سمایل شەریفزادە (مەلا عەزیز)

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

سمایل شەریفزادە ناسراو بە (مەلا عەزیز) لە ساڵی 1942 لە شاری مەهاباد لە دایکبووە.

60428 w920.jpg

تێکۆشەرێکی حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) بوو لە ساڵی 1968 کە بە ھاوکاریی جاشێک، بە دەستی سەربازانی محەممەد ڕەزا شا شەهید بوو.


سمایل شەریفزادە ساڵی ١٩٤٢ لە مەھاباد لە بنەماڵەیەکی بازرگاندا لە دایک بوو.

زۆر منداڵ بوو کە بابی کۆچی دوایی کرد. قۆناغی سەرەتایی لە مەھاباد خوێند و ناوەندی لە قوتابخانەی ئەلبوورز تاران تەواو کرد و دیپلۆمی وەرگرت؛ دواتر لە بەشی ئەندازیاریی ئێلێکترۆنیک لە زانکۆی فەننی تاران درێژەی بە خوێندن دا و چوار مانگ بەر لەوەی دەرسی زانکۆ تەواو کا دەستی لە خوێندن ھەڵگرت و چوو بۆ باشووری کوردستان. سمایل لە زانستگەی فەننی لەگەڵ گرووپە مارکسیستییەکانی زانکۆی تاران دۆستایەتی پەیدا کرد.

ساڵی ١٩٦١ کاتێک کۆماندۆکانی ڕژیمی شا ھێرشیان بردە سەر زانکۆی تاران چەند ڕۆژێک گیرا؛ سمایل تێکۆشەرێکی ھەڵسووڕاوی ناو خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران بوو.

دوای ھێرشی ساواک بۆ سەر تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک) و گەلی کورد لە تاران و لە شار و گوندەکانی کوردستان لە ڕەشەمەی ساڵی ١٣٤٢ی ھەتاوی ئەو وەبەرنەھات و توانی خوی بگەیەنێتە باشووری کوردستان و لەوێ جگە لە ئەرکی سیاسی ناو حیزب کتێبی (دفاعییاتی خەسرەوی ڕووزبە) ی بۆ سەر کوردی وەرگێڕا. سمایل و ھاوڕێکانی ساڵی ١٩٦٧ ھاتنەوە ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە بەشێک لە گوندەکانی ناوچەی سەردەشت، بانە و مەھاباد لە نێو کۆمەڵانی خەڵکدا دەستیان کرد بە کاری ڕێکخستن و ئەوە بوو بە دەسپێکی جووڵانەوەکانی ٤٦–٤٧.

سمایل ساڵی ١٩٦٥ لە بەشێک لە نامەیەکدا کە بۆ دۆستێکی خۆی لە ئەورووپای نووسیوە دەڵێ: «ئەمن ھەر بە عیشقی ئازادی دەژیم و لەو پێناوەدا چەرمەسەرییەکی زۆرم دیتووە؛ بەڵام ھەروا لەسەر ئەو ڕێگایەی گرتوومەتە بەر سوورم و ھەتا دێ بە حەق بوونی ئەو خەباتەم زیاتر بۆ ڕوون دەبێتەوە و بە ھیوای گەیشتن بە سەرکەوتن دەژیم.

شەھید بوون

کوێخا شەریف جاشی ڕژیم شەو کاتێک پێشمەرگە لە ماڵی کوێخا حوسێنی دارێنە لە گوندی دارێنەی سەرووی بانە نووستبوون پەلاماریان دەدات و دوایەش دەچێتە پاسگای سێلمێ و ھەواڵیان پێ دەدات؛ لە ئاکامدا بەیانییەکەی ڕۆژی ١٢ی بانەمەڕی ١٣٤٧ بەرامبەر لەگەڵ ٢ی ئایاری ١٩٦٨ ژاندارمەکانی ڕژیم ئەو شوێنەیان گەمارۆ دا کە سمایل و ھاوڕێیانی لە نزیک گوندەکە لێی دامەزرابوون.

دوای شەڕێکی شەش سەعاتە لە نێوان پێنج پێشمەرگە و ھێزێکی سێسەد و پەنجا کەسی لە ژاندرامی حەمە ڕەزا شا؛ گوللەی بازووکا سینگی سمایلی پێکا و چرای تەمەنی کوژایەوە.

لەو شەڕەدا سمایلی شەریفزادە، میرزا محەممەدی شادمانی، حوسێنی ڕەحمان ڕابی و عەلی عەوڵا کۆڵی کوژران و یەکێک لە پێشمەرگەکان بە ناوی ئالیاز توانی لەگەڵ ئەوەشدا کە بریندار ببوو ئاڵقەی گەمارۆ تێک بشکێنێ و نەکەوێتە دەست دوژمن. تەرمی مەلا عەزیز نەدراوە بە بنەماڵەکەی؛ بەڵکوو بە نھێنی لە گۆڕستانی (کوچکە ڕەشی) شاری سنە ناشترا.

ساڵی ١٣٥٧ بۆ ڕێز لێنان لەم چوار شەھیدە پەیکەرێک لەو گۆڕستانە داندرا کە ڕژیمی ئێران تەختی کرد و لە ناوی برد.