سەفەری مەرگ

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

نووسینی: رەوا جەعفەر عەبدولواحید

Herm 10-1.jpg

بەشی یەکەم ، دووای لە سێدارەدانی باوکم ساڵی ١٩٧٦ بە دوو ساڵ و چەند مانگێک ، پوریکم خوشکی دایکم هاتە سەردانمان و کەوتە لۆمەی دایکم لەسەر ئەو رەش پۆشیە و ئەو هەموو خەمبار بوونەی و سجن کردنی خۆی لە ژوورەوە ، داوای لەدایکم کرد کە پرسە بشکیینییت و ژیانی خۆی و مناڵەکانی بژییت و دریژە بە دایکایەتی خۆی بدات و ڕۆڵی باوکیش ببینیت و بە چاوی ئومیدە وە سەیری ژیان بکات ، وەکو سەرتایەک بۆ بەدی هینانی ئەو خەونانە داوای لە دایکم کرد کە هەستن هەموویان سەفەریک ئەنجام بدەن بۆ شاری موسڵ کە ئەو کات بە سعاتیک و چەند دەقیقەیەک دوور بوو لە شاری هەولێر ، ئەو کات یەکەم شاری یاری کە درووست کرابوو بۆ ئەو ناوچەیە لەو شارە کرابۆوە خەڵکێکی زۆری شاری هەولێر و دهۆک ئەچوون بۆ شاری مووسڵ بۆ بیینیینی ئەو شۆیینە خۆشە ، شوینیکی زۆر سەرنج ڕاکیش و خۆش بوو ، ئیمەش هەموو لا بە مناڵانی پوورم و من و ڕیبازیش دەستمان کرد بە هەڵپەرین و جەخت کردن لەدایکم بۆ ئەوەی داواکاریەکانی پورم جی بەجی بکات و بچیین بۆ ئەو سەفەرە ، دایکیشم هیچ دەرفەتیکی بۆ نەمابوو بۆ گفتۆگۆ کردن لەسەر ئەو بابەتە و ڕازی بوونی خۆی نیشان دا.

لە یەکەم دەرفەتی وەڵام دانەوەی ، نانی نیوەڕۆ ئامادە کراو و هەموومان بە پەلە پەل نانمان ئەخوارد و پاروومان قوت ئەدا و ئاو و ماستاو و چایە مان هەمووی تەواو کرد و چاویکمان هەر لەسەر کات ژمییر بوو بۆ ئەوەی بە زووترین کات سواری شەمندەفەری مەرگ بیین و هەر یەکیک لە ئیمە دەست لە ملانیی جۆریک لە مەردن ببین و هەر کەسیک لە ئیمە بە بیابانی زامەکانمان بمانسپێیرن هەر ئەمانویست سعات و چرکەکان لیمان نەباتەوە و سەفەرەکەمان لیی تیک نەدات ، وا پیشبڕیکیمان لەگەڵ کات ئەکرد نەمان ئەزانییت کات گەورەترین گوورزی لیمان دەوەشیینییت و قەدەر بە خراپ ترین کارەسات چاوەڕێمانە لەو ڕیگا دڕک ڕیژکراوەی موسڵ ، نەمانئەزانی هەموو جوانی وخۆشی ژیان لەو ڕیگایە لەگۆڕ ئەنیین و بە خۆێینی دڵە کانمان ئەو برینانە ئاو ئەدەین هەتا دووا ڕۆژی تەمەن و بەچەندها جەنازە ی مردوو و زیندوو ئەگەڕینەوە شاری هەولێر ، ئیمە چووزانیین هەموو ئیستەرەکان لەو ڕیگایە ئەکەونە خوارەوەو ئەبن بە ووردە ئاسن و هەموو جستەکانمان ئەکن بە بێیژینگ ؟ !!

چووزانین مانگ ڕیگای گەرانەوەمان لی وون ئەکات و ئەمانباتە یەکییک لە ئشکەوتەکانی مەرگ و لەوی پەل بە پەلمان ئەکات ، چ بزانیین ئەم هەموو قیژە و دەنگ بەرزیەی فریشتەکانمان گۆێی لێینابیتت و هاواری خوا نابیستین لەبەر قرتە قرتی پیکەنیینکانمان لە ناو ئەو سەیارەی کە ئیستاش نازانم چۆن شویینی ئەم هەموو کەسەی تیدا بۆوە ئەگەر بۆ مردن نەبییت ؟!ئەی ئۆتۆمبلەکە ؟ چۆن توانییت ببیت بە تابووتی مەرگ بۆ پەپولە ناسکەکانی ناو بەهەشت ؟ ئەی شوفیرە گەنجەکە چۆن دڵت هات پێشبڕکیی مەرگ بکەیت و بەو ١٩ ساڵیەی تەمنت مردن بە زەروور تر بزانییت لە ژیان? ئەی شەقامە میین ڕیژ کراوەکانی ڕیگای مەرگ چۆن دەستتان چووە جل و بەرگە ڕەنگاو ڕەنکانی بەرمان و وا بەئاسنی کردتان بە کفن و لەبەری ئیمەتان کرد ، ئاییییی خوایە !! چی بڵییم و چی بەجێ بهێڵم ، چ باس بکەم و چ لە بییر بکەم !! کەی خوا هەڵیئەگریت ئەم هەموو خونچەیە وا بە جاریک هەڵبوەرییت دەرگای دۆزەخ کەی وا گەورەیە ئەم هەموو ئاگرە وا بەرەو پیرمان بییت و بمان کات بە خۆڵەمیش و بەسەر شەقام و شوستەی ئەو ڕیگایەدا بڵاو مان بکاتەوە ، ئەی پەروردگار ئەو دووستەی تۆ نەبییت چ دەستیک توانای ڕزگار کردنی ئیمەی هەیە !!؟

نووری ئەرز و ئاسمان تۆزیکمان ڕووناکی نیشان بدە ڕیگایەکەمانی پی تەواو بکەین و نەکەوینە ژیێیر ئەو ئامیرە گەورەیەی پانکردنەوەی قیڕی سەر شەقامەکان ، ئەی فریشتەکان ئیوە ئەگەر ئەمڕۆ نەبن بە چەتر و لەو خۆێین بارینە نەمان پارێزن ئەی کەی ئەمان پارێیزن ؟! ئەی رووحە پاکەکان ؟! ئیوە قەت ئیمە نابینن لەناو سەیارەیەکی پڕ لە فەریکە شەونم و خەریکی بەسەر کەوتکەوتنی پەیژەی مەرگین کە قاڵدرمەکانی لە چەقۆ درووست کراوە ، ئەی ئاسمان تۆ بارانییک ببارێنە ئەو جادە و شەقامەی پیی بشۆوە با بە خۆیینی گەشی ئەو پەپوولانە ئەو ڕیگاییە ئاو نەدری ، ئەی هەتاو تۆ ئاوا مەبە ئەمڕۆ ، لەگەڵ ئاوابوونت ئاهەنگی مەرگ ساز ئەکرییت و هەر زیندوو و مردوو پیکەوە قوربانی ئەو سەفەرەن ، ئەی عەرشی عەزیم !! ئەگەر دووعایەکانی ئیمە قبووڵ نەکەییت هی کام مەزڵووم قەبوڵ ئەکەییت ئەوە ئیمە لەوەتەی هەیین دووعات بۆ بەرز ئەکینەوە تۆش کەڕ و لاڵ و گوێیر ، ئەی گیانە پاکەکان دەستی پیرۆزتان ئەگاتە هەموو شوێینک ئەی بۆ ئەو شوینەی ئێمەی لێ بووین دابڕاو لەو گەردوونە گەورەیە دەستی ئێوەی پێنەگەیشت بۆ فریاکەوتنمان ، ئای لە ناخی سووتاوم ، ئای لە باری قورسم ئەو چ کافر ستانیکە ئەوەی چاوەڕیمانە.

سەفەری مەرگ بەشی 2

بەشی دووەم ، دوو خیزانی بەد بەخت بەرەو حەوشە دەرپەڕین و بە درێژای ئەو شوێنەی لێی بووین بۆ لای دەرگای سەیارەکە هەر بە پیکەنیین و دەست گرتنی یەکتریمان و ئامۆژگاریە یەک لە دووای یەکەکانی دایکە کانمان ، بێ ئاگا لەو قەساب خانەیەی چاوەڕێمانە لەو سەفەرە ، قەت بۆیەک ساتیش ئەوەمان لە ڕۆژگار چاوەڕیی نەئەکرد ئەو خنجەرە ژهاراویەمان لە پشت بچەقینی و هیچ زمان و مەکانیک تیماری ئیمەی پیینەکریت، یەک لە دووای یەک ڕیزمان گرتبوو بۆ ئەوەی هەر یەکیکمان خۆشترین و باشترین شوینی ناو ئەو ئۆتۆمبیلەی بەربکەوێ ، چەند جاریک گلەیەی ئەوە کرا کە شوێنی هەموومان نابیتەوە و حەقە چەند کەسیکمان لەو دەرچوونە بکشینەوە بۆ ئەوەی شوینمان زۆر تەنگ نەبیت ، چەندجاریک پووری ڕەحمەتیم ووتی هەر دڵ فەراح بییت جگەر گۆشەکانم ، ئیمە هەموو جیگامان ئەبیتەوە بووەستن بزانن چۆن هەموو شوینی خۆمان ئەکەینەوە و کەسیشمان لیی زیاد نییە ، هەر بە دەم پیکەنینەوە پاڵمان بە شان و سەری یەکتری ئەنا هەموو لەبەر حیتە و پیکەنیین هەناسەمان بۆ نەئدرا هەتا شۆفیرەکە هاواری کرد و ووتی وا بکەن سەیارەکە لێیناخووڕم و دائەبەزم ، دایکیشم ووتی تۆ سەیری ئەو کوڕە خوشکەی من بکەن چون خۆی کردووە بە زەڵام بەسەرمانەوە !!

کوڕم تۆ ئەبییت لەهەر هەمووومان بەتەحمول تر بییت تۆ سەرۆکایەتی ئەو سەفەرە ئەکەییت ئەبییت سینگت زۆر فەراح بییت و پەراسووت زۆر گەورە بیت جەرگەکەم ، ئەویش چاویکی لە دایکم داگرت و ووتی دادە ئەوە هەر ئەمەویت بی دەنگیان بکەم ئەگینا قسەکانی تۆ لەسەر سەر و لەسەر چاوم ، دایکیشم بە دەنگیکی نزم ووتی بەقوربانت بم حەیاتم ، بەس توخوا لەسەر خۆ بە تۆ کە سووکان ئەکەویتە دەستت هیچت لەبییر نامێینی ، ئیستاش نازانم بۆچی ئەو سەفەرە وا مێشک وچاوی داگییر کردووم یەک دەم و چاوم لیی وون نابیتت ، یەک تەفاسیڵی لە یاد ناکەم یەک نەفەرم لە میشک دەرناچییت ؟! ئەی خوایە ئەو تەوقەی دڵ و ڕووحمی پیی بەستراوە کەی ئەکریتەوە ؟ ئەو کەلەپچەییەی دەست و قاچی گرتووم کەی ئەشکێین ؟ ئەو ڕووحەی من و ئەوان کەی ئیسراحەت ئەکات ؟! هەر جاریک سەیری ئەلبومی یادگاریەکان ئەکەم بێ ئاگر ئەسووتیم و بێ ئاو ئەکووژێمەوە و دووکەڵیکی رەش لەناو سیەکانم دەرئەچییت و چاوم پڕ فرمیسک ئەبییت و لە پای هەر هەموویان ئەبییت من بگریم ، لە جیاتی هەر هەموویان من ڕۆژانە یادی ئەو کارەساتە بکمەوە و لە جیگای هەموویان من ڕابچڵەکێم لە خەوی ڕۆژ و شەوانمدا، چاوی من بووە دوو پڵە هەوری زستان بە هۆ و بێ هۆ ئەشک ئەبارێنییت بۆ ئەو کۆچە سەختە ی باڵندەکانی شارەکەم ئەو دابڕانە دابڕانی نوور بوو لە چاو دابڕانی هیێز بوو لە دڵ ، دابڕانی هەناسە بوو لە جەستە، خەم پایتخەتی دڵمی داگێیر کردووە لەو ڕۆژەوە ، گریان قوڕگمی گرتووە لەو ڕۆژەوە، هیچ سەوزایەک نابیینم لە هیچ بەهارێک ، ئینتیزاری بووە بە سەحرا بۆ ئیمە هەر جارەی بە سەرابییک پاداشتمان ئەداتەوە ، خەستەخانەکان بووە قیبلەی پیرۆزمان بۆ هەر عیبادەتیک ئەبییت ڕوو لە دەرگای ئەوان بکەین و قەتیش دەردمان دەرمان نەکراوە ، لەو ڕۆژەوە من بە دووای دەرمانی دڵی شکاو و رووحی تۆراو گیانی بێزاری خۆم و برایەکەمم من هەر لە سواڵی سەبەر و ئارامی دام لە خوا و لە مەرقدەکان و لە قورئانەکان ، لەو ڕۆژەووی سەیارە و یاریە مناڵانەکانی برایەکمیان بەخشی بەفەقیردووای کەوتنی لە ناو جیگا منیش تۆرام لە مناڵی خۆم و بڕیارم دا گەورە بم پیش کاتی خۆی ، بڕیام دا ببم بە خوشک پیش کاتی خۆی ببم بە دایک پێیش کاتی خۆی

سەفەری مەرگ بەشی 3

هەموو ڕیز کرایین لە ناو ئۆتۆمبيلکە و هەموو خۆمان ئامادە ئەکرد بۆ بێ دەنگ بوون و سەیر کردنی پیشی خۆمان و دەم و چاومان پڕ ببوو لە تەعەجووب و سەرسامی خۆمان بووین کە چەند ئازایانە ئەم هەموو بڕیار و کردارانەمان ڕاپەڕاندووە و توانیومانە کۆ دەنگ بیین ، من لە پێشی سەیارە کە بووم سەرتا و هەتا لەناو هەولیێر بووین من هەر لە پێشی ئۆتۆمبیلەکە بووم و قاپیک ئایسکریمیشیان بۆم کری بە کەوچک کەوتمە خواردنی ئایسکریم و هەر قسەی خۆشیشم ئەکرد و بەدەم پیکەنینەوە ئەمووت من هەرچییم ویست ئەبییت بۆمی بکڕن لە خواردن و لە یاری و لە جلی جوان ، ئەوانیش هەر بە سەر چاو وەڵاممیان ئەدایەوە ، ووتم لەویش لە مدینتە الاعابی هەر خۆم لە پیشەوە ئەبم کەس بە من نەڵییت نابییت و دەبییت ها ، ئەوانیش هەر بە سەرچاو وەڵاممیان ئەدایەوە هەتا بەرەو ڕێگاری سەرکی ڕۆیشتین هیمن هیمن ملی ڕیگامان گرتبوو ئەو سەیارەیە پڕ ببوو لە خەون و خولییای خۆش هی مناڵان و هی گەنجان و هی دایکان ، ئەو ڕۆحە پاک و جوانەنە هەموویان بەیکەوە سەیری دواڕۆژیان ئەکرد.

ئەو ئۆتۆمبیلە ئەوەندەی برائەت و جوانی هەڵگرتبوو کەس خەیاڵی ئەوەی نەئکرد لە چاو تورکانیکدا بسڕیتەوە لەسەر ڕووی زەووی ، هەتا لە موسڵ نزیک ئەبووینەوە ناخمان زیاتر خونچەی ڕەنگاو ڕەنگی ئەگرت و ئەگەشاینەوە ، هەر قەت بۆ ساتیکیش بیرمان لەوە نەکردەوە کە ئەوە ئاسنەی لە ناوی داین وەکو پەشمک هەڵئەوریت و ئەبییت بە خۆڵەمێش و بە گیانمان ئەنووسیت ، قەت بە خەیاڵمان دا نەئەهات ئەو دڵانەمان و لێدانەکانی هێچ ئیشارەتیکمان پیی بدات جگە لە خۆشی و شادی، ئیتر هەر بەم شیوەیە بەدرێژایی ریگا خەریکی چرپە چرپی گاڵتەو گەپ و سوعبەت کردن بووین و قەدەریش چەقۆی قەتل و عامی ئیمەی تیژ ئەکرد ، جلادەکانی شەقامی مەرگ چاوەڕێمان بوون بۆ ئەوەی هەریکیکمان بە شێوەیەک بڕفێینن و هەریکیکمان بە شێوەیەک دابوەشێنن خۆێین ڕێژ مان بکەن ، قەت چاوەڕێی ئەوە نەبووین ئەرز و ئاسمانی کە لەسەر و ژێیرماندا بوو بەم موسیبەتە گەورەیە خەڵاتمان بکات و بۆ هەتا هەتایە خاکی دڵ ووشک و بێ ڕەنگ و بی پیت و بەرکەت بمێنیتەوە و هیچ بەریک نەدا ، وا ڕیگای ئەبڕی ئەو ئۆتۆمبیلە، ئیمەی وا مەشغووڵی خۆی کردبوو ، خەندە و هیوای ئەوەندە زۆرمان بە جێئەهیشت لە دووای خۆمان بە ئومیدی ئەوەی هەموویان بدوورینەوە لە کاتی گەڕانەوە و نشمان زانی بە ژیانمان ناگەڕێینەوە ، ئیلاهی خاوەنی هەموو یاساکان و کتیبەکان و ئاینەکان ، بۆ خاتری پادشایت لەسەر ئەو گەردوونە بۆمان ئاسان بکە ، بۆمان سووک بکە ، بمان خە ژیر یەکییک لەو هەبوونیانەت فریاکەوتن هەر کاری تۆیە هەر بەتۆش ئەکرێ ، سەبر و ئارام گرتن یەکیکە لە سیفەتە جوانەکانت ئیمەش بکە ساحیبی ئەو سیفەتە ئەو شەڕە هەر بە چەکی تۆ ئەکرێت ، ئەو ئاگرە هەر بە ئاوی تۆ ئەکووژییتەوە و ئەو لیقەومانە هەر بە دەست و چاوی تۆ تێئەپەڕییت ، خاوەنی کەون خاونداریەتیمان بکە خۆ ئیمە لە تۆ زیاتر کەس شک نابەیین لەو تنگانەیە، ئەو ڕۆژ و ئیوارە یە هەموو مناڵی من و برام هەموو بەرائەت و پاگی و بێگەردی ئیمەی هەتک کرد و فڕێی داینە دوورترین کوونجی تەنیایی ، هەر کەسەو لە ئیمەی تسلیمی مردنییک کرد کە کەس نیبیستبوو و نەیبینییبوو ،

سەفەری مەرگ بەشی 4

382745266 377921.jpg

هەر هەموومان بەسەر و دڵیکی خۆشەوە سەیری یەکتریمان ئەکرد و خەندە مان ئەگۆڕیەوە لە ناو ئەو سندوقەی کە هەر هەموومانی کۆکردبۆوە بە ڕیک و پییکی و بەرەوە شاری یاری هەنگاوی ئەنا ، هەموو سەر ودڵمان پڕ رەسم و وێنەی ئەو شوێینە بوو ، بە هەزارها شیوە خوشیەکانی ئەو شوێنەمان بەرجستە ئەکرد ، دایکم بە لە سەرەخۆیی داوای لە شوفێرکە کرد کە ئۆتۆمبیلکە بوەستێنییت و من بهێیننە دوواوە لەبەرئەوەی هەم لەسەرم ئەترسا و هەم ڕیباز ئەیووت منیش ئەچمە پیشەوە ئەوێ خۆشترە ، ئیتر هەموو وامان ئەزانی بیانووی ڕێباز هەر ئەوەندەیە و ئەگەر من بچمە دوواوە ڕیباز بۆڵەی نامێینییت و سەفەرەکە بە هێمنی بەڕێوە ئەچییت ، لە کۆشی کچی پوورم بووم ئەو ناوقەدی منی گرتبوو منیش قاپی ئەیسکریمم بەدەستیک گرتبوو و بەدەستەکەی تریش کەوچکی قاپی ئایسکریمەکەم گرتبوو، ئیتر من هاتمە کورسیەکەی دوواوە لە باوەشی دایکم دانیشتم ڕیبازیش لە باوەشی پوورم بوو کە بە دایکم نووسابوو لە تەنیشتەوە ، کچە پوورە بچووکەکم کە تەمەنی ١٠ ساڵان بوو ڕۆیشتە شوێنی من لە باوەشی خوشکە گەورەکەی دانیشت کە مامۆستای سەرتایی بوو و تازە خوازبێنیشی هاتبوو ، دایکم و خووشکی و کچە پووریکی ترم لە سەر کووشینەکانی دوواوە بووین من و ڕیبازیش لەسەر کۆشان بووین ، سەیارەکە دەستی کرد بە ئیش کردنەوە دیسان و تۆزە تۆزە ئەجووڵایەوە و خیرایی زیاتر ئەبوو هەتا ئەوان کەوتنە قسە کردن من و ڕیبازیش کەوتینە یاری کردن ، و جار جاریش خۆم لە ڕیباز تووڕە ئەکرد و ئەمووت تۆ بۆچی لە منت تیکدا و هێنامتە دوواوە ها ، با دابەزیین لەو سەیارەیە بزانە چەند لیدانت لێئەدەم ، ڕیبازیش ترسی لیئەنیشت و داوای لیبوردنی ئەکرد منیش هەر بە سەری لووتم سەیریم ئەکرد ، هەتا بێ ئاگا لەهەموو شتیک چاوم کەوتە خەو ، خەویکی هیمن وەکو ئەوەی لە ناو زگی دایکم بم ، ئەی خاک و خۆڵی ئەوڕیگایە ئێوارە ئیوە ئەبن بە خەنەی دەست و پەنجەکانمان و قەت ئاسەوارتان ناڕووا هەتا دووا ڕۆژی تەمەن ، پایزی بێ ڕەحم تۆ لەوەتەی هەیت فەسڵی لیک دابڕانییت بەڵام بۆ ئیمە بوویتە فەسڵی مردن دەست لیک بەردان ، ئەو خۆێنەی لە جستەی ئەوان ڕۆیشت و لە دڵی من ڕۆیشت بووە کانی هەتا ئەمڕۆش گوڵی سەر گۆڕەکانیان پیی ئاو ئەدەین ، ئەو فرمیسکەی ئێستاش لە چاوی من و عەزیزەکان بۆیان دیتە خوارەوە هەموو جەنازەیەکی غەدر لیکراوی پیئەشووریت، من هەر کاتیک ئەمەوییت هەستی خۆم باس بکەم سەیر ئەکەم زمان و ڕێزمان ڵاڵە ، پیتەکان هەموویان ڕووت و ڕەجاڵن بەرامبەر ئەو کارەساتەی ئیمە بینمان ، کەی نووسین توانای وەسف کردنی هەیە ؟ کەی گیڕانەوە ئەتوانی بەم کارە گەورەیە هەڵبستێی ؟ من بەخۆم و بە ئامرەزەکانی دەستم و بە هیمایەکانی تەعبییر کردن و بە پیتەکانی نووسین و بە ئەلف و بێی هەموو زاراوەکان توانای گێڕانەوەی ئەو کات و سات و هەست و داخورپانەمان نییە ، ئیلاهی دووای ئەم هەموو مەلەکردنە لە دەریای خەم تازە چ تەڕبوونێک دمترسێینییت ؟ دووای هەڵگرتنی ئەو بارە قورسە چ مسئوولیەتیک ئەمتاسێنێ ؟ لە ناو ئۆتۆمبیلکی پڕ لە ڕووحی جوان جوان هەر خۆم لەسەر پێیەکانم ماوم چۆن خانەکانی میشکم ژەنگ نەگرێیت و نەوەستێیت ؟ لە ناو قوڵایی ئۆقیانووسی فرمیسکەکانم تازە بەچی ئەگەمەوە کەنار دەریای هێمنی و ئارامی ؟ ئیمە بە ڕیگای بێ ئومیدی دا ئەڕۆیشتین بۆ چاندنی گوڵی هیوا چۆن ئەم هەموو دڕک و داڵە مان لە دەست و قاچ ئاڵا ؟ ئیمە بۆ کڕینی ترش و شیرنی ئەو شارە چووبووین هەتا لە گەڵ خۆمان بیهێنینەوە تاڵ و تفتی ژیانمانی پێی خۆش بکەین نەمانزانی جارێ هیچمان نەبینیوە و نەخواردووە لە تاڵی و سوێیری ئەو ژیانە