سەعدوڵڵا پەرۆش؛ باخەوانی شیعر

لە Kurd collect
پێداچوونەوی ‏٠٨:٣٥، ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لە لایەن Manu (لێدوان | بەشدارییەکان)
(جیاوازی) →پیاچوونەوەی کۆنتر | پێداچوونەوەی ئێستا (جیاوازی) | پێداچوونەوەی نوێتر← (جیاوازی)
Jump to navigation Jump to search

ئـــــازا حــــەسیب قـــــەرەداغی: سەعدوڵڵا پەڕۆش پۆپەشــــــــمینە ئەرخەوانییەکەی شیعر

654board01.jpg

سەعدوڵڵا پەڕۆش شاعیری زمانپاراو و دیاری کورد ڕۆڵێکی گەورە و دیاری هەبوو لە یەکێتی نووسەران و بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و سه‌ندیكا و رێكخراوه‌ فه‌رهه‌نگییه‌كان!

بۆ یه‌كه‌مین ساڵیادی دوا كۆچی شاعیری پێشه‌نگ “سه‌عدوڵڵا په‌رۆش”، ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ كه‌ ده‌كاته‌ 31ـی 10، ماڵی كتێب به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی چالاکیی وه‌ێژه‌یی هەولێر و لقی هه‌ولێری یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد، سه‌عات چواری ئێواره‌ له‌ لقی هه‌ولێری یه‌كێتیی نووسه‌ران، هۆڵی شه‌هید مه‌هدی خۆشناو، ساڵیادی “سه‌عدوڵڵا په‌رۆش” به‌رز ڕاده‌گرێ.

پارساڵ، ڕۆژی پێنجشەممە (٢٩/ ١٠/ ٢٠٢٠) شاعیر و نووسەر سەعدوڵڵا پەڕۆشش کە ماوەیەک تووشی ڤایرۆسی کۆڤید ـ ١٩ ببوو، لە هەولێری پایتەخت کۆچی دوایی کرد و کۆمەڵێک نووسەر و ڕۆشنبیر و بەرپرسانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و هاوڕێیانی ئەم شاعیرە، وەک ڕێز و وەفا بۆ چەندین ساڵ کاری فەرهەنگی و پێکەوەبوون، تاجەگوڵینەی ماڵئاوایییان لەسەر گڵکۆکەی دانا.

سەعدوڵڵا پەڕۆش شاعیری زمانپاراو و دیاری کورد ڕۆڵێکی گەورە و دیاری هەبوو لە یەکێتی نووسەران و بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و سه‌ندیكا و رێكخراوه‌ فه‌رهه‌نگییه‌كان! په‌رۆش، پیاوێكی كوردپه‌روه‌ر بوو، هه‌ر بۆیه‌ش هاوشانی تێكۆشانی كولتووری، وه‌ك پێشمه‌رگه‌ش به‌شداری شۆڕشی ئه‌یلوول‌ و شۆڕشی نوێی كوردستانی كرد، ئه‌ندامێكی چوست‌ و چالاكی یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد بوو. ‌دوای راپه‌ڕین چه‌ند خولێك به‌ هه‌ڵبژاردن به ‌سه‌رۆكی لقی هه‌ولێری یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد هه‌ڵبژێردرا‌ و له‌رێی ئه‌و رێكخراوه‌ پیشه‌ییه‌وه‌ خزمه‌تی زۆری به‌ بواری ئه‌ده‌بی ‌و ڕۆشنبیری كوردستان كرد.

سەعدوڵڵا پەڕۆش، پێشمەرگەی شۆڕشی مەزنی ئەیلول و کادیری بەتوانا و نوسەری ڕۆژنامەی خەبات لە سەردەمی شاخ و بەرخودان بوو. لە دوای ڕاپەرین سەعدوڵڵا پەڕۆش ماوەیەکی زۆر سەرۆکی یەکێتی نوسەرانی کورد بوو.

ساڵی 2001 کرایە بەرێوەبەری رادیۆی دەنگی کوردستان و دواتر لە ساڵی 2٠٠٥ لەسەر لیستی پارتیمان پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی وەرگرت لە وەزارەتی رۆشنبیری.

کاکە سەعدوڵڵا پەڕۆش نووسەرێکی بەئەزموون و شاعیرێکی ناوداری گەلی کوردستان بوو خاوەنی سەدان وتار و دەیان شیعری نیشتمانی و نەتەوەییە. بە کۆچی دوایی کاکە سەعدوڵڵا پەرۆش بزاڤی ڕۆشنبیری و گەلەکەمان کەڵەشاعیر و نووسەرێکی مەزنی لە دەست دا. بەم بۆنە خەمناکەوە سەرەخۆشی لە خۆمان و بنەماڵەی سەربەرزی کاکە سەعدوڵا پەرۆش دەکەین.

لە یەزدانی مەزن دەپاڕێینەوە خوالێخۆشبوو بخاتە بەر رەحمەت و دلۆڤانیی خۆی و بە بەهەشتی بەرینی شاد بکاتەوە و سەبر و ئارامی بە هەمووان ببەخشێ.

“”عەبدولڕەحمان فەرھادی” سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی کورد/ لقی ھەولێر: سه‌باره‌ت به‌ ساڵیادی كۆچی سەعدوڵا پەرۆش، ده‌ڵێت: “ سەعدوڵڵا پەڕۆش، نەوەی شاعیرانی شەستەکانی سەدەی ڕابردووی ھەولێرە، ئەو لەتەک شاعیرانی ئەوکاتەی ھەولێر، وەک عەبدوڵڵا پەشێو و عەبدولخالق سەرسام و جەمیل ڕەنجبەر و جەوھەر کرمانج و سامی شۆڕش و مستەفا پەژار و مەجید ھێرش و مەجید خەمناک و فەرید زامدار و ھیتریش، دەنگێکی دلێری شیعری ئازادی کوردی بوو، لە ساڵی ١٩٦٩ یەكەم دیوانە شیعری خۆی بەناوی (کۆشی ئارام) بڵاو کردەوە، پاشان لە ساڵی ١٩٨٠ دیوانی (شەوانی تەنیایی)ی بڵاو کردەوە کە دەنگ و سەدایەکی باشی دایەوە. دواتر لە ساڵی ١٩٩٩ چامە شیعری (نەفرین)ی بڵاوکردەوە کە محەمەدی مەلا حوسێن وەریگێڕا بۆ سەر زمانی عەرەبی، لە ٢٠٠٣ دوا دیوانە شیعری بە ناوی (ناسنامەی با) بڵاو کردەوە. بەداخەوە تا ئێستا سەرلەبەری شیعرەکانی بەیەکەوە چاپ نەکراوە، ھەقە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان سەرجەم شیعرەکانی چاپ بکاتەوە چونکە ئێستا زۆربەیان لەبەردەست نەماون. سەعدوڵلا پەرۆش شاعیرێکی کەمنووسی جواننووس بوو، ئەو زیاتر شیعری لیریکیی دەنووسی، بۆیەش ژمارەیەک لە شیعرەکانی کراون بە گۆرانی. سەعدوڵڵا پەرۆش شاعیرێکی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەریش بوو، لە ھەردوو شۆڕشی ئەیلوول و نوێ، ساڵانێك پێشمەرگە بووە. یادی بەخێر.

“زاهیر عه‌بدوڵڵا”ـی هونه‌رمه‌ندی دیاری كورد، سه‌باره‌ت به‌ ساڵیادی كۆچی سەعدوڵا پەرۆش، ده‌ڵێت : “چه ند زوو بوو بە ساڵێک ئەم گوڵزارەی شیعر لێمان بزرە، پەرۆش پێشەنگ بوو لە شیعر و ئەدەبیات . پەرۆش زوو ئۆغری کرد، بەڵام ساڵانێکی یەکجار زۆری دەوێ تا کەلێنی ڕۆیشتنەکەی پڕ دەبێتەوە . ڕەوانی شاد و یادی گوڵ و شیعرباران”.

“باهۆز مسته‌فا”ـی شاعیر و نووسه‌ر و هاوڕێی نزیكی سەعدوڵا پەرۆش، به‌ دوو کۆپلە شیعر ده‌ستی پێكرد و ئینجا ئه‌وه‌ی خسته ‌ڕوو: “ سەعدوڵڵا پەرۆش

  • کەمی نووسی
  • بەڵام جوانی نووسی
  • سەدای بەرزە، کە راستی دەڵێ
  • دادپەروەرە لە گێڕانەوەی بیرەوەری،
  • باش، خراپ
  • بوێرییەکەی خۆشەویستی دروست کردووە
  • ئازادی لە خوێنیەتی
  • چاوی هەڵۆی هەیە لە ناسین
  • لۆژیکی لا گرنگە، بەڵام
  • دڵی سەربەستە،

……. سەعدوڵڵا پەرۆش

  • پیرێکی گەنج بوو
  • روحی پاک بوو
  • تووڕەیەکی شیرین بوو
  • دەماری نەگیرابا، میهرەبان بوو
  • نهێنی تایبەتی نەبوو
  • خوڵیای قسەی خۆش و
  • گێڕانەوەکانی رابردوو بوو
  • پیاوێکی سەخی و بێ منەت بوو
  • شەڕەکانی تەنیا ئێوارن بوو
  • دڵسۆز و دۆست بوو

باهۆز مسته‌فا، ده‌ڵێت: “ئەم شیعرە دوو کۆپلە، یان بڵێین دوو بەشە، بەشی یەکەم پێشکەشی شاعیری نەمر “سعدوڵڵا پەرۆشم کرد” کاتێ لە ژیاندا بوو، بەشی دووەمم پێ زیادکرد کە گیانی پاکی سپارد. کاک سەعدوڵڵا، لە کاتی بڵاوکردنەوەی شیعرەکە لە فەیسبووکدا کۆمێنتێکی بۆ نووسیم زۆر خۆش بوو هەستم بە دڵسۆزییەک کرد لە ناخی ئەو پیاوە جوانە، كه‌ ئەمە کۆمێنتەکەی خۆیه‌تی: “سڵاو له‌ كاكه‌ باهۆزی بوێر و راستگۆ له‌گه‌ڵ كاكه‌ باهۆزدا له‌م ساڵانه‌ی دوایی واتە دره‌نگ یه‌كترمان ناسی، به‌ڵام وا هه‌ست ده‌كه‌م له ‌هه‌موو هاوڕێکانم نزیكتره‌ له‌ رۆحم و یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ هاوڕێیه‌تیه‌كه‌ی به‌ ده‌سكه‌وتێكی گه‌وره‌ ده‌زانم، سوپاس بۆ ژیان، سوپاس بۆ ته‌مه‌ن، كه‌ به‌ باهۆزیان ناساندم دروود بۆ كاكه‌ باهۆز ئه‌و باهۆزی كه‌ هه‌میشه‌ شانازیی پێوە ده‌كه‌م”.

باهۆز، ده‌شڵێت: “تەقریبەن لە ساڵی 2007ەوە بووینە هاوڕێ ئەویش بە بۆنەی نووسینێکی من بوو لەسەر یەکێتی نووسەران، کە بەشێکی نووسەران دڵگران بوون بەو نووسینە، یان رەخنەیە، تازە لە سەفەری ئەڵمانیا گەڕابوومەوە و ئێوارەیەک چوومە نووسەران، کاک سعدوڵڵا، بانگی کردم و گوتی: حەز دەکەم لێرە دابنیشی، هەروەها گوتی مەبەستم سەرکۆن و سەرزەنیشکردن نییە لەسەر نووسینەکەت، بەڵکو دەمەوێت دەستخۆشیت لێبکەم، هەتا پێت دەکرێت رەخنەبگرە پێش هەموویان لە من، کەسیش بۆی نییە بە ناوی نووسەران سانسۆر بخاتە سەر نووسین.

لەو رۆژەوە بووینە برادەرێکی زۆر نزیک و خۆشەویست، زۆر کەس باسی ئەوە دەکەن کە کاک سعدوڵڵا زوو توڕە دەبوو، بەڵام لەو دوازدە سێزدە ساڵەی من دەمناسی یەک جاریش توڕە نەبوو، چونکە هەموو توڕە بوونێک هۆکاری هەیە و هیچ توڕە بوونێکیش بە تەنیا لەلایەن یەک کەسەوە درست نابێ، کاک سعدوڵڵا گەر دەماری نەگیرابا قەت توڕە نەدەبوو، بەڵکوو بە پێچەوانەوە زۆر قسە خۆش بوو بە تایبەتی بیرەوەرییەکانی ئەوەندە کۆمیدی و سەرنجڕاکێشبوون حەزت دەکرد دانیشتنەکە تەواو نەبێ، یادی بەخێر جێگەی دیارە لە نێو نووسەران، بەتایبەتیش لە ئێوارانی یەکیتی نووسەران. هەر لەبەر گەورەیی و خۆشەویستی لەگەڵ هەموو دۆست و برادەران لە رۆژی یەکشەمە ساڵیادی دەکەینەوە.

“فه‌رهه‌نگ غه‌فوور “هونەرمەند و مامۆستای ئازیز، له‌ ساڵیادی كۆچی سەعدوڵا پەرۆش، وه‌كو خۆی ده‌ڵێت : سەعدوڵڵا پەرۆش. رەئیسە نازدارەکە”، ساڵانێکی دوور و درێژ لەگەڵ مامۆستا سەعدوڵڵا بەیەکەوە بووین، ئەمن هەر بە رەئیسە نازدارەکە ناوم ده‌ینا، چونکە پیاوێک بوو سەراپای هەموو جوانی بوو، شاعیرێکی هەست ناسکی زمانپاراو، نووسەر و رۆشنبیرێکی بەئیعتبار بوو، لەناو یەکێتیی نووسەران و لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی رۆشنبیری و هونەر و لەناو سەندیکا و رێکخراوەکاندا رۆڵی بەرچاو و دیاری هەبوو، لە گۆرانیگوتنیشدا دەنگێکی سەیری ھەبوو، جار جار گۆرانی دەگۆ، بەڵام بەخۆی دەیگۆ ئەمن ھەمیشە کۆرسم و بە کۆرسیش دەمێنمەوە. مامۆستا سەعدوڵا پیاوێکی بەھەڵوێست و رۆشنبیر بوو، زۆر جاران لە کاتی کارکردن تووڕە دەبوو، بەس تەنیا ئەودەمە بوو بەس، هەر زوو سارد دەبۆوە و لە جاران ئارامتر دەبۆوە. زۆر حەزی لە کۆڕ و مەجلیسی ئازیزان بوو.

یادی مامۆستا سەعدوڵا پەرۆش هەمیشە بەخێر بێ و شیعر و نووسین و بەرهەمەکانی وەک وەجاغی رۆشنی ئەو، هەمیشە لەنێوماندا و لە یادەوەریماندا و لە کتێبخانە و ئەرشیفەکاندا دەمێننەوە. یاخوا گیانی لە بەهەشتدا شاد و ئارام بووبێ.

“كه‌ریم ده‌شتی”ـی شاعیریش، له‌ ساڵیادی كۆچی په‌رۆشدا، باسی له‌وه‌كرد:” زۆر بەداخەوە مەرگ ئازیزەکانمان ئەفڕێنێ و ھەموومان ئەخاتە ناو خەو و پەژارەیی، بەر لە ساڵێک ھاوڕیی دێرین و شاعیری ناسکیشی لێ بردین و کۆستێکی گەورەی بۆ جێھێشتین.

پەرۆش، شاعیرێکی بەتوانا بوو بەشیعرە ناسکەکانی توانی گەف و گوڕێکی جیاواز ببەخشێتە رەوتی شیعری تازەی کوردی و موسیقای شیعرکانی لە ئاستێکی بەرزدابوو، زمانی شیعرەکانی بێ گرێ و گۆڵ بوو. ئێمە ساڵانێکی دوورودرێژ لە شارو لە شاخ بەیکەوە بوون، ھەر لە ساڵی ١٩٧٤ وە تا ساتی ئه‌و كاته‌ی کۆچی دوایی كرد. بەداخەوە کورونای نەگریس ئەویشی بۆ خۆی برد بەبۆنەی تێپەڕینی ساڵێک بەسەرمەرگی ئەم شاعیرە دروود بۆ گیانی پاکی ئەنێرم سەبووریش بۆ دۆست و ھاوڕێکانی”.

پاشخان : ژیاننامەی سەعدوڵڵا پەرۆش

سەعدوڵڵا پەرۆش، شاعیرێکی ناوداری كوردستان بوو و لەرێی شیعرە بەرز ‌و جوانەكانیەوە خزمەتێكی زۆری بە کاروانی كولتووری كوردستان كردووە.

سەعدوڵڵا سەعید مام شێخ ناوی تەواوی ئەو شاعیرەیە‌ و بە سەعدوڵڵا پەرۆش ناسراوە

پەرۆش ساڵی 1950 لە شاری هەولێری دێرین لەدایك بووە. قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی‌و ناوەندی‌و ئامادەیی لەو شارە تەواو كردووە.

سەعدوڵڵا، هەر لەسەرەتای ژیانی گەنجییەوە خولیای شیعربوو، دەستی بەهۆنینەوەی مرواری وشەكانی كرد.

پەرۆش، شیعری بۆ نیشتمان‌و گەلەكەی، بۆ سروشت‌و جوانی‌و عیشق‌و خۆشەویستی نووسیوە.هەموو شیعرەكانی بەرز‌و جوانن، هەندێكیان هێندە ناسك‌و نازدارن، لەلایەن هونەرمەندانەوە كراون بەگۆرانی‌و لەگەڵ موزیك‌و دەنگدا تابلۆیەكی زیندووی هونەری بەزری سترانیان نەخشاندووە.

ئەو خاوەنی چەند دیوانێكی شیعرییە، یەكەم دیوانی بەناوی كۆشی ئارام لەساڵی 1969 چاپ‌و بڵاوكردۆتەوە، دوا دیوانیشی بەناوی (تینووتر لەئاو) لەساڵی 2018 بڵاو كردەوە.

شیعرەكانی هێندە شیرین‌ و سەرنجڕاكێش بوون، بۆ زمانەكانی دیكە وەرگێڕدراون، پەرۆش پیاوێكی كوردپەروەر بوو، هەر بۆیەش هاوشانی تێكۆشانی كلتووری، وەك پێشمەرگەش بەشداری شۆڕشی ئەیلول‌ و شۆڕشی نوێی كوردستانی كردووە، لەكایەی ئەدەبی‌و رۆشنبیریی ئەو شۆڕشانەدا خزمەتی زۆری كردووە.

ئەو ئەندامێكی چوست‌و چالاكی یەكێتیی نووسەرانی كورد بوو، لەدوای راپەڕین چەند خولێك بەهەڵبژاردن بەسەرۆكی لقی هەولێری یەكێتیی نووسەرانی كورد هەڵبژێردرا‌و لەرێی ئەو رێكخراوە پیشەییەوە خزمەتی زۆری بەبواری ئەدەبی‌و رۆشنبیری كوردستان كرد.

سەعدوڵڵا پەرۆش، لە كایەی حوكمیشدا وەك راوێژكار‌ و بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی رۆشنبیری خزمەتی كرد ‌و لەو بوارەدا رۆڵی بەرچاوی هەبوو، شوێن پەنجەی خزمەتی دیار بوو.

پەرۆش، زیاتر لە نیو سەدە لە كایەكانی ئەدەبی‌ و رۆشنبیریدا خزمەتی كرد، شیعر‌ و بەرهەمە ئەدەبییەكانی وەك یادگاری شیرینی ئەو بەجێ ماون، هەمیشە بە نەمری‌ و زیندوویی دەمێننەوە.

دروودی رێز‌ و وەفا‌ و ئەمەكداری بۆ گیانی پاكی سەعدوڵڵا پەرۆشی شاعیر‌ و نیشتمانپەروەر.

سه‌عدوڵا په‌رۆش خاوه‌نی چه‌ند دیوانی شیعرییه‌ کە بریتین لە:

ـ كۆشی ئارام / له‌ ساڵی ١٩٦٩ چاپ‌و بڵاو کراوەتەوە. ـ شه‌وانی ته‌نیایی ـ ناسنامه‌ی با ـ نه‌فرین ـ تینووتر له ‌ئاو / له‌ ساڵی ٢٠١٨ بڵاو بووەتەوە.

سەرچاوە: hawlerweb