داڕێژە:ههڵبژاردهی دووهم
ئەفسانەی خێزانی پیرۆز بەشی 1 شێرزاد حەسەن
"بەشی یەکەم"
- دەستپێک:
مەرجە سەرەتا لەوێوە دەست پێبکەین کە خودی 'خێزان/ خانەوادە' کە پەیکەر و بونیاد و پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی یەکڕەنگ و هەیکەلێکی سەرەتایی و پریمیتیڤی هەبووە، کە لە سەرەتای پەیدابوونی و لە دێر زەمان و رۆژگاری بەر لە مێژوودا کۆی مەردمگەل ژیانێکی پریمیتیڤ و کێوی و زێدە سەرەتایی هەبووە کە نزیک بووە لە ژیانی گیاندارەکانی دیکە، مرۆڤ و سروشت دوو شتگەلی دوور و جیاواز نەبوون، بەڵکو بۆ هەمیشە وەک هەر هەموو بوونەوەر و زیندەوەرەکان و گیاندارەکانی دیکە یەکانگیر بوون و هەم بەشێک بوون لە خودی سروشتەکە خۆی، کە بێگومان سەرچاوەی ژیان و زیندەگی و هەم لانە و پەناگای مەردمگەل و کۆی گیاندارەکان بوون، کۆبوونەوە و بوونی جڤات لەو سەردەم و قۆناغەی کە دەکەوێتە بەر لە مێژوو کە خودی "کۆمیونیتی"ی پەلوپۆدار چەشنێک بووە لە 'پەیکەری' خێزان' یان ماڵباتێکی زێدە قەڵەباڵغ کە دەگوترێت هەر منداڵێک خاوەنی دەیەها و سەدەها دایک و باوک بووە و کەسیش نەبووە دابەشیان بکات بەسەر حەرامزادە و بیژی و زۆڵ، یان حەڵالزادە و زاتێکی پاکزاد، بە تەنها لەبەر ئەوەی ئاخۆ مەلایەک، قەشەیەک، ئاخوندێک، حاخامێک ئەو ژن و پیاوەی لە یەکتری مارە کردووە یان نا ؟، یانژی فەرمانبەرێکی شارەوانی تا دەگات بە قازی و دادوەرێکی باڵا، بە واتا بوونی زاتێکی مەزهەبزەدە یان کادیرێکی شارەوانی کە رەزامەندی یاسایی هەبێت بەوەی لە شارەوانی یان دەزگایەکی دەوڵەتداری بۆ راییکردنی کاروباری زەماوەندی دوو دڵخواز بە یەکتری، بۆ حەڵاڵکردنی ئەو زەماوەندە کە لە زۆر لە وڵاتانی "رۆژئاوا"دا باوترە کە لە رووی یاساییەوە سەنگی هەیە کە پەیوەستە بە مافەکان و ئەرکەکانی ئەو دایک و باوکە و هەم هی منداڵەکانیش، بەڵام دەنێو دونیای مۆدێرن و شارستانیدا، هیچ منداڵێکی تازە لە دایکبوو جیا ناکرێتەوە بەوەی دایک و باوکەکەی کێن و چلۆن و بە چ یاسا و رێسایەک بە یەکەوە جووت بوون!