شێخ مارف بەرزنجی

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
289584957 19253665.jpg

هۆزانەوان و چیرۆکنووس و رەخنەگری لێهاتووی کورد و تێکۆشەری پێشکەوتنخوازی کورد (شێخ مارفی شێخ عەبدولکەریمی شێخ حوسێنی بەرزنجی)، لەشوباتی ساڵی (1921) لە ناوچەی قادر کەرەم چاوی بەژیان هەڵهێناوە و لە بنەماڵەیەکی ئایینی سەر بەڕایەڵی رێبازی تەسەوفی قادری گەورەبووە. کە دەچنەوەسەر شێخ حەسەنی قەرەچێواری جێنشینی کاک ئەحمەدی شێخ، ئەو شێخ حەسەنەش مامی باوکی بووە و لەنەوەی شێخ ئیسماعیلی وەلیانییە.

شێخ مارف بەرزنجی خوێندنی سەرەتایی تا پۆلی چوارەم لە قادرکەرەم تەواوکردووە، دواتر پۆلی پێنجەمو شەشەمی ئەو قۆناغەو قۆناغی ناوەندیی لەشاری کەرکووک تەواوکردووە، ساڵی (1940) چووەتە ئامادەیی و لە ساڵی (1943)دا بڕوانامەی دەرچوونی لەئامادەیی وەرگرتووەو هەر لەوساڵەدا بووەتە فەرمانبەر لەدابینکردن، بەڵام دوای ساڵێک واز لە فەرمانەکەی دێنێ و لەساڵی (1944)دا چووەتە بەغداو لەکۆلیژی ماف وەرگیراوە و لەساڵی (1948)دا بڕوانامەی دەرچوونی وەرگرتووە و بووەتە پارێزەر.

دوو ساڵ کاری پارێزەری لە کەرکووک کردووە، بەڵام بەهۆی هەڵوێستی رامیاری و خەباتی نیشتمانی پێشکەوتنخوازیی، توشی راوەدوونانی پیاوانی میری بووە، ناچار تاساڵی (1950) بەشاخەکانی سەنگاو و قەرەداغ و شارباژێڕەوە ئاوارە بووەو نزیکەی چوار مانگیش لای شێخ مەحموودی حەفیدی نەمر لە داریکەلی و مانگێکیش لە سیتەک لای شێخ لەتیفی حەفید ماوەتەوە.

شێخ مارف لەساڵی (1937)ەوە، پەیوەندی رامیاری بەڕێکخراوی کوردییەوە هەبووە و لەگەڵ دامەزراندنی پارتی هیوادا لەساڵی (1939)، بووەتە ئەندامێکی چالاکی چەپڕەوی نێو ئەو پارتە نەتەوەییە و لەساڵی (1940)دا بووەتە باوەڕپێکراوی قوتابیان لە شاری کەرکووک و هەردەم گیانێکی شۆرشگێڕی هەبووە و هەڵبژاردنەکەی ساڵی (1954)ی پەرلەمانی عێراق، یەکێکبووە لە پاڵێوراوانی بەرەی نیشتمانی یەکگرتوو، دەنگێکی ئێجگار زۆری لەسلێمانی بەدەستهێناوە، بەڵام لەئەنجامدا رژێم نەیهێشتووە ببێتە نوێنەری میللەت لەپەرلەماندا.


ساڵانی (1954-1955)، بووەتە پارێزەری جوتیارەکانی کوردستان لە دژی خاوەن موڵکە دەسەڵاتدارەکان و لە زۆرێک لە کەیسەکانیدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و ناوبانگی میللی لەناوچەکەدا بەتەواوی بڵاوبووەتەوە و ناودەنرێ پارێزەری هەژاران.

0004445.jpg

لە دوای شۆڕشی 14ی تەمموزی ساڵی (1958)، چونکە تێکۆشەرێکی پێشکەوتنخوازی بوو، بۆیە بەسکرتێری ئاشتیخوازانی پارێزگای کەرکووک و بەئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانی ئاشتخوازانی عێراق هەڵبژێردراوە و لەسەر داخوازیی جەماوەری کەرکووک بەسەرۆکی شارەوانی ئەوشارە دێرینەی کوردستانیش دامەزراوە و داوی چەند مانگێک لەسەر هەرا و دووبەرەکی کەرکووکی رۆژانی (14و 15)ی تەمموزی ساڵی (1959) دەستگیرکرا و لەگەڵ دەستەیەک نیشتمانپەروەرانی پێشکەوتنخوازی کورد دران بەدادگای سەربازی و فەرمانی لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو، لە بەرەبەیانی رۆژی 23-06-1963 فەرمانەکەیان جێبەجێکراو لەسێدارەدران.

دەبێ ئەو ڕاستیەش بووترێت، کە ژیانی وێژەی(پشکۆ) لە ساڵی 1937وەوە دەست پێدەکات، کە یەکەمین ھۆنراوەی نەتەوەیی داناوە، بەڵام یەکەمین ھەوڵی بۆ بڵاوکردنەوەی بەرھەمەکانی بۆ ساڵی 1942دەگەڕێتەوە، کە چەپکە ھۆنراوەیەکی لە ڕۆژنامەی دەستنووسی "باسەرە"دا بڵاوکردۆتەوە کە مامۆستای خوالێخۆشبوو شاکر فەتاح لە ناوچەی قادر کەرەم بەڕێوەبەری ناوچە بووە دەری دەکرد.

یەکەمین ھەوڵیشی بۆ چیرۆکنووسین لەساڵی1947دا بووە، بەڵام ھەوڵدانی بۆ نووسینی چیرۆک لەسەر شێوەو تەکنیکی نوێ لە ساڵی 1955دا بووە، کە چیرۆکێکی بە ناوی "سەر لە بەیانی نەورۆزێک" نووسیوە و لە پێشەکیەکەیدا دەڵێ: "ئەم چیرۆکەم لەسەر شێوە و شێوازی تەیاری وەعی نووسیوە!" ئەو شێوازەش لەناو چیرۆکنووسانی کورد دا شێخ مارف یەکەمین نووسەر بووە دەستی داوەتێ.

لەگەڵ دەرچوونی گۆڤاری "شەفەق" لە شاری کەرکووک لە 15-01-1958دا شێخ مارف یەکێک بووە لە نووسەرە دیارە خامە بەھێزەکانی و چیرۆکی بەھێز و سەرکەوتووی وەکو چیرۆکی "ئاواز و کەباب"ی تێدا بڵاوکردۆتەوە و ھەندێ چیرۆکی سەرکەوتووی دیکەی وەکو چیرۆکی "گای پیرۆز"ی لە گۆڤارەکانی دیکەدا پەخش کردووە و چیرۆکی "نامەی سەرسنوور"ی لە گۆڤاری ڕووناەی و شەتڵ-ی لە گۆڤاری "ھیوا"دا بڵاوکردۆتەوە.

293141.jpg

شێخ مارف لەناو زیندان و ژووری لەسێدارەدان دا جوانترین ھۆنراوەی سەرکەوتووی نووسیوەو لە ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکانی ساڵی1961دا بڵاوکردۆتەوە و بەھرەی ئەو وێژەناسە مەزنە ھەر لە بواری چیرۆک و ھونراوەدا چەکەرەی نەکردووە، بەڵکو لەبواری شانۆنامە نووسین و ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی وێژەیی شانۆییش دا بەھرەدار و دەست ڕۆیشتوو بووە، لە بواری ڕەخنەی وێژەییدا، دیوانی ھۆنراوەی نوێی کوردی ھەڵدەسەنگاند و دەیویست ئەو ڕێنووسانەی، کە لە بەرنامەی ڕەخنەی دروستکردندا ھەن، لە وێژەی ھاوچەری کوردیدا پەیڕەو بکرێن و بیان کات بە پێوانەیەکی ڕاست و دروست بۆ شیکردنەوەی ناوەڕۆکی بەرھەمی وێژەیی ھاوچەری کوردی و یەکەم پڕۆژەی لە گۆڕەپانی ھۆنراوەی نوێی کوردیدا دیوانی "دیاری"ی کامەران موکری بوو، لە بارەی ئەم شاعیرەوە گوتوویەتی: "کامەران شاعیرێکی سەربەست و تەڕو شیرین گوفتارە، شاگردێکی پێشکەوتووی مامۆستا گۆرانە، کەمێکیش پەیڕەوی ھەردی لە شیعرەکانیدا دیارە..."

لەبارەی ھەڵسەنگاندنی پەرتووکی "مەم و زینی"ی خانی یە، کە ھەژاری شاعیری کوردی کروویەتی بەشێوەی موکریانی دەڵێ: "ئەگەر شەرەفنامە بەڵگەیەکی خۆماڵیی مێژوویی نەتەوەکەمان بێ، مەم و زینی خانیش شاکارێکی خۆماڵیی کوردە و خشڵ و زێڕێ نەخواستراوەی‌ میللەتەکەمانە و کورد خاوەنی ڕاستەقینەیەتی".

پشکۆی وێژەناسی بەتوانا، لەبواری ڕەخنەی شانۆیش دەست ڕۆیشتوو بووە، ھەروەک لە ڕەخنە و ھەڵسەنگاندنی دوو پەرتووکەکەی عەبدولڕەزاق بیمار (شانۆگەریی بووکی پەردە)و (شانۆی کوردستان) دەردەکەوێ و لەکارە ڕەخنەییەکەی دا دەڵێ: "لە لێکۆڵینەوەی وێژەی دا بە پلەی یەکەم سەرنجی "ئایدیۆلۆژییەت و ھونەرمەندێتی" دەدرێ، کە ناوەڕک و ڕووخساری پێ دەڵێن و نووسراوی پەسەند و بەکەڵکیش ئەوەیە، کە "زۆر بژی و خۆشی بەگەل ببەخشی!"

289963690 .jpg
2899634447690 .jpg
41627 er.jpg


سەرچاوە: مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی حەوتەم، مارف خەزنەدار، لاپەڕەکانی 403 تا 414، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر:٢٠٠٦.

سەرچاوە: وێکیپیدیا