مەلا مستەفای سەفوەت
سەفوەت - مەلا مستەفای حاجی مەلا رەسوڵی دێلێژە
لە سالی (1324 کۆچی) لە سلێمانی لەدایک بووە و لەساڵی (1383) لە تەمەنی 59 ساڵی دا کۆچی دوایی کردووە.
مەلا مستەفای مەلا رەسوڵی مەلا شەریفی دێلێژە ناسراو بە «مەلا مستەفای سەفوەت» شاعیر و رووناکبیرێکی دیاری سەردەمی خۆی بووە. خزمەتێكی بەرچاوی بە بوارە جیاجیاكانی ئاینو ئەدەبی كوردی كردووە. مەلا مستەفا ساڵی ١٩٠٦ لە گەڕەکی دەرگەزێنی سلێمانی ھاتۆتە دنیاوە، لە ژیانی فەقێیەتیدا زۆر شوێن گەڕاوە، ماوەیەک لای مەلا ئەحمەدی فورقانی رۆژبەیانی خوێندویەتی، ئیجازەی عیلمی لەسەر دەستی شێخ بابا عەلی شێخ عەبدوڵڵای تەکیە وەرگرتووە. ھاوڕێیەتی کەسانی نیشتنانپەروەری کردووە بەوەی لە کۆمەڵەی برایەتی و یەکێتی دا کاری رێکخستنی کردووەو دواتریش بووەتە رێکخەری ئەو کۆمەڵەیە، ھەروەھا ھاوڕێی نزیکی مەلا مستەفا بارزانی و مامۆستا عەلادین سوجادی بووە.
هەر لەسەرەتای لاوییەتییەوە خولیای شیعرو ئەدەب بووە.
لەو كاتەوە دەستی بە شیعر نوسین كردووەو خاوەنی چەندین شیعری بەرزە كە لەدووتوێی دیوانەكەیدا چاپكراون.
لەبواری وەرگێڕانیشدا خزمەتی كردووەو چەندین بەرھەمی بەنرخی تەرجەمەکردووە.
بەڵام بەداخەوە ئەم زانا ئاینی و نوسەرە ناودارەی کورد، بەھۆی ئەو نەخۆشییەی کە بەرۆکی گرتبوو لەرۆژی ٩ی کانونی یەکەمی ١٩٦٣ دا گیانی لەدەستدەدات و لەژێر دارئەرخەوانەکانی گردی سەیواندا بەخاک سپێردراوە.
مامۆستا چەندین کتێب و پەرتوکی بەنرخی بەچاپگەیەنراوە، لەوانە:
- ھۆنراوەی کوردی لە دوڕی بوردی، سلێمانی ، ١٩٣٥.
- گوڵستانی سەعدی شیرازی، وەرگێڕان، بەغدا، ١٩٦٨.
- شانۆیی ناوماڵ، بەغدا، ١٩٧١.
- رابەری حەج، بەغدا، ١٩٧٣.
- رابەری نوێژ،
- میعراجنامە.
- دیوانی شێخ عەبدولقادری گەیلانی، وەرگێڕان.
- دیوانی سەفوەت ، ئا: عیزەدین مستەفا رەسوڵ، بەغدا، ١٩٨٤.
سەرچاوە: داناز عەبدولرەحمان