تەلاری حەسیب ساڵح

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

ئامادەکردنی: داناز عەبدولڕەحمان

448259441 .jpg

کە بەپاسەکانی سەرچنار و ڕزگاری و شەکرەکە و ئاوبارە و بەختیاری دەهاتین و نزیک دەبووینەوە لەبیناکە یەکسەر دەمانووت کاکە (حەسیب ساڵح) دابەزین هەیە.

بۆ ناوینشان و دۆزینەوەش هەمیشە دەمانووت!

لای حەسیب ساڵح چاوەڕێت ئەکەم،ماڵمان لە خوار حەسیب ساڵحە،لای چەپی حەسیب ساڵح بینایەکی لێیە،بەلای حەسیب ساڵحە ڕێک بڕۆ خوارەوە،تەنیشت حەسیب ساڵح،بەرامبەر حەسیب ساڵح.حەسیب ساڵح دەزانی خۆ...

لە یادەوەری وخەیاڵدانی خەڵکی ئەمشارەدا ئەم یادگاریی و بەسەرهاتانە زۆر هەیە ..

حەسیب ساڵح ناوێکی دیار و پڕ یادەوەرییە،کە ڕۆژانێک بوو خەڵکی ئەم شارە گۆیان دەکرد و کردبوویانە هێما وسمبولێک بۆ ناسینەوەی شوێنەکانیان.

'حەسیب ساڵح' کێیە؟ ـــــــــــــــــــــــــــــــــــ

ئەندازیار و بەڵێندەرێکی بەناوبانگی پیشەیی کورد بوو ،لەسەر ئاستی عێراق و خۆرهەڵاتی ناوەڕاتسیش ناسرابوو.

441929641 .jpg

حەسیب کوڕی مەلا ساڵح خەرپانەییە.لەبنەچەدا خەڵکی گوندی خەرپانەی ناوچەی هەورامانن.

لە12 کانوونی ساڵی 1930ز لە شاری کەرکووک لە دایکبووە.

ماوەیەکی زۆر لەگەڵ خێزانەکەی.ژیانی مناڵی لە گوندی هۆمەر قەومی ناوچەی سورداش ی سلێمانی گوزاندووە،دواتر گەڕاونەتەوە شاری کەرکووک.

لەساڵی ۱۹٥٤ز کۆلێجی ئەندازیاری شارستانی لە زانکۆی بەغداد بەپلەی یەکەم تەواو کردووە،لەبەر زیرەکی و شارەزایی مەلیک فەیسەڵ خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشیوە.

خاوەنی چەندەها پڕۆژەی گەورەی تەلارسازی و ئاوەدانییە لە عێراق و کوردستاندا.

بەناوبانگترینیان مۆنۆمێنتی ئازادییە لە گۆڕەپانی تەحریری بەغداد کە کارێکی هونەرمەند جەواد سەلیمی لەسەر نەخشێنراوە.تەلارەکانی بانکی ڕافدەین و وەزارەتی تەندروستی کاری ئەون.

یانەی ڕۆشنبیریی زانکۆ و کتێبخانەی سلێمانی لە ساڵی 1979ز دروستکردوە.

لە کۆتایی هەشتاکاندا سەرۆکی بەڵێندەرانی عێراق بووە، هەروەها سەرۆکی یەکێتی بەڵێندەرانی دەوڵەتە عەرەبیەکانیش بووە.

لە ساڵی2012 لە شاری عەممانی پایتەختی ئوردن کۆچی دواییکرد و تەرمەکەی برایەوە بۆ شاری کەرکووک و لەگۆڕستانی شێخ محێدین بەخاک سپێردرا.

شوێنی بیناکە دەکەوێتە کوێی سلێمانییەوە؟.

441894976 .jpg

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

ئەم تەلارە دەکەوێتە سەرەتای گەڕەکی چوارباخ و کۆتایی شەقامی سالم و دەروازەی شەقامی مەولەویی و بەرامبەر باخی گشتی.

لەکۆندا دەشتێکی چۆڵ بوو کە خەڵکی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریان تێدا دەکرد و زەوییەکی تەخت و گونجاو و ئارام بوو،بۆیە ئەو شوێنە وەکو پێگەیەکی گرنگ بەباشترین شوێن بۆ بەرزکردنەوە ئەو بینایە دەست نیشانکرا.

دوو دەشتی باش لە تەنیشت یەکەوە بوون کە هەر دووکیان بۆ هونەری بیناسازی لەباربوون.

دەشتی "بەستەپیازە" کە باڵاخانەی حەسیب ساڵحی لەسەر بیناتنراوە. دەشتی دووەمیش دەشتی "وەیس" کە کتێبخانەی سلێمانی لەسەر دروستکرا.بۆیە تەمەنی نزیکەی چل ساڵ دەبێت و ئێستاش بیناکە هەروەک خۆی ماوەتەوە.

ساڵی چەند تەلاری حەسیب ساڵح تەواو کرا؟ ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

ئەم تەلارە یەکێک بوو لە بڵندترین تەلارەکانی باشووری کوردستان.

بە کەرەستەیەکی زۆر تۆکمە و نەخشەیەکی مۆدێرن و سەردەمیانە ساڵی 1979 تەواو کرا. نزیکەی 10 ساڵی خایاند تا تەواو کرا.زۆر لە گەنجانی ئەو شارە وەک کرێکار کاریان لەو باڵاخانەیەدا کردوە و چیرۆکی سەیر وسەمەرەیان هەیە.

کە ئەوکات لەسەرانسەری عێراق ئەم تەلارە ناو و ناوبانگی تایبەتی خۆی هەبوو و یەکێک بوو لە بینا بەرز و دیارەکان.

ببوو بە سمبوڵ و ڕەمزێکی گرنگ بۆ گەشتیاران و دانیشتوانی ناوە و دەرەوەی شارەکە.زۆرجار هاوڵاتیان شوێنەکانیان بە هۆی ئەم بینایەوە دەدۆزییەوە و دەست نیشان ئەکرد.

سێجار ناوی ئەم تەلارە لە مێژوودا گۆڕاوە! ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لە سەرەتای دروستبوونی ئەم تەلارە بۆ ئوتێل دروستکرا و بە "ئوتێل سلێمانی" بانگ دەکرا.

دواتر بە "ئوتێل السلیمانیە السیاحی".بانگ دەکرا

442006981 .jpg

دواتر بەناوی ئەندازیارەکەوە ناونرا و "حەسیب ساڵح" بانگ دەکرێت.

دەشێ هۆکاری ئەوەبوو کاتێکی زۆری خایاند و ناوی ئەو ئەندازیارە هێندە دووبارە بوو بێتەوە لە گوێی خەڵکیدا،نزیکەی 10 ساڵی پێچوو تا باڵاخانەکە بەتەواوەتی بەرزکراوەتەوە.

دواتریش ناوی ئەندازیارەکە بە لەوحەیەک لەسەر ئوتێلەکە نوسرا بوو لەگەڵ زانیاریی تەواو دەربارەی دروستکردنی وتێلەکە و تێچوویی دیاری کرابوو.

ئەم تەلارە پێکهاتووە لە حەوت نهۆمی بڵند و مۆدێرن.تا باڵاخانەی شەشی ئوتێلە شەست ژووری جوان و کە دەیڕوانی بەسەر هەموو شاری سلیمانیدا.

یادەوەری ئێمە لەگەڵ حەسیب ساڵح. ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکان و خەڵکی لەناو باخی گشتی وێنەیان دەگرت تاوەکو پشتی وێنەکەیان بینای ئوتێلەکە بێت.وەک یادگارییەک لای خۆیان یاداشتیان دەکرد.

بەڵام لە سەرەتایی نەوەدەکاندا ناوی حەسیب ساڵح بۆ دانیشتوانی شاری سلێمانی پڕە لە یادەوەری خۆش و مێژوویی.

ناوی حەسیب ساڵح یادەوەرییەکی قوڵی لە هزر و خەیاڵدانی دانیشتوانی شارەدا هەیە،هەم وەک تەلارێکی جوان و ناوازەی ئەو سەردەم و هەمیش وەک ناونیشان و ڕەمز و سمبوڵ بۆ دۆزینەوە و دەست نیشانکردنی شوێنە گشتییەکان . هەرچەندە لەسەرەتایی نەوەدەکاندا ناوی ئوتێل و بیناکەی حەسیب ساڵح گۆڕدرا.

بەڵام یادەوەریی ویادگارییەکان هەروەگ خۆیان ماونەتەوە و هیچ لەزاکیرەی خەڵکی ئەو شارە نەگۆڕاوە،دەرحەق بە چیرۆکە کۆنەکان.

بەداخەوە ئیتر وردە وردە بۆ جیلی تازە،ناوی حەسیب ساڵح دەبێتە ناوێکی نامۆ.

بەڵام بۆ جیلی پێشوو هیچ لە خەیاڵدان و هزری خەڵکانێک ناسڕێتەوە.کە یادەوەریی و یادگارییان لەگەڵ ئەو ناوە مێژووییەدا هەیە و ئێستاش هەر بە حەسیب ساڵح بانگی دەکەن.