خاتوو زین ئێستا خەسوومە!

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

نووسینی: پەری عومەر ئەسعەد

414308788 .jpg

لەبیرمە لە پۆلی دوو یان سێی سەرەتایی بوو مامۆستا وانەی خاتوو زینی فێردەکردین ، لەدوای ئەو هەموو ساڵە ئێستا خاتوو زین خۆی وانەکانیم فێردەکات!

کاتی خۆی لە وانەی کوردی بابەتێک هەبوو بەناوی (خاتوو زین )، لەوێ خاتوو زین دەچووە شار و ماست و پەنیر و نڤیشکی دەبرد دەیگۆڕییەوە بەشەکر و چا و پێویستییەکانی دی، دواتر دەگەڕایەوە گوند.

ئەو کات من وامدەزانی ئەو چیرۆکانە بۆ ئەوە نوسراون تا ئێمەی زارۆی ئەو کۆمەڵگەیە بە ڕیتمێکی کوردەوارییانە فێری خوێندنەوە و خوێندەواری بین.

نەمدەزانی (خاتوو زین)ی نێو کتێبە لەمێژینە کۆننەبووەکە لە ئاوێنەی ڕوخسارێکی دیکەدا دەبێتە خەسووم!

بەڵێ ماوەیەکە خەسووم .. نەنکی ئاڤیا، سبەینان زوو لەوکاتەی لەخەو هەڵدەستین و چای بۆ دادەنێم، دەست دەکا بەگێڕانەوەی ئەو بیرەوەرییانەی لە زەینیدا زۆر بەنهێنی و تۆکمەیی تۆماری کردوون، کە دەردی لەبیرچوونەوەش دەرۆستیان نایێ لەبیری بیانسڕێتەوە، هەموو شتێک دەگێڕێتەوە، باش و خراپ ! وەک بڵێی بیەوێت پێم بڵێ هەموو ئەوشتانەم لە نووسینێکدا بۆ یاداشتکە!

418335662 .jpg

سەیرە منیش وەک تێنووێک خودا ئارامییەکی بەناخم بەخشیوە و بێ ویستی خۆم! دەمەوێت گوێی لێ بگرم، هەندێکجار بێ ئەوەی ئاگام لێبێ دەبمە هاوبەشی هەڵڕشتنی ئەو چەند دڵۆپە فرمێسکەی کە بۆ کوڕە گەورەکەی دەیڕێژێت و زۆر بە حەسرەتە لەبۆی! چونکە ئەو تازە چوو بووە ماڵی خۆی و خاوەنی سێ وەچە بووە، کوڕێک و دوو کچی جوان! کەچی بە کارەساتێکی دڵتەزێن گیانی سپاردووە و حەسرەتی گەڕانەوە و چا خواردنەوەیەکی بەر سەماوەری تا هەتایە لە دڵی ئەو دایکەدا جێهێشتووە، بەڵێ ئەو قسە دەکات و من گوێ دەگرم بەڵام هەردووکمان دەگریێین.

نەنکە دڵ کوانووەکەی ئاڤیا زیاتر لە جارێک و دوو جار و سێ جار ....، چیڕۆکی لەدەستدانی ئەو کوڕە نازدارەیم بۆ دەگێڕێتەوە، وەک بڵێی لەگەڵ هەرجارێک باسکردنی پێم بڵێت گەر رۆژێک مەلا رەسولی کوڕمت دیت بۆی باسبکە چەند پەرۆشم! یان ئەگەر بەڕێککەوتیش لە علائەدین هەڵنگوتی پێی بڵێ دوای تۆ دایکە (ڕابی)ت٭ کون و کەلەبەری دنیا نەمایە بۆت نەگەڕێت.

418426492 .jpg

ئەو ڕۆژانە لەگەڵ ئاهی کوڕە گەورەکەی جار نییە باسی عەلائەدین نەکا! کە ئەو کوڕەیشی تەمەنی تەنیا چوار ساڵان بووە لێی بزر بووە، پاش ئەوەی وەک خۆی بە شێوە زارە جوانەکەی دەیڵێ حکوومەت و میللەت حەفت شەو و ڕۆژ لەدوای گەڕان نەیاندیتەوە! تا ئاخیری لەڕێی خەونی مەلایەکی خزممان تەرمەکەیمان لە بن بەردێک دیتەوە! ئەی خوایە .. ئاخر ئەو ئێستا لە حەفتاکانی تەمەنی دایە و بەهۆی (حەفت جار) جەرگ سووتان تووشی نەخۆشی پووکانەوەی مێشک هاتووە، هەر ڕۆژەی شوورەیەک لە هزری دەکەوێت!

بێ ئەوەی بیەوێت هەموو یادەوەرییەکانی ڕابردووی لێ دەڕژێن! ئەو ئێستا زۆر لە (مەحمود سامی باروودی) گەورە شاعیری میسری دەچێت، وەک بڵێی لەمەنفابێ و بیەوێت چی لە زاکیرەی هەیە دایتەکێنێت و بەتووندی بیدا بەڕووی دنیا و بڵێت هیچ خۆشیم نەدیت، لەتەمەنی سێزدە ساڵییەوە کێو و دەشت و دەرم تەی کرد ، بەسەدان سەبەتەی پر لەهەنار و سێوم ڕژاندە بازاڕ، بەدەیان ستڵە ماستم بە باری شانم گەیاندە سەوداخانەکانی مەسیف و بە شەکر و چام گۆڕییەوە! هەر بۆ ئەوەی منداڵەکانم خوێندن تەواوبکەن! بەدەیان ڕۆخە جەمەدانیم هۆنییەوە! ساڵانە دەریایەک سرکەی خوماڵیم لەهەناران دەخواست! هەرچی پەلکی هەنارە خۆیان بەشەرمەزاری شەقاری دەست و پەنجەکانم دەزانن، هەرچی سیم و دارتێل و دڕکی ڕێیە پەڵەیەک خوێنی مەچەکمیان پێوەیە! سۆتەکی جگەرەی کۆنەهاوڕێم وەک ئێستا چۆن هاودەممە لە درەنگانی شەو و لەگەڵ هەڵاتنی کزنگی خۆر و گەرمای پاش نیوەرۆیەکانی هەولێر! ئەوساش سۆتەک فریای برینەکانی مەچەک و پشتە دەستم دەکەوت!

خاتوو زینی خەسووم هەموو گیانی پڕە لە وێنە ! پڕە لە تێڕامان ـ ئەو دەیەوێت تەواوی چیرۆکەکەم بۆ بگێڕێتەوە .. هەر بەنهێنێ وەک ئەوەی پێم بڵێ ئەو مەشهەدەی ژیانی من کە ئەوێ ڕۆژێ ماموستاکەت لە مەکتەب فێریکردی ئەوە ئەوڕۆ خۆم وانەکان و هەرچی ماوە لەپشت ئەو مەشهەدە کۆنە دەتدەمێ، ئەو هەموو سەبووری خۆی دایتە گۆرستانەکەی گوند ! ئای دەوڕانە چەند کۆنی، ئای گۆڕستان گڵی چەند وجاخانت تێکەڵ کردوو...

ئازیزان پاش مردنیشیان گۆڕەکانیان جێی سەبوورین؛ بۆ ئازیزە بەجێماوەکانیان! چونکە ئەو دەڵێ بەیانیان بەدەم هەڵمژینی دوکەڵی جگەرەیەکەوە بەرەو گۆڕستان دەکەومە ڕێ و لەوێ لایان دادەنیشم و دڵم هەڵدەرێژم ! ئەو ئێستا هەموو دنیا وەک جێگە دەبینێ و لەهیچ جێگایەکیش ئۆقرە ناگرێ ! لەگەڵ هەموو ماندوێتی هزری و هەموو لەبیرچوونەوەکانیشی هێشتا خەمی ئەو باخچەیەیتی کە لە شوێن پێی هەر هەنگاوێکی پنجەگیایەک سەری دەرهێناوە، خەمی گوڵی ئەو هەنارانەیەتی دەمێکە بەڕوویدا پێنەکەنیون! جاران پێم وابوو دەبێت نووسەر بەنووسینەکانی ویژدانی خوێنەر بجوولێنێ، کەچی ئەمڕۆ خاتوو زینی خەسووم بەهەموو سادەییەوە لە قسەکردن و بە شێوەزارە چیاییە جوانەکەی ویژدانی خستوومە قسە، بەدەستم با هەرچی دیواری ماڵەکەمە دەمکرد بە باخچە و دار هەنار و هەنجیر و سێو ! وەک باخچە هەڵواسراوەکانی مەلیکی بابل! جۆگەلە بچووکەکەی پێش ماڵێم بۆ دەکردە ڕووبار! حەوشەم هەموو دەکردە یەک پارچە شینایی! پڕم دەکرد لەرەیحان و چیمەن و بنە داری هەموو میوەکان! هەر بۆ ئەوەی پێی بزانێ ئەو هێشتا دایکی میوەکانە و باخچە لەبن دەستی گوڵ دەگرێ!

هێشتا دەتوانێ بە بزەیەک چی هەنار و بەرهەمی باخچەیە لەبن دەست و پێیەکانی بکەونە شنەشن! هەرچی سەرچاوەی ئاو و کانی هەیە بە هەڵشەقاندنی پەنجەیەکی بە دەماری جۆگەکاندا بکەونە ڕێ و بگەنە بن هەموو درەختەکانی گوند..!