ع.ح.ب- محەمەد شێخ حوسێن بەرزنجی
محەمەد شێخ حوسێن بەرزنجی - ع.ح.ب لە ساڵی 1923دا لەدێی بەرزنجەی سەر بەقەزای چوارتا لەپارێزگای سلێمانی لەدایکبووە.
لەساڵی 1931 دەچنە سلێمانی و لەوێی نیشتەجێ بوون.
لەو شارە زیندووەدا چۆتە بەرخوێندنی فەرمیی و قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندیی تەواو کردووە.
لەساڵی 1946دا بۆتە فەرمانبەر.
لەناوەڕاستی چلەکانی سەدەی بیستەمدا چۆتەپاڵ بزووتنەوەی نیشتمانی پێشکەوتنخواز و لەساڵی 1963دا لەسەر هەڵوێستی رامیاری تووسی گرتن و ئەشکەنجەدەبێ و تاکو ساڵی 1968 بێ کارو فرمان دەمێنێتەوەئینجا لەسەر فرمانەکەی دانراوەتەوه.
"ع.ح.ب" لەساڵی 1945ەوە شیعری نیشتمانی هۆنیوەتەوەو لەسەرەتای ژیانی وێژەیدا کەوتووەتە بەرکاریگەری شیعرەکانی سالیمی ساحێبقران تایەر بەگی جاف و ئەدەب و شێخ رەزای تاڵەبانی و داویشدا شیعرەکانی پێرەمێردو گۆران پتر بۆ گۆڕەپانی وێژەیان راکێشاوه، بەڵام کەتوانای شاعیرییەتی بەهێزبووەبۆتەخاوەنی دەنگی خۆی.
شاعیری نیشتیمانپەروەرمان، شاعیرێکی ریالیستی رەخنەگربوو، یەکەم هۆنراوەی سەرکەوتووی لەساڵی 1947دا لەگۆڤاری گەلاوێژدا بەناوی "لەگەنجی و پیری و مردنا" بڵاو کردۆتەوەو سەرنجی رەخنەگرانی پێ راکێشاوەو بووەتەشاعیری سروشت و جوانی و دەنگی هەژارەچەوساوەکان و شیعرەکانی بەزۆری لەسەر کێشی سووکی خۆماڵی کوردی دادەنان و ناوەرۆکێکی پتەوو روون و رەوانی پێ دەبەخشین، بۆیەنوێکاریی بەهۆنراوەکانیەوەدیاربووه.
لە6ی مانگی کانوونی دووەمی 2000دا لەشاری سلێمانی لەتەمەنی 77 ساڵیدا کۆچی دواییکرد و میللەتی کورد شاعیرێکی بەهرەداری لەدەست چوو.
شاعیر لەماوەی ژیانی ویژەیی دا چوار دیوانەشیعری بەچاپ گەیاندووەکەئەمانەی خوارەوەن:
1- ناسۆری دەروون لەساڵی 1968دا بەچاپی گەیاندووەو 188 لاپەڕەیه
2- گرێی نهێنیەکان - ساڵی 1975 چاپکراوەو 88 لاپەڕەیە
3- زەردەخەنەی تاساو ساڵی 1980 چاپکراوەو 85 لاپەڕەیه
4- تریفەورێژاو - ساڵی 1985دا چاپکراوە288 لاپەڕەیه[١]
محەمەد شێخ حسێن بەرزنجی (ع.ح.ب) شاعیرێکی شۆڕشگێڕونوێخوازی کورد
١٩٢٣ — ٦ / ١ / ٢٠٠٠
نووسین و ئامادەکردن
(بەرزنجە ... شوێنی ئەدیبان وڕووناکبیران
ساڵی 1359 ی زایینی بەرامبەر 760 ی کۆچی ، کاتێک گوندێک لەسەردەستی جووتەبرا شێخ عیساو شێخ موسا لەدەڤەری شارباژێڕ دروست کراو بنیات نرا ، بووە وەرچەرخانێکی گرنگ و پڕ بایەخ لەناوچەکەداو ھەرزوو بووە جێگەنشینی خوێندەواران و نووسەران و شاعیران و ڕووناکبیران وزانایانی گەورە ، ھەرزووش بەرزنجە دەیان زاناو ڕووناکبیر لەئامێزیدا چاویان بەدنیای زانست و مەعریفەو خوێندەواری ھەڵھێناو بەدەڤەرەکانی کوردستان و ناوچەکەدا بڵاو بوونەوە ، کەوتنە خزمەت بەزانست وزانیاری . چۆن بەرزنجە لەڕووکاری زانست و زانیارییەوە جێگەی بایەخە ، لەڕووکاری کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیشەوە جێگەوبایەخی دیارەو بەناوەندێک یاخود سەنتەرێکی گرنگ لەناوچەکەدا دەکەوێتە بەرچاو و کاریگەریی زۆری بەسەرناوچەوگوندەکانی دەورو بەرەوە ھەیە ، کاتێک ساڵی 1927 قوتابخانە لەبەرزنجە کرایەوە ، یەکەم بەڕێوەبەر مامۆستا عەبدوڵڵا زێوەر بوو) محەممەد شێخ حسێن بەرزنجی ناسراو بە (ع.ح.ب) یەکێکە لەشاعیرەگەورە نوێخوازەکانی سەدەی ڕابردوو ، کەدەکەوێتە سەردەم وقۆناغی مامۆستا (گۆران)ی نوێ کەرەوەی شیعری کوردی ودوای ئەویش .
شاعیرونووسەرو ڕۆژنامەنووس مامۆستا کاکەی فەللاح (١٩٢٨ — ١٩٩٠) لەکتێبە پڕبایەخ وناوازەکەیدا (کاروانی شیعری نوێی کوردی)وەک شاعیرێکی نوێخواز باسی کردووەولەڕیزبەندی شاعیرەگەورەنوێخوازونوێکەرەوەکانی شیعری کوردیی وەکو مامۆستایان گۆران وئەحمەدھەردی ودڵدارو بەختیار زێوەرو حەمەساڵح دیلان وکامەران موکری ومەدھۆشدا ناوی ھێناوە .
(کاکەی فەللاح کەھاوڕێی شاعیر بووە دەربارەی ع.ح.ب دەڵێت : ع.ح.ب دەنگێکی زوڵاڵی نەبەزین وتەقینەوەو شۆڕشە بەرامبەر بەدنیای ستەم و تاریکی وچەوساندنەوە .شێوەوڕێبازی گۆران لەشیعردا کاری تێکردووە . سەرەتای دەستپێکی شیعریی بۆساڵی 1945 , 1946 دەگەڕێتەوەوئەوشیعرەش یەکەم ھەنگاوی بووە بەناوی لەگەنجی و پیری ومردنا کەساڵی 1947 لەگۆڤاری گەلاوێژدا بڵاوی کردۆتەوە .کەواتە یەکەم ھەنگاووئەزموونی شاعیر بۆئەوساڵەو گۆڤاری گەلاوێژ دەگەڕێتەوە . دکتۆر مارف خەزنەدار لەبارەی (ع.ح.ب )وە دەڵێت : بەگشتی شیعری ع.ح.ب دەچێتە ناو خانەی (ڕیالیزمی کۆمەڵایەتی)یەوە .)
بەداخەوە ئەم شاعیرەگەورەیە وانزیکەی بیست ساڵە ، کۆچی دوایی کردووەو تائێستابەپێی پێویست کاری بۆنەکراوەو لەسەری نەنووسراوە ، تەنیا لەلایەن بنەماڵەکەیەوە کۆی شیعرەکانی چاپ کراوەوخوالێخۆش بوو پڕۆفیسۆردکتۆر مارف خەزنەداریش لەکێبی (مێژووی ئەدەبی کوردی)ەکەیدا باسی لەم شاعیرەکردووە . تاخۆیشی لەژیاندابوو ھەوڵێکی ئەوتۆبەرچاوناکەوێ جگە لەم بابەتەی کاکەی فەللاح لەکتێبەکەیدا (کاروانی شیعری نوێی کوردی)و ، لەدوای ناوەڕاستی ھەشتاکانیش شاعیرونووسەری شەھید (دڵشادمەریوانی) لێکۆڵینەوەیەکی جوانی لەسەردیوانی (تریفەوڕێژاو)نووسی ولەگۆڤاری (کاروان)دا بڵاوی کردەوە .
شاعیر ناوی محەممەدە بەڵام پیتی (ع)ی بۆناوەکەی داناوە ، ئەویش وەکو ڕێزلێنانێک وبۆبەرزڕاگرتنی ناوی براشەھیدەکەی (شێخ عەلی شێخ حسێن بەرزنجی) وھەم بۆشاردنەوەی ناوی خۆی لەڕژێمی ئەوکاتەوترسی گرتن وڕاوەدوونان .
(ع.ح.ب)یان محەممەدشێخ حسێن بەرزنجی لەساڵی 1923 لەبەرزنجە لەدایک بووەولەساڵی 1931 ھاتۆتە شاری سلێمانی . بەھۆی بارودۆخی سەختی ژیانەوە خوێندنی تاقۆناغی ناوەندی تەواو کردووەو ساڵی 1946 بووەتە مووچەخۆرێکی بچووکی میری و ساڵی 1963 لەئیشەکەی دەرکراوەوتووشی ئازاروئەشکەنجەی ژیان ھاتووە . ھەرلەسەرەتای شیعر نووسینیەوە نازناوی (ع.ح.ب)ی بۆخۆی ھەڵبژاردووەو لەزوربەی گۆڤارو ڕۆژنامەکانی ئەوسەردەمەدا شیعری خۆی بڵاوکردۆتەوە .
لەماوەی ژیانیدا ئەم کتێبانەی بەچاپ گەیاندووە :
1_ ناسۆری دەروون (دیوانی شیعر) ساڵی شەستەکان چاپی کردووە . 2-گرێی نھێنیەکان (دیوانی شیعر) ساڵی حەفتاکان چاپی کردووە . 3-زەردەخەنەی تاساو (دیوانی شیعر) ساڵی 1980 چاپی کردووە . 4-وەرگێڕانی مەلحەمەی (ئۆدیسە)ی شاعیری گەورەی گریک (ھۆمیرۆس)بەشیعر لەعەرەبیەوە بۆکوردی ساڵی 1983 چاپی کردووە . 5-تریفەوڕێژاو (دیوانی شیعر) ساڵی 1985 چاپی کردووە .
لەڕۆژی ٦ / ١ / ٢٠٠٠ (ع.ح.ب)ی شاعیر دواماڵئاوایی لێکردین وبۆیەکجاری ژیانی جێھێشت .
شاعیر یەکەم شیعری خۆی لەساڵی 1946 دا نووسیوەوبڵاوکردۆتەوەو پێدەچێت شیعری (لەگەنجی وپیری ومردنا )بێت چونکەلەیەکەم دیوانی چاپ کراویدا (ناسۆری دەروون)یەکەم شیعرەولەدیوانەگەورەچاپ کراوەکەیشیدا کەلەلایەن بنەماڵەکەیەوە ساڵی 2013 چاپ کراوە ھەریەکەم شیعرە ، بێگومان ئەمەیەکێکە لەشاکارەزۆربەرزوجوانەکانی شاعیر .
شیعرەکانی (ع.ح.ب)پۆلێن ئەکرێن بەسەرچەندبەشێکدا وەکو دڵداری وخۆشەویستی ، کۆمەڵایەتی ، چینایەتی ، لەگەڵ شیعری نیشتمانی ونەتەوەیی کەئەم دوانەی دواییان بەشی ھەرەزۆری شیعرەکانێتی ، ھەندێک شیعریشی لەزمانی ترەوە وەرگێڕاوەبۆکوردی ، کۆمەڵێک شیعری بۆ منداڵانیش نووسیوە کەیەکێک لەوانە شیعری (گورنەتەڵە)یە .
(ع.ح.ب)وێڕای خۆشەویستیی بۆخاک وگەلەکەی خۆی وبۆنیشتمانەکەی ، خۆشەویستیی خۆی بۆگەلانی چەوساوەوبەشمەینەتی دنیاو سەرکردەجیھانیەکان وتووە ، ئەوشیعری بۆگەلی فەلەستین وگەلی میسروجەزائیروئێران وڤێتنام وگەلانی ئەفەریقی وسەرکردەی وەکو سپارتاکۆس وپاتریس لۆمۆمباو گیڤارا وتووەو پشتگیریی شۆڕشەکانیان بووە .
(ع.ح.ب )خاوەنی یەکێک لەجوانترین سروودە شۆڕشگێڕیەکانە کەسروودی (لێرە ناڕۆم)ە ولەدیوانی (زەردەخەنەی تاساو)دا بڵاوبۆتەوەو لەساڵانی ھەشتاکاندا لەلایەن (تیپی مۆسیقای شەھید کارزان)ەوە تۆمارکراوە .
لەکۆتاییدائەڵێم ھەزارچەپکە گوڵ وسڵاوودروود بۆگیانی پاک وڕۆحی بەرزەفڕی شاعیری گەورەی کورد ، شاعیری پێشکەوتنخوازو چینی چەوساوەکان مامۆستا محەممەد شێخ حسێن بەرزنجی (ع.ح.ب) .
ئەوسەرچاوانەی بۆنووسینی ئەم بابەتە سوودم لێ وەرگرتوون : 1- ع.ح.ب شاعیرێکی مەنگ بەڵام بوێر نووسینی یوسف محەممەدبەرزنجی ڕۆژنامەی ئاسۆی کتێبخانە ژمارە (33) 13/1/2014 2-زەردەخەنەی تاساو -دیوانی شیعر ع.ح.ب ساڵی 1980 چاپ کراوە . 3-تریفەوڕێژاو -دیوانی شیعر ع.ح.ب ساڵی 1985 چاپ کراوە . 4-دیوانی ع.ح.ب (محەممەد شێخ حسێن بەرزنجی) سەرجەم شیعرەکانی شاعیرەو لەلایەن (ئەندێرا محەممەدحسێن بەرزنجی)یەوە ساڵی 2013 چاپ کراوە . 5-کاروانی شیعری نوێی کوردی نووسینی حەمە حەمە ئەمین قادر (کاکەی فەللاح) -بەرگی یەکەم- ساڵی 1978 چاپ کراوە .
6-(بەرنامەی قەلەندەرخانە) کەلەکەناڵی (K24)ەوە پەخش ئەکرێت وبەرنامەیەکی تایبەت بەشاعیری گەورە (ع.ح.ب) بەبەشداریی ھونەرمەندوبێژەری بەتوانا کاک (حەمید بانەیی) وبەمیوانداریی مامۆستای چیرۆکنووس (محەممەد ساڵح سەعید) ، کەسوودێکی زۆرم لەم بەرنامە پڕبایەخە وەرگرت . 7-مامۆستای زێدەئازیز (عومەر مەعروف بەرزنجی)کەوەکو ئەنسکلۆپیدیایەک وسەرچاوەیەکی گرنگی زانیاریی ڕاست ودروست زۆرجار سوودوزانیاریی وردی پێگەیاندووم ، لێرەوە زۆرسوپاسی ئەکەم .
تێبینی : ئەم بابەتەم لەژمارە (12) ی گۆڤاری شارباژێڕ بڵاوبۆتەوە .[٢]