یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
QAjE3fMO 400x400.jpg

ڕێکخراوێکی سیاسی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە کە بە درووشم و ڕێبازی سەربەخۆی بۆ کوردستان دەستی بە خەبات و چالاکی کرد. ئەم ڕێکخراو لە ڕێکەوتی 30 گوڵانی 2691 کوردی بەرانبەر بە 20-05-1991ی زایینی دامەزرا و وەکوو ڕێکخراوێکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، لەژێر ناوی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان وەک یەکەم هێز و حیزبی سەبەخوی خوزاز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان درێژە بە خەبات و چالاکییەکانی خۆی دا.

یەکێتی شۆڕشگێرانی کوردستان، ڕاماڵینی هێز و دامودەزگاکانی حکوومەتی ئێران لە کوردستان، وەدیهاتنی سەروەری نەتەوەیی، ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان و ڕووخانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک بەرنامە و ستراتیژی پەیرەو دەکات.

یەکێتی شۆڕشگێرانی کوردستان: گەلی کورد ئەرخەیان دەکاتەوە کە پرسی کوردستان لە چوارچێوەی ئێراندا چارەسەر ناکرێت، هەروەها دەڵێت ڕووخانی دەسەڵات دەتوانێت گورانکارێکی گەورە لە ناوچەکە پێک بێنێ بەڵام دێموکراسی کردنی شتێکی مەحاڵە و بە هەڵوەشاندنەوەی جوگرافیای داسەپاو و لەدایکبوونی دەوڵەت نەتەوەیی لە نەتەوە ستەملێکراوەکانی کورد، بەلووچ ، گیلەک، عەرەب و ئازەری و هتد دیموکراسی بۆ ناوچەکە دەسبەسەر دەبێت.

یەکێتی شۆڕشگێران کوردستان ئەوەڵین حیزب و ڕێکخراوی کوردییە کە باسی لە فیدراڵی وەک پردەبازێک بۆ سەربەخۆی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە. بەرەی کوردستانی: یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان پێداگرە لەسەر درووستکردنی بەرەیەکی یەکگرتووی کوردستانی کە لەسەر بنەمای هەزری نەتەوەی و هێزێکی یەکگرتوو کە هیچ هێزێکی کوردستانی چە لە سەردەمی دامەزراندی و چە قۆناغی نوێکردنەوەی کە ئەمڕۆیە ناتوانێت حاشا لەوە بکات یەکێتی شۆڕشگێرانی کوردستان دەستی هاوکاری و پێکهێنانی بەرەی کوردستانی بە پەیوەندی و هەنگاوی بۆ هەڵنەهێنابێتەوە.

یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان هەموو جۆرە خەباتێک بە ڕەوا دەبینێت، لەوانە خەباتی چەکداری، شەڕ لەپێناو ئازادی و سەربەستی نەتەوەیی. بە پێی بنەماکانی ناسیونالیزمێک کە باس لە داگیرکاری نیشتمان لەلایەن نەتەوەێکی باڵادەست و جوگرافیایەک داسەپاو بە سەر نەتەوەی ژێردەست و جینووسایت و قەتلوعام و دیموگرافیای خاکی داگیرکراوی نەتەوەکەمان دەکات.

دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان لە دەیان پێشمەرگەی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانەکان و ڕێکخراوە سەرتاسەریەکان پێکھاتبوو و ھاوکات لەگەڵ کۆتای ڕاپەرێنی 1991ی لە باشووری کوردستان بوونی خۆیان ڕاگەیاند. هەر دوابەدوای ڕاگەیاندنی یەکێتی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەستی کرد بە چالاکیی چەکدارانە دژ بە حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

چالاکییەکانی یەکێتی شۆڕشگێرانی کوردستان هەر لەگەڵ دامەزراندی تا ئەمڕۆ بە دەیان هەوراز و نشێوی و کۆسپی سەر ڕێی بەردەوام بوو و لە ئێستاش بە دواوە لە خەباتی خۆی بەردەوام دەبێت تا هەتا گەیشتن بە ئامانجەکانی نەتەوەی کورد.

دابڕانێک لە یەکێتی شۆڕشگێرانی کوردستان:

لە 17ی پووشپەری 2707 کوردی 2007 زایینی ڕوویدا و لە ئەوەڵین کۆنگرە و بەشێک لەژێر ناوی پارتی ئازادیی کوردستان لە یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان جودا بوونەوە.

یەکێتی شۆڕشگێرانی کوردستان لە 31 خاکەلێوەی 2719ی کوردی بەرانبەر بە 20-04-2019 لەگەڵ ڕێکخراوی یاری کورد تێکەڵاو بوونەوە وەک ڕۆحێک لە دوو جەستە کار دەکەن.

لە 19 گوڵانی کوردی 2721 بەرانبەر بە 2022 بە پێشنیاری یەکێتی شۆڕشگێرانی کوردستان هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازان کوردستان کە لە 4 حیزب پێکهاتبوون دامەزرا کە دوای ماوەێک ڕێکخراوێکی دیکە هاتە ناو هاوپەیمانییەکە کە ئەویش تەمەنێکی کوورت و پڕ لە ئەزموونی 11مانگە بوو بۆ یەکێتی شۆڕشگێرانی کوردستان.

سەرۆکایەتی یەکێتی شۆڕشگێران:

شەهید سەعید یەزدانپەنا: 4 مانگی، 30 گوڵانی 1991 - 28ی خەرمانانی 1991 تیرۆر کرا هۆکاری شەهید بوون تیرۆر بە دەستی خیانەتی ناوخۆی شوێنی شەهید بوونی زەرگەتەی سلێمانییە. نووسینی نامیلکەی بەناوی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان باشتر بناسین.

حسێن یەزدانپەنا: بۆ ماوەی 16ساڵ، لە 20 خەزەڵوەر 2691 تا 17 پووشەپەری 2707 بوو بە سەرۆکی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان بەهۆی تەکرەوی سەکردایەتی و سەربەخۆ نەمانی یەکێتی دابراندن و جیابوونەوە هاتە ئاراوە کە ئەوان ئەورۆکە لەژێر ناوی پارتی ئازادیی کوردستان کار دەکەن.

سمکۆ یەزدانپەنا: بۆماوەی: 10 ساڵ، 17ی پووشەپەری 2707 کوردی تا 13 بەفرانباری 2717 کوردی لە دوای هێرشی پارتی دێموکراتی کوردستان (پدک بارزانی) بۆ سەر مەقەر و بارگای یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان لە یەکێتی شۆڕشگێران دابڕا و لە ڕیزی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان نەما.

مامۆستا سەفا مورادی (سەفا کەلهور)، 15مانگ، لە 10ی ڕێبەندان2717 کوردی تا 31 خاکەلێوەی 2719 سەرۆکی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان بوو هۆکاری شەهید بوون تیرۆر شوێنی شەهید بوون کەرکووک لە دوای دە ڕۆژ ڕفاندن لە 6ی خەزەڵوەری 2722ی کوردی تەرمی شەهید مامۆستا سەفا کەلهور لە گەڕەکی ڕەحیم ئاوای کەرکووک دۆزرایەوە.

مامۆستای زانکۆ لە دەربەندیخان، نووسەر، شروڤەکاری سیاسی و شاعیر.

فەرزاد ئەعزەمی توتشامی: یەک ساڵ سەرۆکی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان بوو لە ڕێکەوتی 4 گوڵانی 2719ی کوردی تا 20 گوڵانی 2722ی کوردی.

کاکی ڕۆستەم ئەڵماسی: لە 20 گوڵانی 2722 وەک سەرۆکی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان هەڵبژێردراوە کاکی ڕۆستەم دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی و فەرماندەی و بەشی کومسیۆنی نیزامی یەکێتی شۆڕشگێڕان بووە.


په‌یڕه‌وپرۆگرام

سی ساڵ لەمەوبەر لە کەش‌وهەوایەکی ئاڵۆز و ئاستەنگی ڕامیاری و لە قۆناغێکی گەلێک هەستیاری ناوچەکەدا، یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، پێی نایە جەرگەی خەبات و تێکۆشانەوە. ڕەنگە بۆ ڕێکخراوەیەکی ڕامیاری وا لە جەرگەی کەش‌وهەوایەکی ئازاد و دوور لە مەترسی‌دا، تێکۆشانی ڕامیاریی خۆی بەڕێوە بەرێ، سی ساڵ تەمەن، ماوەیەکی دوور و درێژ نەبێ. بەڵام بۆ هێزێکی ڕامیاریی کوردی کە وڵاتەکەی مەکۆی شۆڕشێکی خوێناوییە و لە ناوچەیەکی ئاڵۆز و پڕ مەترسی و پڕ لە کێشە و ململانێ و بەرتەماحی هێزە ناوچەییەکان و لە ساڵانی پڕ زەبروزەنگی کۆماری ئیسلامی و دەستڕۆیشتوویی دام‌ودەزگا تێرۆریستییەکانی، توانیویەتی سی ساڵ درێژە بە تەمەنی شۆڕشگێڕانەی خۆی بدا، ماوەیەکی کەم نییە. بەتایبەتی ئەگەر ئەو هێزە هەر لە ڕۆژی یەکەمی لەدایک‌بوونییەوە، دۆزی نەتەوەیی کوردی، بە پێناسەی خۆی زانیبێ و هەر سیاسەتێکی هەڵیبژاردبێ، لەسەر بناغەی پرسی نەتەوەکەی بووبێØ› بەبێ هیچ لەخۆبایی‌بوونێک، دەتوانین بڵێین جێگای شانازییە.

یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، لە ماوەی ئەم سی ساڵەدا، گەلێک کەندوکۆسپی هاتە ڕێ و هەوراز و نشێوی جۆراوجۆری بڕی. هێشتا لە قۆناغی گڕوگاڵی ڕامیاری و ڕێکخراوەیی خۆی‌دا بوو، لەگەڵ پیلانی ناجوامێرانەی تێرۆری ڕێبەرەکەی بەرەوڕوو بوو. لە لایەن دەستەیی بەکڕیگێراوی کە تائێستاش تەم و مژێکی زۆری و نوقستانی لە ڕوونکردنەوەی دراوە ، ئێمەش وەک ڕێبوارانی رێگەی ڕاستەقینەی بەتەواوی یادوەریەکان و خەونەکانیی سەرکردە کاک سەعید هەروا لە گۆڕەپانی خەباتی کوردایەتی‌دا ماینەوە و کۆڵمان نەدا و هیوامان بە دواڕۆژی ڕوون، لەق نەبووە و لە دوای هەر کەوتنێک، هەستاوێنەتەوە و لە پاش هەر زەبرێک، بەگوڕتر لە جاران تێهەڵچووینەوە.

هەر بۆیە لێرەدا هەڵەیە، تەنیا لا لە کەندوکۆسپەکان و دژوارییەکانی ئەو سی ساڵە بکەینەوە. چونکە ئەگەر لە لایەک کەندوکۆسپی بێ‌ئەژماری هاتووەتە سەر ڕێ، لە لایەکی دیکەوە بەش بە حاڵی خۆی سەرکەوتنی ڕامیاری و ڕێکخراوەیی بەرچاوی بووە و بێ‌وچان ڕەوتی گەشە و بەرەو پێش‌چوونی خۆی پێواوە و لە نێو دڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان‌دا، وەک هێزێکی کوردستانی جێگای تایبەت بە خۆی بەدەست هێناوە. بەحەق یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان، گەلێک زۆرتر لە تەمەن و قەوارە و پێداویستییەکانی خۆی، دەوری گێڕاوە. ئەم ڕاستییە هەرگیز لە چاوی مێژوو ون نابێ کە ساڵانی 98ـ97 تەنیا هێزی پێشمەرگەی یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان بوو، لە قووڵایی خاکی وڵات‌دا، زەبری لە دوژمنی داگیرکەر دەدا و ئارەقە و خوێنی لێ‌دەتکا.

دامەزراندنی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان، وەڵامێکی بەجێ و بەوەختی مێژوویی بوو بۆ پێویستییەکانی بزوتنەوەی ڕزگاری‌خوازی گەلەکەمان و بەرهەمی پێک‌گەیشتنەوەی گەشەی بیر و پێگەیشتووی ڕامیاری، لەگەڵ دەرفەتی لەبار و هەڵکەوتووی مێژوویی بوو. بە لەدایک‌بوونی ئەم هێزە، وتاری ڕامیاری و چەمک و دروشمی تازە و جیاواز لەگەڵ حیزب و ڕێکخراوە ڕامیارییەکانی دیکەی ئەم پارچەیەی کوردستان، هاتنە نێو وێژەی ڕامیارییەوە.

بە دامەزرانی یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان بوو، چەمک و دروشمەکانی «کوردستانی‌بوون»، «سەربەخۆیی و دەوڵەت»، «فیدڕالیزم»، «بەرەی کوردستانی»، «یەک‌خستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەبەر یەک فەرماندەیی هاوبەش»، «دیپڵۆماسیی نەتەوەیی» و «هەڵکردنی ئاڵای کوردستان» داهات. پێداگرتن لەسەر بایەخە دیموکڕاتی و کۆمەڵایەتییەکانی وەک: سەربەخۆیی و دیموکڕاسی، مافەکانی مرۆڤ، ماف و سەربەخۆیی ژن، مناڵ و لاوان، ئاشتی و یەکسانیی کۆمەڵایەتی بەشێکی بنەڕەتیی دیکە لە بیر و بڕوا و خەباتی یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستانە.

نابێ لەبیر بکرێ کاتێک یەکێتیی شۆڕشگێڕانی گەلی کوردستان،دەستپێکی تێکۆشانی ڕێکخراوەیی خۆی ڕاگەیاند، بەداخەوە نە تەنیا کەش‌وهەوایەکی کراوە وەک ساڵانی پاش ڕووخانی ڕژێمی شا لە ئارادا نەبوو، بەڵکوو بزوتنەوەی ڕامیاریی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کەوتبووە بارودۆخێکی تەواو بەرگرییەوە.

ڕژێم، هەموو کوردستانی میلیتاریزە کردبوو. شەڕی نێوان ئێران و عێراق، کۆتایی پێ‌هاتبوو. بیرۆکەی سات و سەودای دەوڵەتەکانی ئێران و عێراق، لەسەر هێزە ڕامیارییەکانی ئۆپۆزسیۆنی نیشتەجێ لە عێراق، بیروڕای گشت کوردی خستبووە دوودڵی و دڵەڕاوکێ. لەو لاشەوە شەڕی چەندین ساڵەی کۆمەڵە و حیزبی دیموکڕات و پاشان تێهەڵچوونەکانی هەر دوو باڵی حیزبی دیموکڕات، تووی بێ‌هیوایی و دڵساردییان لە نێو دڵی کورددا چاندبوو. لەم بارودۆخەدا ئاسایی بوو یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستانیش نەتوانێ بەخێرایی و لە یەک کات‌دا بۆ هەمووی کوردستان پەل‌وپۆ بهاوێ. ئەم کارە پێویستیی بە پڕۆسەیەک بوو. کات و پشووی درێژی پێویست بوو.

دەستەی دامەزرێنەری یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان، هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە، دژواری و نالەبارییەکانی کەش‌وهەوای دەستپێکی تێکۆشانی ڕامیاریی خۆی بەباشی هەست پێ‌کردبوو. بە هۆی هەڵسەنگاندنێکی ڕاست‌بینانەوە، دەیزانی بۆ ڕێکخراوەیەکی ڕامیاریی نوێ لە بارودۆخێک‌دا کە بزوتنەوەی کورد لە بارودۆخی سڕی و پاشەکشەدایە، هەڵدان و گەشەی خێرا، کارێکی ئەستەم و زەحمەتە. هەر بۆیە ساڵانی لەدایک‌بوون و وەسەرپێ‌کەوتنی یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان، ساڵانی ئاسایی و لەبار نەبوون. ئەو ساڵانە پڕ بوون لە هەوراز و نشێو و کەندوکۆسپ.

بە هۆی داگیرکراویی شار و گوندەکانی وڵات لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، ئێستاشی لەگەڵ بێ، قەت ئەو دەرفەتەی بۆ هەڵنەکەوت وەک حیزب و لایەنەکانی دیکەی کوردستان، لانی کەم بۆ ماوەیەک بە ئازادی، چالاکیی ڕامیاری بەڕێوە بەرێ و ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆمەڵانی هەواری گەلی کورد کە سەرچاوەی ڕاستیی هێز و تواناکانن، هەڵسوکەوتی هەبێ. پێوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی وڵاتەکەمان، تەنیا لە ڕێی دەستەی پارتیزانەکانی هێزی پێشمەرگەوە دەست‌پێ‌کرد و دوایە تێکۆشەرانی ڕێکخستنە نهێنییەکانیشی پێ زیاد بوو کە دیارە ئەوانیش ناچار بوون لە چوارچێوەی بنەماکانی خەباتی نهێنی‌دا کار بکەن. چالاکیی دەستەی پارتیزانەکانیش کە تا ئێستا درێژەی هەیە، زۆری نەخایاند لەگەڵ گیروگرفتی گەورە بەرەوڕوو بووەوە. دەربەستیی بەرامبەر ئەزموونی باشووری کوردستان و بەتەنگەوەبوونی بەرژەوەندییەکانی، وای کرد تێکۆشان و چالاکییەکانی دژوارتر بێ و بە جۆرێک ڕێک بخرێ کە زیان بەم ئەزموونە نەگەیەنێ.

لە لایەکی دیکەوە بەربەرەکانی لەگەڵ تیرۆریزمی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی لە باشووری کوردستان و پووچەڵ‌کردنەوەی نەخشە و پیلانە تیرۆریستییە یەک لە دوای یەکەکانی، بەشێکی زۆر لە بڕست و توانا و پێداویستتەکانی بەخۆوە گرت. خۆڕاگرتن و ساڕێژکردنەوەی برینەکانیش، هێز و وزەیەکی بەرچاویان تێ‌چوو. بەڵام هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە لەمە دڵنیا بوو، لەبەر ئەمەی پشت‌ئەستوور بە ڕێبازێکی ڕەسەنی نەتەوەییە، درەنگ یان زوو پەیامەکەی لە نێو دڵی کورددا جێی خۆی دەکاتەوە. پەیامی پێکەوەنانی کیانێکی کوردی و داماڵینی کۆت و نیری زۆرداریی نەتەوەیی لەم وڵاتە داگیرکراوەدا، چۆن دەتوانێ هەژان چێ نەکا? ئەگەر بانگی سەربەستی و کیانی نەتەوەیی لە وڵاتێکی داگیرکراودا نەتوانێ ببێتە هێزێکی ماددی و وڵاتێک نەهەژێنێ، تۆ بڵێی چ وتەیەکی تر بتوانێ هێزی چارەنووس‌سازیی ئەوان بهێنێتە گۆڕێ. پەیام و وتەی ڕامیاریی یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان، بۆ ئەم بەشەی نەتەوەی کورد کە ئەمڕۆ ئێران بە خۆیەوەی لکاندووە، شتێکی نامۆ نییە. لەبەر ئەمە دڵنیایە لەگەڵ کرانەوەی بچووکترین دەلاقە، پتر لە هەمیشە بەخۆی‌دا دێ و گەشە دەکا و ڕەوتی بەرەوپێشەوەچوونی خۆی دەپێوێ.

بە مەبەستی ورووژاندنی لایەنەکانی پێوەندیدار بەم ئاسۆیە پرسیارگەلێک دەست‌بەجێ لە حاستمان‌دا خۆ قوت دەکەنەوە. یەکەم پرسیارێک کە ڕەنگە سەرنجی خوێنەر بۆ لای خۆی ڕابکێشێ، ئەمەیە کە یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان بۆ پێک‌هات? پێویستییەکانی چ بوون و دەستەی دامەزرێنەر، هەڵگری کام پەیام و وتەی ڕامیاری بوو?

پێکهێنەری یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان، دەستەی دامەزرێنەر بوو. دەستەی دامەزرێنەریش بریتی بوو لە پۆلێک تێکۆشەری ڕامیاری کورد لە ڕێکخراوە سەرانسەرییەکان‌دا. بەڵام ئەزموون و پێداچوونەوەی چەندین ساڵ کارکردن لە ڕیزی ڕێکخراوەی سەرانسەری‌دا، دەستەی دامەزرێنەری هێنابووە سەر ئەم بڕوایە کە شێوازی حیزبی سەرانسەری، تاقیکردنەوەیەکی کەوتوو و بێ‌ئاکامە و ناتوانێ وەڵامێکی ڕوون بۆ دۆزی کورد بهێنێتە ئاراوە. لە شێوازی حیزبی سەرانسەری‌دا، ئەوەی بایەخی پێدەدرێ، ناوەندە. کوردستان و شۆڕشەکەی لە باشترین دۆخ‌دا، بە بەشێک لە دۆزی ناوەند دەژمێردرێ.

هەر کاتیش بە هۆی بوونی جیاوازی لە هەل‌ومەرج، ناکۆکی لە پێوەندیی ئەم دووانەدا بێتە ئاراوە، ئەوەی فیدا دەکرێ بابەتی ڕەوای گەلەکەمان دەبێ. بە واتایەکی تر دۆزی کورد لە شێوازی حیزبی سەرانسەری‌دا، هەمیشە بە پاشکۆ دەژمێردرێ و وەک دیاردەیەکی سەربەخۆ نایەتە هەژمار. بۆ دەربازبوون لەم گرفتە، تووڕهەڵدانی قاوخ و شێوازی حیزبی سەرانسەری خرایە دەستووری کاری دەستەی دامەزرێنەر. بەڵام ئەم دابڕانە بە هیچ لەونێک نەیدەتوانی تەنیا دابڕانێک لە قەوارەیەک و چۆنیەتیی خۆسازدانەوە بێ. هەوڵێک نەبوو بۆ ئاڵوگۆڕییەکی ڕواڵەتی و جێگۆڕکێی ئاسایی، لە قەوارەیەکی تەشکیلاتییەوە بۆ قەوارەیەکی تر. بەپێچەوانەوە ئەم دابڕانە بە واتای دەستپێکی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی بیروڕا بوو.

ماڵاواییەکی یەکجاری بوو لە شێوە و ڕێبازی ئێران‌چییەتی و پێداچوونەوەیەکی ڕەخنەگرانە بوو لە ڕەوت و تێکۆشانی ڕابوردوو. بۆ دەستەی دامەزرێنەر، ئەم هەوڵە بە واتای شۆڕشێکی دیکە بوو. هەر بۆیە ئاسایی بوو نەیدەتوانی تەنیا لە ڕەخنەی شێوازی حیزبی سەرانسەری‌دا، خۆی قەتیس بکا. بۆیە کار و تێکۆشانی دەستەی دامەزرێنەر، تەنیا بە ڕەخنە و پێداچوونەوەی ڕێبازی هزری و تەشکیلاتیی ڕابوردوو، نەیدەتوانی کۆتایی پێ‌بێ. هەر ڕێکخراوەیەکی بەهێزی ڕامیاری، بە تەمای درێژەی کار و بەرەوپێش‌بردنی بەرنامەی خۆی ببێ، ناتوانێ تەنیا دڵ بە ڕەخنەی ڕابوردوو خۆش بکا.

قۆناغی دووهەمی کاری دەستەی دامەزرێنەر، بێ‌نێوبڕ جێگیرکردنی هزرێکی نوێ بوو. هزرێکی نوێی ئەوتۆ کە ئیلهامدەر و لەخۆگری پڕۆژەی ڕامیاریی یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان ببایە.

ئەم بیرە، بیری نەتەوەیی کوردی بوو. ئەو بیرەی سەرەتاکەی بە خانی دەستی پێکرد و بە حاجی قادری کۆیی ژیانێکی نوێی وەبەر خرا و دواتر بووە هەوێنی هزریی گشت ڕاپەڕینەکانی کورد هەتا ڕۆژگاری ئەمڕۆ.

بە ئیلهام‌وەرگرتن لەم بیرە، دۆزی کورد وەک بابەتێکی ڕامیاری و پرسی نەتەوەیەکی بێ‌دەوڵەت هەڵسەنگێندرا. دابەشکراوی و داگیرکراویی نەتەوە و نیشتمانی کورد و هەوڵدان بۆ پێکەوەنانی کیانێکی نەتەوەیی، بە هێزی بزوێنەری گشت ڕاپەڕینەکانی نەتەوەی کورد هاتە هەژمار، کە هەر لە کۆنەوە تاکوو ئێستا لە گشت پارچەکانی کوردستان هەڵگیرساوە. لەم خوێندنەوەیەدا، گشت ڕاپەڕینەکانی نەتەوەی کورد دەچنە خانەی بزوتنەوەی ڕزگاری‌خوازانە و نێوەڕۆکی کێشەکە لە گشت پارچەکانی کوردستان دەبنە یەک بابەت.

ئەم ڕاستییانە، دەستەی دامەزرێنەر دەهێنێتە سەر ئەم بڕوایە کە کێشەی کورد تەنیا ئەو کاتە دەتوانێ وەڵامی شیاوی خۆی وەربگرێتەوە کە کورد ببێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی نەتەوەکەی. بۆ ئەم مەبەستەش یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان ئەرکی سەر شانییەتی بە گوێرەی وزە و توانای خۆی نوێنەرایەتیی ئەم ڕەوتە هزر و ڕامیارییە لە کوردستان بگرێتە ئەستۆ کە چارەسەری یەکجاریی کێشەی کورد، بە بوونی دەوڵەتی نەتەوەییەوە، گرێ دەدا. بەڵام هەر لێرەدا پێویستە بڵێین دەستەی دامەزرێنەر لەگەڵ ئەوەی بێ هیچ سڵ‌کردنێک چارەسەرکردنی یەکجاریی بابەتی کورد، بە هەبوونی دەوڵەتی نەتەوەییەوە دەبەستێتەوە.

لەگەڵ ئەوەش‌دا خوێندنەوەیەکی ڕاستبینانەی هەیە بۆ ژێئۆپۆلێتیکی کوردستان و پارسەنگی هێز، لە دنیای ڕامیاری‌دا، بە هێند دەگرێ. هەر بۆیە لە هەر هەنگاوێک کە بستۆکەیەک کورد لە ئامانجی ستراتیژیک نزیک بکاتەوە، پشتیوانی دەکا. لێرەوەیە بۆ یەکەم جار لە کوردستان‌دا، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە چوارچێوەی ئێران‌دا وەک لانی‌کەم مافی کورد لەم قۆناغەدا، فیدڕالیسم هەڵدەبژێرێ و لە سەری سوورە لە تێڕوانینی دەستەی دامەزرێنەردا، یەکێتیی شۆڕشگێڕان بۆ ئەمەی بتوانێ لە دۆزی نەتەوەیی کورددا، ڕۆڵی چالاکانەی خۆی هەبێ، پێویستە خاوەن پێناسەیەکی کوردستانیش ببێ. بەم واتایە کە دۆزی نەتەوەیی کورد وەک دیاردەیەکی سەربەخۆ سەیر بکا و پلان و تاکتیکێک کە هەڵیدەبژێرێ، لەسەر بناغەی قازانج و بەرژەوەندیی نەتەوەی کورد بێ.

بە مەبەستی پڕاکتیزەکردنی ئەم بیروڕایە، دەستەی دامەزرێنەر بۆ یەکەم جار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بیرۆکەی بەرەی کوردستانی دێنێتە گۆڕێ. لەبەڕ پێویستیی پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانی، هێز و توانای خۆی دەخاتە گەڕ. لە کەش‌وهەوای ئەم کاتەدا، هێنانە ئارای پرسێکی ئەوتۆ بە پێچەوانەی بارودۆخی ئێستا، کارێکی هاسان نەبوو. ئەوەندەی بیر لە پێکهێنانی «بەرەی دژی ئیمپڕیالیستی» لەگەڵ ڕێکخراوە ڕامیارییەکانی ئێرانی دەکرایەوە و ئەوەندەی هێز و توانای کورد بۆ «نێونەتەوەیی کومۆنیستی» بە فیڕۆ دەچوو، بەدەگمەنیش باسێک لە بەرەی کوردستانی نەدەکردرا.

لە ئەدەبیاتی ڕامیاریی ئەوسای هێزە ڕامیارییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڕوانن، چ دەبینن? خۆسەرقاڵ‌کردن بۆ جێ‌خستنی «کومۆنیستی کاریگەری» لە کوێ و هەوڵدان بۆ سەرکەوتنی دۆزی نەتەوەیی کورد و بەرەی کوردستانی لە کوێ? ئەو هێزەی دۆزی نەتەوەیی کوردی بە کۆسپی سەرەکیی یەکخستنی چینی کرێکار دەزانی و بیری نەتەوەیی کوردی بە «ژاری خاپاندنی کرێکاران و زەحمەتکێشان» دەهێنا هەژمار، لە کوێ دەیتوانی خۆ لە قەرەی ئەم تەوەرانە بدا. بە کورتی بڵێین دەستەی دامەزرێنەر بە لەبەرچاوگرتنی هەل‌ومەرجی ئەوسا، داهێنانێکی گرینگی هێنایە نێو کولتوور و وێژەی ڕامیاریی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەستپێکی تێکۆشانی یەکێتیی شۆڕشگێڕان بزوتنەوەیەکی نوێی هزری بوو.

بۆیە دەتوانین بڵێین لە یەکەمین هەنگاوی‌دا، دەستەی دامەزرێنەر مەبەستی گرینگی خۆی پێکا. بەڵام وێڕای هەمووی ئەم هەوڵانە، هێشتا ڕەگەیەکی هزری و ئیدیئۆلۆژیی باوی سەردەمی لە خۆی‌دا حەشار دابوو. لەبەر ئەمەی ئەم ڕوانگەیە هیچ‌کات نەیتوانی مۆرکی خۆی بە وتە و وتاری ڕامیاریی یەکێتیی شۆڕشگێڕانەوە بلکێنێ و جێگا بە وتاری نەتەوەیی لێژ بکا. بەڵام لە درێژەی تێکۆشانی‌دا، یەکێتیی شۆڕشگێڕان ئەم ڕێگەیەشی خستە بەر تیغی نەشتەرگەری.

بەداخەوە هەرمان سەعید وەک ڕێبەر و ڕێکخەری دەستەی دامەزرێنەر زۆر زوو کەوتە بەر پیلانی تیرۆریستیی و نەیتوانی وەک هەمیشە لە بڕینی ئەم قۆناغەش‌دا، پێشڕەویی خۆی بنوێنێ. بەڵام هاوڕێیانی هەرمان سەعید بۆ یەک ساتیش لە ڕەوتی نوێ‌کردنەوە و پێداچوونەوە، نەپرینگانەوە و دەلاقەی دیالۆگ وباس و ئاڵوگۆڕیی هزری، لە ڕیزەکانی‌دا نوێ‌بوونەوەی نوێتری چێ کرد. نوێ‌بوونەوەیەک کە، هاتنە دیی ئاواتی لەمێژینەی شەست ملیۆن مرۆڤی بێ دەوڵەت بکا و زۆرتر لە جاران لەسەر پێناسەی کوردستانی‌بوونی پێداگر بێ و ببێتە پێشڕەوی بزاڤی ناسیۆنالیسمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ناوەندی ڕاگەیاندن بە مەبەستی ناساندنی زۆرتری بناغە هزری و ڕامیارییەکانی دامەزرانی یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان، گوڵبژێرێک لە شیکاری و لێکدانەوەکانی ڕێبەریی کاک سەعید یەزدانپەنا لە توێی سێ نووسراوەدا کە بریتین لە: « یەکێتیی شۆڕشگێڕانی گەلی کوردستان باشتر بناسین»، «ئێمە و هێزە ڕامیارییەکانی ئێرانی و کوردستانی» و «وتووێژی کۆمیسیۆنی بانگەشە لەگەڵ هاوڕێ سەعید یەزدانپەنا» کە لە سەرەتای دامەزرانی‌دا، بۆ ڕوونکردنەوە و شیکردنەوەی بیر و تاکتیک و هەڵوێستەکانی یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان بڵاو بوونەوە و ڕۆڵی پڕۆگڕامی یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستانیان گێڕاوە، هەر بەو ڕێنووس و ڕێزمانەی کاتی خۆی نووسراون، لە چاپیان داوتەوە. دیارە لە ماوەی ئەو سی ساڵەدا گەلێک ئاڵوگۆڕیی گرینگ ڕووی داوە. بۆ هەڵسەنگاندنی دروستیی ئەم بەڵگەنامانە، دەبێ بگەڕێینەوە بارودۆخی ڕامیاریی ئەو دەمی جیهان و کوردستان و ئێران. لەو ماوەیەدا یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان تا هاتووە ناسنامەی هزری و ڕامیاریی خۆی، بە ئاقاری نەتەوەیی‌دا ڕوونتر و لەسەر ئەو بناغە هزری و ڕامیارییانە، داهێنان و دەست‌پێشخەریی ڕامیاریی دیکەشی پێشکەشی بزوتنەوەی ڕزگاری‌خوازیی گەلەکەمان کردووە. هەندێک بابەتی ڕامیاریی ڕۆژیش، کاڵتر یان پڕڕەنگتر بوون.

ئەم بەڵگەنامانە، مانیفێستی ئازادیی کورد و بەیداخی خەباتی یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان بوون. بە سەرنجدان بەو بەڵگەنامانە، دەردەکەوێ دامەزراندنی یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان، چ بۆشاییەکی لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان‌دا پڕ کردووەتەوە و چ تازەگەرییەکی داهێناوە. خوێندنەوەی ئەم بەڵگەنامانە، دەیسەلمێنێ کە ئەم هێزە ڕامیارییە، چ دەورێکی پێشڕەوانەی لە بزوتنەوەی ڕزگاری‌خوازیی کوردستان‌دا هەیە و چەندە بۆ ئەمڕۆ و دواڕۆژی گرینگ و بەبایەخە!

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان

بەفرانبار ٢٧٢١ی کوردی

ژانویە ٢٠ ٢٢ی زایینی[١]

  1. سەرچاوە:rukurdistan