مەعروف ئاغایی - مارف ئاغایی

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
مارف ئاغایی.jpg

مەعرووف ئاغایی ناسراو بە مارف ئاغایی لە ڕیزی ئەو شاعیرانە بوو کە لە ڕەوتی نوێخوازی شیعری کوردیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، دەوری گرنگیان گێڕا.

شاعیرێکی ناوەرۆکخواز بوو کە زمان و شێوازی تایبەت بە خۆی هەبوو.

ئەم شاعیرە هەستیارە لە ڕۆژی دووهەمی ڕێبەندانی 1344 ک.

لە 22-01-1966 لە گوندی وەزنێ سەر بە شاری نەغەدە، ناوچەی سندووس لەدایک بوو.

لە 25 ڕێبەندانی 1376 بەهۆی کارەساتی پێکدادانی ئۆتۆمبیل کۆچی دوایی کرد.

ژیاننامە:

مارف ئاغایی، کوڕی حاجی محەمەدی ئاغایی لە بنەماڵەی پاشایییە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە شاری نەغەدە تەواو کرد.

لە گەرمەی خوێندنی ناوەندیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی چوونەتە شنۆ. لەوێش لە قۆناغی ئامادەییدا کە تێیدا ساڵێک زیندانی کراوە، لە خوێندن دابڕاوە.

ساڵی 1985 هاوکات لەگەڵ دامەزرانی بنکەی ئەدەبی و فەرهەنگی گۆڤاری سروە دەستی بە بڵاو کردنەوەی شێعر و بەرهەم کرد و دوو ساڵ دواتریش لە هەمان گۆڤاردا بۆتە ئەندامی دەستەی نووسەران.

ئاکامی تەقەلاکانی بوووە مایەی بەرفراوان بوونی جوگرافیا و خوێنەری گۆڤاری سروە.

ساڵی 1988 لەگەڵ ئازەری سەمسامی ژیانی هاوبەشی دەست پێکرد و کچ و کوڕێک بە نێوی شەونم و پەیام بەرهەمی ژیانی هاوبەشیان بوو.

لە ساڵانی دوواییدا بەتاسەوە هەوڵی خۆفێر کردنی زاراوەکانی زمانی کوردی دەدا و هاوکاتیش لە ماوەیەکی کورتدا فێری زمانی ئینگلیزی دەبێ و ئاکامی ئەو تەقەلایەش وەرگێڕانی کتێبی ناسیۆنالیستی کورد بوو بۆ سەر زمانی کوردی.

مارف جگەلە وەرگێڕانی کتێبی ناسیۆنالیزمی کورد کتێبی شێعر و چێرۆکەکانی بە نێوی زەوی سەخت و ئاسمانی دور پاش مەرگی بڵاو بۆتەوە کە لەلایەن رەخنەگر و شارەزیانی شێعری هاوچەرخی کوردی لە کوردستانی ئێران بە کارێکی گرینگ و جۆرێک شێعری جیاواز لە قەڵەم داوە و چەندین لێکۆڵینەوەی لەبارەوە نووسراوە.

پاش چواردە ساڵ لە مەرگی ناوادەی مارف ئاغایی یەکێک لە سێکوچکەی جوانە مەرگی شێعری نوێ لە کوردستانی ئێران، ئێستاش سێبەری سەوزی شێعر و بیر و ئەندێشە دیارە و هەر باڵادەکات.

کۆچی دوایی:

پاش خزمەت و هەوڵ و تەقەلایەکی زۆر و ئەنجامدانی گەلێک کاری بەنرخ و پڕۆژەی نوێ لە ناوەندی بڵاو کردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی و گۆڤاری سروە، وەک رێکخستنی کۆنگرە، کۆنفراننسی ئەدەبی و فەرهەنگی هەر لە ئیلامەوە بگرە هەتا دەگاتە شاری ورمێ و دامەزراندنی پێوەندییەکی زۆر لەگەڵ ئەدیب و نووسەرانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بۆ کاری هاوبەشی فەرهەنگی، رۆژی 25 ڕێبەندانی 1376، دوای گەڕانەوەیان لە پرسەی مینا خانمی خێزانی پێشەوا قازی، لەگەڵ دەستەی نووسەرانی گۆڤاری سروە، لە مەهابادەو بەرەو ورمێ، لە کاتێکدا لەگەڵ هاوڕێکانی لە رەوتی پەنجاساڵەی ئەدەبی کوردی دەدوا، بە کارەساتی دڵتەزێنی ئۆتۆمۆبیل، لەگەڵ دوو هاوڕێی تری، کاک جەعفەری قازی و کاک سەرتیپ مەنسووری، دڵە سەوز و پڕ ئەوینەکەیان لە لێدان کەوت و لە بەشی ناودارانی گۆڕستانی بوداغ سوڵتانی شاری مەهاباد لە نزیک گڵکۆی هەژار و هێمن بە خاک ئەسپێردرا.

0001 (10)10.jpg

چەن نموونە لە شیعرەکانی مارف ئاغایی:

مانەوە

ئەم خۆشەویستە دڵڕەقە عیشق پەروەرەی

نە دەتوانم وەکوو کیژێک بیخەمە پاشتەرکی ئەسپ و

لە ژێر سایەی زێڕوەشانی تریفەی مانگەشەوێک

هەڵێگرم

نە دەشتوانم هەرگیز دڵی لێ بەردەم و

خۆم گیرۆدەی کۆلکەزێڕینەی شوێنێکی دیکە بکەم

ناوی: خاکە

ئەم دەریایەی

نە دەتوانم لە جامی چاوەکانمدا رایگوێزم و

نە دەشتوانم لە دووری ئەو

لە ئۆقیانووسی هیچ شوێنێکی دیکەدا قومە ئاوێک

بخۆمەوە.

سەرچاوە: نەسیم قادرپوور