گەشتی جەیمس باکینگهام بۆ ئێراق و کوردستان و ناوچەی گەرمیان لە ساڵی 1816دا
ئامادەکردنی: سەباح عەلی جاف
جەیمس سیلک باکینگهام (1786 - 1855ز) نووسەر و ڕۆژنامەنووس و گەڕیدەی ئینگلیزی لە ساڵی ١1816ز گەشتێکی بە ناوچەکانی ئێراق و کوردستان و گەرمیاندا کردووە ، لەم گەشتەدا کە پاشتر وەک پەرتووک چاپکراوە زۆر لایەنی ئەو گەشتە ڕوون دەکاتەوە ، هەر لەم گەشتەدا چەند وێنەیەکی شوێنەکانی کێشاوە ، لە ناو وێنەکاندا وێنەی کفری و خانەقین بەرچاو دەکەون .
بەرهەمی ئەم گەشتەی باکینگهام دوو کتێبی گەورەیە که نزیکەی هەزار پەڕەییان له خۆگرتووه و ئەو بەشەی که پەیوەسته به ئێراق و کوردستانەوە زۆر بەبەتی مێژووی لە خۆ دەگرێت ، ئەوەی گەشتەی زیاتر شیرین کردووە وێنەی نایابی چەندین شوێنی ناوچەکەیە بە تایبەت بەغداد و موسڵ و کفری و خانەقین ، پێدەچێت نیگارەکان له لایەن خودی نووسەرەوه کێشرا بن ، ئەویش ڕەنگدانەوەی لایەنێکی گرنگی کۆمەڵگای عێراقی ئەوکاتە و وێناکردنی شێوازی ژیانی پیشان داوە .
باکینگهام لە (27 ی ئایاری ساڵی 1816ز) لە شاری حەلەبەوە گەشتەکەی دەستپێکردووە و بەرەو “ئورفا” کە ئێستا دەکەوێتە ناو خاکی تورکیاوە ، لەوێ نزیکەی حەوت ڕۆژ ماوەتەوە ، پاشان قۆناغ بە قۆناغ بەرەو دیاربەکر بەڕێکەوتووە ، کە سێ ڕۆژ لەوێ مایەتەوە ، دوای ئەوە ڕووی لە نوسەیبین کردووە ، لەوێشەوە لە شنگالەوە هاتووەتە ناو سنوورەکانی باشووری کوردستان و عێراقەوە .
هەر لەم گەشتەیدا چووەتە موسڵ و پاشتر ڕووی کردووەتە هەولێر و کەرکوک و ڕێگەی بەغدای گرتووەتەبەر .
شایانی ووتنە ئەم گەشتەی جەیمس سیلک باکینگهام لە لایەن سەلیم تەها تکریتی لە ساڵی 1968 بە دوو بەرگ وەرگێڕداوەتە سەر زمانی عەرەبی و لە چاپخانەی ئەسعەد لە بەغدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە.