شیعریەتی نیگەرانی لە دیوانی شێخی ئیشراقدا بەشی 1

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

دکتۆر شاهۆ سەعید

349058990 .jpg

بۆ خوێندنەوە یان داونلۆدکردنی بە پی دی ئێف: (شیعریەتی نیگەرانی لە دیوانی شێخی ئیشراقدا) کلیکی ئەم لینکەی خوارەوە بکە!

پەڕگە:شیعریەتی نیگەرانی لە دیوانی شێخی ئیشراقدا.pdf


ناساندن:


شەهابەدینی سورەوەردی (1155-1191) ناسراو بە شێخی ئیشراق، یان شێخی کوژراو، یەکێکە لە سۆفیگەرە ناسراوەکانی سەدەی دوانزەیەمی جیهانی ئیسلامی. بەگوێرەی پشکنینی هەندێک لە توێژەران، بە رەچەڵەک کورد بووە و لە گوندی "سورەوەرد"ی سەر بە زەنجان لە دایکبووە، کە گوندێکە دەکەوێتە سەر سنوری ناوچە کوردنشینەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان؛ بەڵام هەر زوو ئەو گوندە جێدێڵێت و گەشتێک دەستپێدەکات بۆ بڵاوکردنەوەی مەزهەبی ئیشراق لە سۆفیگەریدا. سوهرەوەردی ژیانێکی کورت ژیاوە، بەڵام گەڕیدەیەکی بەردەوام بووە لەنێوان ئازەربایجان، ئەسفەهان، بەغدا، دیاربەکر، حەڵەب و مەڵبەندە شارستانیەکانی ئەو دەمەی خۆرهەڵاتی دەوڵەتی ئیسلامیدا. لە گەشتەکانیدا، بێهوودە هەوڵیداوە حیکمەتی زەردەشتی لەگەڵ ئایدیاڵیزمی گریکی و شەریعەتی ئیسلامیدا پێکەوە بگونجێنێت. لە تەمەنی سی و شەش ساڵیدا، پاش ئەوەی دەچێتە ململانێیەکی فیکرییەوە لەگەڵ دەسەڵاتی ئاینی و رۆشنبیریی ئەو سەردەمەدا، تۆمەتی زەندەقە (هەڵگەڕانەوە لە ئیسلام) دەدرێتە پاڵی و پاش دادگاییکردنی لەلایەن فەقیهەکانەوە، بە فەرمانی سەڵاحەدینی ئەیوبی و بەسەرپەرشتی زاهیری کوڕی سەڵاحەدین لە قەڵای حەڵەب ئیعدام دەکرێت. لەو ماوە کورتەی ژیانیدا نزیکەی حەفتا کتێب و دەقی جۆراوجۆری، بەهەردوو زمانی عەرەبی و فارسی لە بواری فەلسەفە و عیرفان و ئەدەبیاتدا، نوسیوە.

دیوانی شێخی ئیشراق، یان دیوانی سوهرەوەردی کوژراو، کتێبێکی قەبارە بچووکە، بە بەراورد لەگەڵ کتێبەکانی تری سوهرەوەردیدا بایەخی زۆری پێنەدراوە. لێرەدا راڤەیەکی خێرا بۆ بەشێک لەو دیوانە دەکەین، کە پەیوەندییەکی سیمیۆلۆجی لەگەڵ جیهانبینی و ئەزموونی گشتی سوهرەوەردیدا هەیە، گوزارشتێکی ئیستاتیکی لەو نیگەرانییە قووڵە دەکات کە بە چارەنوسێکی تراجیدیی کۆتایی دێت.

گەڕان لە رووبەری دەق و جوگرافیادا

لەنێوان ژیانی راستەقینەی سوهرەوەردی و ژیانی گریمانەیی ناو دەقەکانیدا لێکچوونێکی زۆر هەیە. ئەو هەمیشە کەسێکی نامۆ بووە، چ لەسەر ئاستی بیرکردنەوەو چ لەسەر ئاستی پەیوەندییەکانی، چ لە زێدی خۆی و چ لەو جوگرافیا دوورانەی کە رووی تێکردوون. نیگەرانی بەشێک بووە لە شوناسی ئەو، نیگەرانی بووەتە ئەنگێزەی گەڕان و سەفەرە بەردەوامەکانی، بەو ئومێدەی کەسانێک بدۆزێتەوە هاوڕای بن، یان ناکۆک بن بەڵام جەدەلی فەلسەفی و عیرفانییان لەگەڵ دابمەزرێنێت. سەرەنجام، لە گەشت و سەفەرەکانیدا بێهوودە دەبێت، چونکە سەردەمی ئەو سەردەمی شمشێر بەدەست و فەقیهەکانی دەسەڵات بووە، کە ئەرکیان شەرعاندنی رەفتارەکانی دەسەڵات و تەکفیری خاوەن بیرکردنەوە جیاواز و نامۆکان بووە.

خۆرهەڵاتناسی فەرەنسی "هێنری کۆربین" لە لێکدانەوەی یەکێک لە کتێبەکانی شەمسەدینی شارەزووری، کە راڤەکار و فێرخوازێکی سوهرەوەردییە، دەنوسێت: "پاش گەڕانێکی دوور و درێژ، (سوهرەوەردی) شکستی هێنا لەوەی کەسێک بدۆزێتەوە کە باوەڕو دیدی لە خۆی بچێت، کە لە بەرهەمی فەیلەسوفان و حیکمەتی پێغەمبەران تێبگات. ئەو تەنها لەلایەن فەقیهەکانەوە سەرکوت نەکرا، بەڵکو تەنانەت لەلایەن فەیلەسوفە ئەقڵانیەکانیشەوە چەوسێندرایەوە کە وەک وەهم لە دنیای هەقیقەتی رۆحیی ئەویان دەڕوانی، دنیایەک کە لەپێناویدا ژیاو لەپێناویدا گیانی سپارد".

دواوێستگەی گەشتەکانی سوهرەوەردی شاری "حەڵەب" بووە، کە کەوتووەتە خۆرئاوای زێدی ئەو. لەگەڵ تاقیکردنەوەی هەموو جوگرافیایەکی نوێدا، هەستی بە غوربەتێکی تاڵ کردووە، سۆزی بۆ رابردوو زیاتر جوڵاوە؛ بەڵام ئاراستەی سەفەرەکانی نەگۆڕییوە و بەردەوام بووە. لە شیعرێکیدا گوزارشت لەو دۆخە دەکات، هاوشوناسی لەنێوان مەعشوقەکەی و "مار"ێکدا دەسازێنی، کە هەم فریوی دەدات و هەم دەیگەزێت. واتە هەرچەندە دڵنیا بووە ئەوە بانگی مەرگە بەرەو جوگرافیای ئاوابوونی خۆر و ئاوابوونی جەستە دەیبات، بەڵام لە عەقیدەی ئەودا ئاوابوونی جەستە، هەڵاتنی رووناکی رۆح و ئاوێتەبوونی لەگەڵ رەهای گەردوونیدا بەدوادا دێت.

  • بەیانیان، لەگەڵ هەموو تیشکێکی نوێدا
  • بە فرمێسک غەریبیتان دەکەم
  • من گازندەی ماری ئەوینم، کە جەرگمی گەستووە
  • هیچ پزیشکێک توانای نیە تیمارم بکات،
  • هیچ کەسێک ئارامیم پێ نادات
  • جگە لە مەعشوقەکەم
  • کە ئێستا هەم دەرمان و هەم تریاکمە.

شیعر وەک پانەگەیەکی مێتافیزیکی

بە مەبەستی هەڵاتن و دەربازبوون لەو نامۆبوونە فیکری و کۆمەڵایەتی و جوگرافییە، سوهرەوەردی پەنای بردووە بۆ جوگرافیای مەجازیی. لە رووبەری دەقەکانیدا سەرگەرمی گەشتی میتافیزیکیی و دامەزراندنی رایەڵەی پەیوەندیی گریمانەیی بووە لەگەڵ کۆمەڵگایەکی یۆتۆپیدا. دانیشتوانی ئەو کۆمەڵگایە فەیلەسوف و حەکیمەکانی خۆرهەڵات و خۆرئاوا بوون پێکەوە. لە دووتوێی بەشێک لە دەقەکانیدا پەیوەندیی و گفتوگۆ لەگەڵ دانیشتوانی ئەو کۆمەڵگا گریمانەییەدا دادەمەزرێنێت، وەک هاوڕێ و کەسانی ئاشنا قسەیان لەگەڵ دەکات و بانگیان دەکات. یەکێک لەو هاوڕێیانە "حەللاج"ی شاعیرە کە بە "برا" ناوی دەبات. دوانی تریان "ئەفلاتۆن" و "زەردەشت"ن، کە وەک دوو ئاشنا هەمیشە هاوسەفەری سوهرەوەردین، یەکێکیان نوێنەرایەتی ئایدیاڵیزمی گریکی و ئەوی تریان نوێنەرایەتی حیکمەتی ئێرانی کۆن دەکات. پەناگەیەکی مەجازیی تر، کە سوهرەوەردی پەنای بۆ دەبات زمانی شیعرییە، بەدیاریکراوی شیعریەتی عەرەبی، کە فەزایەکی ئاڵتەرناتیڤ دروستدەکات بۆ گوزارشتکردن لە ئەوینی یەزدانی و هەڵماڵینی پەردەی تاریکی:

  • بەئەوینی یەزدانیی، پەردەمان هەڵماڵی
  • هەواڵی نوێ و مزگێنیمان پێگەیشت
  • وەک بادە، بە لێو نۆشیمان، ئیدی مانگ و خۆر لە ئاسماندا دەرکەوتن
  • ون بووین و ئاواتمان هاتەدی، ئاسەوارمان لەپاش خۆمان سڕییەوە
  • هاوڕێیەکی کۆنی سەر سفرەی مەی، جوامێرو بەخشندە،
  • بانگی کردین و لە کاتی مەستی و ونبووندا قسەی بۆ کردین
  • لێمان روانی، تا بە رۆشنی دەرکەوت،
  • ئیدی لەنێوان دیدی ئێمەو بوونی ئەودا پەردەیەک نەما

لە جیهانبینی سۆفیگەریدا پەنابردن بۆ زمان واتە گواستنەوەی ئاماژەکان لە نێوکۆی تاکەکەسییەوە (وەک خود) بۆ نێوکۆی کۆمەڵایەتی گشتی (وەک ئەو یان ئەوان). دەشێت (ئەو) مەعشوق بێت یان کەسی سێیەم بێت کە گوێبیستی حیکایەتی عیشقە. هەربۆیە سوهرەوەردی لە هەندێک ئاماژەی شیعریدا، راناوی کەسی یەکەمی قسەکەر "من" ئاوێتە کەسی دووەمی قسەئاراستەکراو "تۆ" و کەسی سێیەمی قسەبۆکراو "ئەو" دەکات. ئیدی وەک رۆمان یاکۆپسن دەڵێت لە پەیوەندی نێوان پەیام و پەیامنێر و پەیاموەرگردا پەیامە شیعرییەکە رۆڵێکی مەرکەزی وەردەگرێێت، من و تۆ و ئەوان جێگۆڕکی دەکەن و رۆڵی یەکتر تەواودەکەن لەپێناو بەرجەستەکردنی پەیامەکەدا. ئەم ستایڵە شیعرییەی نوسین لەگەڵ دنیابینی سۆفیگەریدا یەکدێتەوە، کە دۆخی عەشق گرنگتر دەبینێت تا شوناسی مەعشوق، وەک هەوڵێك بۆ یەكتاكردنەوەی بوونەوەران لە تاقە بوونەوەرێكدا.

  • ئەی ئەویندارم! فەرموو ئاماژەکانم..
  • تۆ پەیڤی منی لەناو ئەهلی ئەویندا،
  • تۆ دوا غایەتی کۆی عاشقانیت.
  • ستایش بۆ دڵێک لەتاو عیشقی تۆ دەتوێتەوە.
  • مرۆڤەکان بەرەو مەعشوقەکان رێیان گرتەبەر و
  • عاشقانی تۆش لەڕێی تۆدا ون بوون!

پەنابردن بۆ زمانی عەرەبی، بەمەبەستی گوزارشتکردن لە ئەزموونی عیرفانی، بایەخێکی تایبەتی لای سۆفیگەرە موسڵمانەکان هەیە.

دەشێت عەرەبی "زمانی دایک"ی عارفەکان نەبێت؛ بەڵام هەمیشە زمانی درکاندنی ئەو ئاماژانەیە کە تەنها بە عەرەبی گوزارشتیان لێدەکرێت. هەندێک نهێنی ناوەکی لە قووڵاییەکانی هۆشیارییدا ئامادەن کە تەنها لە جوغزی زمانی عەرەبیدا جائیزە رۆشناییان بخرێتەسەر. بەگوێرەی ئەم دیدە، عەرەبی زمانێکە لە دەرەوی کات، ئێستا دەبەستێتەوە بە رابردوو و ئایندەوە، چونکە "لە باوەڕی موسڵماناندا، زمانی عەرەبی زۆر بە وردی گوزارشت لە قسەی خودا دەکات، قوڕئان لە کاتی تیلاوەتدا مەخلوق (دروستکراو) نیە، بەڵکو هەر هەبووە و لە زاتی ئیلاهی ناترازاوە، پیتەکانی عەرەبی گوزارشت لە بیرکردنەوەی خودا دەکەن، هەر بۆیە پێویستە باوەڕداران نوێژ بە زمانی عەرەبی بکەن تا ئەو تایبەتمەندییە بەرجەستە ببێت".

لای حەللاج، کە کاریگەریی زۆری لەسەر سوهرەوەردی هەبووە، گوزارشتکردن لە ئەوینی یەزدانی بۆ یەکهاتنەوە لەگەڵ گەردوون و کۆی بوونەراندا "تەنها بەو شێوازی دەربڕینە ئەنجام دەدرێت کە یەزدان خۆی بەکاریهێناوە".

عەرەبی، چ لەڕووی فۆنەتیک و چ لە ڕووی نیگاری پیتەکانیەوە، بوونی زمانێکی پیرۆز لە زەینیەتی باوەڕداراندا بەرجەستە دەکات، کە "لەوحی مەحفوز دەبەستێتەوە بە بوونەوە، وشەکانیش دەبەستێتەوە بە بوونەرانەوە".

لێرەوە سەفەری سوهرەوەردی بۆ "حەڵەب" تەنها سەفەرێکی فیزیکی نەبووە، بەڵکو سەفەرێکیش بوو بۆ ئاشتکردنەوەی خود و خود، خودێک کە هەڵگری ئاماژەکانە بەڵام زمانێکی نیە بۆ گوزارشتکرن، لەپاڵ خودێکدا تونای ئاماژەکان تەرجەمە دەکات بۆ زمانێکی پیرۆز، وەک ئامرازێکی کۆن و هاوتای ئەزەلیەتی یەزدان.