شیعریەتی نیگەرانی لە دیوانی شێخی ئیشراقدا بەشی 2 کۆتایی
شیعریەتی نیگەرانی لە دیوانی شێخی ئیشراقدا بەشی 2 کۆتایی
دکتۆر شاهۆ سەعید
زمان وەک ئامرازێکی رۆشنکار
بەستنەوەی زمانی عەرەبی بە ئەزەلەوە پەیوەندیی بە چەمکێکی ئاینی ترەوە هەیە، کە بریتییە لە هەڵقوڵانی بوون، کە هاوزەمان بووە لەگەڵ درکاندنی یەکەمین وشەدا. بەم مانایە، یەکەمین ئەفرێنەرو یەکەمین قسەکەر دوو رووی یەک قەوارە بوون کە یەزدانن. لە هەموو ئاینەکاندا پەیوەندیی یەکتەواوکار لەنێوان وشەی (ببە)و کردەی (بوون)دا هەیە. بەپێی قوڕئان، سەربارەی ئەو پەیوەندییە یەکتەواوکارە، لەڕووی پلەبەندیی زەمەنییەوە (وشە) دەکەوێتە پێش (کردە). لە سوورەتی نەحلدا هاتووە: "کاتی شتێکمان دەوێت دەڵێێن: ببە! ئیتر دەبێت". ئەگەر لە دەقی ئاینی وەک پەیامێکی سیمیۆلۆجی بڕوانین، ئەم پلەبەندییە پەیوەندیی بە رادەی تێگەیشتنی مرۆڤەوە هەیە، وەک پەیام وەرگر، کە لە توانایدا نیە لەیەک کاتدا لە دوو شت پێکەوە، وشە و کردە، تێبگات.
هەروەها پەیوەندیی بە هەردوو چەمکی (وشەو رووناکی)یەوە هەیە، چونکە هەروەکچۆن وشە کۆتایی بە بێدەنگی دێنێت، رووناکیش کۆتایی بە تاریکی دێنێت. لەبەرامبەر وشەو رووناکیدا، بێدەنگی رەهاو تاریکی رەهاش هاوتان، کە پێکەوە هیچ (عەدەم) دروستدەکەن. بەمجۆرە، دەبینین وێنەی ئەفراندن لای سوهرەوەردی هاوتای وێنەی رۆشنکاریی (ئیشراق)و پژانی نووریی یەزدانییە کە تاریکی رادەماڵێت.
لە کتێبی "حیکمەتی ئیشراق"دا سوهرەوەردی باسی مەزهەبی ئیشراق دەکات، کە سەرچاوەی دانایی (حیکمەت) دەگەڕێنێتەوە بۆ رووناکی. دانایی وەک نوور دژی عەدەم هەڵدێت. زمانیش رۆڵی لە رووناککردنەوە و ئەفراندندا هەیە، تا زمان زیاتر گەشە بکات بازنەی بوونەوران فراوانتر دەبن. شارەزووری لە پێشەکیی کتێبی ناوبراو و لە راڤەی ئەم چەمکەدا دەنوسێت: "مەبەست لە دابەزینی نەفسی قسەکەر، لە جهیانی باڵاوە بۆ جیهانی نزم و تاریک، بریتییە لە تەواوکردنی زانست و مەعریفەی راستەقینە، چونکە (جیهانی دووەم) جیهانێکی خاڵییە لە قسەکردن". ئەمبێرتۆ ئیکۆ، لە نێوکۆیەکی هاوشێوەی تیۆلۆجیای ئاینە یەکتاپەرستەکاندا، باس لەم یەکانگیرییە دەکات، ئاماژە بۆ کردەی ئەفراندن دەکات لە پەیوەندیدا بە رۆشنکاریی، وەک لە نامەی یەکەمی تەوراتدا هاتووە لەسەر زاری یەزدان: "با نوور دروست ببێت". هاوکات لەگەڵ ئەم فەرمانە یەزدانییەدا زەمین و ئاسمانەکانیش دروست دەبن.
لە چەندین ئاماژەی دیوانی شێخی ئیشراقدا بە زمانێکی شیعریی باس لەم فەلسەفەیە کراوە. ئیدی زمان دەبێتە کلیلێک بۆ بەستنەوەی "ئێستای تاریک" بە نووری یەکەمەوە. لە قەسیدەی (رۆحەکان یادتان دەکەن)، شێخ باس لە گەشتێکی خۆی دەکات کە پێویستە ئەنجام بدرێت بۆ تێپەڕاندنی ئێستا وگەڕانەوە بۆ نووری یەکەم کە تاریکیی هیجرەت رادەماڵێت:
- بگەڕێنەوە، تا بە نووری ژوان تاریکی هیجرەت رووناک ببێتەوە
- بۆ من، هیجرەت شەوگارو ویساڵیش سپێدەیە!
لە چەند بەیتێکی تری هەمان قەسیدەدا، شێخی کوژراو گەشتێک بە سەرنشینانی کەشتییەک دەکات، ناوی دەنێت "کەشتی ئەمەک لە دەریای فرمێسکدا"، کەشتیەوان نوێنەرایەتی عیشق دەکات، سەرەتا سەرنشینەکان لە دەریادا وێڵ دەبن و وشکانی ون دەکەن. لە کۆتاییدا کلیلێک دەدۆزنەوە کە دەبێتە رێنیشاندەریان بۆ سەرزەمینی مەبەست. ئەو کلیلەش بانگ/ وشەیە:
- ئەوان سواری کەشتیی ئەمەک بوون
- فرمێسکیان دەریا و تاوی عەشقیان کەشتیەوان بوو
- سوێند بەخوا، تا بانگ نەکران و کلیلیان وەرنەگرت
- لەبەر قاپی نەوەستان و نەچوونە ژوورەوە.
لە ئەزموونی شیعریی سوورەوەردیدا، هەروەک ئەزموونە فەلسەفیەکەی، نوور چەمکێکە قابلی پێناسکەردن نیە؛ چونکە نوور خۆی ئامرازە بۆ پێناسەکردن و نیشاندانی هەموو شتێک، هیچ شتێکیش توانای رووناککردنەوە و پێناسکردنی ئەوی نیە. "شتێک ئاشکراو روون بێت پێویستی بە پێناسکردن و لێکدانەوە نیە، هیچ شتێکیش هێندەی نوور ئاشکراو روون نیە. هیچ شتێک وەک ئەو لە سەروو پێناسەوە نیە". بەڵام جەستە ناوچەیەکی بەرزەخیی پکدێنێت لەنێوان نوور و تاریکیدا، جەستە یان لەناو تاریکیدا نوقم دەبێت، یان لەرێگای رۆشناییەوە دێتە بوون. جەستە چەندە رووناکیش بێت، رووناکیەکەی هیچ نیە جگە لە عەکسی رووناکیی یەزدانی. دوو جۆر نوور هەن، جۆرێکیان نووری رەسەنە، کە پێی دەوترێت "نووری پەتی"، خۆی لە یەک کاتدا رەنگ دەبەخشێت و رەنگدانەوەشە؛ بەڵام ئەوی تریان پێی دەوترێت "نوری کاتی"، چونکە نوورێکی رەسەن نییە، بەڵکو رەنگدانەوەی نوورێکی ترە. بەم مانایە، مرۆڤ چەندە عارفیش بێت، خۆی سەرچاوەی نووری خۆی نیە. لە بەرامبەردا نووری یەزدانی نوورێکی پەتییە "هیچ نوورێکی لەسەرەوە نیە، نووری نوورانە، ... نووری باڵاو پیرۆزە، ... نووری رەهایە". مرۆڤی عارف هەوڵدەدات لەو نوورە نزیک بکەوێتەوە، بەڵام نزیککەوتنەوە لێی هەڵگری مەترسییە، دەشێت بە سووتان و فەنابوون کۆتایی بێت. بۆیە دەبێت مرۆڤ لە ناوچەیەکی بەرزەخیدا بمێنێتەوە، لەنێوان رووناکی و تاریکیدا، ئەگەرنا رووبەڕووی نووری نوران دەبێتەوە، ئیتر دەچێتە دۆخی فەنابوونەوە:
- لە تاریکیدا رووناکیم بینی،
- ئیدی شەوم لێبوو بە رۆژ
- گەر بەرەو ئەو رووناکییە بڕۆم فەنا دەبم،
- ئیدی راستم لێ دەبێتە چەپ.
لەم نێوەندەدا وشە گرنگی خۆی هەیە، دەشێت ئاسۆیەک بێت بەرەو رووناکی، بەڵام پێداگریی زۆر لەسەر درکاندنی وشە دەشێت مرۆڤ بخاتە ناوچەیەکی مەترسیدار. بەگوێرەی کتێبی پیرۆزی موسڵمانان و پەیڕەوانی ئاینە یەکتاپەرستەکان، موسای پێغەمبەر هاوڕێیەتی لەگەڵ ئاگرێکدا پەیداکرد، بڕێک تیشکی لێوەرگرت، ئیدی بووە (کەلیم) قسەکەر لەگەڵ یەزدان. بەڵام تەماشاکردنی راستەوخۆی ئەو نوورە یەزدانییە مرۆڤ رووبەڕووی لەناوچوون دەکاتەوە.
وەک لەو بەیتەی پێشوودا ئاماژەی پێدرا، چیرۆکی سوهرەوەردی لەگەڵ نووری باڵادا دەبێتە هۆی لەناوچوون، وەک ئەوەی خۆێ پێشوەخت پێشبینی ئەو چارەنوسەی کردبێت. سوهرەوەردی بە وشەکانی هەندێک ناوچەی رووناک کردەوە، کە بەگوێرەی ئایدیۆلۆجیای باڵادەست دەبوو بە تاریکی بمێننەوە. لە قەسیدەیەکی تریدا کە بە فرێزی "هانێ ئاماژەکانم" دەستپێدەکات، چیرۆکێک دەگێڕێتەوە کە تا ئەندازەیەکی زۆر دەقئاوێزانی چیرۆکی مووسایە. تیایدا باس لە ئاوی "بیری مەدیەن" دەکات، هەروەها باس لە ئاگرێکی پڕ بڵێسە دەکات کە لە دوورەوە دەردەکەوێت:
- بەتینوێتی، بۆ ئاوهەڵگۆزینی نەجات رۆشتین
- کاتێک گەیشتینە سەرچاوەی ئاوی مەدیەن
- لە دوورەوە.. ئاگرێکی پڕ بڵێسە دەرکەوت
- ئەو ئاگرە جێژوانی ئێمە و مەعشوقان بوو.
زمان وەک بەرزەخێک لەنێوان ئاشکراو شاراوە/ ژیان و مەرگدا
لە سەردەمی سەڵاحەدینی ئەیوبیدا، ئاشکراکردنی هەرێمە شاراوەکانی ناخی مرۆڤ هاوتای ئاشکراکردنی نهێنیەکانی دەوڵەت بوو. وەک هەر دەوڵەتێکی پشتئەوستور بە تەنها ئایدیۆلۆجیاییەکی فەرمی، دەوڵەتی ئیسلامی سانسۆری لەسەر ناخی مرۆڤەکانیش دانابوو. درکاندنی رازە ناوەکیەکانی مرۆڤ هێندەی درکاندنی رازەکانی ئاسایشی دەوڵەت مەترسیدار بوو.
بەڵام کاتێک زمانی شیعریی تێکەڵ بە وەجدی عیرفانی دەبێت، کەسی قسەکەر پەردەی نێوان ئاشکراو شاراوە لادەدات. لادانی ئەو پەردەیە رسکێک بوو لە وێنەی لادانی پەردەی نێوان ژیان و مەرگ.
ئایدیۆلۆجیای فەرمی لە حەڵەب بەگوێرەی سیستمێک دیاریدەکرا کە سەڵاحەدین لە میسرەوە هێڵە گشتیەکانی دیاری دەکرد. دەگێڕنەوە، هەرچەندە زاهیری کوڕێ سەڵاحەدین هاوسۆز بووە لەگەڵ سوهرەوەردیدا؛ بەڵام دواجار فەرمانی ئیعدامکردنی جێبەجێدەکات بەتۆمەتی زەندەقە و لادان لە ئاین. ئەو جۆرە حوکمانە فەقیهەکان دایاندەنا، کە پاسەوانی ئایدیۆلۆجیای دەوڵەت بوون بۆ کێشانی سنورەکانی حەڵاڵ و حەرام لە بازنەی زماندا. لای سەڵاحەدین ئەو سنوورانە تەنها ئاینی نەبوون، بەڵکو بە پلەی یەکەم سیاسی بوون، لەپێناو چەسپاندنی پایەکانی دەسەڵاتدا بەئاراستە دەرەوەو ناوەوەش، بۆ رووبەرووبوونەوەی دوژمنانی دەرەکی و سەقامگیرکردنی ئاسایش ناوەکی. سۆفیگەری، بەپێی ئەو ئایدیۆڵۆجیایە، سنوورە دەستنیشانکراوەکانی زمانی عەرەبیی تێکدەدا، گومانی دروستدەکرد و ئاسایشی ناوخۆی دەخستە بەر مەترسی.
زمانی عەرەبی زمانی گوتاری فەرمی دەوڵەتی ئیسلامی بووە بەدرێژایی مێژوو. سوهرەوەردی و هەموو ئەو زاناو فەیلەسوفانەی کە بە درێژایی مێژووی دەوڵەتی ئیسلامی بە هۆی نوسینەکانیانەوە سزادراون، لە دەرەوەی پێوەرەکانی ئایدیۆڵۆجیای فەرمی مامەڵەیان لەگەڵ زماندا کردووە. شێخی کوژراو پێیوابوو زمانی عەرەبی هەڵگری رەهەندێکی یەزدانیی ئەوتۆیە کە مرۆڤ ناتوانێت چۆنیەتی بەکارهێنانی دەستنیشان بکات. ئەو پێیوابوو وشە دوو رەهەندی هەیە "یەکەمیان دەچێتەوە سەر پیرۆزیی و دووەمیان دەچێتەوە سەر لەشی مرۆڤ". گەر مرۆڤ بتوانێت بچێتە سەروو لەشی خۆیەوە، ئەوکات دەتوانێت رەهەندە پیرۆزەکەی زمانیش کەشف بکات. پلەی باڵای وشە کاتێک بەرجەستە دەبێت کە نەبێتە یەخسیری بەدەن.
هەرچەندە سوهرەوەردی شارەزاییەکی زۆری لە زمانی فارسیدا هەبوو، چەندین کتێبیشی بەو زمانە هەیە؛ باڵام زمانی عەرەبی هەڵبژارد بۆ نوسینی گرنگترین کتێب و قەسیدەکانی. وشە، لای ئەو، "گەر پاڵفتە بکرێت و پشتئەستور بێت بە پیرۆزیی، هێندە نزیک دەکەوێتەوە، ... خۆی دەبێتە هەناسەی جیهان". بەم پێیە، زمانی عەرەبی کە لە عەقیدەی موسڵماندا پیرۆزترین زمانە، ئامرازێک بوو سوهرەوەردی هەڵیبژارد بۆ گوزارشتکردن لە گەشتە رۆحییەکانی بەرەو مەلەکوت؛ بەڵام لە راستیدا بەرەو مەرگ بوو، چونکە ئەو سنورەی بەزاند کە بووە مایەی حەڵاڵکردنی خوێنی:
- سۆزی رۆح بۆ لای مەلەکووت جوڵا،
- بۆ دیداری زاتێک، کە تەنها ئەو ئارامی دەکات
- ئەوەی لەگەڵ ئەوان باسی نهێنی ئەوین بکات
- خوێنی حەڵاڵە بۆ شمشێرەکان.
گەشتی رۆحی، کە عارف دەگەیەنێتە حلول و لەناوچون، لە زاراوەسازیی عارفەکان خۆیاندا، پێی دەوترێت "لەدەستدانی هەست لەئاست دەروون و جیهانی دەرەوەدا، توانەوەی عەبد (مرۆڤ) لە شکۆی یەزداندا، ئیتر مرۆڤ لەئاست خۆیدا فەنا دەبێت و لە بەردەم یەزداندا ئامادە دەبێت". لەدەستدانی ئەو هەستە واتە نەمانی پەردە لەنێوان شاراوە و ئاشکرا، دەنگ و بێدەنگیدا. لەم دۆخەدا عاشقی ئیشراقی دوو بژاردەی لەبەردەمدایە: لەنێوان بێدەنگی و درکاندن دەبێت یەکێکیان و لەنێوان ژیان و مەرگدا دەبێت یەکێکیان هەڵبژێرێت:
- نۆشیمان، نهێنیمان درکاند، خوێنمان حەڵاڵ کرا
- بەڵام چۆن دەبێت کەسێک بکوژرێت کە نهێنی ئەوین بدرکێنێت؟
- نهێنی لای ئێمە ئەمانەتە،
- بەڵام کە باران لێزمەی کرد ئیتر کێ بەرگەی دەگرێت؟!
لای سوهرەوەردی جەستە نابێتە زیندانێک بۆ بەندکردنی وشە. لای ئەو وشە باڵاترین هەستە، چێژی وشە لەسەروو چێژی جەستەوەیە. کاتێک مرۆڤ سەرقاڵی جەستەی دەبێت نایپەرژێتە سەر جێژوەرگرتن. تەنها کاتێک هەست بەو چێژە دەکات کە لە جەستە دەترازێت". بەمجۆرە، گوتاری شیعریی لەگەڵ میتافیزیکی ئیشراقیدا یەکدێتەوە، ئیدی شیعر و ستراتیجی لادان لە زمانی ئاسایی لە بەندی ئایدیۆڵۆجیای فەرمی دەربازی دەبێت. خوێنەری سوهرەوەردی هەست بەم شیعریەتە دەکات، نەک تەنها لە دەقە شیعرییەکانیدا؛ بەڵکو لە پەیامە عیرفانی و دەقە فەلسەفیەکانیشیدا.
گەڕانەوە بۆ نیشتمان لە دۆخی فەنابووندا
بە ئیعدامکردنی، گەشتی فیزیکی و فیکریی و شیعریی سوهرەوەردی کۆتایی دێت. بەڵام مردن لای ئەو مانایەکی جیاوازی هەبوو، مەرگ سەرەتای گەشتێکی پێچەوانە بوو بۆ نیشتمان، سەرەتای کۆتایی نامۆبوونی رۆحی بوو. نیشتمانی راستەقینە لای ئەو بە تەنیشت مەلەکووتەوە بوو.
هێنری کۆربین، لە پێشەکی یەکێک لە کتێبەکانی سوهرەوەردیدا ئاماژە بە دوالیزمی (نامۆیی/ نیشتمان) لە فەلسەفەی ئیشراقدا دەکات(٣٢). بەگوێرەی ئەو فەلسەفەیە نامۆیی (ئیغتراب) شتێک نیە لە دەرەوە بەسەر مرۆڤدا بسەپێندرێت؛ بەڵکو بڕیارێکی ئارەزوومەندانەیە کەسی عارف خۆی وەریدەگرێت، وەک وەڵامێک بۆ ئەو ئایەتەی قوڕئان کە دەڵێت: "خودایە لەم گوندە دەربازمان بکە کە دانیشتوانکەی زۆردارن"(٣٣). سەبارەت بە تای دووەمی دوالیزمەکەش، کە نیشتمانە، مەبەست لێی نیشتمانی زەمینی نییە؛ بەڵکو ئەو نیشتمانەیە کە لە سوورەتی فەجردا باسکراوە: "ئەی رۆحی دڵنیا! بەئارامی بگەڕێوە بۆ لای خودای خۆت". شێخی ئیشراق ئەم بڕوایەی خۆی تەرجەمە دەکات بۆ بەیتێکی شیعری کە دەڵێت:
- سوێند بە پاکی ئەوینتان،
- لە زەمانێکی زۆر کۆنەوە بەرەو ئێوە دێم،
- هەرگیز قاچم بە لای ئەوێنێکی تردا نەترازاوە،
- ئەوینتان تێکەڵ بە گۆشت و خوێنم دەکەم
- بەدابڕانم پەیوەندیی نوێ دروست دەکەم و
- بە بوون عەدەم بەرپا دەکەم.