داڕێژە:ههڵبژاردهی دووهم
گرفتار کاکەیی هونەرمەندی شێوەکار و کاریکاتێریست و میوزیکژەن و نووسەر و ڕۆژنامەنووس لە 01-07-1967 لە گوندی دەیمەکانی سەر بە قەزای داقووق لە شاری کەرکووک لە دایک بووە، لە میانەی تەعریب کردنی خاکی کوردستان ڕژێمی بەعس دێ و زەوییەکانیان دەدات بە عەرەبی هاوردە و بە ناچاری لە گوندی عەلی سەرای سەر بە قەزای داقووق نیشتەجێ دەبن و تا سێی سەرەتایی هەر لەو گوندە دەخوێنێت. ساڵی 1975 دەچنە کەرکووک قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی بازرگانی هەر لە کەرکووک تەواو دەکات.
گرفتار خولیای هونەر و وێنەکێشان دەبێت و دەیەوێت بچێتە هونەرە جوانەکان بەڵام لەبەر ئەوەی نەبووە بە بەعسی بۆیە وەرنەگیراوە و بەو هۆیەوە بایەخی بە خوێندن نەدا و دوور کەوتەوە لە خوێندن. ساڵی 1991 کەرکووک بەجێ دەهێڵێت دەچێتە هەولێر و لەوێ نیشتەجێ دەبێت و دەبێتە کارمەندی وەزارەتی ڕۆشنبیریی. دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە 2003 دەگەڕێتەوە کەرکووک. ساڵی 2015 کوردستان جێ دەهێڵێت و ڕوو دەکاتە هەندەران و لە ئەڵمانیا نیشتەجێ دەبێت.
پیشە و شێوازی هونەریی
سەبارەت بەکارە هونەرییەکانی هونەرمەند گرفتار کاکەیی و هەنگاوەکانی لە نێو کاری شێوەکاریدا، لە سەرەتاوە هەوڵی ئەکادیمیەتی ڕیالیستی و ڕیالیزمی داوە بۆ دانانی بناغەیەکی بەهێز و پتەو لە مۆدێل و پۆرترێت و لەش و لاری مرۆڤ و ستیلایف و هەنگاو بەرەو تێکەڵ کردنی ڕەنگەکان و مامەڵە لەگەڵ ئەو قوتابخانە هونەرییەی کە دواتر مرۆڤ خۆی لە ترۆپکی ئەودا دەدۆزێتەوە، تاقی کردنەوەیەکی قووڵ و درێژ هەناسەی هەیە بۆ دروست کردنی تابلۆکانی بەو شێوە هونەرییەی کە ئەزموونێکی دوور و درێژی بڕیوە تاوەکوو گەیشتووەتە ئەوەی پێشانگاکان و چالاکی یە هونەرییەکانی شایەتی ئەو کار و بەرهەمانە بن.