لەیلا قاسم

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

ناوی تەواوی لەیلا قاسم حەسەن کە ڵهوڕە لە 27-02-1952 لە گوندی (بانمیل) لە شاری خانەقین لەدایکبووە.

8486722.jpg
10364031 .jpg

گوندی بانمیل لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە لایەن حکومەتی بەعسەوە سوتێنراو لە دوایی پرۆسەی ئازادی ئێراق لە لایەن کوردەکانەوە ئاوادان کرایەوە.

گوندی بانمیل نزیکەی 2 کیلۆمەتر لە شاری خانەقینەوە دوورە.

قاسم حەسەنی، باوکی لەیلا، کرێکاری کۆمپانیای پاڵاوگەی نەوتی ئەڵوەن بوو. دوای ئەوەی ناوبراو خانەنشین کراوە، ساڵی 1971 لە خانەقینەوە ماڵیان گواستۆتەوە بۆ بەغدا.

هەموو خوشک و براکانی لەیلا (سەبیحە، سەلام، سەفا، سەڵاح) خەریکی خوێندن بوون و لە قوتابییە زیرەکەکانی ئەو سەردەمەی کوردبوون.

سەرباری خوێندن هەریەکەیان لەپای خوێندنەکەیان بۆ بژێوی ژیانی خێزانەکەیان کاریان کردووە. بنەماڵەی لەیلا قاسم لەگەڵ ئەوەی لەنێو رەوشێکی هەژاریدا دەژیان، بەڵام زۆر بەختەوەربوون. لەیلا قاسم بۆ یەکەم جار لەساڵی 1958 لەشاری خانەقین چووەتەبەر خوێندن و قۆناخەکانی سەرەتایی و دواناوەندی لەم شارە تەواوکردووە.

لەیلا لەساڵی 1971دا لە بەشی کۆمەڵناسی/ کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا وەرگیراوە. لەیلا کەهەر لەتەمەنی منداڵییەوەی هەژاری و نەداری چەشتبوو، لەلایەکیش و زوڵم و زۆرداری رێژیمی داگیرکەری عێراق لەسەر گەلی کورد، بیری ئازادیخوازانە و خەبات و تێکۆشانی لەلای لەیلا قاسم دروستکردبوو.

103.jpg

لەیلا هەر زوویش ئاشنایەتی لەگەڵ بزووتنەوە و رێکخستنەکانی نەتەوەکەیدا پەیداکردبوو.

ساڵی 1970 لەڕێگای سەلام قاسمی برا گەورەکەیەوە پێوەندی بەبزاڤی سیاسیی نەتەوەکەیەوە کردووە و لەنێو ریزەکانی 'یەکێتیی قوتابیانی کوردستان' خەبات و تێکۆشانی بەڕێوەبردووە.

لەیلا قاسم لە نێو قوتابییە کوردەکانی زانکۆی بەغدا رۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە وشیارکردنەوە و رێکخستنیان. لەکاتێکدا کەدەگوترا ژن ناتوانێت شانبەشانی پیاوان لەشار و لەشاخ و لەدێهاتەکاندا خەبات بکات، لەیلا بەپێچەوانەوە شانبەشانی قوتابییە کوڕەکانی کورد خەباتێکی بەرفراوانتری بەڕێوەدەبرد و دژ بەنایەکسانی مافەکانی ژنان و پیاوان بوو، بەتایبەتیش کەبۆ خودی خۆی لەبواری کۆمەڵناسیدا دەیخوێند و زۆر باش لەڕاستییەکانی کۆمەڵگەی کورددا تێگەیشتبوو.

لەیلا قاسم لەگەڵ یەکێک لەهاوڕێکانی خۆی بەناوی جەواد هەمەوەندی کە بەیەکەوە خەبات و چالاکییان دەکرد، زۆر یەکتریان خۆشدەویست.

01zckWgAAVIaa.jpg

ئەگەرچی لەیلا خوێندکاری زانکۆ و جەوادیش کرێکاری یەکێک لەکارگەکانی بەغدا بوو، وەلێ خۆشەویستییەکی بێسنووریان لەنێواندا هەبوو. لەیلا هەر بەڕێگەی جەوادیشەوە بۆ ماوەیەک لەناوچەکانی باشووری کوردستان چووە نێو ریزەکانی پێشمەرگەوه. ئامانجی لەیلا قاسم لەمەدا زیاتر ناسینی رەوشی سیاسی کورد و بەشێوەیەکی باشتر بەڕێوەبردنی خەباتی رێکخستن بوو لەنێو شارەکاندا.

لەیلا قاسم و جەواد هەمەوەندی هەردووکیان هاوبیر و کۆک بوون لەپرسەکاندا لەپێناو سەرکەوتنی دۆزی رەوای گەلەکەیاندا. لەیلا و جەواد ئەوینی خۆیان تێکەڵ بەئەوینی کوردستانی نیشتمانەکەیان کردبوو. لەیلا بەخەبات و تێکۆشانی خۆی سەلماندی کەژنانیش شانبەشانی پیاوان دەتوانن خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی گەلەکەیان بەڕێوەببەن.

24 154608.jpg

لە سەرەتای ساڵەکانی 1970 کە گەلی کورد لەباشووری کوردستان بەقۆناخێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبوو، لەیلا قاسم و جەواد و هاوڕێکانیان سەرباری نکۆلیکردنی رێژیمی داگیرکەری بەعس لەهەبوونی گەلی کورد، ئەوان سووربوون لەخەبات و تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلەکەیان. هەروەها لەیلا و جەواد لەسەرەتای ساڵی 1974 بەیەکەوە لێکۆڵینەوەیەکی زانستییان لەسەر کۆمەڵگەی کورد ئەنجامدابوو و لەدەرفەتێک دەگەڕان کەبڵاوی بکەنەوە. بەڵام بەهۆی تێکچوونی گفتوگۆکانی نێوان سەرکردایەتی کورد و رێژیمی عیراق و دەستپێکردنەوەی شەڕ و پاشانیش بەهۆی گیرانی لەیلا قاسم و جەواد و هاوڕێکانی تریان دەستنووسی لێکۆڵینەوەکەشیان لەلایەن سیخوڕەکانی حکومەتی عیراقەوە لەناوبردرابوو.

10364031.jpg

لەئاداری 1974دا دوای دەستپێکردنەوەی شەڕ و هێرشکردنەوەی رێژیمی عێراق بۆسەر ناوچەکانی کوردستان، رێژیمی داگیرکەر دەستیکرد بەکۆچبەرکردنی هەزاران کورد و بۆردومانکردنی هەردوو شاری قەڵادزێ و هەڵەبجە و راوەدوونان و گرتنی رۆشنبیران و قوتابیان و ئازادیخوازانی کورد. هەر لەو کاتەدا هەزاران کەسیش لەتاکەکانی کۆمەڵ بۆ بەرگریکردن لەمافی نەتەوەکەیان روویان لەشاخەکان کرد و چەکی پێشمەرگەیاتییان هەڵگرت. لەو کاتەدا لەیلا قاسم و جەواد هەمەوەندی و نەریمان فوئاد و هەندێک لەهاوڕێکانی تریان پێیانوابوو خەباتکردن تەنیا لەشاخ بەس نییە، بەڵکو خەبات و تێکۆشان لەشارەکاندا و لەنێو جەرگەی دوژمندا پێویستیەکی زۆر گرنگی ئەو قۆناخەیە، بۆیە روویان نەکردە شاخەکان و لەبەغدای پایتەختی عێراق بۆ درێژەدانی خەبات و تێکۆشان مانەوە.

لەگەڵ بەرفراوانبوونی شەڕەکان لەساڵی 1974دا، دەزگا هەواڵگرییەکانی رێژیمی بەعسی عێراق بەردەوام و زۆر بەتوندی چاودێری یەک بەیەکی تاکەکانی کوردییان دەکرد. بۆیە ئەوەندەی نەبرد لەڕۆژی 1974.04.28دا لەیلا قاسم و چوار لەهاوڕێکانی (جەواد هەمەوەندی، نەریمان فوئاد مەستی، حەسەن حەمە ڕەشید و ئازاد سلێمان میران) لەئەنجامی هەڵمەتێکی بەرفراوانی هێزەکانی ئاسایش و سەربازی رێژیم لەبەغدا دەستگیرکران. رۆژنامەی الپورەی زمانحاڵی رێژیمی بەعسی دەسەڵاتدار و رادیۆ و تەلەڤزیۆنی نێوخۆیی عێراق، لەیلا قاسم و هاوڕێکانی وەک تێکدەر و گێڕەشێوێن و تیرۆریست بەناو کرد، بەڵام لەگەڵ هەموو ئازار و ئەشکەنجەیەکیشیان بچووکترین کردەوەشیان لەسەر ئاشکرا نەبوو.

لەیلا قاسم کچێکی چاونەترس و زیرەک بوو؛ لەڕووی وەڵامی پرسیارەکانی بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری بەعسدا بێ باکانە رایگەیاندبوو: بەکوشتنی من هەزاران کورد لەخەوی نەزانی وشیار دەبنەوە، زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزم کەگیانم فیدای رێی رزگاری کوردستاندا دەکەم. هەموو ئازار و ئەشکەنجەیەک نەیتوانی بڕیاری پەشیمانی بەلەیلا دەربڕێت.

ڕێژیمی بەعسی عیراق بەمەبەستی چاوترساندنی لاوان و قوتابیان و چینی رۆشنبیری کورد یەکسەر دوای دەستگیرکردنیان دادگایەکی نادادوەرانەی دژ بەلەیلا قاسم و هاوڕێکانی بەڕێوەبرد و بڕیاری لەسێدارەدانیانی بۆ دەرکرد. رێژیمی عێراق لەزیندووبوونی ئەو پێنج لاوە کوردە زۆر دەترسا، بۆیەهێشتا دوو هەفتە بەسەر دەستگیرکردنیان تێنەپەڕیبوو، کاتژمێر 7ی سەرلەبەیانی رۆژی 1974-05-12 لەیلا قاسم و هەر چوار هاوڕێکەی لەسێدارەدران. سەلام قاسمی، برای لەیلا قاسم، بەماوەیەک دوای لەسێدارەدانی لەیلا هەر لەبەغدا لەلایەن بەعسییەکانەوە شەهیدکرا. تاوانی سەلام قاسم تەنیا ئەوە بووە کەوێنەی لەیلای خوشکی ناردبوو بۆ دەستی قوتابیانی کورد و ئەندامانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان لەدەرەوەی وڵات. دایک و باوکی لەیلا قاسمیش بەهۆی لەدەستدانی دوو رۆڵەیان، هەر زوو بەکۆست و خەمێکی گەورەوە سەریان ناوەتەوە و کۆچی دواییان کردووە

بابەتە پەیوەستکراوەکان