دوو نامەی هێمن بۆ دکتۆر شوکریە ڕەسوڵ

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

کچی خۆم شوکرییەی خۆشەویست

537771Image1.jpg

ئەوە یەکمجارە ئەو عینوانە بۆ کچێک دەنووسم. بۆخۆم کچم نیە و هەرگیز بە چاوی بابانەوەش تەماشای هیچ کچێک ناکەم. بەڵام لە دەروونمدا من تائێستاش جوانی پەرستم هیچ جوانێکیشم پێ لە کچ جوانتر نی یە. بەڵام لە تەواوی ژیانم دا هەرگیز هیچ جوانێک بێ لە کچ نەیتوانیوە زەوقی من ڕازی بکات و ڕەنگە پێم وایە لەویش جوانتر هەیە و جارێ تووشی نەهاتووم. هەر وەک هیچ شێعرێکیش بە تەواوی ڕازی نەکردووم، چونکە پێم وایە لەوە جوانتر دەکرێ بخولقێ.

کچی خۆم بەڵام ئەوە ئەم عینوانەم بۆ تۆ نووسی، چونکە هەست دەکەم تۆ وەک کچێک منت خۆش دەوێ منیش دەبێ وەک باوک تۆم خۆش بوێ. شوکرییە گیان بڕوا بکە لە کانگای دڵمەوە خۆشم دەوێی هیوام وایە نەک هەر کچێکی چاکی من بی، بەڵکو کچی کورد بی. کچی چاک بە بڕوای من ئەوە نیە، لە بن عەبا و ڕووبەند دا بژی و نوێژ و تاعەت بکا ڕوو لە نامەحرەم بگرێ، من کچێکم پێ چاکە، بە چەکی زانینەوە خزمەت بە نیشتمان و نەتەوەکەی بکا. تێت ڕادەبینم تۆ یەکێک لەو کچانە بی. هەر ئەوەی بەهەستەوە یادی کەسێک دەکەیەوە کە ژیان بۆ ئەو وەک جەهەننەم وایە بەسە بۆ ئەوەی تۆ بناسین و بزانین کچە کوردێکی کە خزمەت کارانی کوردت خۆش دەوێ.

هەم بخوێنە، هەم بژی. من قەت ئەوەندە وشک نیم پێم وابێ خوێندکارێک دەبێ شەو و ڕۆژ سەری لە سەر کتێب بێ و تام لە ژیان نەکا. ئەوەندەش بێ موبالات نیم حەق بدەم بە کەسێک هەلی وای بۆ هەڵکەوێ و کەلکی لێ وەرنەگرێ. سەرکەوتنت بە ئاوات دەخوازم. سڵاوی هەموو کچ و کوڕێکی باشی کورد لەوێ دەگەێێنم. لە باتی من تەماشای جوانەکان و ناسکەکانی وێ بکە. هەرچەندە دەزانم خۆت زەوقی لێ وەرناگری.

لە نووسین و خوێندنەوەی کوردی غافڵ مەبە. خەریکم دیوانەکەم چاپ بکەم هەر چاپکرا، بۆت دەنێرم.

باوکت

باوکی دڵسۆزت هێمن

1 hemn mukryani1.jpg


شەکراوە شیرینەکەم

بە خوای چاکت کرد، شەکراو ناوێکی شیرین و خۆشە.بەڵام هەی هوو. شیرینیایەتی شەکراو لە کوێ و شیرینیایەتی کچێک. کچە کوردێکی جوان و دڵگر، کچە کوردێکی ڕيزا سووک و چەلەنگ لە کوێ؟ نا، نا، شەکراویش بۆ تۆ ناوێکی تەواو نییە بەڵام لەوەی پێشوو باشترە. تەنیا منداڵێکی بچووکە کە شەکراو بە ماچێکی لێوی جوانان دەگۆڕێتەوە ئەوەیش پاش ئەوەی پەرەوازە بوو تێ دگا چەند تێ شکاوە. کچی خۆم، نازانم بۆ کەمێکم بۆنی ناهومێدی و بەزیوی لە نامەکەت کرد، تۆ لە تەمەنێک دای کە نابێ خەم بخۆی، وەڕەز بی، هەست بە غەریبی و دوورە وڵاتی بکەی.

ئەویش لە مۆسکۆ، لە مۆسکۆی جوان. ئەگەر لە باتی باوکی خۆت بای چت دەکرد؟ ئەوە پێنج ساڵی تەواوە پی ی ناوەتە شەش ساڵ دوور لە خۆشەویستان بە پیری و فەقیری و چارەڕەشی ڕای دەبوێرم. شەوان وەک مانگی یەک شەوە باوەشم ئاوەڵەیە بۆ خۆشەویستەکەم، بۆ ئەو خۆشەویستەی کە ساڵانی ساڵ لە باوەشم دا ئارامی دەگرت، بە ڕۆژ بۆ بەڕێ چوون، بۆ ژیان کار دەکەم، ئەویش کارێک کە لە گەڵ زەوقی شاعیرانەم یەک ناگرێتەوە، ئێواران کە دەگەڕێمەوە کەس چاوەنۆڕم نیە. بەڵام بەو حاڵەوە دەردی دڵ ناکەم و قسەکانم بۆنی ناهومێدی لێ نایە و تەنانەت پێم وا نیە زیانم کردووە. چونکە دەزانم لەو حاڵە دا پتر دەتوانم خزمەتی نەتەوەکەم، نەتەوە بەش خوارەوەکەم، نەتەوە لێ قەوماوەکەم بکەم.

2 hemn mukryani.jpg

کچەکەم. بۆ ئێمە هەموو کچ و کوڕ و ژن و پیاو و لاو و پیرێکی کژورد ناهومێدی یانی مردن، یانی بەزین، یانی سەنگەر بەردان، کە چاوەنۆڕ نیم کچێکی وەک تۆ تێگەیشتوو و پێگەیشتوو ناهومێد بێ. هیوا دارم گوڵی هیوات سیس نەبێ و بڵێسەی هومێد لە دڵە ناسکەکەت دا نەمرکێ.


خۆشەویستەکەم. خۆر خەرێکی خوێندن بە. زانین بۆ خۆی خۆشترین شتە لەم دنیایە دا، بەڵام زانایەکی وشک و بەرزە دەماغ مەبە پاش گەڕانەوەش لە نەتەوەکەت جوێ مەبەوە و پیاو هەرچی زانا بێ لە ئاپۆرەی خەڵک خاناتر نیە. دڵنیا بە هەرچی پتر بزانی هێشتا موحتاجی ئەو ژنە قەرەجە دەبی کە پار شتی لێ فێر ببووی. ئینسانێک ئەو دەمی چارە ڕەشە و دەبێ بەزەییت پێ دا بێ و زگت پێی بسووتێ کە وەک هێندێک لە نەزانەکان لای وا بێ پڕ بووە و لە خەڵک بێ نیازە.

شەکراو گیان سڵاوی تۆم بە مامۆستا هەژار و کاکە حەمە ڕافەیاند ئەوانیش بە نۆرەی خۆیان سڵاوت لێ دەکەن. کۆڕی زانیاری کارێکی باشی کرد، هەژاری ناردە پاریس تا کورد و زمانی کوردی بە ڕۆژهەڵاتناسەکان بناسێنێ. کاک دوکتۆر کەماڵ مەزهەر و دوکتۆرە نەسرین فەخریش چوون، سەرکەوتوو بن.

3 hemn mukryani.jpg


من بە تەنێ لە بەغدا ماومەوە و ئارەق دەڕێژم. بە ڕاستی گەرماش بەڵایەکی گەورەیە، ڕۆژ تا ئێوارێ دەهاژم و بە لووزەو ئارەق دەڕێژم و ناتوانم بیر بکەمەوە. شەوانە بە تاقی تەنێ لە سەربانە بەرزەکەم ڕادەکشێم چاو لە مانگ و ئەسطیران دەبڕم، ئەویش تەنیایی و بێ جووتی ڕيبجم دەدا.

ئەوە ماوەیەکە خەریکی هێندێک کاری زانستی و فەرهەنگیم و شێعری تازەم نیە. دیوانەکەم خراوەتە ژێر چاپ. بەڵام کەی تەواو دەبێ؟ نازانم. لە عێڕاق کتێبی بڕێک گەورە چاپ کردنی گرانە. منیش لە کتێبی بچووک چاپ کردن بێزارم و دەمەوێ هیچ نەبێ بەشێکی گەورەی دیوانەکەم چاپ بکەم. بەشەکەی تری با بمێنێتەوە بۆ پاش مردنم تا منیش وەک قانیع پاش مەرگم هەبێ. خۆشەویستەکەم. هەتاو هەڵات و ئارەقەم بە ناوچاوان دا هاتە خوار و نووسین دژوار بوو. جارێ ماڵ ئاوا..

4 hemn mukryani.jpg

باوکت هێمن

20-09-1974 نامەم هەر بۆ بنووسە

سەرچاوە: ڕووداو