جینۆسایدی سایکۆلۆژی و کلتوری ئێزدیەکان بەشی 8
نووسینی: پ.د. کازیوە ساڵح
پەیوەندی نێوان تاووسی مەلەک و عەشتار.
هەتا ئێرە خوداوەند و دەسەڵاتەکانی سەر زەوی ژن بوون، جەژنی میهرەجانیش تەنها ئەو کاتانە کراوون کە ژن خوداوەند بووە، یەکەم و پایەدارترینشیان دەسەڵاتی عەشتار بووە واتە دایکی گەورە کە بە پێی میتۆلۆجیای گەلان تاووس کوڕی بووە.
بەڵام کاتێک دەسەڵاتی پیاو دەست ئەگرێت بە سەر هێزە باوەکانی ئەو سەردەمەدا و هەموو دەسەڵاتێک لە ژن ئەسەنێتەوە، پەیکەری خۆی دروست ئەکات و ئەیخاتە جێێ پەیکەرە خوداوەندەکانی ژن.
لێرەشدا ئێزیدی ئەبێت بە خاوەنی بەهێزترین خوداوەندی سەر زەوی، ئەویش تامۆز بووە کە (تەموز، تاوز، تاوس، داموز، تاموس) یشی پێ وتراوە.
ئەم فیگەرە هەر ئەم تاوسی مەلەکەیە ئەمڕۆ لە لایەن نەیارانی ئێزیدییەوە بە شەیتان ناوزەد ئەکرێت.
تاوسی مەلیکی ئێزیدی لای خەڵکی ئەو سەردەمە خوداوەندی سروشت و کەون، زیندوو و مردوو بووە.، تاوسی کور جێگەی دەسەلاتی عەشتاری دایک ئەگرێتەوە.
لە بەر ئەوەی عەشتار یەکەم دەسەڵاتی کەون بووە، تاووسی کوڕیش ئەبێت بە دەسەڵاتی خوداوەندی کەون و سەرۆکی سەرجەم خوداوەندەکانی گێتی، لە هەمووش پایەدارتر بە خوداوەندی ئاسمان وێناکراوە.
هەر لە بەر ئەوەش چۆن عەشتاری دایک جەندین ناوی لە نێو میتۆلۆجیای جیهاندا هەبوو، تاووسی کوڕیش بە هەمان شیوە لە میتۆلۆجیای جیهاندا ناوی جیاوازی وەکو ئەدۆنیس، تەموز، تەموزی سەوز، ئەزۆریش و...تد لێنراوە.
(الجندی، 1998) وەکو هەموو میللەتانی سەر زەوی لەو کاتەدا، لای ئێزیدی تاووس یەکیک لە خوداوەندە گرنگەکان بووە، چونکە تاوس خوداوەندی هەموو خوداوەندەکان بووە و زۆرترین سیفاتەکانی هاوپێچکراوە، بەڵام لای ئێزیدی زیاتر هاوپێچیان کردووە بە کشوکاڵەوە بە تاییبەت گەنم، واتە هاوتەریبیبوون بە ژیانەوە، پێیان وابووە گەنم ڕۆحی هەیە (Budge,2010)، لە بەر ئەوەی مرۆڤ بە خواردنی ئەم ڕۆحە ژیانی پێ ئەبەخشرێت پیرۆزە و بۆیە ناویان ناوە تەموزی سەوز.لیرەوە پییان وابوو خوداوەندی کشتوکاڵ لە بەهاردا لە دایک ئەبێت و لە تەموزدا ئەمرێت، بەهار هێمای ژیان و نوژن بوونەوە، سەرەتای شین بوونی کشتوکاڵ، لە تەموزدا کشتوکاڵ زەرد ئەبێت و نامینیت. لێرەوە ئاهەنگ و نەریتە بەهاریەکان دەستی پێکردووە و گەڵاڵە بووە.
ئەم ئاهەنگانە درێژ خایەن و جیاواز بوون و زەپۆش و پیاوتنی جیاوازی لە خۆ گرتووە.
ئەمەش تاوس ئەکات بە هێمای ژیان و مردن و خێر و شەڕ. لای کورد ڕەنگەکانی تاوس و زەپۆشەکانی بەهار تا ئێستا باوەڕمان پییەتی، من پێم وایە لە گەڵ بوونی ئەم زەپۆشەدا ساڵی نوێی کوردی لە بەهارەوە دەست پێ ئەکات، وە ڕەنگی ئاڵای کوردستان لە سەوز و سوور ئەو هێمای لە باسی عەشتار و چواندنی خوا بە ژن سوڕی مانگانە و دروست بوونی مرۆڤ لە خولانەوەی سووڕی مانگ و سروشتی ژن (پێشتر باسم کردووە)، زەردیش نیشانەی ڕۆژ پەرەستی بووە بە ڕوونی ئەم مێژووەی بەرجەستە ئەکەن پێچەوانەی شەوی یەڵدا کە کاتی مردنی دەغڵ و دان و جەژنی لە دایک بوونی دایکی تاووسە.
مانگی نیسان کە سەرەتای شین بوون و ژیانەوەی گەنم و دەغڵ و دانە بە گشتی جەژنی تاووسی مەلەکە.
ئەوان پێیان وایە تاووسی مەلەک لەم ڕۆژەدا دێتە خوارەوە بۆ سەر زەوی خێر و بەرەکەتەکانی بە سەر زەویدا دەبارێنێت و ئەوە بەیانیان شەونم دەخاتە سەر سەوزایی و ڕووەکەکان.
لای ئێزیدی و سەرجەم گەلانی کۆن مانگی نیسان یەکێک بووە لە گنگترین مانگەکان و خۆشترین بۆنەکانی ساڵییان تیا سازداوە. چیرۆکی لە دایک بوونی عەشتار و میدرا لە وەرزی مەرگی ڕووەک و لە دایک بوونی تاووسی مەلیک لە وەرزی شین بوونی ڕووەکدا هیمایە بۆ ئەو باوەڕەی دایکە گەورە قوربانی بە خۆی داوە و ڕۆحی خۆی ناردووەتەوە بۆ خەڵکەکەی لە ڕێگەی کوڕەکەیەوە بۆ ئەوەی ئەو قوربانیە خێر و خۆشی زیاتریان بۆ بهێنێت.
لەم ڕوانگەیەوە ئێزیدی زۆر لە هەندێک لەو نەژادە کۆنانەی ئەمەریکا و ئوسترالیا و ئەفەریقا لۆژیکیترن کە پێیان وایە ئاسمان نێرە و زەوی مێ، هەموو ساڵی جاریەک لە مانگی چواردا ئاسمان دێتە خوارەوە خۆی دەکێشێت بە زەویدا و دووگیانی ئەکات بە شینایی و کشتوکاڵەوە. ڕۆژی چوارشەمان ڕۆژی تاووسی مەلەکە لای ئێزیدی، لەم ڕۆژەدا ئاگر ئەکەنەوە و مۆم دائەگیرسێنن و پۆشاک شتن و خۆشتنی تیا یاساغە (الجندی، 1998) تەنها تەرخان ئەکرێت بۆ پیرۆزی مەلائکەکەیان. تەرخانکردنی چوارشەممان بۆ پیرۆزکردنی هەر تاک و هیمایەکی ئاینی لە کلتوری ئیسلامی و کوردیدشدا زۆر باوەوە و هەڵبژاردنی ئێزیدی بۆ چوارشەممان لە ئەمڕۆدا لە ڕۆژهەڵات کلتوریەکی گشتی یە.
مردن و زیندوو بوونەوە لای مرۆڤی کۆن و ئێزیدی پێویستی بە قوربانیدان هەبووە بۆ ئەوەی ژیان بەردەوام بێت. لە چیرۆکێکی تردا سەبارەت بە دایکە گەورە دەرئەکەوێت کە بە پێی ئەفسانەی سۆمەری و بابلی ' ئانا' یان عەشتار ی خواوەند قوربانی بە خۆی ئەدات و دەمی لە گەڵ خۆڵ تێکەڵ ئەکات بۆ ئەوەی مرۆڤی لێ دروست بکرێت. بەڵام لە گەڵ دەرکەوتنی گەنمدا مرۆڤ وای بۆ چووە کە ئانا بە تەواوی نەمردووە بەڵکو ڕۆحی خۆی بە تامۆزی یان تاوسی کوڕی بەخشیوە.ئانانا لە مەرگ گەڕایەوە بەڵام لە بری هەستان لە ناو مردووانداتامۆزی کوڕی نارد لە بری خۆی بۆ قوربانی دان بۆ مرۆڤایەتی.
لێرەوە ئایدیای زیندوو بوونەوە لای مرۆڤ دروست بوو. (Wolkstein and Kramer، 1983)
بەخشیشدان بە خواوەند کلتوریەیکی کۆنی مرۆڤایەتیە و میسریەکان کاتی خۆی خواردن و خواردنەوە و زێرێان لە بەرددەمی بتەکانیاندا داناوە بۆ ئەوەی لێیان ڕازی بێت و ئەوەی عەشتار کردوویەتی هەر ئە و کلتورەانەیە ئەمڕۆ ئیسلام مانگا و ئاژەڵی بۆ سەر ئەبڕێت بۆ ڕازیکردنی خۆدا، پاش ئەوەی بە نیازی سەربڕینی مرۆڤ بوو بۆ ئەم جۆرە قوربانی دانە.
چیرۆکی ئیسماعیل ئیسلامدا ئەم بوچوونە ئەسلمێنێت دەیان سەدە پاش بوونی باوەڕی باسکراو لای کورد و مرۆڤی کۆن بە تایبەت ئیزیدی کە تا ئەمڕۆش باوەڕی پیەتی، مەسیحی هەمان بیرۆکەی تەوزیفکردووە لە بوون و زیندوونەوەی مەسیح وەکو وێنە وکوڕی خودا و نوێنەری خودا لە سەر زەوی بۆ قوربانیدان لە پێناوی مرۆڤدا.
ئیتر هەرچۆنێک ئاینەکانی دی سوودیان لەم ڕێبازە وەرگرتبێت و ئایۆلۆژی خۆیان لە سەر بونیاد نابێت گرنگ نیە.
گرنگ ئەوەیە ئەو بۆچوونە ئەگەر ناویشی نەنێت ئاین بەڵکو ڕێبازێک بۆ درکردن بە جیاوازیەکانی ژیان، یان کتێبێکی نووسراوبێت نووسەرەکەی کوردێکی ئێزیدیە و ئەوانی دی بەکاریان هێناوە بە بێ ئاماژەدان بە سەرچاوەکەی. چوون لە گەڵ پێشکەوتنی شارستانیەت و بەرپا بوونی شەڕدا لە لە نێوان ئیمپراتۆریەتەکاندا، قوتدانی بچوکەکان لە لایەن گەورەکانەوە.
لە لایەک دیانەتی ئیمپراتۆرە گەورەکان پێویستی بە گۆڕانکاری هەبووە بۆ ئەوەی لە گەڵ بەرفراوانبوون و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیەکاندا بگونجێت. لە لایەکی دی نەتەوە داگیرکراوەکان ئاینەکانیشیان داگیرکراوە و ڕێگەی پراکتیزەکردنی نەدراوە.
بەڵام ئایە تەنانەت پاش قوتدانی ئێزیدی لە لایەن زلهێزەکانەوە پەیوەندی ئێزیدی بە تاووسەکەیەو پەیوەندیەکی نێوان مرۆڤ و خوداوەند بوو، یان پەیوەندیەکی ڕۆحی و ڕەمزی بوو؟
تۆماری تایبەت بۆ مانو بەرزنجی لە لایەن پرۆفیسۆر کازێوە ساڵحەوە.