شادمان فوئاد مەستی

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
363335317.jpg

دکتۆر شادمان فوئاد مەستی له مانگى ئابی ساڵی ١٩٤٣ له گەڕەکی کانێسکانی شاری سلێمانی له ئامێزی خانەوادەیەکی ڕەسەن و كوردپەروەر لەدایک بووە، لە باوکەوە کوڕی ئەندازیار فوئاد مەعرووف مەستی یە، کەبرای زاناو نووسەری ناسراوی کورد تۆفیق وەهبی بەگە، لە دایکەوە کوڕی عەتیە خانی کچی مەجید بەگی کانێسکانە.

قوتابخانەى سەرەتايى له مەکتەبی فەيسەڵیيه تەواو كردووە و ناوەندى و دواناوەندى له ئامادەیی سلێمانی کوڕان خۆێندووە.

ساڵی ١٩٥٩ -١٩٦٠ لە کولێژی پزیشکی زانکۆی موسڵ وەرگیراوە، لە سەر ئارەزووی خۆی بۆ خوێندن چٶتە دەرەوەی وڵات. لە وڵاتی چیکوسلۆفاکیای جاران بڕوانامەی پزیشکی وەرگرتووە.

پاش وەرگرتنی بڕوانامەکەی لەگەڵ ئەندازیار میران مەستی برا گەورەیدا لە مەکەدۆنیا، کە جاران سەر بە یوگسلافيا بووە جێگیر بوون و ژیانی هاوسەری هەر لەوێ پێکهێناوە، خاوەنی دوو کچە، بە ناوەکانی دکتۆر تانیا و دیانا.

سەردار فەتاح و دکتۆر شادمان فوئاد مەستی
سەردار فەتاح و دکتۆر شادمان فوئاد مەستی

‎د.شادمان فوئاد مەستی، لە خانەوادەیەکی تێکۆشەر و دێرینی شاری سلێمانییە، هەرگیز نە خۆی نە خوشک و براکانی دانەبڕاون لە کوردایەتی و بەرخودان، کۆچکردوو برای ئەندازیار میران، کە ئەویش لە شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی نوێشدا پێشمەرگە بووە و هەروەها برای فەریقی یەکەمی روکن نەوشیروان فوئاد مەستی وەزیری پێشووی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە، ئەندازیار کامەران و شەهیدی نەمر نەریمان فوئاد مەستی، کە نووسەر و ڕۆژنامەنووسێکی بە توانای گەنج بووە، سڵی ١٩٧٤ خوێندکاری دوا قۆناغی کۆلێجی ئادابی زانکۆی بەغدا بوو، لەگەڵ چوار لە ھاوڕێکانیدا شەهیدان (لەیلا قاسم و حەسەن حەمە ڕەشید، جەواد ھەمەوەندی و ئازاد سلێمان میران) سەرلەبەیانی ڕۆژی ١٢ی ئایاری ١٩٧٤، لەگەڵ ھەر چوار ھاوڕێکەی لەزیندانی ئەبوغرێب لە سێدارە دران و تەرمی حەسەن و نەریمان هێنرانەوە و لە گردی سەیوان نێژران.

هەروەها خاوەنی دوو خوشکە یاساناس خەرامان و چراخان.

د.شادمان فوئاد مەستی دکتۆری شۆڕش و پێشمەرگەی دێرین، لەسەرەتای هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ لەساڵی ١٩٧٦ بەدواوە، لەگەڵ ئەندازیار میران مەستی برایدا، چەندینجار بە داودەرمان و ئامێری پزیشکییەوە گەڕاوەنەتەوە بۆ کوردستان و بۆ ناوچە ئازدکراوەکان و چارەسەری پێشمەرگەی کردووە، بەداخەوە ڕۆژی یەکشەممەی ڕێکەوتی 23/7/2023 لەشاری سکۆپیا لە باکوری مەکەدۆنیا کۆچی دوایی کرد و هەر لەوێش بەخاکسپێردرا

363775336 9637273436343.jpg

سەرچاوە: سەردار فەتاح