جلوبەرگی کوردان لە چاوی گەشتیارانەوە لە ساڵانی 1501- 1979 – بەشی 02
نووسینی: چیا عەزیزی
واڵتر هەریس وەک ڕیچ باس لە نیوتەنەی دوگمەدار دەکات: «ژنان لەسەرەوەی پانتۆڵیان کە شینی تۆخ یان سوور بوو، کەوایەکیان (کە لە هەمان قوماش دروستکرابوو) دەکردە بەر، کە بە دوگمەی زێو ڕازێنرابووەوە.»(١)
هەروەها سۆن(٢) باسی لە جۆرە بۆدیسێکی بێ دوگمە کردووە و نووسیویەتی جلی ژێرەوەی خانمان بریتییە لە کراسێکی کورت و پانتۆڵێکی پۆفی کە بەشی سەرەوەی لە قوماشی نەخی سپی دروست کراوە و بەشی خوارەوەی لە هەندێک مادەی ڕێ ڕێ دروست کراوە.
لە سەرووی ئەمەشەوە کراسێکی درێژە کە دەگاتە خوارەوە تا پێ بە قۆڵی بچووکی کەتانی سپی و لە ملەوە کراوەیە. دیسانەوە لەسەر ئەم کراسە، بۆدیسێکی درێژ بەبێ دوگمە بە ناوی کەوا(٣) لەبەر دەکرێت کە بە هەمان شێوە دەگاتە پێیەکان؛ لە بەشی پێشەوەی جەستەی لە قوماشی گرانبەها دروستکراوە و قۆڵەکانی توند و تۆڵن، بەڵام چەند ئینجێک لە مەچەکەوە بۆ ناوەوە درزی تێدایە.(٤)
بەپێی زانیارییەکانی دکتۆر ووم، جلوبەرگی ئافرەتان لە گوندی هومرمل (عمرمل) بەم شێوەیە وەسف کراوە: «ژنان کراسێکیان لە ژێرەوە هەیە کە دەگاتە لای کەلەکەیان؛ جگە لەوەش وەک میسرییەکان کراسێکی درێژ لەبەر دەکەن. قوماشێکی گەورە کە بە توندی بە سەریانەوە بەستراوەتەوە، سەرپۆشەکەیان پێکدەهێنێت کە وەک شاڵێک دەکەوێتە سەر شانەکانیان.»(٥)
بە ئەگەرێکی زۆرەوە مەبەستی ووم لە کراسی میسری، هەمان قۆبەی تەواو درێژی ژنانی کوردستانە.(٦)
سەرپۆشەکە ئەو سەروێنەیە کە زیاپوور بەم شێوەیە باسی دەکات: «ئەم قوماشە لوولەییە ڕەشە لەسەر جەستەی کڵاوەکە کەڵەکە دەکرێت و بە سنجاقگەلێک کە بنەکەی گردە، بەیەک دەبەسترێتەوە و شوێنەواری قوماشێکی لە پشتی سەریدا لێ هەڵدەواسرێت و شۆڕ دەبێتەوە.»(٧)
ئەگەرچی بە بۆچوونی ڕیچ بە وردی و بەتەواوی باسی سەروێنی ژنانی کورد ئەستەمە، بەڵام بە باشی باسی کردووە: «ئەم سەرپۆشە لە دەستماڵی ئاوریشمی یان بە واتایەکی تر شاڵێکی ڕەنگی کەوانە دروست کراوە، بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و هونەری بە پێشەوەی تەوێڵ دەبەسترێتەوە و بە سنجاقێکەوە دەیبەستن کە وەک تاجێک، دوو پێ بەرزە و لاکانی بە پشتی سەرەوە شۆڕ بووتەوە لەژێر ئەم سەرپۆشەیە، سەرپۆشێکی گەورەی تر کە پێی دەوترێت دەسماڵ لەسەر شان و مل دادەنرێت کە لەسەر سنگەوە بەستراوەتەوە و کۆتاییەکەی ئەم دەسماڵە بە پشتەوە شۆڕدەبێت. ئەوەندەی من بزانم ئافرەتانی هاوژیندار ئەم دەسماڵە لەسەر دەکەن. قژەکانیان لە پشتەوە زۆر دەرناخەن بەڵام گیس (پەلکە) یا تاڵی پێشەوەی قژ دادەنن.»(٨)