محەمەدی ماملێ

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

ماملێ لە ساڵی 1925 لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری مەھاباد بە ناوی (خڕێ) لەدایکبووە.

ماملێ ناوی محەممەد کوڕی سەعید کوڕی عەلییە. خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی پەھلەوی و سەعادەت لە مەھاباد تەواو کردووە. نازناوی ماملێ لە باپیرییەوە بۆی ماوەتەوە، وەک خۆی باسی دەکات کە باوکی نەخوێندەوار بووە و کاتێک سەرژمێری گشتی ھاتووە بۆ نووسینی لێی پرسیوە ناوی خۆت و باوکت چییە ئەویش وتویەتی سەعید مام عەلی، ئەوانیش نووسیویانە سەعید ماملی چونکە زمانی فارسی پیتی (ع) لە قسەکردندا بەکار ناھێنن ئیتر خەڵک لەوە بەولاوە ھەر دەڵێن ماملێ. محەممەد ماملێ پیاوێکی لەسەرخۆ و ھێمن و لێبووردە بووە و زۆر بە وەفا بووە بەرامبەر خزم و دۆست و ناسیاوەکانی. ماملێ سێ ژنی ھێناوە. دوا ھاوسەری کە تا ئێستا لە ژیاندا ماوە ناوی ئامینە خانە. ھەروەھا حەوت کوڕ و دوو کچی ھەیە. ئەمەش ناوی ھەندێکیانە (عەزیز کە بە خانە ناسراوە، خەسرەو، چالاک، وریا، نەجات، شەونم، خوبی) ماملێ خۆی دەڵێت کە ئەوەندە ئاشنای گۆرانییەکانی ڕەفیق چالاک بووم بە خۆشی ئەوەوە کوڕێکم ناونا چالاک. ماملێ چوار برای ھەیە ناویان (حەسەن، حوسەین، موتتەلیب و جەعفەر)ە و خوشکێکی ھەیە ناوی تووبایە.

ناوی ماملێ بە هۆی خزمەت و هەڵوێست و هاودەردییەکی کە بنەماڵەی ماملێ لە مێژووی هاوچەرخی نەتەوەی کورددا هەیانبووە، ناوێکی ناسراوە. بە هۆی هەندێک تایبەتمەندی حاشاهەڵنەگر و لەبەرچاوگرتنی زەمەنی تایبەت و چەند فاکتەرێکی بەرچاو، مامۆستا محەمەد ماملێ لە ناو نەتەوەی کورددا ناسراوترین ئەندامی ئەو بنەماڵەیە. لە زۆر گۆڤار و ڕۆژنامە و کۆڕ و پەرتووکاندا نووسەران و چالاکڤانانی رامیاری و کولتووری هەوڵیان داوە تا ئەو بنەماڵەیە بە گشتی و مامۆستا محمد ماملێ بە تایبەتی بناسێنن. یەکەم کەس کە پەرتووکی لە سەر ئەو هونەرمەندە نەتەوەییە نووسی، ڕێزدار و مامۆستای هونەردۆست ”محەمەد حسین ئەحمەد” بوو. ڕێزدار سمایلی ماملێش لە دواییدا پەرتووکی خۆی لە سەر بنەماڵەی هونەرمەندی ماملێ و زۆر تایبەتمەندی مامۆستا محەمەد ماملێ لە ژێرناوی توێشەبەرەی هونەری ماملێ بڵاو کردەوە.

لە دواییدا هێژا هیوا قارەمانی پەرتووکێکی لە سەر ئەم مامۆستا کوردپەروەرە و بەرهەمەکانی بە چاپ گەیاند. لە پەرتووکی مێژووی مەهاباد نووسینی مامۆستای هێژا سەید محەمەد سەمەدی لە چەندین بەشی جۆراوجۆردا زانیاری لە مەڕ مامۆستا ماملێ دەست دەکەوێ.

ڕێزدار ”فریدون حەکیم زادە”ش لە پەرتووکی خۆیدا ئاماژەیەکی بە مامۆستا محمد ماملێ کردووە. نووسین و بیرەوەری زۆر بە نرخ لە سەر ئەو بنەماڵەیە و مامۆستا محەمەد ماملێ تا ئێستا بڵاو کراوەتەوە بەڵام بە هۆی نەبوونی ئازادی لە نێوخۆی وڵاتدا و دەستڕانەگەییشتنی زۆر کەس بە سەرچاوەی جێی متمانە، کاریگەری خۆی داناوە و هەر بۆیە دەکرێ لە سەر ئەو بنەماڵەیە زۆرتر بنووسرێت. بنەماڵەیەک کە دیاری پیرۆزی وەک مامۆستا محەمەد ماملێی پێشکەش بە نەتەوەی کورد کردووە، ناوبانگ و جوانییەکانیان تەنیا بە هونەر و دەنگخۆشی نەبەستراوەتەوە، هەر چەند کە مرۆڤ پێویستە قەڵەمی شازادەیەکی وەک شەڕەفخانی بەدلیسی هەبێ تا بتوانێ لە سەر بەرزایی و گەورەیی ماملێ بنووسێ.

لە ڕاستەوە: جەعفەر ماملێ، محەممەد ماملێ و موتەلیب ی ماملێ
لە ڕاستەوە: جەعفەر ماملێ، محەمەد ماملێ و موتەلیب ی ماملێ

میرزا سەعید کوڕی مام مستەفا کوڕی میرزا عەلی (ناسراو بە مام عەلی) یەک لە ئەندامانی کۆنی بنەماڵەی ماملێ لە ناوچەی موکریانی کوردستان بوو. لەو سەردەمدا کە کوردستان لە هەر چەشنە فێرگەیەکی زانستی، خزمەتگوزارییەکی حکومەتی ناوەندی و زۆر پێداویستی سەردەم بێبەر بوو، میرزا سعید ژیانی بنەماڵەی لە ڕێگەی دوکانداری و کرین و فرۆش لە ناوچەدا بە سەربەرزی دابین دەکرد.

کاتێک کە حکومەتی ناوەندی کاری تۆمارکردنی ناو و ناسناوی لە کوردستان دەست پێکرد، بە هۆی نائاگایی و ناشارەزایی بەرپرسی حکومەتی هەڵەیەک رووی دا و مام عەلی بە ماملێ تێگەییشتبوو.

ناوی ماملێ لەو ڕۆژەوە وەک ناسناوی ئەو بنەماڵەیە ماوەتەوە و موکریانی گوتەنی لە زاران زۆر خۆشە. میرزا سعید ماملێ کەسایەتییەکی سەرنجڕاکێشی هەبووە. لە کوردستانێکدا کە بە هەموو جۆرێک ئاسایەش و هێمنی لە جەماوەری کورد خەوشەدار کرابوو، لە هەر دەرفەتێکی گونجاودا کەڵکی وەردەگرت تا شێعری کوردی بخوێنێتەوە و بە تایبەتی حەزیی زۆر لە شێعرەکانی وەفایی بوو.

لە ماڵێدا گۆرانی بۆ منداڵەکانی دەکوت و جیا لە دەربڕینی دەنگی خۆش و ڕەسەنی، وانەکانی گۆرانی گوتنەوەی بە منداڵەکانی دەدا. لە سەردانێکدا کەسەید عەلی ئەسغەر کوردستانی بۆ شاری مەهابادی کردبوو، جیا لەوە کە سید علی اصغری هونەرمەند، خۆشی لە دەنگی میرزا سعیدی هاتبوو، کەسایەتی ناوبراویش زۆر سەرنجی مامۆستا کوردستانی بۆ لای خۆی ڕاکێشابوو. دەگێڕنەوە کە مامۆستا سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی میرزا سەعید ماملێی لە باوەش گرتبوو و فەرمووبووی: مام سەعید خودا شاهیدە من بە دڵ عاشق بە دەنگی تۆم.

یەکەم کوڕی ئەو میرزا حسین ماملێ لە ساڵی 1909ی زایینی هاتە سەر دونیا کە وەک باوکی بۆ ژیری و دەنگخۆشی ناوی بەدەر کردبوو. میرزا سەعید ماملێ جیا لەم نازدارەی پێنج کوڕی دیکەی بە ناوەکانی محەمەد، هاشم، حەسەن، موطەڵب و جەعفەر و کچێکی بە ناوی توبی هەبوو.

شێوەی هەڵس و کەوتی میرزا سەعید لە ناو بنەماڵە و بایەخ بە کەسایەتی ژن و ڕێزلێنان لە گەورە و بچووکی کاریگەرییەکی زەقی لە سەر منداڵەکانی دانابوو، بە شێوەیەک کە تا میرزا حسین لە ژیاندا بوو، مامۆستا محەمەد ماملێ وە نێو گۆڕەپانی هونەر نەکەوت، هەر وەکی کە مامۆستا جعفر ماملێ تا کاتێک کە مامۆستا محمد ماملێ لە ژیاندا بوو، ئەو نەریتەی پاراست و بە شێوەی فەرمی گۆرانی نەگوت.

مامۆستا محەمەد ماملێ خۆی لە ناو کۆڕی بنەماڵەییدا دانی بەوە دانابوو کە ئاستی هونەرمەندی و دەنگخۆشی میرزا حسین ماملێ یەکجار بەرز بوو و فەرمووبووی کە ئەو هەرکات وەک مامۆستایەک سەرنجی میرزا حسینی دابوو و وانەی لێ هەڵگرتبۆوە.مەخابن بە هۆی نەبوونی بوار لەو سەردەمدا، ئێستا هیچ بەرهەمێکی ئەو هونەرمەندە لە بەر دەستدا نییە.