گەڕەکی دەرگەزێن

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

ناوی گەڕەکی دەرگەزێن لەچییەوە ھاتووە ؟

178429236.jpg

گەڕەکی دەرگەزێن لە سلێمانی، دووەم گەڕەکە لە کۆنیدا، دانیشتوانی زووی ئەم گەڕەکە لە شاری «دەرگەزێن»ی سەر بە پارێزگای «ھەمەدان»ەوە ھاتوون. ھەر بەو ناوەشەوە ناویان ناوە. ھەندێک لە مێژووناسان وای بۆ دەچن، کە لەسەردەمی بنیاتنانی شاری سلێمانی، بەناوی ئەو گەشتیارانەوە ناونراوە کە لە شاری دەرگەزێن ی ئێرانەوە ھاتوونەتە سلێمانی .

ئیدمۆنز بەمجۆرە لەبارەی ئەو گەڕەکەوە دواوە: « شەش حەوت خێزانێکی سوننی مەزھەب لە گەڕەکێکی شاری ھەمەدانەوە لەدەست شیعەکان ھەڵاتوون و ھاتوونەتە ئەو شوێنەو ھەر بەناوی جێگاکەی خۆیانەوە ناویان لێناوە دەرگەزێن». بۆ پشت راستکردنەوەی ئەم بۆچوونە ئەگەر سەرنج بدەین چەند بنەماڵەیەکی دێرینی شارەکە لەشاری ھەمەدانەوە ھاتوونەتە شاری سلێمانی. کۆمەڵێ نوسەری تر ڕایان وایە: ناونانی ئەم گەڕەکە بەم ناوەوە، بۆ ناوی دوو گوندی ناحیەی بازیان و گوندێکی تر لەسەر رێگای خانەقین- بەغدا لەنێوان شارەبان و چیای حەمریندا دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەم بۆچوونە بەلای راستیدا نەشکاوەتەوە. ھەروەھا لە بەغداش بنەماڵەیەک ھەیە «درکزلی» ئەمانەش ھەر دەچنەوە سەر دەرگەزێن.

چیرۆکێکی تر بۆ گەڕەکی دەرگەزێن هەیە، ئەڵێن ئەو سەردەمە دەوڵەمەندەکان ماڵیان لەوێ بووەو ئەڵقەڕێز و دەسکی دەرگای حەوشەیان لە جۆرێک مس یان زەرد بوە . بەناوی «دەرگا زێڕین» ناو نراوە، بەهۆی ئەوەی وشەی دەرگا زێڕین لەسەر زمانی خەڵک قورس بوە بۆ وتن کورتکراوەتەوە بۆ دەرگەزێن.

ھەر لەم میانەوە کۆمەڵە کەسانێکی دانیشتووی دێرینی ئەو گەڕەکە، وای لێک ئەدەنەوە، کاتی خۆی، باو وباپیرانیان کە لەشاری ھەمەدان بوون «شاری ئەوکاتانە بە شورا دەورە دراوەو لەناو شوراکەدا چەند دەرگایەک ھەبووە» شاری ھەمەدانیش شورای ھەبووەو دەرگاشی لەناو شوراکاندا بووە، ھەر دەرگایەک ناوی خۆی ھەبووە، ئەمە نەک لە ھەمەدان، بەڵکو لە گەلێک لە شارەکانی ناوچەکەو دەرەوەدا بەو جۆرە بووە، یەک لەو دەرگایانەی ئەو شارە«ھەمەدان» پێیانوتووە «دەرگا زێڕین»، دواتر وشەی «دەرگەزێن»ی لێدروست بووە.

بەبڕوای خۆم ئەو بۆچوونەی لە راستییەوە نزیک بێت ئەوەیە ناونانی ئەم گەڕەکە لە شاری دەرگەزێن ی سەر بە پارێزگای ھەمەدانەوە ھاتووە.

ئەم بنەماڵە دێرینانەی دەرگەزێن ھەندێکیان راستەوخۆ لەوێوە، ھاتوونەتە سلێمانی و ھەندێکیشیان لەپێش سلێمانیدا چوونەتە قەڵاچوالان و لەگەڵ دروستکردنی شاردا، ھاتوون، ھەروەھا ھەندێکیان بەکاری بازرگانییەوە رێگەیان بەسەر سلێمانی دا بووەو کاروانیان بەرەو بەغداو مووسڵ و کەرکوک لەولاشەوە بەرەو ئێران، تاران و تەورێز و بەرەو رووسیا بۆ شاری «ھەشتەر خان - استراخان» بووە.

دەرگەزێن کاتی خۆی لە ماڵەکانی گەڕەکی سەرشەقام جیا نەدەکرایەوە تا دوای راکێشانی شەقامەکە. ئینجا خۆی گەڕەکێکی بچووک بوو، لقی تریشی لێبوبۆوە کە بریتی بوو لە گەڕەکی «سەرگۆل» و « کارێزی دایکی پاشا»، کە ئەمڕۆ ئەو دوو ناوە بیر چوونەتەوە.

گەڕەکی سەرگۆل چەند ماڵێکی دەگرتەوە، کەوتبووە خوار مزگەوتی دوو دەرگا، کە لە ئێستادا لەسەر شەقامی نالی یە، ناوەکەی لەوەوە ھاتووە کە گۆل- گۆماوێک لەوێدا ھەبووەو پاشتر لەنزیکییەوە بناغەی خانوو داڕێژراوە.

ئەندازیار نوری کاکە حەمە لەھۆنراوەیەکدا ئەڵێت:

  • دەرگەزێن خەڵکی بەدیوەخانە
  • بازرگان ئەشراف، عەبا بەشانە
  • خانوو دوو نھۆم، ھەیوان سێ دەری
  • سەکۆ لە حەوشە، باخچە لەوبەری


ئامادەکردنی: سەرھەنگ عەبدولرەحمان