حاجی مەکی - محەمەد مەکی عەبدوڵڵا مەعروف

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
0007 (11).jpg

ئەستێرەی شانۆ و درامای کوردی ناوی تەواوی (محەمەد مەکی عەبدوڵڵا مەعروف) ناسراوە بە (حاجی مەکی یان عەلییە فەندی).

هونەرمەند مەکی عەبدوڵڵا لە ساڵی 1939 لە شاری ئامێدی پارێزگای دهۆک لەدایکبووە. بە هۆی ئەوەی باوکی فەرمانبەری دائیرەی گۆمرگ بووە لەوێ ژیاون، و خۆیان خەڵکی شاری سلێمانیین.


حاجی مەکی زیاتر لە نیو سەدە خزمەتی بواری هونەری و نواندنی کردووە، ئەکتەر و بەرهەم هێنەری یەکەم فلمی سینەماییە لە باشووری کوردستانە.


حاجی مەکی بە هۆی خراپیی باروگوزەرانی ژیانیان نەیتوانیوە خوێندنی تەواو بکات، بەڵام زۆر بە بەهرە و بە توانا بووە و حەزیشی لە هونەری تەمسیل و نواندن بووە، ئەو هونەرمەندێکی خۆڕسك بوو، هەندێ سەرچاو دەڵێن: لە ساڵی ١٩٥٣ هەندێکی دیکە دەڵێن: لە ساڵی ١٩٥٨ بۆ یەکەمین جار لە شاری کەرکوك چۆتە سەر تەختەی شانۆ و لە شانۆگەری (پێکەنین بەبێ یاسا) بەشدار بووە، دواتر لە ساڵی ١٩٥٨ تەمسیلییەی(ژن بە ژن)ی پێشکەشکردووە.

313005124 5857382357672712 3797443758957970021 n.jpg
حاجی مەکی (عەلییە فەنی)

حاجی مەکی لە ساڵی ١٩٥٨ ئەو کاتەی لە هەولێر سەرباز بووە، تیپێکی هونەری نواندنی بە ناوی(خەبات) پێکهێناوە و لە هەمان کاتدا تیپێکی هونەری دیکەی هەر بە ناوی(خەبات) لە سلێمانی هەبووە، بۆ یەکەمین جار لە ساڵی ١٩٦٤ کورتە فلمێکی سینەمایی نیو سەعاتیی بە ناونیشانی (ڕەهێڵە) بەرهەم هێناوە کە لە نووسینی نووسەر کامەران موکری و دەرهێنانی دەرهێنەر یوسف جەرجیس بووە، هەر لە ساڵی 1964 کورتە فلمێکی دیکەی لەسەر کارگەی چیمەنتۆ بەرهەمهێناوە، لەساڵی ١٩٦٠ەوە، خاوەنی بیرۆکەی فلیمی(نێرگز بووکی کوردستان) بووە، کە یەکەم فلیمی سینەمایی کوردی بوو لە باشووری کوردستان، هیچ کەس و لایەنێك پشتگیری نەکردووە بۆ ئەم ئاواتەی، تا ساڵی ١٩٩٠ هەر خۆی بە تەنیا بۆتە بەرهەم هێنەری، لە سیناریۆ و دەرهێنانی هونەرمەندی دەرهێنەر (جەعفەر عەلی) و چیڕۆك و گفتوگۆی نووسەر محەمەد فەریق حەسەن و ئاواز و مۆسیقای هونەرمەند سەڵاح ڕەئوف و هەریەك لە هونەرمەندان( تەها حوسێن و ئەحمەد سالار و شەمال عەبدوڵڵا و بەدیعە دارتاش) یاردیدەدەری دەرهێنان بوونە، لە ڕۆژی ٥ی١٠-١٩٩١ وەکو یەکەم فلیمی سینەمایی کوردی لە باشووری کوردستان بە زمانی کوردی لە سینەماکان نمایشکراوە، هەر ئەو ڕۆژەش بووە ڕۆژی سینەمای کوردی لە باشووری کوردستان.

حاجی مەکی زیاتر لە(٥٤) ساڵ خزمەتی هونەر و شانۆی و درامای کوردی کردووە، بە نووسینی خۆی و بەرهەمهێنان و نواندن بەشداری زیاتر لە(١٢٠) کاری هونەری کردووە، ئەو بە چەند بەرهەمێك بە ناوبانگ بووە و هەمیشە و هەرگیز لە یادمان ناچێتەوە، لەوانە:

  • - پێکەنین بە بێ یاسا، شانۆگەری.
  • - باوەژن خوا بناسە، شانۆگەری.
  • - ژن بە ژن، تەمسیلییە.
  • - جام کە پڕبوو لێی دەڕژێ.
  • - بەقەد بەڕەی خۆت پێ ڕابکێشە، شانۆگەری.
  • - بڕیار.
  • - نێرگز بووکی کوردستان، فلیمی سینەمایی.
317093271.jpg

حاجی مەکی لە لێدوانێکدا دەربارەی کارە هونەرییەکانی دەڵێت: ( من ٥٤ ساڵە تەمسیل دەکەم، تەمسیلەکانم جەماوەری خۆی هەبووە و خەلکی بە دڵی بووە، هەمووی ئامۆژگاریی بوون).

بەشی زۆری کارە هونەرییەکانی حاجی مەکی لەسەر کێشە و گیروگرفتی کۆمەڵایەتی بوون، بە شێوازێکی تەنزئامێز و کۆمیدییانە نمایشکراوە.

Haji-maki2.jpg

بەڕێز ئاری جەلیل زاوای حاجی مەکی لە لێدوانێکدا دەڵێت: (حاجی مەکی زۆر حەزی دەکرد تەندروستی باش ببێتەوە و بچێتەوە سەر تەختەی شانۆ یان بچێتەوە کەناڵەکانی تەلەفزیۆنی و خزمەت بە بواری هونەری بکاتەوە، بەڵام نەیتوانی و ئاواتەکەی نەهاتە دێ..، ئەو بە تەمای ئەو مەرگە لە ناکاوە نەبوو، بە هیوای کارێکی هونەری نوێ بوو بۆ پێشمەرگە و دواتریش بۆ ئەنفالکراوەکان).

پاش سێ ساڵ لە ئازاری گورچیلە حاجی مەکی لە شەوی ١٨-١٢-٢٠١٥ لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کردووە، لە ڕێوڕەسمێکی شایەستە تەرمەکەی لە گۆڕستانی سەیوان بە خاک سپێردراوە.


  • تێبینی: سوود وەرگیراوە لە نووسینێکی مامۆستا نەجمەدین عەزیز سمایل.


ئامادەکردنی: دلێر ڕەفیق


حاجی مەکی لە ستۆدیۆی ڕەفیقی وێنەگر ئەم دوو وێنەی گرتووە لە ڕێکەوتی 01-12-1958.