مەولانزادە ڕەفعەت بەگ
نووسین و ئامادەکردنی: مانو بەرزنجی
مەولانزادە ڕیفعەت بەگ (لەدایکبووی ١٨٦٩، ئەستەنبوڵ - کۆچی دوایی ١٩٣٠، حەلەب)، ڕۆژنامەنووس و شاعیری عوسمانی بووە.
ژیانی ڕابردوو و خێزان
باپیری مەولانزادە ناوی محەمەد بەگ بووە، یەکێک بووە لە کەسایەتییە بەناوبانگەکانی شاری سلێمانی ، وەک باس دەکرێت کەسی نزیکو شوێنکەوتووی مەولانە خالید بووە باوکی مەولانزادە ناوی عەبدوڕەحمان ناجیم ئەفەندی بووە کە لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، عەبدولڕەحمان چووەتە خزمەتی مەدەنی عوسمانی و بووە سەرۆکی دادگای پارێزگای ئامەد و پاشان سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی بەیروت، هاوکات شاعیر بووە و لە ساڵی ١٨٩٥ لە خەرپێت کۆچی دوایی کردووە. هاوسەرەکەی ناوی (Nuriye Ulviye Mevlan Civelek) نوریە ئولڤیەی سیڤێلێک بوو.
ڕۆژنامەگەری و دەربەدەری
مەولانزادە ڕەفعەت بەگ یەکێک بوو لە ڕۆژنامەنووسە دیار و خوێندەوارەکانی دەوڵەتی عوسمانی. خاوەن و سەرنووسەری ڕۆژنامەی سەربەستی (Serbesti) و هاوڕێی ڕۆژنامەنووسی کوژراو حەسەن فەهمی بووە. زۆربەی ژیانی لە دەربەدەریدا بەسەر بردووە، لەوانە فەرەنسا، یەمەن، میسر، سوریا و یۆنان بەسەر بردووە.
نەیاری عەبدولحەمیدی دووەم بووە، سەرەتا ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی (Ciwantirk ) بووە، بەڵام دواتر بووە بە یەکێک لە توندترین ڕەخنەگرانی و دواتر دەبێتە ئەندامی پارتی لیبراڵ ئەنتێنت(Liberal Entente). ناوبراو یەکەم کەس بوو لە نێو دەوڵەتی عوسمانیدا دژایەتی و جینۆسایدی ئەرمەنییەکان شەرمەزار کرد. سیاسەتەکانی دژە ئەرمەنەکانی CUP کە بە شێوەیەکی سیستماتیکی لەلایەن تورکە گەنجەکانەوە وەک ئامرازێک بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئەرمەنستان لە ڕێگەی جینۆسایدەوە پلانیان بۆ دانراوە.