چەمکی خود لای فرۆید و جەلالەدینی ڕۆمی.

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

نووسینی: سەردار حەمەڕەش

Thumbnail freud.jpg


من (خود) لای فرۆید، سێ پێکهاتەیە: ئەو، منی باڵا، منی ئێگۆ.

(ئەو): پێکهاتوە لە هەسەتە سروشتیەکان، هەستە ئاژەڵیەکان، هەوەس و ئارەزو و شەڕانگێڕی و، ئێرەیی بردن و....تاد.

(منی باڵا ): بریتیە لە کەڵچەر و قانونی کۆمەڵایەتی.

(منی ئێگۆ) : ناوبژیوانە لە نێوان ( ئەو - منی باڵا) و بڕیار دەدات. واتە (ئەو) لەگەڵ (منی باڵادا) هەمیشە لە ململانێدان، منی ئێگۆ دوا جار بڕیار دەدات لە پێکدادانی ئەو دوو بەرەیەدا.

جەلالەدینی رۆمی باسی سەدەها من دەکات لە بەلاغەیەکی شیعریدا بەبێ ئەوەی دەست نیشانیان بکات، دەڵێت:

لە نێوان هەزارەها مندا، دەپرسم کە ئایا من کامیانم، لەم جیهانە پان و بەرینەدا، تۆ بە دوای خشڵێکدا دەگەڕێیت بەڵام لە راستیدا تۆ خشڵەکەیت.

هەربۆیەش جەلالەدینی ڕۆمی هێندە باوەڕدار بوو، هەتاوەکو بتوانێت بە خودایەکی زۆردار هەموو ئەو من (خود)انە بکات بە یەک، دەنا دەوری دین و باوەڕ چییە ئەگەر نەتوانێت ئەو کارە بگرێتە ئەستۆی خۆی؟ هەر لە دێر زەمانەوە تەوتێم و خوداوەند و دینەکان بە غەریزە بۆ هەمان مەبەست بوون؛ بەستنەوەی نەک تاکەکانی کۆمەڵگە پێکەوە، بەڵکو بەستنەوەی چەندەها من لەناخی خود( من) دا.

هەتاوەکو منی ئێگۆ سەر دانەوێنێت بۆ یاسا کۆمەڵایەتیەکان و پەیڕەوی دۆگمێکی چەق بەستوو بکات، هەتاوەکو "ئەو" خۆی نەسەپێنێت و کاری بەد و شەڕانگێڕیمان پێ نەکات، ئەوەی دیبەکانی نایان ناوە شەیتان.

کاتێک منی ئێگۆ دەتوانێت بە لۆژیک، بە ژیریی (نەک بە هۆکاری نەخۆشی و کارەساتی دژوار کە کاریگەری لەسەر دەروونی تاک دروست دەکات و دەیخاتە حاڵەتی شێتیەوە)، توانای هەیە یاسا کۆمەڵایەتیەکان بخاتە لاوە و گوێرایەڵیان نەبێت، واتە وەک رامبۆ مۆرڵ بە لاوازی مێشک بناسێنێت، ئەوا تاکی ئاگامەند دیدی بۆ کەمەڵگە تەواو دەگۆڕێت و وەک کەسێکی غەریب خۆی دەبینێتەوە و دەکەوێتە کەنارەوە، ئەگەر بێگومان لەسەر بنەمایەکی توندوتۆڵ منی ئێگۆی پەروەردە نەکردبێت، ئەوا خود خۆی گووم دەکات، پەرتەوازە دەبێت.

ئەو کاتە، منی ئێگۆ، کاتێک سەرنجی ڕوداوەکان دەدات، سەیری شکڵ و کەسەکان دەکات، لێکۆڵینەوە بۆ باسەکان دەکات، وەک ئەوەی لە هەسارەیەکی ترەوە هاتبێتە سەر زەوی وەهایە. هەڵسوکەوتی مرۆڤی دەور و پشتی تەوا و وەک جۆرێک لە ئاژەڵ دەبینێت و هەموو شکڵ و هەڵسوکەتێکیشیان بە نامۆ دێتە بەرچاوی، ئیدی لێرەوە هەموو داهێنانێک دەست پێ دەکەن، کاتێک تۆ دەچیتە دەرەوەی خۆ( یاسا کۆمەڵایەتیەکان تێ دەپەڕێنیت). دەنا هیچ مرۆڤێک ناگات بە ئاگامەندی و هەرگیز فرۆید نەی دەتوانی باسی من بکات، جەلالەدینی رۆمی نەی دەتوانی وەها بدووێت، ئەگەر بەو قۆناغەدا تێ نەپەڕیبێت، وەک فۆکۆ دەڵێت:

"بۆ بوون بە مرۆڤێکی ڕاستەقینە، ڕێگاکەی تێ پەڕبوونە بە شێتی دا." ………………………………………. لەم لینکەی خوارەوە بابەتی فرۆید بخوێنەرەوە لەسەر خود.