عەلائەدین باباشەهابی

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
2022-05-28 042858.jpg

هونەرمەندی گۆرانیبێژ ساڵی 1939 لە شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە، عەلائەدینی باباشەهابی نەوە (کوڕەزا)ی سەید عەلی ئەسغەری کوردستانییە، لە قۆناغی سەرەتایی لە شاری سنە، لەگەڵ میوزیک وردە وردە ئاشنا بووە. لە ساڵی 1954 بە خوێندنی گۆرانی «ئەی وەتەن» لە ڕادیۆی کوردی سنە دەستی بە گۆرانیبێژیی کردووە و لە ساڵی 1955 چووە بۆ تاران و قۆناغە سەرەتایییەکانی سۆڵفێژ لە خزمەت موزیکزانی لێهاتووی ئێران «فەرهاد فەخرەدینی» تێپەڕ کرد و قوناغە جۆراوجۆرەکانی گۆرانیبێژیی لە خزمەت گۆرانیبێژی پێشەنگی ئێرانی «مەحموود کەریمی» فێربوو.

گۆرانیبێژ لەگەڵ (ئۆرکێسترای کوردی، ئۆرکێسترای ڕامتین و ئۆرکێسترای لەشکری و ئۆرکێسترای باربەد و ئۆرکێسترای نەکیسا و ئۆرکێسترای فەرهەنگ و هونەری ئێران) کاری کرد و نزیکەی 50 ساڵ لە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران وەکوو گۆرانیبێژ و دوبلۆری زنجیرە دراما و فیلمە سینەمایییەکان هاوکاری هونەریی کردووە.

باباشەهابی لە ماوەی 60 ساڵ کار و خزمەتی هونەری خۆیدا نزیکەی 60 گۆرانی لەگەڵ ئۆرکێسترا ناودارەکانی ئێران و کوردستان تۆمار کردووە و بەرهەمەکانی لە سەرتاسەری ئێران و کوردستان و ناوچەکەدا بڵاو بووەتەوە، لەوانە: «هاوڕازی دڵ» لە لەندەن، «بەر بەیان» لە سوێد و «بادە گویا» و «پاییز» لە تاران.

سەید عەلائەدین باباشەهابی لە ماوەی ژیانیدا بەردەوام لە لایەن هاوسەر و منداڵەکان و هەروەها هەڤاڵانییەوە بۆ چڕینی گۆرانیی کوردی هان دراوە و بە تایبەت هونەرمەندانی کۆچکردووی کورد، لەوانە: «حەسەن یوسف زەمانی»، «حوسێن یوسف زەمانی»، ژەنیاری بەتوانای کلارینێت سەید «محەمەد عەبدولسەمەدی» و ئاوازدانەر و ژەنیاری بەتوانای سەنتوور «سوهەیل ئەیوانی» هاندەری ئەم گۆرانیبێژە کوردە بوون.

ناودارترین گۆرانییەکانی ئەم هونەرمەندە بریتین لە: (جێ ژوانی جاران، سرووەی ئاوات، جلوەی دیدار، ئاوێنەی دولبەری، نم نم بارانە، گوڵ بانە، مەگری، وەی لەن).

کۆچی دوایی:

ئەم هونەرمەندە کوردە کاتژمێر 4ی سپێدەی ڕۆژی پێنجشەممە 28/06/2014 بە هۆی وەستانی دڵ، لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا و لە ماڵی کوڕەکەی لە شاری تاران کۆچی دوایی کرد. تەرمەکەی لە گۆڕستانی محەمەدی لە شاری سنە بە خاک دەسپێردرێت.


ئامادەکردنی: دلێر ڕەفیق