کارگەکانی تابووت پاژی دووەم بەشی 05

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

"کارگەکانی تابووت"

408966693.jpg

"پاژی دووەم"

'بەشی پێنجەم'

نووسینی: شێرزاد حەسەن

لێبگەڕێ.. دەبا مردووەکان؛ مردووەکانی دیکە بنێژن : عیسای مەسیح

من بە ئەزموونی دێرینی خۆم، وەک کوڕەلاوێکی کەمێک فامیدە، لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی یەکێک لە شارەکانی کوردستان وەک منداڵێک و مێرمنداڵ و لاوێک ستەم و چەوسانەوەیەکی کوشندەم دەبینی، کە دواتر لەگەڵ گەورەبوون و پێگەیشتن هەمان ئەو دۆخەم بەدیدەکرد کە دەنێو جوگرافیای دیکەی ناو شارەکانی دیکە و وڵاتەکەمدا بەرکەماڵ بوو. بەڵێ.. نەوەیەكی بەرباد و شەڕانگێزم بینی كە شێتەكانیان بەردباران دەكرد تاوەكو بیسەلمێنین كە خۆمان شێت نین، سەرباری سەگبازەکان کە لە داخی برسییەتی و بەدبەختی خۆیان، هەم لە پاڵ ستەمی خانەوادەگی کە باوکەکان داربەدەست بوون، هاوکات مامۆستایانی قوتابخانەش درێغیان نەدەکرد، وێڕای ستەمی ئەو وەستایانەی کە دەبووین بە شاگردیان، لە تۆڵەی چەوساندنەوەی بەردەوامی گەورەکان، وەک تۆلەسەندنەوە و رشتنی قەهرەکە مێرمنداڵ و گەنجان پەلاماری هەرچی زیندەوەر و گیانداری دیکەیان دەدا، بگرە باڵندە و پەلەوەری سەرزەمین ناو ئاو و چەمەکان و هەم هی ئاسمانێ کە دەبوون بە قوربانی دەستی کوڕگەلی داخ لە دڵ، گەر بەشدار نەبووینایە بە حیزەڵە و بێغیرەت و ترسنۆک ناوزەدیان دەکردین، بگرە بە دەستی کوڕە ئازاکان بە جۆرەها شێوە ئازار و ئەشکەنجەمان دەچەشت.

لەوە لاوە كچە پاكیزەكان لەسەر دەستی نێرینەکان هەراسان دەکران کە تا هەنووکەش بەردەوامە، بگرە لە باری رۆحی و فیزیکییەوە ئەتك دەكران، بەڵام بە ناوی خۆشەویستییەوە بۆ ئەوەی بیسەلمێنین كە پیاوین. هەر بە راستی نەوبووکەکانیش کە دەبوون بە حەڵاڵی زاواکانی زێدە کولافە و برسی و نەدیتکۆکە، ئەوانیش لە شەوی یەکەمەوە ئەتکی نەوبووکەکانیان دەکرد، ناکرێت لێرەدا باسی گێڕانەوەی خوێناوی ئەو شەوە سوورانە بکەم کە هاوڕێکانم بە شانازی فەحلێکەوە و کێوییانە دەیانگێڕایەوە. کە تاوەکو ئێستاش گەر سەردانی "یوتووب" بکەین بە هەزارەها وتاربێژی مەزهەبزەدە باس لەوە دەکەن کە مەرجە خانمان ساز و ئامادە بن بە شەو و بە رؤژ بۆ تێرکردنی هەوا و هەوەسی مێردەکانیان، ئەگینا فریشتەکانی ئاسمان تاوەکو بەرەبەیان ئەو ژنانە بە نەفرەت دەکەن، من ئەم جۆرە ئەدەبیاتە بە هاندان دەبینم بۆ ئەتکردنی زۆرەملێ کە دەزانم لەوە کوشندەترە هیچ خەیاڵێکی رەش و خوێناوی پەی پیببات!

چەندە كەیفخۆش بووین وەك لاو و پیاوی خۆ بە چەلەنگ ـ زان كە خۆشكەكان و كچەكان و ژنەكان و دایکانمان كەنیزەك و كۆیلەی ئێمە بن، چ دەستەپیاو بووبین یان کورگەلی خۆ بە مێرخاس ـ ـزان. چەندە خۆمان بە مەرد و دلێر و ئازا دەزانی كە بیانکوژین کە تا هەنووکەش بەردەوامە، بە ناوی شەرەف و ئابڕووێكەوە كە خۆمان ئەتكمان دەكردن و دەمانتكاندن، بێئەوەی خوێنی گەشیان لە دەستە چەپەڵەكانمان بشۆینەوە.. وای كە ئازاد و جوامێری درۆزن بووین. ئێمە ئاسوودە بووین بەوەی كە دەچووینە گۆڕستانەكان بۆ ئەوەی تەرمەكان بنێژین، ئاسوودە بەوەی كە هێشتا زیندووین، بێئەوەی دەركی ئەوە بكەین كە بەر لە مردووەكان، ئێمە خۆمان هێشتا لە ناو تابووتەكانی خۆماندا ئارامین بە ڕاكشان و دووریش لە خەونبینینێکی مرۆڤپەروەرانە، وای لەو ژیانە ناشیرینەی كە مەرگی خۆمانی پێ دەڕازێنینەوە. هیچ گرفت نییە.. مادامەکێ هەر هەموومان زۆر بەختەوەرین کە پێكەوە لە ناو هەمان تابووتداین وەک خەیاڵی مردەنی مۆمیاکراوانی سەردەمی 'فیرعۆنەکان'، جەنگاوەری  ئازا و بێباكین تاو ئەو شوێنەی بتوانین ئەوانیدیكە بكوژین تاوەكو نەكوژرێین.

& هەر منداڵیكی تازە لە دایكبوو كە دەكەوێتە ناو كۆش و باوەش و دەستەکانی مامانێكەوە، ناكرێت بە تەنها دیوە میهرەبانییەكەی ئەو پێشوازییە گەرمە ببینین كە نكوڵی لێناكرێت، دیارە پێشوازیكردن لە كوڕێك جیاوازە لە هی كچێك، كە دوای 'ناوك بڕین' و قوومات كردنی، كە بە مەزەندەی من بە یەكەمین قۆناغی پەلبەستكردنی لە قەڵەم دەدەم، کە هەر بەوەندەش ناوەستێت، گومانیشمان لەوەدا نەبووە لەوەی كە دواتر بە خنكاندن و دیلكردنی رۆح كۆتایی دێت، زریكەی یەكەمی کۆرپەلە و هاتنی بۆ دونیایەكی تازە و جیا لە منداڵدان و هەناوی دایكە كە كۆرپەلەکە لەوێدا بۆ ماوەی نۆ مانگ هارمۆنیایەكی بەردەوامی هەیە، كە پتر لەسەر زمانی خەڵكی یان میللگەرایی بە ( رەحم ) ناوزەد دەكرێت كە قەرزكراوە لە زمانی عەرەبی و ئاماژەیە بە سۆز و بەزەیی و میهرەبانی. هەتا گەر لە ناو ئەو رەحمەدا دڵەكوتێی دایكە و كۆرپەلەكە هاوئاهەنگیش نەبووبێت کە بووشە، بەڵام گومانی تێدا نییە كە كاریگەریان بەسەر یەكترییەوە هەبووە، ئاسوودەگی یان شڵەژانی هەر كامەیان ئیقاعی رۆحی و جەستەیی ئەویدیكەی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە و هەم شێواندووییەتی، دەكرێت ریتمی لێدانی دڵی خۆی و دایكە لەسەر هەمان ئیقاع و تێمپۆ قورمیش كرابن..ئەو زریكەیە بۆ تێكچوونی ئیقاعێكە كە دواتر و بە درێژایی ژیانمان بۆی دەگەڕێین تاوەكو بیدۆزینەوە.. بەڵام ئەفسووس کە زۆرینەمان نایدۆزینەوە!

وەلێ حەیف و موخابن كە رێگاكە هەڵگەڕانە بەسەر شاخی "گۆلگۆسە"دا، بە خۆمان و خاچێكیش بە كۆڵەوە، هەر وەک 'عیساـی مەسیح'. زریكەی یەكەمی کۆرپەلە ونبوونی ئەو ئیقاع و ریتمەیە کە هەیبوو، لە كۆنەوە وتوویانە كە حیكمەتی تێدایە كۆرپەیەك لە دامێنی دایكی بەر دەبێتەوە پێناكەنێت، بەڵكو دەداتە پڕمەی گریان، فیسیۆلۆژیا وەڵامی زانستییانەی خۆی هەیە، رەنگە لە دیدێكی بوونگەراییەوە بڕ و بیانووی جیاواز بۆ ئەو زریكەیە بدۆزینەوە كە دەمانباتەوە سەر گەشتێكی درێژ لە تاریكی منداڵدانەوە بۆ تاریكی ناو گۆڕ! & لەوەدایە.. شاعیرە كلاسیكی و غەمگینەكانی ئینگلیز وای بۆ دەچوون كە گەشتی ئێمە پتر لە فڕینی چۆلەكەیەك دەچێت كە لە تاریكییەوە هاتبێت و بۆ چاوتروكانێك لە پەنجەرەوە خۆی بكات بە ناو ژوورێكی رووناكدا و خۆی بدات بە دار و دیواردا تاوەكو پەنجەرەیەكی دیكە دەدۆزێتەوە بۆ خۆ قورتاركردن: كە دیسانەوە رووەو تاریكی بێت و هیچی دیكە. واتا گەشتێك لە تاریكییەوە بۆ تاریكی.. ژیانیش درەوشانەوەیەكی كورتە كە چەندە لەو نمایشە یەك خولەكییەكەی شانۆگەرییە یەک پەردەکەی " سەموئێل بێكت" دەچێت: دیمەنی یەكەم: سەر تەختەی شانۆ تاریكە، دیمەنی دوەم: درەوشانەوەیەكی ساتەوەختی و پاشان هاوار و ناڵەیەكی كورت كە " ئاە" ێكە و هیچی دیكە: كە ئاماژەیە بە "ئاهی پڕ لە ڕەنجی نێو ژیان و زیندەگی". دیمەنی سێیەمین: كۆتایی نمایشەكە خامۆشییە کە بە دوا خۆیدا تاریکی دێنێت.. پایان!

رەنگە هەوڵی هەر هەموو شاعیرە گەورەكانی دونیا دۆزینەوەی ئەو هارمۆنیایە بێت كە لە ساتەوەختی هاتنە دونیاوە دەیدۆڕێنین، مۆسیقاش بۆ خۆی دۆزینەوەی هاوسەنگی رۆحێكی نامۆیە بە دونیا، هەر لەبەر ئەوەشە كە " شێللی"شاعیری رۆمانسی ئینگلیزی بڕوای وابوو كە "هەقە شاعیرەكان فەرمانڕەوای دونیا بن"، رەنگە ئەو داوایەی شاعیر لەوەوە هاتبێت كە شیعر دەتوانێت ئەو هارمۆنی و ئیقاعە بدۆزێتەوە كە مرۆڤ لە ناو خۆیدا ونی كردووە، سەرەڕای گەڕان بە دوای هەمان هارمۆنی ونبوو لە ناو سروشتدا، بە بیانووی ئەوەی كە تەنها شاعیرەكانن دەتوانن ئەو جوانییە بدۆزنەوە كە لە هاوسەنگی و ئاوێتەبوونی هەموو ڕەگەزەكانی ناو سروشتدا هەن، بەو بیانووەی كە ئەوان باشتر لە رۆحی دادپەروەری تێدەگەن کە ئەم روانینە رێژەییە و شاعیریش خاوەنی جوانی و ناشیرینییە کە زادەی ژینگە و کولتوورێکە کە ئێمەی خوڵقاندووە، ناشتوانین خوێن و جینات فەرامۆش بکەین لەتەک ژینگەی پیس و پاک، چونكە دادپەروەری هیچ نیە بێجگە لە رۆحی هارمۆنیایەك كە مرۆڤەكان لە پای رۆحی نارسیستانە و خۆپەرستییەوە بزریان كردووە.

ئیدی تەواو.. مەرج نییە مامانەكە بە تەنها ئەركی كارئاسانی بێت بۆ خودی زانەكە و کەمکردنەوەی ژان و گینگڵ و ناوك بڕین و قووماتكردن، بەڵكو مامان دەبێت بە هەڵگری رۆحێكی دیسپلینكراو بە دیوە نەرێنی و نێگەتیڤەکەی، کە لە قالب و چوارچێوە گیراوە، یانژی گەمارۆدراوە كە لە ناو خۆیدا هەر هەموو نەریت و نۆرمە كۆمەڵایەتییەكان كۆ دەكاتەوە، بۆ من مایەی سەرنجە كە مەلۆتكەكە كچ بێت یان كوڕ بانگ بە گوێیدا دەدەن و هەرا و زەنایەك دەنێنەوە لەسەر دۆزینەوەی ناوێكی پیرۆز کە پتر مەزهەبگەراییە، ناوێکی ئاسمانیی کە بە کەڵکی قیامەت بێت، كە ئەوەیان یەكەمین هەڵبژاردنی سەپاوە بەسەر مەلۆتكەكەدا، لەوە قووڵتر و پڕ ماناتر ئەو بانگ و هاوارەیە كە پڕە لە رێنماییی یەكەمی گەمەی تەلقین و خۆسەپاندن کە تێکەڵە لە "رق و خۆشەویستی" كە ئاراستەی مەلۆتكەكە دەكرێت کە هێشتا گوێچکەکانی نەکراونەتەوە.

هەر ژنە و پیاوی نێو بنەماڵەكەیە و هاوار دەكەن و فەرمان بۆ کۆرپەلەکە دەردەکەن: گوێ لە قسەكانی باوكە بگرە و گوێ لە مامت مەگرە.. گوێ‌ لە پوورە فاتم ــ ت بگرە..گوێ‌ لە خاڵە بەكر ــ ت مەگرە.. بە قسەی داپیرە بكە و گوێ لە باپیرە مەگرە.. گوێ لە فلان بگرە و لە فیسار مەگرە، فلان جوامێرە و فیساریش ناحەز و بەدکار... هتد. دیارە ناوهێنانی ژنان و پیاوانی خانەوادە جۆرێكە لە دابەشكردنی دایك و باوك و نەنك و باپیرە و خاڵ و مام و پوورەكان و كەسانی نزیك بەسەر پۆلی 'بەدكاران و پۆلی چاكەكاران'.. بەدەر لەوەی  کۆرپەلەکە هیچ شتێک دەربارەی جوانی و ناشیرینی و خێر و شەڕ بزانیت!

پەراوێز:

گۆلگۆسا: ناوێکە بۆ ئاماژەکردن بە جێگا و رێگایەک کە کەوتۆتە دەرەوەی "قودس"ی کۆنینە، بە گەڕانەوە بۆ 'ئینجیل' دەیسەلمێنێت کە 'عیسای مەسیح' تیایدا چوار مێخەی کێشرا بێت و لە خاچ درابێت. ناوی ئەو دەڤەرەش دەگەڕێتەوە بۆ دەستەواژەیەکی "ئارامی ـ/ גגולתא " کە بە مانای جێگایەک دێت کە 'کاسە سەری/ جاجولثا 'ی تێدا بووبێت لە دوای پشکنینێکی مەبەستدار.

لە روانگەیەکی دیکەوە رێگای "گۆلگۆسا"، یانژی رێگای ئازار و تلانەوە و شەهادەت، کە ئەوەیان دیارە ئاماژەیەکە بە لە خاچدانی 'عیسای مەسیح' کە ناچاریان کردووە خاچ بە کۆڵ ئەو رێگا هەورازەی شاخەکە ببڕێت، کە لە دواتردا بوو بە نەریت و ئەرکی پیرۆز و خواهانە و ئایینی کە زۆرینەی 'کڵێساکانی' دونیا پەیڕەوی لێدەکەن. قۆناغ و وێستگەکانی دابەش دەکرێت بەسەر چەند چالاکییەک کە وەک لە "ئینجیل" تۆمار کراوە و پەیڕەوی لێدەکەن، کە لە لایەن کڵێساکانی سەر بە "مەسیحی بوون"ە کە مەڵبەندەکەی لە {قودس}ە، کە هەر هەموویان یادی ئەو رووداوە دەکەن کە بە 'رێگای ئازار' ناسراوە، کە کاروانی خەڵکەکە بەنێو کووچە و کۆڵانەکاندا بەرێدەکەون، بگرە بەدەم پیادەڕەوییەوە دار و دیوارەکان و کون و قوژبنەکان دەپشکنن، سەر بەو ماڵ و کڵێسایانە دەکەن کە لە پێناو نەمری و کۆی رێورەسمی لە خاچدانی "عیسای مەسیح" گرد دەبنەوە و هەر هەمووان پێکەوە، بەرز و پیرۆز رایدەگرن. (شێرۆـی پلکە زارێ)