جەنەڕاڵی پایز و یادێکی، حەفتاو حەوت

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

نووسینی: عەبدوڵڵا کەریم مەحمود

463979784.jpg

پایزی 1975 حسین محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د ، له‌ ئاماده‌یی سلێمانی ، محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمانی پێناساندم ،بووین به‌ هاوڕێی رۆژنامه‌و گۆڤارو کتێب ، سه‌رقاڵی خوێندنه‌وه‌ بووین ،ناو به‌ناو شیعرمان ده‌نوسی و بۆ یه‌کتریمان ده‌خوێنده‌وه‌.

ماڵی محه‌مه‌د له‌ خانوه‌کانی کارگه‌ی جگه‌ره‌ بوو ، ماڵی ئێمه‌ش لای شێخ مستەفا بوو، لە گەرەکی بەرانان ، لە نزیک گردی رەعایەو گردی ئەندازیاران ، هەردووکمان هاتوو چۆی ماڵی یه‌کتریمان ده‌کرد .

( قژی زەرد بوو بە گەڵای پایز )

محەمەد گه‌نجێکی هێمن و بێ ده‌نگ و مه‌نگ بوو ، له‌ جیاوازییه‌ چینایه‌تیه‌کان ده‌دواین ، عاشقی هۆنراوه‌کانی ( ئادگار ئاڵانپۆ و بۆدلێر و پۆشکین وجەمال شارباژێری) بوو ، خاوه‌ن ده‌روونێکی په‌پوله‌ ئاسای ناسک و جوان و به‌هه‌ڵوێست بوو.

توخنی دنیای سیاسه‌ت نه‌ده‌ که‌وت ، ناو به‌ناو هۆنراوه‌ی بۆ جوانی سیحری رۆمانسیه‌تی ئه‌و کچه‌ قژ زه‌رده‌ی ئالوده‌ی بوو دەنووسی و بەدەنگی خۆی بۆی دەخوێندمەوە.

ئەو کچەی لێ ی دابڕو ون بوو ، قژە زەردەکەی لای ئەو ببوو، بە هێمای گەڵای زەردی پایز .

محه‌مه‌د بێ سنوور چووبوه‌ خه‌ڵوه‌تی شیعره‌وه‌ ، شیعری کرد به‌ هه موو زه‌مه‌نه‌کانی ته‌مه‌نی ، لاپەرەی هەموو یاده‌وه‌رییه‌کانی .

له‌ عيشقی بە ئاکام نەگەیوو و رۆمانسیەتی شیعردا ، به‌ جۆرێک چووبووە دنیای شیعرەوە، هەموو ساتەکانی ژیانی نامۆیی وغوربه‌تی قژ زەرد بوو .

به‌دوای عه‌شقی رۆحی ،ئەو کچە قژ زەردەدا عەوداڵ بوو ، تێك شکانی عيشق و دابڕان و نامۆیی ، محەمەدی کرد به‌و شاعیره‌ی , ده‌نگ و ڕه‌نگی قژزەردی ، لەگەڵای زەردی پایز دا ببینێتەوە. قژ زەرد و گەڵای زەردی پایز ،محەمەدیان کرد به‌ جه‌نه‌ڕاڵی پایز.

هۆنراوه‌کانی بوو به‌ دەنگ و ئاوازی رۆحیی و هه‌ست ونه‌ستی هەموو گەنجانی نیشتمان .

سنەوبەرەکانی رەعایە

له‌ ساڵی 1977 له‌ گەڵ محەمەدا ، لە سەرووی ماڵی خۆمانەوە ، بە ناو سنه‌وبه‌ره‌کانی ره‌عایه دا‌ ، پیاسه‌مان ده‌کرد ، شیعرمان بۆ یەکتری دەخوێندەوە ، ئەو رۆژە تازە من ،ئەم سێ کۆپله‌ شیعره‌ نوسی بوو ،بۆم خوێنده‌وه‌ ، ئه‌وه‌نده‌ی به‌دڵ بوو، لاپه‌ره‌که‌ی لێ وه‌رگرتم ، به‌ده‌نگی خۆی،، دووجار شیعرەکەی خوێندییه‌وه‌.

دابڕان

دوای چه‌ند ساڵێک ، هه‌ل و مه‌رجی شار ، به‌ جۆرێک ئاڵۆز ودژوار بوو ، چەپۆکی رۆژگار ،هەریەکەمانی ،بە دوو جوگرافیای دوور لە یەک سپارد ، وەک دوو هێڵی تەریب ،له‌ یه‌کتریی دابڕاین ، یه‌کتریمان نه‌بینییه‌وه‌.

گەرەکی ئیسکان

ئێوارەیەکیان له‌ شه‌قامی ‌ سه‌رووی زانکۆی سلێمانی یه‌وه‌ ، بە لای گه‌ڕه‌کی ئیسکان دا ، بە پیاسە رووەوە هه‌واری تازه‌ ، هه‌نگاو م ده‌نا.

باڵی خەیاڵ بە جۆرێک رۆحی داگیر کردبوو ، تەنیا بەردەمی خۆم دەبینی ،به‌ رێکه‌وت محه‌مه‌دم ، له‌ به‌رده‌م دوکانێکی گه‌ڕه‌کی ئیسکان دا بینی ، جگه‌ره‌یه‌کی به‌ ده‌سته‌وه‌ بوو ، دوکەڵی جگەرەکەی دەکرد .بە گژ ئاسمان دا.

دوای هه‌واڵپرسین ، باسی مه‌رگی دایکی و ئازاری برا بچوکەکەی و خەمەکانی باوکی بۆ کردم .

دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند لاپه‌ره‌یه‌کی بیره‌وه‌رییه‌ تاڵه‌کانی دابڕانی قژزەردی بۆ باس کردم .

به‌ هەمان عەشق و تێڕوانینی جاری جارانەوە ، بە زه‌رده‌خه‌نه‌پڕ لە بەرائەتەکەیەوە ، هه‌رسێ کۆپله‌ شێعرەکەی ساڵی ١٩٧٧ ،( نیاز)،( چرپه‌ )، (ئازار ) ی ،، لە یاد مابوو ، جارێکی تر بە یادی قژ زەرد رۆحیو گەڵای پایز ،شیعرەکەی بۆی خوێندمه‌وه‌ :

1

  • نیاز
  • رۆژانێ بوو
  • گۆی نیازم...به‌ چپه‌
  • ده‌ری ئه‌بڕی
  • سکاڵای ئه‌م هه‌سته‌ کپه‌

2

  • چرپه
  • ‌چرپه‌ی کپم ...
  • نیگایه‌کی تینوو بوو
  • له‌ ئامێزی .....
  • شه‌وه‌زه‌نگێکی ...ره‌شه‌وه‌ ...
  • مرواری بوو ...... کێ ده‌یگاتێ....؟
  • چووه‌ته‌ ناخی ماسی یه‌کی
  • سه‌رکه‌شه‌وه‌

3

  • ئازار
  • له‌ یادمه‌ بۆ دوا رؤژی به‌ختیاریی
  • دڵ پارچه‌یه‌ سه‌هۆڵی ئازار بوو
  • که‌چی دایکم.....
  • خوشک و برایی کرده‌ خه‌ڵات
  • بۆ ئاواتێ
  • به‌دی نه‌هات