سەردەشت

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
44498933.jpg

سەردەشت شارێکە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان کە لە باشووری ڕۆژاوای پارێزگای ورمێ ھەڵکەوتووە. ئەو شارە ناوەندی شارستانی سەردەشتە و یەکێک لە شارەکانی ناوچەی موکریان ھەژمار دەکرێت.

سەردەشت لە نزیکی سنووری ئێران و عێراقدا ھەڵکەوتووە و لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھاوسنوورە.

ژمارەی دانیشتووانی ئەو شارە لە ساڵی ٢٠١٦، بەرامبەر لەگەڵ ٤٦٬٤١٢ کەس لە ١٢٬٥٥١ خێزاندا بووە.

شارەکە لە سەردەمی کۆماری کوردستان و ھەروەھا لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران بۆ ماوەیەک لەژێر دەستەڵاتی کورداندا بووە.

سەردەشت بەپێی ژمارەی دانیشتووان، ١١ەمین شاری پارێزگای ورمێ، ٢٣ەمین شاری ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ١٩٧ەمین شاری ئێرانە. خەڵکی سەردەشت کوردن و بە کوردیی ناوەندی و شێوەزاری موکریانی دەدوێن.

537367Image1.jpg

ھەروەھا زۆربەی خەڵکی شارەکە پەیڕەوی ئایینی ئیسلام و مەزھەبی سوننەی شافعین.

سەردەشت لە قەراغی کێوی گردەسوور، لەسەر زنجیرەچیاکانی زاگرۆس و لە نزیکی سەرچاوەیەکی ئاوی ھەڵکەوتووە.

بەشێکی زۆری ئاوی خواردنەوە و ئاوی جووتیاریی شار لەو سەرچاوەیە دابین دەبێت کە ئاوەکەی لە کێوی گردەسوور و کێوە سنوورییەکانەوە دێتە خوار.

سەردەشت خاوەنی ژینگە و سروشتێکی بەرچاوە کە بووەتە ھۆی ئەوەی کە نازناوی بەھەشتی کوردستانی پێبدرێت.

ئەو شارە بە کەشوھەوایەکی تاڕادەیەک سارد و فێنک، لە درێژەی ساڵدا بەفر و بارانبارینێکی زۆر دەیگرێتەوە و زۆر جاران لە ڕیزی یەکەمی بارینی پارێزگادا جێ دەگرێت.

سەردەشت خاوەنی مێژووێکی کۆن و دێرینە کە کۆنترین ئاسەواری دۆزراو لەو شارە، مێژووکەی بۆ ٦ ھەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.

ئەو شارە لە ساڵی ١٩٨٧ی زایینی لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە کیمیاباران کرا.

شاری سەردەشت کەوتووەتە باشووری شارەکانی پیرانشار و مەھاباد و ھەروەھا دەکەوێتە ڕۆژاوای بانە و باشووری ڕۆژاوای بۆکان.

ھەروەھا سەردەشت دەکەوێتە ڕۆژھەڵاتی قەڵادزێ و پارێزگای سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان.

شاری سەردەشت ١٢٠ کیلۆمەتر لە مەھاباد، ٢٢٥ کیلۆمەتر لە ورمێ، ٧٤٠ کیلۆمەتر لە تاران، ١٨٩ کیلۆمەتر لە ھەولێر و ٣٥ کیلۆمەتر لە قەڵادزێ دوورە.

سەردەشت سەرەتا وەکوو ناوەندی ناوچەی سەردەشت بەشێک لە شارستانی مەھاباد بوو، بەڵام دواتر بەھۆی ھەندێک بواری سیاسی و سەربازییەوە لە ساڵی ١٩٤٣، چووە ناو سنوورەکانی شارستانی سنە لە پارێزگای کوردستان.

لە ١٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٦دا، ناوچەی سەردەشت لە شارستانی سنە جیا کرایەوە و خۆی بووە شارستانێکی سەربەخۆ کە ناوەندەکەی ھەتا ئێستا شاری سەردەشتە.

ھەندێک لە کێوە بەرزەکانی سەردەشت:

  • بوڵفەت
  • ھەوینە ماڵ
  • زەردکە
  • سەری گۆم
  • تەرخان
  • ئیبراھیم جەلال
  • کێوی نستان
  • لەندی شێخان
  • داشان قەڵا
  • کاسە بەردین
  • حاجی ئیبراھیم
  • بەردە سپیان