ئێ خۆ خانی خەڕەک نییە؟

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

ئامادەکردنی: داناز عەبدولڕەحمان

448304278 .jpg


زۆر گوزارشت و پەند و ڕووداو هەن،زۆر بەکاریان دەبەین و کەچی کەمتازۆر لە واتایان بێ ئاگاین.

جا ئەو گوزارە و بەسەرهاتانە هەتا ئێستاکەش لە قسەکردن و هێنانەوەی پەند و بەسەرهاتەکاندا دەوترێنەوە و گۆدەکرێن، وەک خۆ خەڕەک نیە،دیسانەوە خەڕەکە،ئۆ نەبڕایەوە خۆ خەڕەک نیە،ئۆو ئیتر خەڕەکە،ئەڵێی خەڕەکە شکاوی

خەڕەک چییە؟ ـــــــــــــــــــــــــــ

ئامێرێکە لەکاری جۆڵایدا بۆ بەن ھەڵکردنەوە بەکاردێت، ئەو (داو)ەی یان ئەو (بەن)ەی کە بۆکاری چنین بەکاردێ بۆ دروستکردنی جاجم ، پۆپەشمین،بەرماڵ،شاڵی ڕانک و چۆغە و گەلێک شتی تر.هەمیشە لە جوڵەدایە و "بەن"ەکە بەبەتەواوەتی هەڵدەکاتەوە و بەتوندی ڕایان ئەکێشێێت و دەیان خاتە پاڵ یەکتر بەشێوەیەکی زۆر جوان و ڕێک وپێک،خەڕەک دەنگێکی کەمێ ناخۆشی هەیە،بۆیە زۆر جار کە کەسێ دەنگ دەنگ بکات یان کەسێک زۆربڵێی وچەنە باز بێت پێی ئەڵێن دە وسبە ئەڵێی خەڕەکە شکاوی.

کاری سەرەکی خەڕەک بەتەواوەتی ئەوەیە کە ئامێرێکە گڵۆڵەى پێ دەکرێته(لیلکە).

لیلکەش :قامیشێکى بچووکە کە درێژێکەی ٣-٤ سم ئەبێت. کە بەنى لەسەر هەڵدەکرێتەوە،هاو شێوەی خولخولۆکەیەک.

ساڵانێکی زۆر پیشەی جۆڵایی لە کوردستاندا زۆر باو بوو بەتایبەت لەسەر دەستی جوولەکەکان (دیان).

کە زۆر پەرە و برەوی پێدرا.ئەوان شارەزایی وسەلیقەیەکی زۆر باشیان هەبوو لەکاری جۆڵاییدا،کە بەشێوەیەکی هونەری جوان ئەو کارەیان ئەکرد.وەک:

(نەوەرد ، لایەر ، دانە ، گورد ، چۆلەکە ، لالە ، پێ تەقە و پردەڵە). جۆڵایش بریتی بوو لە دروستکردنی جاجم ، پۆپەشمین ، بەرماڵ ، شاڵی ڕانک و چۆغە و گەلێک شتی تریان بەرھەم ئەھێنا. ھەندێک جاجمیان دروست ئەکرد لە شێوەی چوار گۆشە یان درێژ کۆلە لە دەزوی لۆکە یا خوری ئەوەندە سفت و ڕێک و پێک و جوان ، سیمیان تێکەڵ ئەکرد ڕەنگاو ڕەنگ ، مەگەر مەکینە بتوانێ بەو شێوەیە دروستی بکات. جاجم و پۆپەشمین و پیشەی جۆڵایی وردە وردە ڕووەو نەمان ئەچن.

خەڕەک چۆن دروست بوو؟ ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

ئەم ئامێرە بۆیەکەمین لەلایەن داهێنەرێکی بەریتانی کەناوی "جەیمس هارگرێڤز" بوو دەزگای خەڕەک دروستکرا و وەگەڕ خرا.

ئەم داهێنەرە لەساڵی 1720 لەوڵاتی ئینگلتەرا لەدایک بووە و لە ساڵی 1778 کۆچی دوای کردوە.

کار و پیشەی خۆی لە بنەچەدا دارتاش و جۆڵا بووە.

بۆیە توانی ساڵی 1764 ئامێرێک دروست بکات و کە کار ئاسانی بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی بکات،دەزگای خەڕەک یەکێک بوو لە کارە باشەکان بۆ ئەو سەردەمە و ئێستاش.

زۆر لە شاعیران شیعریان دەربارەی خەڕەک نوسیوە.

مەحوی ــــــــــــــــ

  • مونەجیجم عومری زایع بوو لە بەحس و فیکری ئەفلاکا
  • کە پیرێژن هەمیشە هەر لە ئەحواڵی خەڕەک دەدوێ

پیرەمێرد ـــــــــــــــــ

  • وەختێ کەژن بوو بەگەورەی گەڕەک
  • بائیتر ئێمە دەست بدەینە خەڕەک.

حەمدی ــــــــــــــــ

  • وەک خەڕەک چەرخی فەلەک دایم خەریکە با ئەدا
  • دوو کڵافەی میھر و ماھی خاوی بای دوولا ئەدا
  • وا سەری بازاڕی کۆنی گرتووە وەک مشتەری
  • چاکی ناسیوە بە دنیا تا قەد و ھەودا ئەدا.

نالی ــــــــــ

  • مەسەل دنیا ژن و، چەرخیش خەڕەک،
  • دەم دەم بە دووخی غەم
  • ڕەگی تاری وجوودت با دەدا، هێشتاکو هەر خاوی
  • زەمانە چەرخ و، چەرخی ئاسمانیشی، فەلەک فیلکە
  • سەری ڕشتەی وجوودی چەندە باداوی و هەر ماوی