گەوھەرێک بە تەنیشت ڕووباری خاسەوە

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

نووسینی: دەوەن مەعروف

94674266 .jpg

ڕەنگ و قەڵەم دووانەی داھێنان.

مامۆستا ئەحمەد تاقانە 1946 کەرکووک

بەھۆی کتێبەکانییەوە ناوی لەسەر زارانە! من ھێشتا لە دوورەوە ناویم بیستبوو، دەمزانی قەڵەمێکی تورکییزان و عەرەبییزان و کوردییزانێکی بەسەلیقەیە.

بەرھەمەکانی گەواھی ئەو حەقیقەتەن، کە مەولانەی بەئامانەتێکی کەم وێنەوە کردووەتە کوردییەکی پاک و ڕەوان.

بەتایبەتی (جەلالەدینی ڕۆمی و سوھرەوەردی) ئەم بەرھەمەی وەک ئەوە وایە بە ئاوی قەند نووسرابێتەوە، مەبەستمە بڵێم:

- لە خوێندنەوەی کتێبەکەیدا، ڕستەکان دەبن بە قەندو دێڕ بە دێر لەسەر زمانی خوێنەر دەتووێنەوە! ھەر ماوەیەک دوای مەولانەی ڕۆمی، کتێبی دەقی شانۆیی (شیرین و فەرھاد)ی نازم حیکمەت،ی لە زمانی تورکییەوە پاچڤەکردە سەرزمانی کوردی. من خۆم کاتێک ئەم کتێبەم خوێندەوە، جگە لە جوانی زمانە کوردییەکەی، سوودم لەو شێوەزارە بینی کە فێرمان دەکات زمانی کوردی چەند فراوانە. مامۆستا ئەحمەد تاقانە، لەو قەڵەمە نێودارانەیە کە دەتوانێت بەئاسانی دەقەکانی سەردەمی عوسمانلی بێ گرێوگۆڵ بکاتە کوردی.

ئەمە جگە لەوەی کە شارەزاییەکی زۆرباشی لەزمانی عەرەبییدا ھەیە.

ساڵ ھاتوو من بە عەزرەتەوە بووم کە لە نێزیکەوە بیبینم و بە خزمەتی بگەم. ھاوینی ساڵی 2010 بەسەردانێک ھاتە سلێمانی.

لە یادمە بە ڕێککەوت لە نێزیک سەرای سلێمانی چاوم پێکەوت. ھەر کە لە دوورەوە بینیم، بەخێرایی چوومە خزمەتی و بەخێرھاتنم کرد. زۆر خۆشحاڵ بووم کە ئەم پیاوە نێودارەم بینی.

94030209 10158203113754568 5157755869907124224 n.jpg

دوای سڵاوکردن داوام لێکرد چاییەک پێکەوە بخۆینەوە. بەدەم قسەوباسی کتێبەوە، خۆمان گەیاندە چایخانەکەی میرزا شەریف، دانیشتین و کاک عومەری میرزا شەریف دووچایی بۆ ھێناین.

لەگەڵ شێواندنی چاییەکەماندا بەرایی پرسیار دەرکەوت و بەشێک لەو وەڵامانەم وەرگرت، کە دەمێک بوو عەوداڵ بووم بە دوویاندا. مامۆستا ئەحمەد تاقانە، پیاوێکی ھێمن و ئارام، گوفتشرین، دەمبەخەندە، زانینی ئەدەب و مێژوو و ھونەری شێوەکاری لە ئەقڵی دەبارێت. وەرگێڕ و نووسەر و شاعیرێکی بێ فیز و خاکییە. سەربووردەی زۆری لایە لەسەر مێژووی شاری کەرکوک و کوردستان.

لە ساڵی 1970 وە لەگەڵ یەکەمین کۆنگرەی یەکێتیی نووسەرانی کوردا، دەبێتە ئەندام و ھەر زوو لەلایەن نووسەرانی ترەوە ناوی دەکەوێتە سەرزاران.

86193.jpg

شێوەکارێکی بە سەلیقەیە. خاوەنی چەندین تابلۆی جوانە. سەرباری ئەو ھەموو جوانییانەی کە ھەیەتی بۆ ئەدەب و ھونەرو مێژوو، کوردپەروەرێکی بێ ھاوتایە. کوردبوون لەلای ئەو شوێن و جوگرافیایەو وەک کوردێکی پاکژ و داوێنپاک، ھێشتا ھەر لە شاری کەرکووک دەژی. ئەو خۆی دەڵێ: - کەرکوک، نیشتمانی منەو بە ڕۆحمەوە بەستراوەو ھەرگیز لێی جودا نابمەوە، مەگەر مردن. ھەتا نووسینی ئەم چەند دێڕە، چەند جارێک لە خزمەتیتدا بووم، ھەموو ئەو جارانە فێری شتێکی تازەو نوێ بووم. مامۆستا تاقانە، خاوەنی چەندین کتێبی ئەدەبیی و مێژوویە کە جێگەی بایەخن بۆ کتێبخانەی کوردی. ئوستادێکی وەک دکتۆر جەمال نەبەز، دەیگوو:

- مامۆستا ئەحمەد تاقانەم لە دوورەوە ناسیوە، کە بەرھەمەکانی دەخوێنمەوە دڵخۆش دەبم کە کوردێک بەو جۆرە لە زمانی تورکی و تورکی عوسمانلیدا شارەزایەو لە دواڕۆژدا کورد زۆر پێویستی بەم مامۆستا دڵسۆزە دەبێت بۆ ساغکردنەوەی ئەو دەقانەی کە پەیوەندی بە مێژووی کوردەوە ھەیە. ھیوادارم مامۆستا ئەحمەد تاقانە، تەمەنی درێژ بێت و دوور بێت لە ئازارەکانی ژیان.