ماوەت

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
Mawat.jpg

قەزای ماوەت یەکێکە لە قەزاکانی پارێزگای سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان لە عێراق. ناوەندەکەی شاری ماوەتە. لە ساڵی ٢٠١٠دا، ژمارەی دانیشتووانی ئەم قەزایە ٨٬٨٩١ کەس بووە. قەزاکە تەنیا لە ناحیەی ماوەت پێکھاتووە.


3253.jpg

جوگرافیا

قەزای ماوەت لە ڕووی جوگرافییەوە دەکەوێتە سنووری شارباژێڕی سەختەوە بەدوری ٥٥کم لە باکووری ڕۆژھەلاتی شاری سلێمانیەوە، ھاوکات درێژ دەبێتەوە تاسەر سنووری ئێران و ھاوسنورە لەگەل کۆماری ئیسلامی ئێران.

دەکەوێتە نێوان قەزای شارباژێڕ و قەزای دووکان و قەزای پشدەر و شارستانی سەردەشت و شارستانی بانە.

کارگێڕی

لەڕوی ئیدارییەوە قەزایەکی نوێیە کە ناوەندی قەزای ماوەت و ٦٩ گوند و ناوچە لەخۆ دەگرێت، ژمارەی دانیشتووانی گشتیشی بەپێی ئاماری فەرمانگەی ڕەگەزنامەوباری شارستانی ماوەت نزیکەی ٧٠ ھەزار کەسە بەلام دانیشتووانی ڕاستەقینەی ئێستای سنوورەکە لەو ژمارەیە کەمترە ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ پلانی حکوومەتی بەعس و سیاسەتی ڕاگواستن و کۆچی زۆرە ملێ و جەنگی ئێران. عیراق بەگشتی بارودۆخی سیاسی کەلە مێژووی کۆن و نوێدا بەسەر ناوچەکەدا سەپێنراوە.


ماوە‌ت

ماوەت لەروی مێژووی و کلتورییەوە خاوەن مێژوو ناسنامەی تایبەت بەخۆیەتی ئەوەش زۆر تایبەتمەندی پێ بەخشیوەو تائێستاش شانازی بە داستان و مێژوو و بەھاو نەریتە باوەکانییەوە دەکات، بەڵگەی مێژووی و نوسراوو شوێنەوارە دێرینەکانی و گۆڕستانە کۆنەکانی ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کەماوەت زۆر کۆنەو بەر لە ئیسلام و زاینیش شوێنێکی ئاوەدان بووە و پێدەچێت (کەڵەشێر) سمبولی ماوەتییەکان بوبێت وەک کۆمەڵگەیەکی سەرەتایی، کەئەوەش لەروی زانستی مرۆڤ ناسییەوە (علم الانسان) مێژوویەکی زۆر کۆنی پێدەبەخشێت.


ڕۆشنبیری

لە ڕووی شارستانی و ڕۆشنبیری و فەرھەنگییەوە، ماوەت مەڵبەندی باوو باپیرانی بابان بووە. و قۆناغی گەشەکردنی بابان و دروستبوونی شاری سلێمانی بە ڕاستە ھێڵێک، لە (پشدەر ـ ماوەت ـ قەڵاچوالان ـ سلێمانی) تێپەڕیوە. ھەرچەند مێژوونوسان باسیان کردووە، بەڵام نایانەوێت وەک دەروازە باسی پشدەر و ماوەت بکەن، بەپێی بەڵگە مێژوویەکان لە سەرەتای سەدەی حەڤدەوە ماوەت مەڵبەندێکی ڕۆشنبیری و فەلسەفی و گرنگ بووە کە مەلا موسێی ماوەت وەک مامۆستاو زانایەکی فەلسەفی ئەو سەردەمە خاوەن گەورەترین قوتابخانە بووە و چەندین زانا لەسەردەستی ئەو قوتابخانەو مامۆستایە گەیشتونەتە پلەی باڵا ھەربۆیە خۆی بە علام مەلا موسێی ماوەتی ناوی دەرکردووە.


مێژوو

(مێژووی ماوەت) لەنوسینەکانی (کاوس قەفتان، حسین نازم، ئەحمەد ساڵح پێش فتوحاتی ئیسلام ماوەت لەسەر شاری (بانە)ی ئێران بووە و کەسێک بەناوی (قەھقۆن) حاکمی بانە بووە، کاتێ فتوحاتی ئیسلامی بۆ سەر سنوورەکە بە سەرپەرشتی (عبدوڵای کوڕی عومەر) دەستی پێکردووە قەھقۆن حاکمی بانە لە شەڕی دژی عەرەبەکاندا کوژراوە، بەڵام کوڕێکی قەھقۆن بە پێچەوانەی باوکییەوە یارمەتی موسڵمانەکانی داوە، بۆیە (عبدوڵای کوڕی عومەر) ناوەکەی گۆڕیوە بۆ (خیارە دین) و لە شوێنی (قەھقۆن) کردویەتی بە حاکمی بانە، لەدوای ئەمەوە حاکمێتی سنووری بانە پشتاو پشت ھاتووە تا سەردەمی (خان ئیسماعیل سوڵتان - فەرمانڕەوای بانە)، ئەویش کوڕێکی خۆی بەناوی (ئەسکەندەر) کردووەتە حاکمی ماوەت، بەڵام ئەسکەندەر حاکمی ماوەت کەسێکی زاڵم بووە لەگەڵ خەڵکدا، لەو سەردەمەشدا (فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە- حاکمی میری بابان) لە دارشمانە کۆچی دوای دەکات و (خان داغ) ی کوڕی جێگەی دەگرێتەوە، بەھۆی نزیکی ماوەت لە سنووری ئیمارانی بابان و تموحی (خان داغ) بۆ فراوانکردنی سنووری ئیماراتەکەی، عشیرەتەکانی (ئاکۆ، بڵباس، ئالان و ماوەت بەیعە دەدەنە حاکمی ئیماراتی بابان، بەمە (ماوەت) دەبێتە بەشێک لە سنووری ئیماراتی بابان و، لە ساڵانی (١٦٠٨ -١٦١٩) زاینی، خان داغ ماوەتی کردووەتە پاتەختی بەھار و ھاوینەی ئیماراتەکەی و پایز و زستانیشی لە دارشمانە بووە. ئەسکەندەر خان ئیسماعیل سوڵتان-حاکمی ماوەت لە ماوەت مردووە ھەر لەوێش نێژراوە، ئێتا گۆڕەکەی لەماوەت نزیک کانی بنچنارە، لەسەر بەردی گۆڕەکەی بەفارسی و بەنووسینی بارز نوسراوە (مزار ئیسماعیل ئەسکەندەر پاشا - ماوەت)، کاتێ (م. حسین نازم ئەفەندی) چووەتە ماوەت نوسینەکەی خوێندووەتەوە، نوسینەکە دیکۆمێنتێکی مێژووی و گرنگە، بەڵام بە داخەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکراوە. تێبینی:- ئەم بابەتە لە بەڕێز م ئاسۆ عومەرحمەئەمین وەرگیراوە.


زانیاری کۆن و مێژوویی لەسەر ماوەت (بابانەکان)

بەپێ ی سەرچاوە مێژوویییە نوسراوەکان، ماوەت لە ساڵانی ١٦٠٨ تا ١٦١٩ بنکەی ئیمارەتی بابانەکان بوە: - ئەو سەردەمە لەلایەن میر (خان بداغ) ئیمارەتی بابان بەرێوەبراوە.

- میر خان بداغ کوڕی فەقێ ئەحمەدی دارەشمانەیە کە بە دامەزرێنەر و زیندوکەرەوەی دەسەڵاتی بابانەکان ناسراوە و لە گوندی دارەشمانەی قەڵادزێ بنکەی سەرەکی فەرمانڕەوایی سنوورەکەی کردوە.

- دوای کۆچی دوایی (فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە) لەلایەن میر (خان بداغ) ی کورییەوە فەرمانڕەوایی بابانەکان دریژەی پێدراوە.

- میر خان بداغ سەرەڕای گەنجی تەمەنی بەڵام بەوھۆیەی فەرمانڕەوایەکی دادپەروەر و ڕەوشت بەرز بوە توانیویەتی سەرنجی سنوورەکانی ماوەت و عەشیرەتەکانی ئاکۆ و بڵباس و ئالان بۆخۆی ڕابکێشێ و سنووری ئیمارەتەکەی فراوان بکات. - میر خان بداغ بەزستان لە دارەشمانە بوەو لە بەھار و ھاوین ھاتوە بۆ ماوەت و کەش و ھەوای ناوچەکەی لاخۆش بوە و کردویەتە بنکەی سەرەکی حوکمڕانیەکەی کە فراوانتربوە لەسەر دەمی باوکی.

- وەک سەرچاوە مێژوویییەکان باسی دەکەن سەردەمی حوکمی میر خان بداغ خەڵکی ئاسودەبون و باری گوزەران و کۆمەڵایەتی یان باش بوە.

- بەھۆکاری ئەو باشییە لەماوەتەوە توانیوبەتی سنووری دەسەڵاتی فراوان بکات و ناوچەی (سیتەک) یش بخاتە سنووری فەرمانڕەوایەتییەوە.

- دەسەڵاتی میر خان بداغ بەردەوام بوە تا کۆچی دوایی و دواتر لەلایەن میر سلێمانی کورییەوە درێژە بە فەرمانڕەوایەتی بابانەکان دراوە.

- دوای ماوەت بنکەی سەرەکی ئیمارەتی بابان ھاتووەتە قەڵای بەکراوە و لەوێشەوە بۆ قەڵاچوالان و دواتر دروستکردنی شاری سلێمانی.

- سنووری ماوەت تا کۆتایی دەسەڵاتی بابانەکان لە ١٨٥٠ لەسەردەستی عوسمانییەکان، لە سنووری فەرمانڕەوایی بابانەکاندا بووە.


گوندەکانی قەزای ماوەت

قەزای ماوەت، لە ناحیەی ناوەند پێکھاتووە.

لە ٧٨ گوند پێکھاتووە:

لە ٧٨ گوند پێکھاتووە:

  • ماوەت (ناوەند)
  • ئامادین
  • ئاقوچان
  • ئاوەکورتێ
  • ئەزمەک
  • باساوێ
  • باناڵێ
  • بەرتەنگ
  • بەرسماق
  • بڵخوان
  • بەردبەرد
  • بەردەپان
  • بۆسکێن
  • بەردەشینی سەروو
  • بەردەشینی خواروو
  • بەرگورد
  • بەزەڕو
  • بنچڕ
  • خەزێنە
  • خمانە
  • چنارە
  • دارەبەن
  • دەشتی خانێ
  • دەشتی تلێ
  • دەشتێ
  • درەوشاوێ
  • دڕی
  • دزگان
  • دوێڵەکان
  • دۆڵبێشکی دڕی
  • دێکۆن
  • زەرون
  • زەینەڵ
  • ژاژڵە
  • ساکەڵ
  • سەرگەڵو
  • سپیدارە
  • سەراو
  • سەرکەند
  • سەفرە
  • سوورەقەڵات
  • شاناخسێ
  • شەشۆ
  • شینکی
  • شیوەکوێر
  • شەکراو
  • عیساوێ
  • قامیش
  • قەرەبابا
  • قەڵاتە
  • قەشان
  • قۆخان
  • کانی بێوکە
  • کانی بی
  • کانی چنار
  • کانی خێڵ
  • کاوڵان
  • کوڕاڵەوبناو
  • کوڕەداوێی بچووک
  • کوڕەداوێی گەورە
  • کۆلکە، ماوەت
  • کونجرین
  • کێلێ
  • گەماڵانی سەروو
  • گەماڵانی خواروو
  • گابڕوا
  • گرگاشێ
  • گەڵاڵە
  • گڵۆمان
  • گوڵێ
  • گوێزڵێ
  • گۆڕێن
  • ماشان
  • مۆڵان
  • میراوا
  • ھەنجیرەسوورە
  • ناور
  • یاڵانقۆز


سەرچاوە: ویکیپیدیا

ئامادەکردنی: دلێر ڕەفیق