حاجى په‌رى حاجى سه‌عيد

لە Kurd collect
پێداچوونەوی ‏١٧:٠٥، ١٢ی شوباتی ٢٠٢٤ لە لایەن Manu (لێدوان | بەشدارییەکان)
(جیاوازی) →پیاچوونەوەی کۆنتر | پێداچوونەوەی ئێستا (جیاوازی) | پێداچوونەوەی نوێتر← (جیاوازی)
Jump to navigation Jump to search

حاجى په‌رى كچى حاجى سه‌عيدى حاجى ده‌روێشه‌.

254328427.jpg

ساڵى ١٩٤٣ له‌ گه‌ڕه‌كى (حاجى حان) لە شاری سلێمانی له‌ دايكبووه و ساڵى ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ غه‌فورى حه‌مه‌مين حه‌سه‌نى گه‌ڕه‌كى مه‌ڵكه‌ندى هاوسه‌رگيريى پێك هێناوه‌ و بوونه‌ته‌ خاوه‌نى دوو كچ و دوو كوڕ.

حاجى په‌رى

خاوه‌ن كه‌سايه‌تييه‌كى به‌هێز بووه، به‌ قسه‌خۆشه‌كانى چووه‌ته‌ ناو دڵى كه‌سوكار و خه‌ڵكييه‌وه‌.

له‌سه‌ر ده‌ستى مامۆستا (شوكريه‌ هيندى‌) فێرى دروومان و چنين بووه.

پاش ئه‌وه‌ى هاوسه‌ره‌كه‌ى له‌ كارى سياسى و نهێنى ناو شار ئاشكرا بووه‌ و چووه‌ته‌ ده‌ره‌وه، حاجى په‌رى شانى داوه‌ته‌ به‌ر ئه‌ركى به‌خێوكردن و په‌روه‌رده‌كردنى منداڵه‌كانى و شوێنى باوكيشى بۆ گرتوونه‌ته‌وه‌ نه‌يهێشتووه‌ هه‌ژارى و نه‌دارييان پێوه‌ ديار بێت و به‌ ڕه‌نجى كارى دروومان و ئه‌ته‌مين چنين خوێندنى پێ ته‌واو كردوو‌ن.

له‌ ئێستادا مامۆستا شه‌ماڵى كوڕى، سه‌رپه‌رشتيارى يه‌كه‌مه‌ له‌ يه‌كه‌ى ئاماده‌ييه‌كانى ڕۆژهه‌ڵات له‌ سليمانى و شه‌هلا خانى كچيشى مامۆستايه‌ له‌ قوتابخانه‌ى پێشكه‌وتن له‌ گه‌ڕه‌كى تووى مه‌ليك و كه‌ژاڵ خانى كچيشى وه‌ك ئه‌ندازيارى كشتوكاڵيى و شاره‌زا له‌ ناوه‌ندى توێژينه‌وه‌ى كشتوكاڵيى به‌كره‌جۆ كارده‌كات.

هه‌رچى هه‌ڤاڵى كوڕه‌ گه‌وره‌شى هه‌يه، له‌بوارى هونه‌ريى و نووسيندا خۆى دۆزيوه‌ته‌وه‌ و دواتريش چووه‌ته‌‌ شاخ و بووه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌ و چاره‌نووس و مه‌رگ ڕێگه‌ى نه‌داوه‌ ئازادى و سه‌ربه‌خۆيى كوردستان ببينێت‌.

زيندان و ئازارى كۆچى دوايى هاوسه‌ر و كوڕه جوانه‌مه‌رگه‌كه‌ى له‌لايه‌ك و گرانيى و ڕۆژگارى ناله‌بار له‌ لايه‌كى تره‌وه‌ چۆكيان به‌ حاجى په‌رى دانه‌داوه‌، به‌ڵكو بوونه‌ته‌ هانده‌رى تا وه‌ك ژنێكى شۆڕشگێڕ ده‌ربكه‌وێت، بۆيه‌ به‌شدارى له‌ كارى سياسى و كوردايه‌تيدا كردووه، ماڵه‌كه‌ى بووه‌ به‌ شوێنى شاردنه‌وه‌ و حه‌سانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه و ‌نامه‌ى ڕێكخستن و شۆڕشى گواستووه‌ته‌وه‌‌. به‌داخه‌وه‌ ئه‌م ژنه‌ دياره‌ى گه‌ڕه‌كى حاجى حان له‌پاش مه‌رگى كوڕه‌كه‌ى و له‌تاو ئازارى جه‌رگسوتان له‌ ساڵى ٢٠٠٧ گيانى شيرينى سپاردووه‌ و له‌ گردى سه‌يوان و به‌ته‌نيشت هاوسەر و كوڕه‌كه‌يه‌وه‌ بۆ هه‌تاهه‌تايه‌ له ‌بيره‌وه‌رى شارى سلێمانيدا ماوه‌ته‌وه‌.

سەرچاوە: رێبوار حەمەتۆفیق محەمەد