پیرانشار

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
281153614.jpg

پیرانشار شارێک لە باشووری ڕۆژاوای پارێزگای ورمێ و ڕۆژھەڵاتی کوردستانە. پیرانشار‎ لە ڕووی دابەشکارییە کارگێڕییەکانی دەوڵەتی ئێرانەوە، لە ڕوانگەی دیمۆگرافییەوە، لە ڕۆژھەڵاتی ھەرێمی زمانی-فەرھەنگیی کوردستان ھەڵکەوتووە.

لە ڕووی دابەشکارییەکانی ھەرێمە کوردنشینەکان و تایبەتمەندییەکانی فەرھەنگی، پیرانشار‎ بەشێکە لە ھەرێمی موکریان.

شاری پیرانشار‎ بە پێوانەیی ١٦٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە کەوتووەتە ٤٥ پلە و ٣٦ خولەکی درێژایی ڕۆژھەڵاتی و ٣٧ پلە و ١٦ خولەکی پانایی باکوور. لە باکووری رۆژاوا لەگەڵ شاری شنۆ بە ٤٧ کیلۆمەتر، لە باکوور شاری نەغەدە بە ٤٧ کیلۆمەتر، لە باکووری ڕۆژھەڵات شاری مەھاباد بە ٧٥ کیلۆمەتر، لە باشووری شاری میراوە بە دووری ٤٥ کیلۆمەتر و ھەروەھا شاری سەردەشت بە ٩٥ کیلۆمەتر و لە ڕۆژاوا لەگەڵ باشووری کوردستان سنووری ھەیە.

ژمارەیی ماڵ و دانیشتوان بەپێی سەرژمێری ساڵی ١٣٩٥ ی ھەتاوی: خانەوار: ٢٧٦١٧ دانیشتوان: ١٣٨، ٨٦٤ ژن: ٦٨٢٧٤ پیاو: ٦٨٤٠٣ خوێندەوار: ژن ٢٧٥١٦، پیاو ٣٧٩٣٩. نەخوێندەوار: ژن ١٩١٠٧، پیاو ٩٣٤٣.

لێکۆڵینه‌وه‌ کۆنینه‌ناسییه‌کان نیشان ده‌ده‌ن که‌ مێژووی شارنشینی له‌ ده‌شتی پیرانشار که‌ شاری پیرانشار به‌شێکه‌ له‌ ئه‌و، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می برۆنز و سه‌رده‌می ئاسنی پێشامێژوو. شارستانی پیرانشار هه‌شت هه‌زار ساڵ مێژووی شارنشینی هه‌یه‌.

له‌ شاره‌ مێژووییه‌کانی شارستانی پیرانشار، شاری کۆنه‌لاجانه‌. مێژووی کۆنه‌لاجان بۆ پێش ئیسلام و ده‌ورانی ساسانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

ئاسه‌واری دۆزراوه‌ له‌ کۆنه‌لاجان دا له‌ مۆزه‌ی ئازه‌ربایجان له‌ شاری ورمێ دا نماییش دراوه‌. ئه‌م ئاسه‌وارانه‌ پێوه‌ندیدار به‌ دوودمانی ساسانین و چه‌ندین کتێبییان له‌ ئاستی ناونه‌ته‌وه‌یی دا له‌ سه‌ه‌ر نووسراوه‌.

هه‌ر وه‌ها له‌ گوندی ده‌ڵاوان دا که‌تیبه‌ی کاجین دۆزراوه‌ته‌وه‌ که‌ ئه‌ویش پێوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ دوودمانی ساسانیه‌وه‌.

281194.jpg

وشەڕەتناسی (ئیتیمۆلۆجی)

ناوی پیرانشار لە یەکێک لە شەخسیەتەکانی شاھنامەی فیردەوسی وەرگیراوە. پیران شەخسیەتێکی تورانیە لە شاھنامەی فیردەوسی، حەماسەنامەی نەتەوەییی ئێران دا. ھەروەھا پیران لە سەرچاوەگەلی دیکە وەک تەبەری و سەعالیبی دا ناوی براوە. بەپێی تەبەری، پیران پادشای خۆتەن و سپەھبۆدی ئەفراسیابی توران بوە.

ئەو وەک کەسێکی ژیر و ھۆشمەند ناوی براوە کە ھەول و کۆشیشی ھێنانی ئاشتی بۆ نێوان ئێران و توران بوە. لە سەرچاوە کۆنەکانی ئێرانناسی دا، پیران و ئەغریرەت تەنیا کەسانێکن لە ناو تورانیان دا کە بە خۆشنێوی ناویان ھاتوە. پیران دەورێکی سەرەکی لە داستانی سیاوەش، لە داستانی کەیخوسرەو و داستانی بیژەن و مەنیژە دا دەگێڕێ.

ساڵی ١٣١٥ ھەتاوی (لە کاتی حکوومەتی ڕەزاشا) بە پیشنیاری سەعید نەفیسی نێوی ئەو شارە گۆڕدرا و بوو بە "پیرانشار".

ئەساسی ناوگوزاری ئەو شارە بە پیرانشار‎ لە لایەن دەوڵاتی ئێران و سەعیدی نەفیسی ەوە، پیران ی شاھنامەی فیردەوسی بوو کە لە شاھنامەی فیردەوسی دا وەک فەرماندە و سپەھبۆدێکی ھۆشمەند و لێھاتوو دەور دەگێڕێ و تا ببێت بە ئۆلگۆ بۆ پیرانشار‎ وەک شارێکی نیزامی.

ھاوکات لەگەڵ گۆڕینی ناوی پیرانشار‎، شاری سولتان ئاباد بوو بە ئەراک، دوزداب بو بە زاھدان، ئێستەر ئاباد بوو بە گورگان، دێھکورد بو بە شەھری کورد و ساوجبولاغی موکری بوو بە مەھاباد.

مێژوو

لە ناوچەی موکریان و بە تایبەت دەشتی پڕ پیت و بەرەکەتی لاجان و پیران، لێرەوار و لەوەڕگە و کانگا و سەرچاوەی ئاوی زۆر و ھەروەھا کەون بوونی ناوچەکە، بۆتە ھۆی ھەڵدان و پەرەئەستاندنی زیاتری ژیانی مادی و مەعنەوی دانیشتوان و بەم جۆرە گەنجینەیەکی پڕ بایەخیان پێشکەش بە شارەستانیەتی مرۆڤ کردووە ھەروەھا لە سەرەتاوە دەوڵەتەکان، خاوەن دەسەڵاتانی ناوچە و دەرودراوسێکان چاویان برێبووە ئەم خاکە و بە دەیان جار گوندەکانی کاول کران و خوێنی جوتیار و وەرزێران زەوی پێ دێرا.

ئەمجار پاش دامرکاندنی ئاوری رق و کینی داگیرکەران، چەرخی پێشکەوتن و شارستانیەتی وەگەڕ کەوتووەتەوە، برینی بەرەی میراتگر سارێژ بۆتەوە و سەر لە نوێ فەرھەنگ و زانست بایەخی ڕاستەقینەی خۆی پەیدا کردۆتەوە.

شوێنەواری بەجێ ماو لە ناوچەی پیرانشار‎، یادگاری سەردەمی شەڕ و گیانبەخت کردن، پاراستنی کولتوور و فەرھەنگ و مەزەب و ھەروەھا خۆڕاگرتن لە بەرانبەر ھێرشی داگیرکەران دایە.

پیرانشار‎ بەشێک لە موکریانی ئێستایە. ئەم وڵاتە لە ڕۆژگارانی مێژوویی‌دا ناوەکانی "مادی‌بچووک" و "مێد" و "مەیدیا" ناو بانگی دەرکردبوو. ئێستاش ئاسەواری قەڵاکانی پەسوێ، جەڵدیان، گردی مەرقەدی لاوێن، قۆڵی ئاسنگەران لە قەڵاتەڕەشێ و دەیان شوێنی تر یادگاری ئەو سەردەمەیە، ھەروەھا گردەکانی گردئاشەوان، قەرەخدر، قەڵاتی شیناوێ یادگاری دەورانی "ئۆرارتوویی"یان پێوە دیارە.

ھەندێک لە گوندەکانی مێژوویی شارستانی پیرانشار‎ بریتین لە پەسوێ، جەڵدیان، قوبە، زێوکە، ماشکان، سێڵوێ، گردی کاولان، توان، ئەندێزێ، خورینج، کوندرێ، گردگ سپیان، شنۆزەنگ، لاوێن، گردئاشەوان، لک بن، حوجران، شارستێن، شەختان، باستان بەگ، سەڵۆس، گولەک، کەوپەڕ، سێوی گەدە، ترکەشی بەرەوە، ھەنگەوێ، قەڵاتی مەنگوڕان، قەڵاتی موتاوێ، جەڕان، شیناوێ، قەڵاتەرەش، زێوە، کۆنەلاجان و دێڵزێ.

قەڵات و قەڵاتگە نیشاندەری ئاوایی گەورە و گرینگلە ڕابردودایە. ھەروەک دەزانین قەڵات و قەڵاتگە جێگای بەرز و بڵیندن کە بۆ ئەرکی پاسەوانی و پارێزگاری لە دانیشتوانی قەڵا یان خەڵکی ئاوایی و شار تەرخان کراون و یادگاری مێژوویی ھەر ناوچەیەکن. قەڵاتی جەڵدیان (٥٠٠٠ ساڵ بەر لە زایین)، قەڵاتی مووتاوێ (٢٥٠٠ ساڵ بەر لە زایین)، قەڵاتی شار (٩٠٠ ساڵ بەر لە زایین) و قەڵای پەسوێ گرینگترینی ئەم شوێنەوارانەی ناوچەی پیرانشار‎ن. قەڵات و قەڵاتگە لە دیاردەکانی سروشتی پێک ھاتوون یان بە دەستی مرۆڤ دروست کراون کە بە ناوی "تورەکەرێژ" دەناسرێن.

بەرزایی قەڵاتگە بە مام‌ناوەندی دەگاتە ٣٠ تا ٤٠ میتر و لێکۆڵینەوەکانی کۆنینەناسی پێشانی داوە کە ئەم. شوێنەوارانە پتر لە جارێک کەڵکیان لێ وەرگیراوە و چەندین سەردەمی ژیانی مرۆڤیان بە خۆوە بینیوە

ئەوەی کە ئێستا لە تەنیشت ھەر گوندێک و ئاوایەک قەڵات و قەڵاتگە دەبیندرێ، بەڵگەی زیندووی کۆن بوونی ناوچەی پیرانشارە.

با ئەمجارە باسێکمان ھەبێ لە مەڕ تەپک و گردەکانی ناوچە، لەم جێگایانەی ئاسەواری خۆڵەمێش، شت و مەک و ئامرازی شەڕ یان خواردنیان تێدا دۆزراوەتەوە. ھەندێک لەم تەپک و گردە کۆنینانەی ناوجەی بە ناو "گوڵ تەپە" ناسراون. وشەێ "کوڵ" یان "گوڵ" لە شێوەی پەھلەوی و ئازەری دا ھەرکام مانایەکیان ھەیە لە فارسی‌دا بە مانای ئاور و گڕی ئاگرە و لە زمانی ئازەریش‌دا بە مانای خۆڵەمێش و دە زمانی کوردی‌کۆنیش‌دا مانای"ئاگر" ئەدات.

ھەر بەم شێوەیە "کولحان" سۆبە و "موغاری"یە وشەی "گوڵ" پاشان ئاڵ‌وگۆڕی بە سەردا ھات و وەک "کوڵ" بە کاریان ھێنا.

"کوڵ‌تەپە" نیشانێک لە ئاوری دە خۆیێدا نیھان کردووە و ئاورگەی سەردەمی کۆنی ئەم ئاو و خاکەیە. یادگاری سەردەمێکە کە ئاتەشگایەکی زۆر لەم ناوچەیەدا سەریان بەرەو ئاسمان بەرز کردبۆوە و ئاگر لە لایەن ئاگر پەرەستانی زەرتوشتی جێگای رێز و قەدر بووە.

بێ ھۆ نیە ناوچەکانی لێواری گۆلی ورمێ بە مەڵبەندی ژیان و لە دایک بوونی زەرتوشت پێغەمبەری کوردی ئێرانی دەزانن و بە یەک واتە " سەردەشت"ی ئەمڕۆ بەم شوێنە دائەنێن. کول‌تەپە ئاورگەیەکی بچووک لە سەردەمی خۆی‌دا بووە و ئاوربانان (ئاتۆربان) ئەرکی پارێزگاری لە ئاگریان وەک ھێزی خاوەن تین و گەرما بە ئەستۆوە بووە. خۆڵەمێشی جێماو لە کول‌تەپە بە درێژایی زەمان لە سەر یەک کۆ بۆتەوە و یەپکێکی دێوست کردووە کە ئێستا بە شێوەی "کوڵ‌تەپە" دەیبینین. کول‌تەپە لە تەواری ناوچەکانی دراوسێش دەبیندرێ و مەڵبەندی ئێمەش یەکێک لەم شوێنەوارانەیە.

بەر لەوەی کە زەرتوشت بێتە دونیا، گەلانی ئێران و بە تایبەتی دانیشتوانی دەور وپشتی گۆلی ورمێ ئایینی "مەزداپەرەستی"یان لە نێودا باو بووە و وەک ئامۆزایانی ھیندی، مردوویان لە جێگایەکی تایبەتی دەسووتاند، کە وابوو خۆڵەمێشی نێو کول‌تەپە بەرھەمی سووتانی دار و دەوەن و تەرمی مردۆکانە.

کول‌تەپەی گوندی "سەروکانێ" لە ناوچەی لاجانی پیرانشار‎، یەکێک لەم شوێنە باس‌کراوانەیە کە بیری پیرانی بە ساڵاچوودا دێت کە زەمانێک جێگایەکی یەکجار ئاستەم بۆ ھات‌وچۆ بووە و قامیشەڵێنیکی زۆری لە دەوروپشت‌دا بووە لەم شوێنەدا ئاسەواری کۆنینەی زۆر بە نرخ دۆزراوەتەوە.

دوکتۆر بەھمەن کەریمی ساڵی ١٣٣١١ی ھەتاوی ھاتۆتە لاجان و باسی کول‌تەپەی سەروکانێ دەکات و بە "گولی. تەپە"ی سەروکانێ ناوی دەبا

بەڵام سەبارەت بە ئاورگەکانی ناوچە وا باشە باسی ئاتەشکەدەی "سەری کوورە"ی ناوچەی مەنگورایەتی پیرانشه‌هر‎ بکەین کە بەرانبەر بە گوندەکانی "سەڵۆس" و "وەرمیشان" و لەم لاوە گوندی "گولەک" ھەڵکەوتووە. بەرزایی دوندی کێوی ئاورگەی سەری کورە دەگاتە ٣٦٠٠ میتر لە رێکی دەریاوە و سەرنجی ھەر رێبوار و بینەرێک بۆ لای خۆی رادەکێشێ. بە داخەوە فۆڕمی سەرەکی و راستەقینەی ئاتەشکەدەکە نەماوە و کاتی خۆی وەک تەندوور و کوورەی رەژی ساز کردن چووە. ئێستاش لە بەزایی ئەم جێگایە بەردی سووتاو ھەر ماوە. بە گوێرەی وتەی تێکەڵاو بە ئەفسانە لە لایەن خ‌ڵکەوە، ھاوکات دەگەڵ لە دایک بوونی حەزرەتی موحەممەد (دخ) و شکانی تاقی کەسرا، ئاوری ئەم ئاتەشکەدەیەش خامۆش بۆتەوە. سەری کوورب جێگای عیبادەت و راز و نیازی گەورەکانی زەرتوشتی بووەکە کات و ساتی تایبەتی لە ساڵ بۆ بە جێ ھێنانی ئایینی مەزھەبی و قوربانی کردن کۆ دەبونەوە.

یەکێک لە کەسایەتی‌یە مەزنەکانی دەورانی ساسانی بە ناوی"کریتر " لە سەر تاشە بەردێک باسی تەواوی ئاورگەکانی ناوچە دەکات و دەڵێت: من لە سەرانسەری موڵکی ساسانی‌دا ئاوری ئاتەشکەدەکانی " ئاتۆرپاتکان"، " میشان" و.. م گەشاوە راگرت. ئایا ئەم ئاورگەیەی کە کریتر بە ناوی " میشان" باسی دەکات ھەمان سەری کوورەی خۆمان نیە کە. لە نیزیک گوندی " وەرمیشان" ھەڵکەوتووە با ئەو جار باسێکمان ھەبێ لە مەر گۆڕستانەکانی کەونی ناوچە سەبارەت بە شێوەی ناشتنی مردوو لە رۆژگارانی مێژوویی‌دا، دەبێ بڵێین لە ھەر سەر دەمێک‌دا رێ و رەسمی تایبەتی خۆی ھەبوە. سەردەمێک کە زەرتوشتی، بیر و باوەڕی مەزھەبی خەڵک بووە، گۆڕێکمان وەبەر چاو ناکەوێ، ھۆی ئەوەیە کە زەرتوشتی‌یەکان مردوویان بە خاک نەدەسپارد بەڵکوو دەیانسووتاند. کە وابوو گۆڕێکی زەرتوشتیمان نیە. دەستەیەک لە گۆڕەکانی ناوچە وەک سەردەمی ئێستا دەچن و کێلی قەبر بۆ نیشانە کردنی قەبر دیاری کراون.

لە نێو ھەندێک لەم گۆڕانە کە بە ھۆی باو باران یان کێشانی ڕیگا و بان لە ناخی گڵ‌دا ھاتونەتە دبر، ئامرازی شەڕ و نەرەکان یان کەرەسەی خواردن دۆزراوەتەوە. ئەم دەستە گۆڕستانە کۆنینانەی ناوچە ھی سەدەی یەکەمی زایینین. لە نیوەی ھەوەڵی سەدەی یەکەمی زایینی‌دا ڕێ و شوێنی ناشتنی مردوو لە نێو کووپەڵە گڵ‌دا بۆتە باو، سەری کووپە پاشان بە تاشە بەرد داپۆشراون و پیورێز کراون. ھەندێک لەو کووپە گۆڕانە ھی سەردەمی دووەمی زایینیە و جاری وایە لە نێویان‌دا قاپ و قاچاخ و..... بیندراوەتەوە.

دەستەیەک لە گۆڕستانەکانی ناو چەی پیرانشه‌هر‎ لە کۆنەوە بە ناوێکی تایبەتی ناسراون و فۆڕمی قەبرەکان نیشاندەری ئەم راستیەن کە سەردەمێک گەلانی تر وەک غەیری کورد و موسوڵمان لەم شوێنەدا نیشتەجێ بوونە، وەک "کێلە کونتی" و "قەبرە قۆچ" لە گوندی زێوکەی لاجان، " قەبرە قەلە" لە گوندی سێڵوێ، " کێلە سپی " لە گوندی دەڵاوان، " گردی قەبران" لە کوندرێ، گۆڕستانی "نوزەڵێ" لە گوندی پەسوێ و گوندی قوبە.....

ئینجا با باڵی بەرزەفڕی خۆمان بەرەو سەردەمێک لێک بدەین کە لەم ناوچەیە بە ناوی "پارسوا" ناسرا بوو. مێژوو لەم بارەیەوە دەڵێ: قەومی پارس لە رەوتی ھاتنیان بۆ ئاسیای نێو ڕاست و میروپوتما (بین‌النھرین) و کوێستانەکانی زاگرۆس لە ناوچەی پارسوادا نیشتەجێ بوون. مینورسکی رۆژھەلات ناسی بە ناوبانگ دەنووسێ: بە بیر و رای من پارسوا دەبێ ھەر ئەو جێگایە بێت کە ئێستا پێی دەڵێن " پەسوە" یان "پەسوێ".

پەسوێ ناوی گوندێکی گەورەی ناوچەی لاجانەو وێدەچێ ئەم گوندەش لە "پارسوا" را ھاتبێ، بە تایبەت کە شوێنی پەسوێ و وڵاتی پارسوا یەک دەگرنەوە.

کاک مەحموود پێدڕام سەبارەت بە ناوی ئەم گوندە بیر و رایەکی جیاوازی ھەیە و دەڵێ دە زمانی کوردی‌دا دەتوانین (س) بە جێگای (ش) بە کار بھێنین و بڵێین پەسوێ یان پاشوێ بە مانای پاش لەوێ "قەڵاتی شا"یە و دەگەڵ مانای پارسوا کە تەنیشت و کەنار دە مێشک‌دا زیندو ئەکاتەوە، یەک دەگرنەوە. ئەڵبەتە ئەوە بیر و بۆ چوونی کاک مەحموود پێدڕامە و بەڵگەی مێژوویی لە دەست‌دا نیە، ئەگینا گوندی پەسوێ و قەڵاتی سا ئێستاش لێک دوورن و بە تایبەت ئەودەم وەسیلەی ھات و چۆ وەک ماشێن نەبووە.....

بەڵگەکانی مێژوویی لە بوونی وڵاتەکانی "مێھری" و "کاراڵا" لە سەر چاوەی چۆمی "زێ"دا ئاگادارمان دەکا کە دەکەوێتە لاجانی ئێستا و بە تایبەتی ناوچەی "بەربنە"ی لاجان. ئەم دوو وڵاتە بچووکە لە گەڵ "پارسوا" ھاو سنوور بوونە.

" ئاشور بانیپال" لە پێنجەمین ھێرشی خۆی‌دا بۆ ولاتانی پارسوا باسی داگیر کردنی چەندین قەڵا و شار لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی مانایی دەکا و دەڵێت: من بەردەوام ھەشت شار و ناوچە لە وانە "قەڵای بوشتۆ"م داگیر کرد پاشان شاری "شوردیرا"م سەر لە نوێ لە چەنگ نەیاران دەرھێنایەوە.

کاک مەحموود پێدڕام قەڵای "بوشتۆ" بە "قەڵاتی شا" لە ناوچەی سەرشاخانی لاجان دەزانێ و شاری شوردیرا بە گوتەی ئەو شارێک بووە لە سەرچاوەی چومی زێی بچووک دا.

بەڵگەکانی مێژوویی باسی پەلاماری "سارگۆنی دووھەم" سای دەوڵەتی ئاشوری بۆ ئەم ناوچەیە دەکات. سارگۆن لە نێوان ساڵەکانی ٧٢٢ تا ٤٥٠ی بەر لە زایین‌دا حکومەتی بە دەستەوە بووە. مێژوو لەم بارەیەوە دەڵێ سارگۆن لە موسڵ ڕا بەرەو ئێران ھات و لەشکری کێشایە ئەم خاکە. لە رەوتی ئەم لەشکر کێشانەدا خەڵکی وڵاتی مانایی ئارد و شەڕاب و کەل و پەلی تری پێداویستی ئەوانیان دابین دەکرد. سارگۆن لە سولەیمانی کوردستانی ئێراق تێپەڕی و گەیشتە چۆمی زێ‌یە، لەم چۆمە پەریەوە و ئەمجار لە شوێنێکی کە ئێستا بە ناوی پەسوێ و لک‌بن و مەیدان ناسراوە، چل و دوو کەس لە سەرکردەکانی عێل و وڵاتەکانی بچووکی ناوچەی بە خزمەت گەیشت و سەرجەم سارگۆنی دوھەمیان بە مەزن و سەرکردەی خۆیان قەبوڵ کرد و ھەروەھا خەڵات و زێر و ئەسپ و کەرەسەیەکی زۆریان پێشکەش کرد. سارگۆن فەرمانی دا لە سەر دیواری قەڵا و قەڵاتگەکان ئاڵی سەر کەووتن بچەقێنن و ھھروەھا لە کەنار شاری "لاتاش" کە دەکەوێتە نێوان پەسوێ و مەھابادی ئێستا و لە تەنیشت "قەڵای سپی " واتە. قەڵاتی پەسوێ " ئۆللۆسونۆ" سای دەوڵەتی مانایی بەخشی

" ئۆللۆسونۆ" لە لایەن سارگۆنی دووھەمەوە کرابوو بە شای مانایی، بەڵام پاشان لە ئەمر و فەرمانی ئەو دەرچوو تا ئەوەی کە لەم ھێرشەدا سەرلەنوێ ھاتەوە ژێر فەرمانی سارگۆن.

بەڵام لە سەردەمی ھاتنی سپای ئیسلام، ناوچەی ئێستای پیرانشه‌هر‎ بە ناوی " سەڵڵەق" دەناسرا و لەم شوێنەدا کوردەکانی " ھەربانی" نیشتەجێ بوون کە پاشان بە ناوی "راوەندی" و "رەوادی" ھاتنە ئارا. پاش ئەوەی کە وڵاتی کوردستان و ئازربایجان لە دەست خەلیفەکانی عەباسی ھاتنەدەر و ھاروونەڕەشید ھاتە سەرکار، ئیبراھیم ناوێکی کردە وەزیر، ئیبراھیم لە پاشان ھاتە لاجانی ئێستا و دە گەڵ کچی حاکمی ئەودەمی گوندی قەڵاتی مووتاوێ زەماوەندی کرد و کورێکیان بوو بە ناوی "دەیسیم".

دەیسیم تەواوی ئازەربایجان و کوردستانی خستە ژێر چاوەدێری و پاشان دەگەڵ دەیلەمی و لاھیجانی‌یەکانەوە ئێستای باشووری ئێران، تێکەوت بەڵام بە ھۆی خەیانەتی سەرکردەکان، نەیتوانی سەرکەوێ و ناوچەی ئێستای لاجان کەوتە دەستی ئەوان.

وێدەچێ ناوی "لاجان" یان "لاھجان" لە لایەن ڵ دەیلەمی و لاھیجانی‌یەکانەوە داندرابێ ئەویش بە ھۆی زەنوێر و سەرسەوز بوونی ناوچە، ئەگینا لاجان و لاھجان بە مانای شوێن و جێگای پەروەردە کردنی کرمی ئاوریشمە و دەگەڵ تایبەتمەندێکانی ئەمڕۆ و ئەودەمی لاجان یەک ناگرێتەوە.

حوسێن حوزنی موکریانی دەنووسێ: ساڵی ٤٢٩ی کۆچی ئۆغۆرەکانی پێشڕەوی سەلجووقی‌یەکان ھێرشیان ھێنایە سەر عەشایری ھەزیانی بەڵام سەرنەکەوتن. ئۆغۆزەکان دەیان دەست‌درێژی تریشیان بۆ ھەزیانی‌یەکان ھێنا و ئێستاش ناوی گوندەکانی "گردی مرادبەگی"،"قوبادبەگیان"، "بەستام‌بەگ" و "ئوغەن" و.... یادگاری ئەو سەردەمە ھەر ماون.

ئۆغۆز لە لایەن خەلکی ناوچەوە بە "تورکە ڕەشە" ناسراون و ھەروەک دەزانین سلجووقی‌یەکانیش تورک زمان بوون.

281110136 57326706103710.jpg

لاپەرەکانی مێژووی پیرانشار‎ یادگاری سەردەمی ئیسلام و سوپای عەرەبەکانیشی پێوە دیارە. پتر لە ٣٠٠ چاک و پیر وشەخس و نەزەرگەی ناوچە شاھیدی زیندووی ئەم ئیدیعایەی ئێمەن. بەڵگەی مێژوویی سەبارەت بە ھێرشی سپای ئیسلام بە سەر کردایەتی "خالیدی کوری وەلید" بۆ ناوچەی پیرانشار‎ و گوندی شارستێن لە ناوچەی مەنگورایەتی ئاگادارمان ئەکا و ھەروەھا لە بوونی قەڵای پتەوی ئەم گوندە و شای وڵاتی مەنگورایەتی:مەنجوڕات" دەدوێت. بە یەک وتە گوندەکانی "گردڕەحمەت" و "گردشەیتان" شاھیدی شەڕی نێوان سپای ئیسلام و کوردەکانی ھەزبانی لە لایەکی ترەوە بووە.

پەریخان زۆر بە زیبک و زاکوون بووە لە ھەمان حاڵیش‌دا زۆر کەیفی لە پیاوان ھاتووە تا ئەو رادەیەی کە رێبواران و کەسانێکی خۆشی لێیان دەھات، بانگی دەکردنە دیوەخان داوای دەست تێکەڵ کردنی لێ دەکردن، ئەگەر کابرا رازی بایە ئەوە ھیچ، ئەگەر بەرھەڵستی کردبوایە، فەرمانی دەدا لە نێو چیغ دا بیسووتێنن. سەرئەنجام پەریخان دەگاتە مەحمەڵ ناوێک کە بۆ فرۆشتنی مەڕ و مالات دێتە شار پەریخان خۆشی لێ دێت و لە دوایی‌دا رەگەڵی دەکەوێ.....

ئێمە لێرەدا مەبەستمان لێکدانەوەی فۆلکلۆری نیە. ھەر بۆیە سرنجی خوێنەرانی تامەزرۆ بۆ شریتەکانی تۆمار کراو یان کتێبی "توحفەی موزەففەرییە" نوسراوی ئۆسکارمان رادەکێشین.

ئێستاش لە بەربنە ئاسەواری شاری "قەرە چەلیان" و "قەڵای میر زۆرابخان" و ئاشکەوتی بێژ و بەرانان (بێشوێ) ھەرماوە. کە وابوو وا باشە ھەڵەی خوا لێ خۆش بوو کاک "عەلی حەسەنیانی"ش راست بکەینەوە کە شوێنی روودانی ئەم بەیتە بە بێ بەڵگەیەک و تەنیا بە بیر و بۆچوونی خۆی بە ناوچەی شاروێران و گوندی دەریاز دادەنێ.

سەرەڕای ئەوانە زۆر بەیتی تری کوردیمان ھەیە کە ناوچەی پیرانشه‌هر‎ دەگرنەوە وەک:

کانەبی، خەج و سیامەند، ھەمزەئاغای مەنگوڕ، کاک باپیری مەنگوڕ، شێخ ڕەش و شێخ مەند، سوارۆ، پایزە، ئازیزە و چەندت تر.

مێژووی ناوچەی پیرانشه‌هر‎ لە گەڵ ناوی بڵباسیش تێکەڵاوە. بڵباس مەبەست ناوی پێشووی عەشایری پیران، مەنگوڕ و مامەش لە ئەم دیو و ئەم دیوی کوردستان لە ناوچەی پیرانشار‎دا بووە. شەڕەفنامە سەبارەت بە بڵباس دەنووسێ: عەشیرەی رۆژەکی بریتین لە ٢٤ تایفە لە ناوچەی خۆیت کۆبوونەوە و دوازدەیان " بڵباس " و دوازدەی تریان بە ناوی "قوالیس" جیا بوونەوە. ئەم سەرچاوەیە ئیتر باسی ئەوە ناکات کە ناوی بڵباس لە کوێ را ھاتووە و بە چ مانایەکە.

یەکەم سەرچاوە کە ناوی بڵباسی تێدا ھاتووە قوڕئانێکی دەس نووسە کە ئاماژەی بە ناوی "مەنسوور کوڕی سادقی. بڵباسی" کردووە

بڵباسەکان ھەردوو دیوی سنوور پەیمانی ھاوکاری ناوچەیان بە یەکەوە بەستبوو، ئەم ھاوکاری‌یە ساڵی ١٢٠٩ی ھەتاوی لە لایەن میر محەممەد، میری گەورەی سۆران لە رەواندز ھەڵوەشایەوە. بڵباسەکان بە دەیان جار لە لایەن دەوڵەتەکانی ناوەندی ئێران و عوسمانی و میرانی بابان و ئەردەڵان و سۆران و موکری پەلامار دراون، بەڵام ھەرکات. وەک ھێزێکی بەرگری، خۆیان نواندووە

لە بەردەنوسی ئاگۆنی دووھەم – شای کاسی– لە ھەزارەی دووھەمی پێش زایین‌دا، ھاتووە کە پەیکەری خودایانی ئەو سەردەمەیان لە ‹خانا›ڕا گەڕاندۆتەوە بۆ بابل کە پێشتر لەوانەیە لە لایەن ھیتییەکانەوە دوای تێکڕووخاندنی بابل پاش گەڕانەوە لە وێیان بەجێ‌ھێشتبێت. لێکۆڵینەوەی شوێنەوارەکانی قەڵاتی شا کە کەوتووەتە سەر کێوی لەندی شێخان – لە کێوە بەرزەکانی پیرانشه‌هر‎ – ئاشکرا دەکات کە یەکەم بەردی بناغەی ئەو قەڵا گەورە و سەرسوڕھێنەرە لە سەرەتاکانی ھەزارەی یەکەمی پێش زایین‌دا لە لایەن ھۆزەکانی دانیشتووی ئەو ناوچەیەدا دامەزراوە و دوایە لە سەردەمی مادەکان‌دا پەرەی پێدراوە. لە سەدەی ٩ی پێش زایین‌دا ناوچەی شارستانیپیرانشاری ئێستا کەوتبۆ ناو سنوری حکومەتی مانناییەکان. وڵاتی ماننا بە ھۆی باری نیزامی و ھاوسێیەتی لەگەڵ حکومەتە گەورەکانی ئۆرارتۆ و ئاشوور زۆر جاران لە تێکھەڵچوونی نێوان ئەو دوو ھیزەدا دەست بە دەست گەڕا. سارگۆنی دووھەم (٧٢٣-٧٠٥ پێش زایین) لە ھێرشی ھەشتەمی خۆی‌دا بۆ ماننا و ئۆرارتۆ بە ناوچەکانی ئێستای پیرانشه‌هر‎ و پەسوێ‌دا گەیشتە قەڵای ماننایی ‹سینی ھینۆ› کە وێدەچێ ھەر قەڵای پەسوێ بێت. ھەر لەو دەمەدا ئۆللۆسۆنۆ، گەورەی ماننایی ئەو ناوچەیە، لە نزیک پەسوێ لەسەر ڕێگای مەھاباد گەیشتە خزمەت سارگۆن و ھاوکاری خۆی بەوی راگەیاند.

زۆر لێکۆڵەر وەک مینۆرسکی ناوی پەسوێی ئێستا وەرگیراو لە ‹پارسۆئا› دەزانن کە لە بەشی رۆژاوای وڵاتی ماددا بووە. ئەو ناوچەیە پاش دامەزرانی یەکگرتوویی ماد و پاشایەتی ھەخامەنشی، ئەشکانی، و ساسانی بەشێک بووە لە وڵاتی ئەوان. بە دەست پێکردنی ھێرشی عارەبە موسڵمانەکان، خەڵکی ناوچەی پیرانشه‌هر‎ بەرەنگاریان کردوون و لەئارادا بوونی چەند گۆڕستانی ئەسحابانی سەرەتاکانی ئیسلام لەو ناوچەیەدا وەک ‹چل شەھیدان› و ‹دایە شێخی› شادەی ئەو وتەیە. لەوانەیە شارۆچکەی ‹بەسوی› کە یاقوتی حەمەوی لە سەدەی ٧ی مانگی‌دا لە نزیک ‹خانی خاس‌بەگ›دا ناوی بردووە ھەر ئەو ‹پەسوێ›ی ئەوڕۆ بێت و لە راپۆرتەکەی‌دا ‹بەسوی› بە شارێکی چووکە ناساندووە کە مووچەی دیوانی ٢٥ ھەزار دیناری ھەبووە و لەوێ‌دا دەغڵ و دان و ترێ و ھێندێک میوە بەرھەم ھاتووە.[١]

  1. سەرچاوە: ویکیپیدیا