ی ٢٠١٨ لە سلێمانی کۆچی دوایی کردووە.

بەرھەمەکان

  • سەرجەم چیرۆکەکانی ڕەوف حەسەن، چاپخانەی ڕۆشنبیری، ھەولێر ٢٠١٨
  • گەردوونناسی
  • گەردوون (باسێکی زانستیانە) ١٩٦٧ (یەکەمین بەرھەمی نووسەر)
  • کورتەچیڕۆک
  • سبەینێ باوکت دێتەوە (کۆمەڵەچیرۆک) ١٩٧١
  • چەکەرە (کۆمەڵەچیرۆک لەگەڵ دوو نووسەری دیکەدا) ١٩٧٣
  • دەرزی ئەژنی خەمەکان (١٩٨٨)
  • وێنەکەی خوشکت (کۆمەڵەچیرۆک) ١٩٩٩

ڕۆمان

  • خۆری تار (کۆچی سوور)
  • ڕۆژنامەوانی
  • ھەواڵنێری تەلەڤیزیۆنی (٢٠١١)
  • گۆڤاری ڕۆژنامەوانی و ھەڵسەنگاندنێک (٢٠٠٦)
  • لە بەینمان دەرناچێت
  • ئەلفاو بێتای ڕۆژنامەگەری (١٩٩٩)

وەرگێڕان

  • تیۆری نیسبی (بابەتێکی زانستیانە) ١٩٨٤
  • ھونەری جەنگ (٢٠٠٤)
  • سۆفیگەری (٢٠٠٥)
  • کوردناسی (٢٠٠٦)
  • ڕەخنەی ئەدەبی
  • کرێکار و چیڕۆکی کوردی (١٩٨٢)
  • ئەندێشە جوانەکانی ڕۆح لە چیرۆکی کوردیدا (٢٠٠٧)
  • خولیای مەیموونە سپییەکان (٢٠٠٧)