بانگی حەق

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

سێ ژمارەکەی ڕۆژنامەی بانگی حەق...

543014.jpg

نووسینی: عومەر مەعروف بەرزنجی

لە سەرەتای مانگی مارتی ساڵی 1923 دا سەر لەنوێ کێشەو پەیوەندی نێوان حکومەتی دووەمی باشووری کوردستان و داگیرکارانی ئینگلیز گەیشتە ئاستێکی ترسناک و شاری سلێمانی بۆردومان کرا، شێخی نەمری بەردە قارەمان لەبەرەبەیانی ڕۆژی چواری مارتی ئەو ساڵەدا بە ناچاری و بە خۆی و هێزەکانییەوە کشایەوە بۆ ناوچەی سورداش و ئەشکەوتی جاسه‌نه ی کردە بنکەو مەڵبەندی سەرکردایەتی خۆی.

ئەوەیشی لە یاد نەکرد کە ئەو چاپخانەی (بەلەدیە) ی پێشتر ڕۆژنامەی (ڕۆژی کوردستان) ی پێ چاپ دەکرا بە جێی نەهێڵێ و بیگەیەنێتە هەواری تازەی بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەیەک کە ببێتە زمانحاڵی شۆڕشەکەی. دیارە ئەمەیش وەک دکتۆر کەمال مەزهەر ئەحمەد دەڵێت (گەورەترین بەڵگەی بەرزبوونەوەی بایەخی ڕۆژنامەنووسییە لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو قۆناغەی گەلی کورددا.)

شێخی نەمر لە ڕۆژی 08-03-1923 دا بەو چاپخانەیە بەیانی ژ (1) ی چاپکردو تێیدا ئینگلیزەکانی بە بێ بەڵێن ناوبردووە، دواتر لە ڕۆژی 28-03-1923 دا یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی (بانگی حەق) ی بە دوو لاپەڕە و قەوارەی 22×33 سانتیمەتر لە ئەشکەوتی جاسه‌نه بڵاوکردەوە و لە ژێر ناونیشانی ڕۆژنامەکەدا نوسراوە (ناشکێ بە تۆپ و بۆمبا سەرفرازە بانگی حەق) و (غەزەتەیەکی ڕەسمییە لە قەرارگاهی عمومی ئۆردوی کوردستان گەبع دەکرێ و غایە و ئەمەلی استحێالی حقوقی کوردە).

ناوەڕۆکی ژ (1) بابەتێکی سیاسییەو بە حەوت خاڵ باس لە ڕووداوەکانی ئەو ماوەیە دەکات و دەڵێ : (ئینگلیزەکان درۆیان لەگەڵ کورددا کردووە و لە بەڵێنی خۆیان پاشگەزبوونەوە.) ژ (2) ی ڕۆژنامەکە چاپ نەکراوە و بە مسۆدەیی ماوەتەوە، بەڵام ژ (3) ی ڕۆژی 12-04-1923 چاپکراوەو بڵاوکراوەتەوەو هەندێ تەعلیماتە بۆ هەیئەتی مودافەعەی میللیەو سەرجەم تەعلیماتەکان (10) بڕگەن و بە ناوی (مەحمود) باش قوماندان و مەلیکی کوردستان بڵاوکراوەتەوە.

ڕۆژنامەی (بانگی حەق) کە مەبەستی بنەڕەتی هاندانی جەماوەر بوو دژی کردەوە و ڕەفتاری ئینگلیزەکان و تەنیا (3) ژمارەی بڵاوکرایەوە، فڕۆکەکانی ئینگلیز تەنگیان بە شێخ مەحموودی حەفید هەڵچنی و بە ناچاری ناوچەی سورداشی چۆڵکرد و ڕووی لە ناوچەی (پیران) کرد. دیارە ناوی ڕۆژنامەکەیش باس لەو حەقە ژێر پێنراوە دەکات کە ئینگلیز کردییە قۆچی قوربانی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆی.

لە کاتێکیشدا هێزەکانی ئینگلیز چوونە ناو ئەشکەوتی جاسه‌نه (ئەدمۆندز26-11-1889- 1979) ی ڕاوێژکارو ئەفسەری بە ناوبانگی ئەو سەردەمەیان لەگەڵدا بووە، وەک کەسێکی خوێندەوارو دەربەستی مەسەلەی ڕوناکبیری و مێژووی ڕۆژنامەنووسی ناوچەکە، هەر سێ ژمارەکەی ئەم ڕۆژنامە دانسقەیەی دەسگیر دەبێ و دەیانپارێزێ و لە ساڵی 1925 دا لێکۆڵینەوەیەکی ورد بە زمانی ئینگلیزی سەبارەت بەم ڕۆژنامەیەو ڕۆژنامەکانی تری سەردەمی حوکمڕانی شێخی نەمر.