کەناڵی سپێدە، مێژووی مەلا کافر دەشێوێنێت.

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

نووسینی: سەردار حەمەڕەش

002.d03.jpg


مانگی ڕابوردوو، لە کەناڵی سپێدە، لە بەرنامەی خەمە، بە چوار بەش باسی ژیانی موفتی پێنجوێنی کرا، پێم باش بوو وەک یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی موفتی پێنجوێنی کە ئاگاداری ژیانی باپیرەمم، هەندێ هەڵەی ئەو بەرنامەیە راست بکەمەوە، هەرچەندە وای بۆ دەچم بە هەڵە ئەو باسانە نەورووژێنراون، بەڵام لە بەر ئەوەی ڕێبازی موفتی پێنجوێنی لەگەل ڕێبازی کەناڵی سپێدەدا یەک ناگرنەوە، ئەمەش بۆتە هۆکاری شێواندنی ڕاستیەکان و بە مەبەسی پەردەپۆشیی بینەر بە ئاراستەیەکی هەڵەدا دەبەن.

موفتی پێنجوێنی، باشتر وایە کە بڵیین: مەلا بابی، یان مەلا کافر، مەلا ئاگر پەرست، لەبەر ئەوەی لە ژیانی خۆیدا، مەلا و زۆرێک لە موسڵمانانی پێنجوێن و دەوروبەری، موفتیان بەو نازناوانە بانگ کردووە، وەک بێ ڕێزی کردن و سوکایەتیکردن بەو، لەبەر ئەوەی موفتی شانازی بە دینی ئیسلامەوە نەکردووە و ئیسلامی وەک چارەسەرێک بۆ کۆمەڵگاکەی نەبینیوە، سەرەڕای ئەوەی کە موفتی نوێژی نەکردووە و نەچۆتە مزگەوت و کچەکەی خستۆتە خوێندنگە لەگەڵ کوڕاندا، بەم جۆرە. موفتی بەگژ ییری دواکەوتوویی ئیسلامیەکانی ئەو سەردەمەدا چۆتەوە.

بە مەبەستی بێ ڕیزی کردن بە موفتی، موسڵمانە توندڕەوەکان موفتیان بە مەلا بابی ناودەبرد، مەبەست لە ووشەی "بابی"، دینی بەهاییە، کە ئەو سەردەمە لە کوردوستان پێی گووتراوە: دینی بابی، هەر کەسێکیش لە سەر دینی ئیسلام نەبوایە ئەو نازناوەیان لێ دەنا، یان وەک دەزانین بە کافر و ئاگر پەرست ناو دەبران و بە موفتیش گووتراوە: مەلا کافر، مەلا ئاگرپەرست یان مەلا بابی.

دەرئەنجامی گێڕانەوەی مێژوو بە هەڵە، ئەوەیە کە تاوانەکان جارێکی تر دوو بارە دەبنەوە، مێژوی ڕۆژهەڵاتی ناوینیش، بە تایبەتی مێژووی کورد، یان نە نوسراوەتەوە و ناڕوونە، یان ئەگەر نوسرابێتەوە ئەوا بە درۆ و بە هەڵە و بۆ مەبەستێکی دیارکراو نوسراونەتەوە. بۆ نمونە؛ لەگەڵ ئەوەشدا کە کەسانێک ئەمڕۆ ماون لە ژیانیاندا و دەتوانن پێمان بڵین مەلا مستەفا کێیە و بۆچ مەبەستێک تێ کۆشاوە، چونکە مێژوویەکی هێندە دووری نیە، کەچی نەوەکانی مەلا مستەفا، مەلا بە باوکی کورد ناو دەبەن و لە پرۆگرامی خوێندندا باسی ڕێبازی مەلا مستەفامان لۆ دەکەن، هەر ئەمەیە کە دەرگای واڵا کردووە لەسەر نەوەکانی کە ڕێگە بە خۆیان بدەن دەست بخەنە دەستی ئۆردوگان بۆ بە جینۆساید کردنی کوردانی باکور و رۆژاڤا، ئەمەشمان وەک خەبات و تێکۆشان پێ دەفرۆشنەوە.

خۆ ئەگەر گرنگیەکی زۆرترمان بدایە بە کارەساتی هەڵەبجە، ئەوا هەرگیز شەنگالمان بەسەردا نەدەهات. لە بەر ئەوەی ئەو فڕۆکەوانەی کە بۆمبارانی هەڵەبجەی کرد، بە دەستی پیاوە سیاسەکانی خۆمان رزاگار کرا لەبەندیخانە، لەبەر ئەوەی هێشتا جاشەکانی ئەنفالمان ڕادەست دادگا نەکردوە، لە بەر ئەوەی کاتێک سەرە دێڕی ڕۆژنامەکانی جیهان باسی کوردانی ژۆژڤا دەکەن و ئەوانەی ئێمەش باسی پانایی کەمەری کارداشیان دەکەن، لە بەر ئەم هۆکارانەیە کە هەڵەبجە و شەنگال هەر دوبارە و سێ بارەش دەبنەوە، چونکا لەسەر مێژوو کاری پێویستمان نەکردووە و هەر لەسەر درۆ بەردەوامین. ئەگەر هێندەی گرنگیمان بە گۆڕی مەلا مستەفا داوە، نیو هێةدە گرنگییمان بە شوێنەوارە ئارکیۆلۆژیەکانمان بدایە، داهاتویەکی پرشنگتارترمان دەبوو.


من وەک وەک یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی موفتی، موفتیم نەناسیوە لەژیانیدا و ئەو باسانەی لەسەر ئەو بەڕێزەم بیستووە لە ئەندامانی بنەمالەکەمەوەیە، بەتایبەتی لە دایکمەوە کە یەکێکە بوە لە نزکترین کچەکانی لە باوکیەوە.

پێش هەموو شتێک دەبێت ئەوە بزانین کە ئەو سەردەمەی موفتی تێیدا ژیاوە خوێندن لە خوێندناگاد نەبووە و هەر کەسێک ویستبێتی بخوێنێت، لە مزگەوتەکاندا خوێندویەتی و پاشان نازاناوی مەلای بەسەرا سەپێنراوە، بەڵام موفتی هەرگیز کاری مەلایی نەکردوە و بە ڕەنجی شانی خۆی ژیاوە.


  • مەلایی و خوێندەواری خوڕەوشتی خۆم و باوانمە
  • کەچی من ئارەزوی نان و ژیانی وەک مەلا ناکەم


دایکم؛ کچی موفتی پێنجوێنی، سەدەها جار بەخەم و پەژارەوە باسی ئازار و ئەشکەنجەی خۆیی و خێزانی موفتی بۆ دەگێڕاینەوە بە دەست ئیسلامیەکانی ئەو سەردەمەوە. زۆرجاران زستانان، لە دەوری سەماوەر، دوای نان خواردن، دایکم جگەرەیەکی دادەگیرساند و نفەسێکی قوڵی لێ دەدا و نیگای دەفڕی بۆ بیرەوەریە تاڵەکانی، زۆر جاریش ئەو بیرەوەریانەی بە فرمێسکەوە بۆ دەگێراینەوە.

"بەخوا ڕۆڵە هەر داخ و زووخاو کوشتی، ئەو سەردەمە منداڵ بووم، بەڵام باش بیرم دێت نەمان دەوێرا بچینە دەرەوە، زیڕەمان کردبوو، منداڵان بەرد بارانیان دەکردین، پەنجەرەی ماڵەکەیان دەشکاندین، لە کۆڵانان دوامان دەکەوتن و بەردبارانیان دەکردین، پێیان دەگووتین: کچی مەلابابی، کوڕی مەلا کافر. بێ گومان منداڵ چوزانێت بابی چیە؟ ئەگەر گەورەکان فێریان نەکەن. لە بەر ئەوەی خۆیان نەیاندەوێرا بە ڕاستەوخۆ ڕوبەڕووی خۆی ببنەوە، منداڵانیان لێ دەورووژاندین. ئەوسەردەمەش سەردەمی جیهاد نەبوو، دەنا هەر زوو موفتیان کوشتبوو.

لە گەڕەکەکەماندا چەند ماڵێکی جووش هەبوون، ئەو خێزانە جووانەش زۆر ڕێزیان لە موفتی دەگرت، ئەوانیش وەک موفتی لە هەمان دژواریدا دەژیان بۆیە لە نەهامەتیەکانی موفتی تێ دەگەشتن، لە جەژنەکانیاندا هەمیشە سینیە خواردنیان بۆ دەهێناین.

بیرم دێ کچێکیان ناوی گورجی بوو، کاتێک دەچوون بۆ کانی بە گۆزەڵەکانیانەوە، منداڵان گاڵتەیان پێ دەکردن و قوڕیان دەکردە ناو گۆزەلەکانیانەوە، ئەوانیش بە نارەزاییەوە دەیان گووت: باوکیان بەو باشیە و دایکیان بەو باشیە، خۆیان دەڵێی سەگن و لە سەگ بوون.

قانیعی شاعر و هاوەڵیشی جارە جارە لە شارەزورەوە دەهات بۆ سەردانی، ئیتر شەو تا درەنگانێ پێکەوە دادەنیشتن. قانیع، کەسێکی قسە خۆش بوو، بە کوردیەکی پەتی شارەزوریی دەدوا. بیرم دێت ئێوارەیەک چومە بەردەم سەماوەر بۆ چا لێ نان، قانیع گووتی:

"کە کچ هاتە بەر سەماوەر یانی وەختی شووم هاتگە."

قانیع، گوێی نەئەداێ، جارە جارە دەچووە سەر بەردە نوێژەکان، یان دەچووە مزگەوت خۆی نیشانی خەڵکی ئەداو لەگەڵ ئەوان نوێژی دەکرد، هەرچەندە باوەڕی بە خودا نەبوو، بەڵام لە بەر ئەوەی نوێژی دەکرد و دەچوو بۆ مزگەوت، خەڵکی ڕێزیان لێ دەگرت، بەڵام باوکم کەلە ڕەق و یاخی بوو، نەی دەکرد، بۆیە ژیانمان لێ تاڵ بوبوو.

خۆ خوا خۆشی دەزانێت کە موفتی چەندە کەسێکی بە بەزەیی بوو، هێندە ڕێزی لە ژیان دەگرت تەنانەت کاتێک بەڕێگادا دەڕۆشت ئاگاداربوو نەوەکا بەسەر مێرولەیەکدا بڕوات و پانی بکاتەوە. کەسێکی دڵسۆز بوو بۆ کۆمەڵگاکەی، هەمیشە یارمەتی خەڵکی دەدا، نیشتمان پەروەر بوو، ڕیزی لە ماڵ و منداڵی دەگرت. ئەو ڕۆژەم هەرگیز بیر ناچێتەوە، ڕۆژێکی ساردی زستان بوو، بەفر دەباری، هاتمەوە لە خوێندنگا، چووم بۆ دوکانی باوکم، هەڵ ددەلەرزیم لە سەرما، کەبینیمی هەر خێرا گرتمیە باوەشی و بردمیە بەردەم زۆپاکە، کاتێک بۆم باس کرد لە خوێندنگە زۆپامان نیە، بۆ ڕۆژی دوایی شیعرێکی پێدام هەتا یخوێنمەوە لە پێش چونە ژورەوەردا لەبەردەم خوێندکارەکاندا، ئیتر لەو ڕۆژەوە، هەموو هەفتەیەکیش بارێ داری دەنارد بۆ مەکتەبەکەمان هەتاوەک و منداڵان سەرمایان نەبێت، لەگەل ئەوەشدا خوا دەیزانی چەندە دەست کورت بوین ئەو سەردەمە، بەڵام کەسیکی زۆر بە بەزەیی بوو.


  • مامۆستای گەورەم دڵسۆزی خاکم
  • بەڕاستی لەتاو سەرما هیلاکم
  • بەفر باریوە دنیا بەستویە
  • لاشەم وێنەی مار سەرما گەستویە
  • لەنوکی قاچم تاسەر ئەتەزم
  • هەر وەکو گونی هەلاج ئەلەرزم



سەردەمی شۆڕشەکەی شێخ مەحمود بوو، کاتێک شێخ مەحمود بە خۆیی و لەشکرەکەیەوە هاتبووە دەور و بەری پێنجوێن، موفتی کەوتە پارە کۆکردنەوە و یارمەتی بۆ شیخ مەحمود، حکومەت بەم کارەی زانیبوو، بۆیە بە پەنجا دینار جەزا دراین، خەممان لێ هاتبوو چونکە پەنجا دینار سەروەتێک بوو بۆ ئەو سەردەمە، ئیتر باش بوو هێندەی نەبرد هەر بە هەڕەشەی شیخ مەحمود خۆی، جەزاکەیان سڕیەوە. ئەو ڕۆژەشم هەرگیز بیر ناچیتەوە، چونکە من یەکەم کەس بووم ئەو هەواڵەم برد بۆ دایکم کە حکومەت لە جەزاکەی خۆشبووە.

بیرم دێ سەردەمی ڕوخانی شۆڕشی مهاباد بوو، مام هەژاریش هەڵهاتبو لە کوردوستانی ئێران، لە سلێمانی بە دوای کەسێکدا دەگەرا هەتاوەک و شوێنێکی بۆ بکاتەوە بۆ نوستن، هات بۆ لای ئێمە لە سلێمانی، ئێمەش ئەوکاتە بەهۆی بومەلەرزەکەی پێنجوێنەوە بۆماوەیەک پێنجوێنمان جێ هێشتبوو لە سلێمانی دەژیاین و ژورێکیان بە ئامانەت دابوینێ هەموومان تێی ترنجا بوو ین، جێگەمان نەبوو لە ژورەکەدا شوێنی ئەو بکەینەوە، باوکم چوو بە دەمیەوە و کەسێکی دڵسۆزی بۆ دۆزیەوە. ئیتر بڵێم چی ڕۆلە ئەو شاعیر و کەسە ڕۆشنبیرانە هەمیشە لەژیانی کولە مەرگیدا ئەژیان.

  • تێگەیشتوو هەر دەناڵێنێ لە ژێر باری خەما
  • بێ مەراقیی بۆ کەسێکە سەرسەری و دێوانە بێت


بە دەم گێرانەوەی بیرەوەریەکانیەوە، دایکم، نفەسێکی تری لە جگەرەکەی دەداو بە فرمێسکەوە بەسەرهاتەکانی بۆ تەواو دەکردین.

ئیتر باس باسی موفتی بو، سنووری پێنجوێنی تێ پەڕاندبوو، لە لادێ دورەکانی پێنجوێنیشەوە باسی بێ دینی ئەویان دەکرد، کە چۆن توانیویەتی، نەک منی وەک کچ خستۆتە خوێندنگەم بەڵکو لەگەڵ کورانیشدا. ئەو سەردەمە خەڵکی لەوە تێ نەدەگەشتن، بە کفریان دەزانی، وەک دیاردەیەکی یاخی بوون و جیابونەوە لەوان دەبینرا، سەرباری ئەوەش، دەچوومە سەر دوکان وەک دوکاندار یارمەتی باوکم دەدا.


  • کچێکم هەیە لە پۆلی سێیە
  • خوشکی هەنارو لیمۆو بەهێیە
  • هەتا نیوەڕۆ خوێندکارمە
  • لە دوای نیوەڕۆ کاسبکارمە
  • قەزای ئەم کچەم لەکەسێ کەوێ
  • بە شەو و بەڕۆژ ئەخواو ئەخەوێ




  • کچانی لادێ هەناسە سەردن
  • وەک بەهار ئەڕوێن وەک پاییز زەدن


مەلایەکیش نامەیەکی شیعری بۆنارد بە ناوی مەلا قادری ئاردمەردە لەسەر ئەم باسە.

چەند دێڕێکی هۆنراوەی شیعری مەلا قادری ئاردنەردە بۆ موفتی:


  • داخی بەجەرگم ئاخر زەمانە
  • نیشانەی چاکی ڕو لەنەمانە
  • وەکو بیستومە لای ئێوە کچان
  • ئەچن بۆ مەکتەب بە ئابڕو تکان
  • زۆری نەماوە کە قەهری یەزدان
  • ئاگر بارێنێ لە جیاتی باران

وەڵامی موفتی؛

ئەوانیش وەک تۆ ئەدەمیزادن

شەریکی پیاون حورو ئازادن

ژنی وڵاتان بون بە کاربەدەست

تۆش ئەمر ئەکەیت بخرێنە قەفەس

عالەم بە سەنعەت چون بۆ ئاسمان

تۆش تازە ئەگریت بۆ ئاخر زەمان


ئەو سەردەمەی ئەو بەرگری لە مێینە و مافی ئافرەت دەکرد، کەس ئەو باسانەی نە دەورووژاند و تەنگژی نەک خەڵکی نەبوون تەنانەت ڕۆشنبیر و شاعرانیش باسی ئەو تەنگژیەیان نەدەکرد. موفتی نەک هەر بە هۆنراوە باسی دەکرد بەڵکو لە ژیانی ڕۆژانەشیدا بە کردار پەیڕەوی دەکرد. ئەمەش هەر بە تەوای خەڵکی پینجوێن و دێهاتەکانی لێ ورووژاندبووین. ئیتر پاش ماوەیەک ژیانمان بەراستی کەوتبووە بارێکی ترسناکەوە، بە تایبەتی بۆ ئێمە کە منداڵ بووین، باوکیشم هەستی بە ئازارەکانمان دەکرد، زۆر خەفەتی پێ دەخوارد، بەتایبەتی خەمی ئێمەی بوو.


کچم عاجز مەبە کە پێت دەڵێن بابی

کەرە خۆیی و نەتەوە و بابی


ئیتر دەبوایە چارەسەرێک بدۆزینەوە چونکێ نەماندەتوانی بەو جۆرە بەردەوام بین لە ژیان. ئەوەبوو قانیعی هاوەڵی هات بۆلای و شەوێک تا نیوە شەو پێکەوە دانیشتن، وەها دیاربوو قانیع ڕازی کردبوو کە بچێت ئەویش وەک ئەو جارە جارە بۆ مزگەوت نویژ بکات و خۆی پیشانی خەڵکی بدات، هەتاوەکو ماڵ و منداڵەکانی بێزار نەکەن و بە ئاسودەیی بژین و ەردبارانیان نەکەن.

ئەو ڕۆژەم هەرگیز بیر ناچێتەوە کاتێک بە بەردەم مزگەتەکەدا تێ پەڕیم، دوانیوەڕۆ بوو، بینیم باوکم لەگەڵ قانیع و ئەو خەڵکەدا نوێژدەکات، ئیتر ئاسودە بووم و لە دڵی خۆمدا گووتم: ئیتر منداڵان بەردمان تێ ناگرن و گاڵتەمان پێ ناکەن. بێ گومان دەمزانی کە باوکم لە بەر دڵێ ئێمە ئەو کارەی دەکرد، ئەگینا هەرگیز شتی وا لەو نەدەوەشایەوە سەر بۆ ئەوان دابنەوێنێت.

ئەمە باسانەی لەسەرەوە بە کورتی باسم کردن. مشتێک بوو لە مێژوی موفتی لە زمانی دایکمەوە، چۆن موفتی خۆیی و ماڵ و منداڵی ئازاریان چەشتووە بە دەست داعشە ئیسلامیەکانی ئەوسەردەمەوە و هەڵوێستی موفتی بۆ یارمەتی دانی شۆڕشی شیخ مەحمود و دەوری ئەو لە کۆمەڵگای کوردەواریدا و بەرگریکردنی لە ئازادی و مافی ئافرەتان و پاداشتی مەلا ئیسلامیەکان بۆ موفتی.

ئەگەر باسی مێژووی کوردوستانی باشور بکەین و باسی 31 ی ئاب نەکرێت ئەمە خیانەت و خۆ دزینەوەیە، بە هەمان شێوە ئەگەر باسی ژیانی موفتی بکەین و باسی مەلا بابی نەکەین کە چۆن ماڵ و منداڵەکەی بەردباران کراون لە لایەن منداڵان و پیاوە ئیسلامیەکانی ئەو سەردەمە، ئەوەش بەهەمان شێوە خیانەتێکە لە موفتی. بێ گومان ناتوانین چاوەڕوانی لەوە زیاتر بکەین لە کەناڵێکی ئیسلامی وەک سپێدە.

بەرنامەی خەمە کە کە کامێراکەیان وەک فکریان چەقی بەستوە و لە جێی خۆی ناجوڵێت، وا هەست دەکرێت کە کامێرامانەکە کامێراکەی چەسپ کردبێت و ئیتر خۆی چوو بێت بۆ نوێژ کردن. چونکە باسەکان دوبارە و سێ بارە دەبنەوە، بە تایبەتی ئەو باسانەی کە هیچ گرنگیەکیان نیە، یەکێک لە بانگ کراوەکان بەناوی عەزیزی بلکیانی دەڵێت: بۆیە موفتی پێنجوێنی ئەم ماڵەی هەڵبژاردووە لەم شوێنە بەرزەدا، لەبەر ئەوەی دەڕوانێت بە سەر چەند مزگەوتێکا: مزگەوتی قازی و مزگەوتی بەرکێو، مزگەوتی پاشا......تاد، لە کاتێکدا موفتی نەک نوێژی نەکردووە بەڵکو لە هۆنراوەکانیدا بەبێ ترس هێرش دەکاتە سەر پیاوانی دینی و مەلا و دەرویش.


لەم چوار کەسەی کە بانگ کراون بۆ باسکردن لە سەر ژیانی موفتی، عەزیزی بلکیانی باسی مەلا بابی ناکات و لەسەری نادوێت، مەلا غەریب پەردەپۆشیەکی جوانی بۆ دەکات کە گوایە موفتی چۆتەوە بە گژ خورافیات و جەهلا، کە لەو سەردەمەدا ئیسلامێکی تەقلیدی باو بووە، ئەم هەڵوێستەی موفتیش وای کردوە کە بەرژەوەندی هەندێک مەلا بخاتە مەترسیەوە. وەک ئەوەی مەلا غەریب نەزانێت کە ئیسلامی ئەمڕۆ لەسەر ماچێک ئافرەتێک بەردباران دەکەن.

کەسیان بوێریی ئەوەیان نییە بە ڕوون و بە ڕاستگۆیی باسی مەلا بابی بکەن، کە چۆن ماڵ و منداڵی لە حالەتێلکی دژوارییدا ژیاون. ئەگەر ئەو کەسانە و دەرهێنەری بەرنامەکە بۆ مەبەستی دیاری کراوی خۆیان ڕاستیەکان دەشارنەوە کە گوایە ئەمە کەڵچەری کوردەواریە و با ئازاری موسڵمانەکان نەدەین و دووبەرەکی نەخەینە ناو خۆمانەوە و هەمومان موسڵمانین بەو مانایەش نابێت راستیەکان وەک خۆی باسبکرێن، بەڵام خۆ کاک سۆران حەمە ڕەش کە یەکێکە لە بنەماڵەی موفتی، بەهەمان شێوە کە دێتە سەر باسی مەلا بابی، ئەویش وەک شایەتێک ڕاستە و خۆ بە هیج جۆرێک ئەم باسە نا هروژێنێت، نەوەکا دڵی بینەرانی ئیسلامی بڕەنجێنێت، ئەوە نەبێت کە دەڵیت بە موفتی وتراوە: مەلا بابی یان مەلا کافر و ئاگرپەرست لە بەر ئەوەی موفتی کەسێکی یاخی و تازەگەر بووە، بەڵا باسی ئازار و ئەشکەنجەی موفتی و خێزانەکەی ناکات بە مەرجێک وەک من و بگرە لە من زیاتر شارەزای ئەو ڕووداوەیە . کاک سۆران کە خاوەنی کتێبی: کورد کێیە، لە کتێبەکەیدا مێژوی کوردمان جارێکی تر بۆ دەنوسێتەوە، ڕەخنە لە نوسەران دەگرێت کە بەدەم مێژووی کوردەوە نەچوون، یان دەڵیت ئەگەر گەلێک مێژووی خۆی نەناسێت، ئایندەی ڕوون نیە، دەبوایە کاک سۆران بۆمانی ڕوون بکردایەتەوە کە مەلابابی کێیە و چۆن ئازاردراوە لە لایەن کۆمەڵگەکەیەوە بە هۆی بیروباوەری تازەگەریەوە، چونکە ئەوەش بەشیکە لە مێژوو. بەڵام وادیارە ئەم باسانە هەتا ئەمڕۆ بڤەن لە کوردستان.


پاش مردنی موفتی، مەلاکانی پێنجوێن بەردەوام دەبن لە هاندانی کوڕەکەی و خێزانەکەی هەتاوەکو وەک خۆیان دەڵێن: گوناحی موفتی بسڕنەوە، بە یتایبەتی هاندانی کوڕە بچوکەکەی، هێندە خەتاباری دەکەن کە گوایە باوکی لەوە و دنیا ئەشکەنجە دەچێژێت بە هۆی ئەوەی کە نوێژی نەکردوە و بەپێچەوانەی ئیسلامەوە هەڵس و کەوتی کردووە. ڕۆژێک کوڕە بچوکەکەی لە سەر گۆڕی باوکی لە سەر قەبران گوێی لە دەنگە دەنگێک دەبێت وەک ئەوەی کە کەسێک بە دەم ئازارەوە بناڵێنێت، ڕێیشی تێ دەچێت کە هەر مەلاکان خۆیان دەرهێنەری ئەم پلان و کۆمێدیە بوبێتن، پاش ئەوەی کە کوڕەکەی ئەمە دەگێڕێتەوە بۆ کەسانی دەور و بەری، مەلاکان پێی دەڵێن کە گوایە ئەوە موفتیەو لە دۆزەخدا ئازاری دەدەن، بۆیە سەزەنشتی کورەکەی دەکەن کە دەبێت هەموو ڕۆژێک بچیتە سەر گۆڕی باوکی و قورئان بخوێنێت بەڵکو بەو هۆیەوە خوا لە گوناحەکانی خۆش ببێت، هەر ئەم ترسەش دەبێت وەها لە کوڕەکەی دەکات کە ببێتە کەسێکی دینی و سەری بچێت و نوێژی نەچێت. بەڵام نەنکم؛ هاوسەری موفتی، کە خۆی نوێژکەر و ئیماندار بوو، لە هەڵس و کەوتی کوڕەکەی ناڕازی دەبێت و هەتا کۆچی دوایی کرد دەی گووت: "کوڕەکەم دڵی دوژمنانی موفتی پێ خۆش کردین بەوەی کە دەچوو هەموو ڕۆژێک لەسەر گۆڕی باوکی قورئانی دەخوێند " هەرچەندە نەنکم نوێژکەر بوو، بەڵام هەڵس و کەوتی کوڕەکەی بە خیانەت کردن دەزانی لە موفتی. بەڵام دایکم کە کچی موفتییە و لە ژیاندا ماوە، باوەڕی بە خوا نیەو لەسەر ڕێبازی موفتی بەردەوامە و وەسیەتیشی کردووە لە سەرەمەرگیدا لە بری قورئان خوێندن و سەرەمۆنی دینی، گوێ لە ئاوازی شمشاڵی قالە مەڕەی بگرن، هیوادارم ئەندامانی بنەماڵەکەی ئەم ئاواتەی بەدی بێنن و مەلایەکی بۆ نەهێنن لە بری ئاوازی قالەمەڕە.

دەبوایە و باشتریش دەبوو کە ڕاستی ئەم ڕوداوە وەک خۆی باس بکرێت و پەردەپۆشیی بۆ نەکرایە هەتاوەکو داعشەکانی کوردستان بچونایەتە سەر گۆڕەکەی موفتی و سەرەو نوخونیان بکردایە و ئێسکو پورسکیان بشکاندایە، ئەمە باشتر دەبوو بۆ مێژوو هەتاوەکو بڵێن موفتی بۆیە ئەم ماڵەی هەڵبژاردووە لەبەر ئەوەی کە دەڕوانێت بە سەر مزگەوتەکاندا. ئێمە، وەک بنەمڵەی مەلا بابی، شانازی بە مەلا کافرەوە دەکەیین، شانزای بە مەلا بابی، بە مەلا ئاگر پەرستەوە دەکەین، لە سەر ڕێبازی ئەو بەهەمان شیوە نەوەی مەلا بابین، کافر و بێ دینین.

ئەم جۆرە کارە ناڕەوا و درۆیانە دەچنە خانەی خیانەتەوە و دەبنە بەشێک لەو پلانەی کە وڵاتانی ئیسلامیی دەیکەن بۆ بە داعش کردنی کورد و تەنانەت بەداعش کردنی ئەوکەسانەی کە لە رابوردوشدا داعش نەبوون.

ئەگەر دایکم سەتەها جار ئەم روداوانەی بۆ دەگێڕاینەوە، بۆئەوە نەبووە کە تەنها پێمان بڵێت لە سەردەمانێکدا ئازاریان چەشتووە، دایکم مەبەستی ئەوە بوو کە پێمان بڵێت: ناهەقیەک کراوە بەرامبەر بە موفتی پێنجوێنی، کەسێکی نیشتمان پەروەر، تکایە با لەبیرتان نەچێتەوە. ئەگەر لە سەردەمی موفتی خۆیدا ئەم باسە نەکراوەتەوە، لە سەردەمی منداڵەکانی موفتیش کە هەندێکیان لە ژیاندا نەماوون، هەر باس نەکراوە، ئەوا نۆرەی جیلی ئێمەیە بەیانی بکەین و نەی شارینەوە.


لەدوای ئەم ڕوداوانە و پاش مردنی موفتی، لە شاری پێنجوێن بۆ ڕێزلێنان لە موفتی خوێندنگەیەکی سەرەتایی بە ناوی موفتیەوە ناونرا، بەڵام جێگەی داخە کە ئەم خوێندگەیە بەم ناوەوە نەمایەوە، پاشان کاتێک مامۆستا جەمال عەبدول وەزیری ڕۆشنبیری بوو بڕیاردرا پەیکەرێکی بۆ بکرێت، لە ناوشاری پێنجوێندا هەڵبواسرێت، بەڵام هەر خێرا پەیکەرەکەیان لابرد، نەزانرا بە چ هۆکارێک بوو! پاش ئەوەی دانیشتوانی پێنجوێن ناڕەزاییان دەربڕی لەسەر ئەم کارە، وابزانم ئێستاکە پەیکەرەکەی لە کتێبخانەیەکی گشتی دانراوە. جێگەی داخە لەکاتێکدا کە شەقاممان هەیە بەناوی مەعمەر قەزافیەوە، بەڵام جادەیەک بەناوی موفتیەوە نیە لە پێنجوێن، لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆحی موفتی بۆ هەتایە بە پێنجوێنەوە گرەدراوە.


پێنجوێن بە بێ تۆ نزیکە مەرگەم

لوبنان شکێن بویت داخت بەجەرگم


بەهەمان شێوە جێگەی خۆیەتی کە ڕێکخراوێکی داکۆکی کردن لە مافی ئافرەتان بە ناوی ئەوەوە بێت، چونکە بڕوا ناکەم لە مێژووی کوردوەواریدا کەسێکی ترهەبێت وەک موفتی بەرگری لە مافی ئافرەتان کردبێت لە سەردەمانێکدا کە ئەو باسە تەنانەت لەلایەن ڕۆشنبیرانەوە نەورووژێنراوە وگرنگیی پێ نەداراوە.

لە سەردەمی موفتی خۆیدا کۆمەڵە شیعرێکی لە دیوانێکدا بڵاوکراوەتەوە لەسەر ئەرکی خۆی، بەڵام پاش کۆچی دوایی، توانرا هەندێک لە هۆنراوەکانی لە ڕۆژنامەی ژینی نوێێدا بدۆزرێتەوە، جێگەی داخە کە بەشێکی زۆر لە هۆنراوەکانی لەناو چوون.