کارگەکانی تابووت پاژی دووەم بەشی 08

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
408966693.jpg

"کارگەکانی تابووت"

"پاژی دووەم"

'بەشی هەشتەم'

"ئەفسانەی ڕەوشتی ستاندارد"

نووسینی: شێرزاد حەسەن


سەرەتا دەپرسین: ئایا لەسەر ئاستی هەموو دونیا شتێک هەیە ناوی ڕەوشتمەندی و ئەخلاقی ستاندارد ه بێت کە مرۆڤایەتی گشتگیرانە و بە دەستەجەمعی پەیڕوەی لێ بکات؟ سەیرەكە لەوەدایە كە سەدەها خەسڵەت و نەریت و نۆرمی كۆمەڵایەتی هەن كە لە لای ئێمە پیرۆز و جوانن، كەچی لە جوگرافیایەكی دیكە ناشیرین و قێزەوەنن. ئەو جینۆسایدەی كە بە ناوی شەرەف و نامووس پەرستییەوە دەرهەق بە كچان و ژنان كراوە لە ناو كوردستان و رۆژهەڵاتی ناوین, ، یانژی "رەشهەڵاتی ناوەراست" مایەی تێڕامانە بۆ خۆی، چیرۆكی سەدەها كارەساتی خوێناوی دەگێڕنەوە کە بەردەوامە، هەڵبەتە زۆریان بە تەنها ترس و واهیمە و فۆبیا و گومانی پیاوان و نێرەوزەكان بوون، بە درێژایی مێژوویەكی چەواشەکەر و ناشیرین و دژە مەردمگەل و دژە مێینە بووە؛ بە درێژایی سەدەها سەدە بەردەوام بووە، لە بنەڕەتدا وەهمی گومانکردن بووە لە 'شەرەف'ی ئەتکراو کە دەنێو دامەن و ناوگەڵی ژنەكان و كچەكاندا جێگیر کراوە و نەگۆڕاوە، بە تایبەتی لای ئێمە، بەو مانایەی كە پیاوەكان هەرچی هەڵە و تاوان و دزی و فزی و خیانەت و گەندەڵی کە لە دونیادا هەن و کردبێتیان؛ لە ژیانی رامیاری و ئابووری و كۆمەڵایەتی و پیشەیی؛ هیچ کات مایەی پرسیار و نەنگی و شەرم و شوورەیی نەبووە و نییە، خاكفرۆشی و خەڵكفرۆشی ڕەوا بووە، بە مەرجێك ژنەكانیان و كچەكانیان و خوشكەكانیان داوێن پاك بن، لەوێدایە کە 'زێ و گیان'ی ئەوان دەبن بە "سێگۆشەی پەرمۆدا/ بێرمۆدا"* كە ئەگەری ئەوە هەیە كارەسات بنێتەوە، گوایە سێگۆشەی پەرمۆدا لە ئۆقیانووسی "ئاتلانتیک" پاپۆر و مەلەوان و بگرە فرۆكەكانیش لە ئاسمانەوە قووت دەدات و هەڵیاندەلووشێت بۆ بنی زەریاكە و نادۆزرێنەوە.

پرۆفیسۆر "ئیسماعیل بێشکچی" فەرمووییەتی کە ئێمەی کوردگەل ئەو هەموو بۆرییە نەوتە نابینین کە بە خاکی خۆماندا دەگاتە تورکیا و لەویشەوە بۆ "رۆژئاوا"؛ کە بەشێکی زۆری قازانجەکەی دەدزرێت و حەپەلووش دەکرێت لە لایەن دەستەڵاتداران، کەچی خۆمانی لێ گێل و نەبان دەکەین، بەڵام دوو ـ سێ دڵۆپ و تنۆک خوێن کە لە دامێنی کچۆڵەیەکی کورد بتکێت و بپژێت؛ هەر چاوێکیان دەبێت بە چوار چاو و دەیبینن و دەیکەین بە گۆبەند و کارەساتێک کە دوو خێڵی دەمارگیر دەکەونە سەر هەوای یەکتری کوشتن!

لەوەتەی شەرەف و نامووسی پیاوەكان لەسەر ئاستی دونیای ئێمە و ژمارەیەک لە جوگرافیای دیکەی مەزهەبزەدە و سووننەتی و کۆنزەرڤاتیڤ و کۆنەپەرست؛ کەوتۆتە نێو دامەن و گیانی كچۆڵەكان و ژنەكاندا، لە دێر زەمانەوە تا هەنووکە جێگیر بووە لەسەر ئاستی هەر حەوت کیشوەرەکە، بە هەزارەها لە كچان و ژنان كوژراون لە پای نەمانی 'پەردەی كچێنی' کە دەرهەق بەو هەزارەها لە كچان و ژنان كراوە؛ کە دەکرێت ناوی بنێین كۆمەڵكوژی دەستەجەمعی، هەر خودی بوون و نەبوونی ئەو پەردەیە لای هەزارەها لە خەڵكانی دیكە لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا مایەی ترس و دڵەڕاوکێ و شەرم بووە کە دەکرێت لە بەرکەوتنی زەبرێکی کەمێک کوشندەدا نەمێنێت و بپروێت وەک پەڕەی گوڵێک؛ کە بۆ کچەکان مایەی نەخۆشی و تۆقین و فۆبیا بووە لە باری دەروونییەوە، کە بۆ هەمیشە ترساون لەوەی بیدۆڕێنن؛ کە دایکم واتەنی: 'بێ بن' بن، خودی وشەی "بێ بن" کە دایکیشم لێی تۆقوی بوو، چونکە دەترسا منی نێرینە و شەقوەشێن و نۆبەرە شەقێک لە ناوگەڵی یەکێک لەو حەوت خوشکەم بدەم و 'بێ بن' بن و ئەوسا هیچ پیاوێک نابێت بیانخوازێت و ریسوا دەبین، ترسێکی دیکەی دایکم ئەوە بوو کە باوکە ناچارە کچە 'بێ بن"ەکەی بکوژێت، یانژی ئەگەری ئەوە زۆرە کە منی زەبروەشین و کەتنکەر بکوژێت.. چ کارەساتێکە..ئیلاهی!

ڕەوانشاد دکتۆر "نەوال سەعداوی" لە یاداشتنامەیەکی خۆیدا دەیگێڕێتەوە کە توانیوییەتی دەیەها لە کچانی ئەتک کراو/ رەیپکراو و 'بێ بن' چارەسەر بکات، کە دیارە نەشتەرگەری بۆ کردوون، ئەوانەی کە دووگیان بووبن دوای لاقەکردن کە زۆرینە بوون، لە سکەوە نەشتەرگەری بۆ کردوون، بە تایبەتی کە کۆرپەلەکەی ناو منداڵدانی هێشتا دەڵەمە بووبێت، هەندێک لەو کچانەی کە لە مەرگ رزگاریان بووە. دواتر وەک خاوەنی مێرد و منداڵ بۆ وەفاداری چوونەتەوە لای "نەوال سەعداوی' بۆ ئەمەکداری و سوپاسکردنی، ئەویش لەو خانمانەی پرسیوە" ئاخۆ مێردەکانیان سەیری ئەو جێ تیغ و هێڵی نەشتەرگەرییەیان نەکردووە کە بەسەر سکیانەوە نەخشی داناوە؟ بە تایبەتی سەروەختی بە زاوابوون، هەر هەموویان هەمان وەڵامیان هەبووە کە بە 'نەخێر' وەڵامیان داوەتەوە، چونکە ئەوان لە خەمی ئەوەدا بوون کە ئاخۆ ئەو چەند دڵۆپە خوێنە دەبینن کە دەپژێت و پەڕۆی سپی سەر پێخەفەکە سوور دەکات یان نا..؟!

لە کاتێکدا ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە کچان بەدبەخت بوون و کوژراون، لە پای ئەوەی کە 'پەردەی کچێنی'یان موشەبەک/ برنجۆک بوون کە و بە ئاسانی دەپروێت بێئەوەی خوێن پژانی تێدا بێت. هەڵبەتە ئەوەی لای ئێمە مایەی رسوایی و شەرم و كارەساتە، یان رەمزی پاكیزەییە، لای خەڵكانی جوگرافیایەکی دیکە جیاوازە، بە تایبەتی دوای باڵقبوون و گەیشتنی کچان بە تەمەنی هەژدە ساڵی و بەسەرەوە؛ کە وەک نەخؤش و دەروونبیمار لەو کچانە دەڕوانندۆخێکی نادروست و نەنگییە، خودی خانەوادەکان پەرۆشترن کە کچەکان و کوڕەکانیان بێ دڵدار و دڵخواز نەبن، بە واتا شاد دەبن گەر ژیانی سۆزداری ئێرۆتیکی جێگیر و تەندروست بێت، کە لە لای خەڵکانی دونیایەکی دیکە ناوی دەنێن ئازادی؛ چونکە كچەکان خاوەندارییەتی لەش و رۆحی خۆیان دەکەن، نەک باوک و برا و نێرەوزی تیرە و هۆز و خێڵی خوێنخۆر، کە لای ئێمە نەمانی پەردەی پاکیزەیی کارەساتبارییە، دەنێو سەرزەمینێکی دیکە مایەی ساغڵەمی و ئەوپەڕی جوانی و کامڵبوون و پێگەیشتن و تێگەیشتنە. بە كورتی لە دونیادا شتێك نییە ناوی ئەخلاقی ستاندارد و سەرتاپاگیر و یەك پێوانەیی/ قیاسی و تاقانە و یەکانە و هەڵگری مانای پاکی و پیسی بێت، "باسكال"ی بیرمەند بڕوای بەوە هەیە كە ئەخلاقی راستەقینە ئاسوودە نییە بە رەوشتمەندی و ئەخلاقی کۆنەباو و نەریتخواز و ترادیشن ـ ئامێز.

لە هیندوستان خێڵێکی ملیۆنی هەیە کە بە ناوی "کۆڵ" ناسراون و هەن؛ کە تیایدا ژمارەی کوڕگەل و پیاوەکان زۆرترە بە بەراورد لەگەڵ کچەکان و ژنەکان، هەر لە پای ئەو جیاوازییە کوڕەلاوەکان ناچارن یەک کچۆڵە بخوازن، هەندێک جار بە چوار و پێنج برا بە تەنها یەک بووک دەخوازن کە رێکدەکەون چلۆن ئەم پەیوەندییە رابگرن وەک پیاوگەلی عاقڵ، ئەگەر وا نەکەن؛ برای لادەر و کەتنکەر بە دەستی براکانی دیکەی دەکوژرێت، هاوکات جار هەیە خانمۆڵەکە دەبێت بە قوربانی!

هەر نەریت و رەوشتێك خاوەنەكەی غەمگین و تووڕە و مۆن و كینەباز و ریاكار و شەرمن و ترسنۆك و شەڕانگێز بكات؛ شایەستەی ئەوەیە كە جێگەی گومانی تۆی مرۆڤ بێت و بخرێتەوە ناو مۆزەخانەی كەرەستە عەنتیكەكانەوە.

لە میانەی نووسینی ئەم پەرەگرافەی سەرەوە غەمگینانە بیرم لەوە دەكردەوە كە دوا جار "پەردەی پاكیزەیی" كچانی زێدە خۆپارێز و داوێن خاوێنی وڵاتی ئێمە و هەم هی ئەو دەرودراوسێیانەی کە لە خۆمان دەچن بۆ هەمیشە وا بووە کە بوتڵی ئارەق و شامپانیا و شەراب و هەرچی مەستکەرە؛ مەرجە سەرمۆر و داخراو بێت، بە هەمان پێوانە و ئەندازە مەرجە کچۆڵەکانیش، شەراب ئاسا، سەرمۆر و قفڵ بن، بێ ئەوەی ئێمەی پیاو و کوڕگەل لە خۆمان بپرسین: ئەرێ بە راست، ئێمە خۆمان، سەرمۆر بووین؟ ئەوەیان ئەوپەڕی دەبڵ مۆڕالتی و ریاکاری و ڕووپامایی و درۆ و دەمامکداریە!

من خۆمە دیومە ئەو کاتەی زاواکان گەمژانە ئەو چەند دڵؤپە خوێنەی ڕووسووری نەبووکی نەبینیوە و چ قیامەتێکی بەرپا کردووە؛ چ هەرا و زەنا و گۆبەندێکی خستۆتەوە کە سەری نەوبووکەکە بە فەتارەت داوە و مەرگەمووشی پیشانداوە، بە بیانووی ئەوەی کە ئیدی زات ناکات بە بێ پارچە پەڕۆکێکی سووربوو بە خوێن بچێتە دەرەوە، ئیدی ئەوەیان بەوە دەشکێتەوە کە بووکی یەکشەوە لەکەدار و بێ ئابڕووە، کە بە گۆبەند و رشتنی خوێن کۆتایی هاتوو، ئەو چیرۆکانە کەم نین کە تیایدا بووکی یەکشەوە لە لایەن زاوای دەمارگیرر خوێنی ڕژاوە؛ یان لە لایەن کەس و کاری خودی نەوبووکەکە، کە دەبرێت بۆ خەستەخانە بۆ پشکنین لە " الطب العدلي"، وا دەردەکەوێت کە بووکی یەکشەوەی لە خوێندا شەڵاڵ؛ هێشتا کچە و پاکیزەیە!

ئەوسا ئەو نەوبووک و کچانەش لە دوای مەرگیش حەساوە نابن، چونکە نابەهرەمەند دەبن لە ژمارەیەك لە مشك و مار و گۆڕهەڵكەنە و كرمێكی بێ شوومار؛ کە هیچی دیكە چاوەڕێیان ناكات، كە دوا جار لە بری زاوای یاغنیش و دەردەدار؛ رەنگە یەكێك لەو زیندەوەر و گۆڕهەڵکەنە و مشکێک لە کچۆڵەی جوانەمەرگ بە زاوا بێت، بە پژانی پەردەیەك كە یەكەمین سەرمایە و دوا سەرمایەی كچەكانە كە لە رۆحی خۆیان خۆشەویستترە و مەرجە وەك خەڵات بیدەن بە مێرد و دڵدار و عاشقەكان و ئەندامانی هەردوو بنەماڵەی بووک و زاوا.

(ماوییەتی)