قادر کابان

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
055211210.jpg

(عەبدولقادر جەلال مەحموود) ناسراوە بە (قادر کابان) لە ساڵی (1937) لە گەڕەکی مەڵکەندی شاری سلێمانی لەدایکبووە.

لە ساڵی (1976) لەگەڵ خاتوو (نەسرین کەریم حەمەسوور) ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و سێ منداڵیان بەناوەکانی (کاروان ، کاوان، کوێستان) بووە.

هونەرمەند قادر کابان لەسەرەتای ساڵی شەستەکانەوە، دەستی بەکاری هونەری کردووە، خاوەنی چەند بەرهەمێکە کە تا ئێستا و لە دوای کۆچکردنیشی گۆرانییەکانی لەیادنەکراون و بوونەتە بیرەوەری ژیانی زۆرێک لە دانیشتووانی شاری سلێمانی.

مامۆستا و هونەرمەند (ئەنوەر قەرەداغی) ، دەربارەی هونەرمەند (قادر کابان) ، دەڵێت: کاتێک دەستمان بەکاری هونەری کرد لەگەڵ تیپی مۆسیقای سلێمانیدا، درکمان بەوە کرد کە توانایەکی زۆر باشی هەیە، بۆیە داوامان لێکرد لەگەڵماندا کاربکات، هەر بۆیە لە زۆربەی کار و ئاهەنگەکاندا لەگەڵماندا بەشداریەکی چالاکانەی هەبووە.

قەرەداغی ئاماژەی بەوەش کرد، کە دەنگێکی زۆر بەرز و جوانی هەبووە، کاتێکیش کە شیعری هەڵدەبژارد، زۆر بەسەلیقە بووە لە هەڵبژاردن و دیاریکردنی ئەو شیعرە کە پڕ مانابوو، هەروەها ئەو ئاوازەی لەلایەن تیپەکەوە، یان هونەرمەند (کەریم کابان) ەوە بۆی دادەنرا، زۆر باش وەریگرتووە و جوانکاریشی تێدا کردووە.

بەشێک لە هونەرمەندان بۆچونیان وایە لە سەرەتای هونەرەکەیدا ئەو هونەرمەندە کەمێک کاریگەرییی ئاوازی عەرەبی لەسەر بووە، مامۆستا (ئەنوەر قەرەداغی) یش باس لەوە دەکات، لەو سەردەمەدا کەمێک کاریگەرییی ئاوازی عەرەبی لەسەر بووە، ئەگەرچی ئەوان وەک تیپی مۆسیقای سلێمانی سەرنجی خۆیان پێ وتوە، بەڵام ئەو کات دوو بەرهەمی لەگەڵ تیپی مۆسیقای هەولێر تۆمار کردووە، بەڵام لە دوایدا سەرنجەکانی ئەوانی وەرگرتووە.

هونەرمەند قادر کابان جیاواز لە هونەری گۆرانی هەوڵیداوە فێری ژەنینی ئامێریش بێت، وەک هونەرمەند (ئەنوەر قەرەداغی) دەڵێت: من وانەم پێوتووە، بەڵام بەهۆی بژێوی ژیانی، کە دوکانی سەرتاشخانەی هەبوو، نەیدەتوانی خۆی بۆ ئەوە تەرخان بکات.

هونەرمەند (قادر کابان) لە (28-02-1981) لەلایەن ڕژێمی بەعس دەستگیرکراوە و بێ سەروشوێن بووە، تا دواتر هەواڵ بڵاودەبێتەوە کە هونەرمەند لە سێدارەدراوە، هەندێک سەرچاوە ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن کە لە ڕۆژی (01-07-1981) لە سێدارەدراوە، بەڵام (کاروان قادر کابان) کوڕی هونەرمەند، وتی: لەلایەن بنەماڵەکەمانەوە زۆر هەوڵماندا کە شتێکمان دەستکەوێت، یان لە ڕێگەی زیندانییەکەوە کە بەردەبێت هەواڵێکمان دەستکەوێت، بەڵام ساڵانی خایاند و ئەوەمان هەر دەستنەکەوت، چونکە ڕژێمی بەعس کاتێک کەسێکی دەستگیردەکرد سەر و سۆراغی نەدەمان.

سەبارەت بە و سەرچاوانەش (کاروان قادر کابان) ئەوەی ڕوونکردەوە، لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس ئەو دۆسیانەی لە دامودەزگاکانی ئەمندا بەردەست خەڵک کەوتوون، بەگوێرەی ئەو وەفاتنامەیەی کە بۆی کراوە لە (01-07-1981) کاتژمێر شەشی بەیانی لە سێدارەدراوە، بەڵام بەگوێرەی وتەی کوڕکەی ئەو مێژوە تاچەند درووستە ئەوان نازانن.

هەر بەگوێرەی وتەکانی کوڕی ئەو هونەرمەندە باوکی خاوەنی کەسایەتییەکی بەهێز بووە و زۆر خۆی تەرخانکردووە بۆ هونەرەکەی و کەسێکی زۆر کۆمەڵایەتیی بووە، زۆر ئارەزوی پاکوخاوێنی کردووە، لەگەڵ ئەوەی پیشەی سەرتاش بووە، (کاروان قادر کابان) وتی: ئەوەی جێی داخە من لەو سەردەمەدا منداڵ بووم لەپ ۆلی شەشی سەرەتایی، کاتێک باوکم دەستگیرکرا، بەڵام وەک باوکێک بەگشتی زۆر بەسۆز بووە. قادر کابان کەسێکی زۆر سادە و ڕۆحسوک و قسەخۆش بووە، خاوەنی هەستێکی نەتەوەیی بەرز و نیشتمانپەروەری بووە، دوکانی سەرتاشخانەکەی بووەتە جێی کۆبوونەوە و گردبوونەوەی هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی شاری سلێمانی لە ساڵی (1972) دا یەکەم بەرهەمی تەلەفیزیۆنی تۆمارکردووە.

هونەرمەندی شەهید قادر کابان، لە (28-02-1981) دا، لەسەر هەڵوێستی نیشتمانپەروەریی، لە شاری سلێمانیی و لە دوکانەکەی خۆیدا دەستگیردەکرێت و چارەنووسی بەنادیاری دەمێنێتەوە، بەڵام دواتر بەپێی هەندێک بەڵگەنامە، دەردەکەوێت کە لەسێدارەدراوە.

هونەرمەند (قادر کابان) برای هونەرمەند (کەریم کابان) ە و ئەوان خێزانێکن پڕ لە هونەر و لە گێڕانەوەیەکی دا هونەرمەند (کەریم کابان) دەڵێت: (ناخۆشترین ڕووداوەکانی ژیانم یەکێکیان لە دەستدانی قادر کابان بوو) لە بەناوبانگترین گۆرانییەکانی قادر کابان، گۆرانی (هەی شەم) ە، کە هۆنراوەی (وەلی دیوانە) یە.


سەرچاوە: ماڵپەری خاک