ڕەفیق حیلمی

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search


288883916 591355335887070 6224816622778335554 n.jpg

ڕەفیق حیلمی ناوی تەواوی ڕەفیق کوڕی ساڵح کوڕی عەبدوڵڵایە. سیاسەتمەدار و مێژوونووس و شاعیری کوردە، لە ساڵی 1898 لە شاری کەرکووک لە دایک بووە.

خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە کەرکووک و سلێمانی و ئامادەیی لە بەغدا و پەیمانگای ئەندازەی لە ئیستەنبوڵ تەواو کردووە و لە ساڵی 1920 گەڕاوەتەوە کوردستان و بووەتە مامۆستایەکی پسپۆڕی ئەندازە و بیرکاری لە ماوەی خوێندنی لە ئیستەنبوڵ فێری زمانی تورکی و فەرەنسی بووە جگە لە کوردی کە زمانی زگماکی خۆی بووە. کە شێخ مەحموودی حەفید بۆ جاری دووەم لە مانگی 10-1922 کابینەیەکی تازەی داناوە ناوی خۆی نا مەلیکی کوردستان، مامۆستا ڕەفیق حیلمی کردە ڕاوێژکاری سیاسیی خۆی و ئەم ناودارە گەلێک گوتاری سیاسیی لە گۆڤاری ڕۆژی کوردستان زمانی میری مەلیک مەحموود نووسی.

کاتێک کە میری کوردستانی باشوور بە پیلانی بەریتانیا و بە زەبری هێزی چەکداری لە نێو برا، مامۆستا ڕەفیق حیلمی لەو ناوچەیە دوور خرایەوە و کرا بە مامۆستای بیرکاری، بەڵام دەستی لە کوردایەتی هەڵنەگرت و پتر لەسەر گەیشتنی کورد بە مافی چارەنووسی خۆی هەوڵیدا بووە یەکێک لە ڕێکخەرانی شەڕەکەی بەر دەرکی سەرای سلێمانی لە ساڵی 1930 و ماوەیەک لەسەر ئەم خەباتەی دەستگیر کرا.

9935.jpg

کاتێک دەستەیەک لە قوتابییان و لاوانی کوردی هەولێر و سلێمانی و کەرکووک و کۆیە و کفری ڕێکخراوێکی سیاسییان بەناوی کۆمەڵەی دارکەر دامەزراند و ئامانجیان ڕزگارکردنی کوردستان بوو، بەڵام نەبووە ئەو پارتە جەماوەرییە تاکوو لە ساڵی 1939 ڕەفیق حیلمی نەکرا بە سەرۆکی ئەو ڕێکخراوە، ناوەکەشی لەسەر داخوازی ئەو سەرۆکە کرا بە پارتی هیوا. بە هەوڵ و کۆششی بێوچانی ئەم سەرکردە نەتەوەییە لێهاتووە، زۆر لە ئەفسەری کورد پەروەر و کاسبکار و ڕووناکبیر بوونە ئەندامی کارای ئەم ڕێکخراوە ڕامیارییەی کوردستان تا گەیشتە ڕادەیەکی وا بە هەوڵ و هیممەتی ئەو پارتە مەلا مستەفای بارزانیی دەست بەسەر لە سلێمانی، دەرباز کرا بۆ ناو خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەوەێوەش لە 28-07-1943 گەیشتەوە خاکی بارزان بۆ خۆ کۆکردنەوە بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی 1943- 1945ی بارزان. ئەو پارتەی هیوا تا کۆتایی ساڵی 1943 و نیوەی یەکەمی 1944 بەهێزترین کۆمەڵەی ڕامیاری کورد بوو، یارمەتییەکی باشی شۆڕشی ڕزگاریخوازی بارزانی دا، لە جێی پارتی هیوا دوو ڕێکخراوی ڕامیاری کورد دروستبوون و پەرەیان سەند ئەوانیش پارتی شۆڕش و پارتی ڕزگاری بوون و لە 16-08-1946یش لە شوێنی هەر دوو ڕێکخراوە ڕامیارییەکە پارتی دیموکراتی کوردستان دروست بوو. مامۆستا ڕەفیق حیلمی لەگەڵ ئەوەی ناودارێکی ڕامیاری گەورە بوو، لە هەمان کاتیشدا شاعیر و مێژوونووس و وەرگێڕ و ڕەخنەگری لێهاتووی وێژەی کوردیش بوو، لە ماوەی ژیاندا ئەم بەرهەمانەی داناوە و بە چاپی گەیاندوون.


بەرهەمەکانی: -

- کورد لە بەرەبەیانی مێژووەوە تا 1920، بە زمانی عەرەبی.

- خولاسەی مەسەلەی کورد، لە فەرەنسییەوە کردوویەتی بە کوردی.

- شیعر و ئەدەبیاتی کوردی، بەرگی یەکەم، لە 1941.

- شیعر و ئەدەبیاتی کوردی، بەرگی دووەم، لە 1956.

- کوردستانی عێراق و شۆڕشەکانی شێخ مەحموود، 6 بەرگە و هەموویان چاپکراون.

- پاش تەممووز، دیوانی شیعر.

- جگە لەمانەش بەدەیان گوتار و لێکۆڵینەوەی بەپێزی لە گۆڤارە کوردییەکانی وەک گەلاوێژ بڵاو کردووەتەوە.


کۆچی دوایی: -

دوای سی‌و نۆ ساڵ لە خزمەتكردنی پەروەردە لە كوردستان‌ و سەرانسەری عێراقدا، حیلمی لە بواری پەروەردە دوركەوتۆتەوە. بەڵام ئەم دوركەوتنەوەیەی زۆری نەخایاندوەو نەخۆشی تەنگی پێ هەڵچنیوە. لە رۆژی 04-08-1960 بەهۆی نەخۆشی جەڵتەی مێشكەوە لە نەخۆشخانەی بەغدا كۆچی دوایی كرد، رۆژی دواتر بە مەراسیم تەرمەكەی هێنراوەتەوە بۆ سلێمانی‌و لە گردی سەیوان بە خاك سپێردراوە.

ئامادەکردنی: دلێر ڕەفیق