دڵدار

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
0005 (1)77.jpg

ناوی یونسی کوڕی مەلا رەئوفی کوڕی مەحمودی کوڕی مەلا سەعدی خادم ئەلسجادەیه.

لە ڕۆژی 20-02-1918دا لەشاری کۆیە لەدایکبووە.

لەبەرئەوەی ئەم وڵاتە لەژێردەستی تورکەکاندا دەیناڵاند و میری نەخۆشەکەی تورکیاش، بەهۆی ئەوەوە لەشەڕی یەکەمدا شکابوو و تەواو پەرێشان و کەنەفت بوو، گرانی و قاتوقڕی و نەخۆشی و بێدەرەتانی، وەک هەموو وڵاتێکی گیرۆدەی دەستی شەڕ و وێرانی، ئەم کوردستانەشی ئابڵۆقەدابوو.

ئێستەش چیرۆکی سامناکی شەڕی سەفەربەرلگ و ئاوارەیی و کوشتن و تاڵان و بڕۆ و بێگار و سەرانەو لافاوی نەخۆشی و کارەساتی رۆژانەی ژەندرمەکان و لەبرسانا بەکۆمەڵ مردن و نرکەو ناڵەی منداڵ و ئافرەت و پیری لێقەوماو و بێدەرەتان بەسەر دەمی هەموو ئەو پیرانەوەیە کەدڵ و زمانیان بەئاگری ئەو شەڕەبرژاوە و خۆیشیان نازانن چۆن ماون و بۆچی لەو کاروانی مردن و کۆچکردنە دابڕاون و رێگایان هەڵەکردوه... هتد.

لەو گێژاوەسەختەدا دڵدار سەری هەڵداوە و هاتۆتەجیهانەوه. باوکی فەرمانبەرێکی بچووک بوە و لەتاو هەژاری و نەبوونی و گەڕان بەشوێن پاروەنانێکی ژیان و گوزەریدا، خێزانەکەیان زۆر تاڵ و سوێری و سارد و گەرمی چەشتوه، پاش ماوەیەک باوکی دەکەن بەفەرمانبەری سەرژمێری رانیەو لەتەمەنی دەساڵیدا دڵدار دەخرێتە قوتابخانەوەو پۆلی یەک و دووی سەرەتایی لەرانیەتەواوکردوه.

دڵدار لەبارەی ژیانی رانیەوە دەڵێت: هەرچەند رۆژێکی چاک و چوار رۆژانیش نەخۆش بووم، سەرەڕای ئەوەش رانیەم هەر لەلا خۆش بوو، بەتایبەتی سەوداسەری قوللەبووم.

هەر کاتێ چاک بووبامایەوه، مەلەم لەڕووبارەکەو لەبن دار بییەکان راوە چۆلەکەم دەکرد.

Dldar-diwan.jpg

دوای ماوەیەکی کەم باوکی لەسەر فەرمانەکەی لادەبەن و ناچار بەماڵەوە دەگەڕێنەوە بۆ کۆیە و خوێندنی سەرەتایی لەکۆیەتەواو دەکات.

لەبارەی خولیای هۆنراوەی و چێژ لێ وەرگرتنی خۆیەوە دەڵێت: هێشتا لەقوتابخانەی سەرەتاییدا بووم، کە دیوانی حاجی قادری کۆیی یم زۆرتری لەبەر کردبوو، هەمیشەبەوردی سەرنجم لەهەڵبەستەکانی عەونی و راجی و عاسی و حسێنی و هیرانی دەدا و لەبەریشم دەکردن، بەوانەش دابین نەبووم هەڵبەستی هەرکەسێکم دەستبکەوتایە دەمنووسیەوە و لەبەریشم دەکردن. بەتایبەتی هەڵبەستی وەفایی، کوردی، بێکەس، پێرەمێردم زۆر لەبەرکردن و هەر لەو ساڵەدا هەستم بەوەدەکرد، کەچێژ لەهەڵەبەست وەرگرم و زۆر گیرۆدەی بووم.

لە1935دا لەپۆلی یەکی ناوەندیدا بووم، کەدیوانی 'نالی'م زۆر بەوردی خوێندەوه، هەڵبەستەجوانەکانی 'نالی' لەگەڵ هەڵبەستە ئاگرینەکانی حاجی قادری لەسەر پێشەوایەتی وێژەی لەمێشکمدا شەڕیان بوو.

ئەو کێشەکێشەدەرگای هونەری شاعیری لێکردمەوه، زۆر کەڵکەڵەی وام لەکەلەدا بوو حەزم دەکرد لەبۆتەی هەڵبەستەدا دایڕیژم. ئەوجا بەناو خەڵکیاندا بڵاوبکەمەوەو ئیتر هەر خۆم تاقیکردەوه.

دڵدار، یەکەمین هۆنراوەی لەساڵی 1935دا داناوەو لەژمارەی 2ی ساڵی 1935دا لەگۆڤاری ڕووناکیدا بڵاوکردۆتەوه.

لەساڵی 1940دا لەشاری کەرکوک قۆناغی دواناوەندی تەواو دەکات و ئینجا روو دەکات بەغدا و چۆتە کۆلێژی یاسا و ساڵی 1945 بڕوانامەی کۆلیژی یاسایی وەردەگرێت و دەبێتەپارێزەر.

لەتەمەنی سی ساڵیدا بەژەهراویبوون لە 1948-11-12دا لە شاری هەولێر کۆچی دواییکرد و سەری جوانەمەرگی نایەوه.

DlDar.jpg

وەک دیارەزۆر خولیای زانین و بەتایبەتی فەلسەفە بووه، ئەم یادگارانەشی بۆ بەجێهێشتووین:

1- فی طریقی الی معرفة الحقائق انتقادات الی قلب البهائیین

2- وتارێک دەربارەی عومەری خەییام

3- زمانی کوردی و ئەدەبیات

4- نارکۆزی کۆمەڵایەتیمان

5- اقتصادنا الوطنی

6- بیرەوەریەکانی یونس رەئوف دڵدار

ئەی ڕەقیب

بەناوبانگترین شیعری دڵدار سروودی نیشتیمانی کوردستانە:

  • ئەی ڕەقیب ھەر ماوە قەومی کورد زومان ** نایشکێنێ دانەیی تۆپی زەمان
  • ئێمە ڕۆڵەی ڕەنگی سوور و شۆڕشین ** سەیری کە خوێناوییە ڕابووردومان
  • ئێمە ڕۆڵەی میدیا و کەی خوسرەوین ** دینمان ئایینمانە ھەر نیشتمان
  • کەس نەڵێ کورد مردوە کورد زیندووە ** زیندووە ھیچ نانەوێ ئاڵاکەمان
  • چەند ھەزار لاوانی کوردی نەڕڕەشێر ** بوون بە قوربانی و ھەموویان نێژران
  • لاوی ئێستاش حازر و ئامادەیە ** جانفیدانە جانفیدانە جانفیدان
  • لاوی کورد ھەڵسانە سەرپێ وەک دلێر ** سا بە خوێن نەقشی دەکەن تاجی ژیان
  • کەس نەڵێ کورد مردووە کورد زیندووە ** زیندووە ھیچ نانەوێ ئاڵاکەمان

بابەتە پەیوەستکراوەکان