نامەیەکی جەبار فەرمان بۆ نەوشیروان مستەفا ساڵی 1989

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

نامەیەکی جەبار فەرمان بۆ نەوشیروان مستەفا ساڵی 1989 دەقی نامەکە:—

Snapshot2547.png

برای بەڕێزم کاک نەوشیروان

سڵاوێکی گەرم لەگەڵ رێزو ئەحواڵ پرسینمان بۆ ھەموو برادەران.

سەبیحە سڵاوی ھەیەو کچەکان لەمەکتەب دامەزراون و ھەتا رادەیەک لەگەڵ ئاوارەگی راھاتوون.

برایەکیان بۆ لەدایک بو زۆر پێ دڵخۆشن، نامەکەی جەنابتان گەیشت ھەرچەندە پڕە لە گلەیی بەڵام بەسەرکردنەوەکەتمان پێ خۆشبوو زۆر سوپاس.

راستە ماوەیەکە خەڵک کەوتۆتە قسەو باس لەسەر ھەمومان و جەنابت بەتایبەتی، دیارە لێقەومان و دەربەدەری و دەستکورتی لەلایەک و لەسەروی ھەمووشیانەوە شکست و ... کەموکورتی خۆمان.. لاوازی رێکخستن.. نزمی ئاستی کادرەکان.. نەبوونی ئۆرگان و بڵاوکراوە وەک خۆراکی فکری، رەفتارەکانی ساڵانی رابردوی خۆمان لەگەڵ کادرو پێشمەرگەو جەماوەر......ھتد بۆتە ھاندەر بۆ گلەیی و گازندەو بگرە قسەو قسەڵۆکیش لەسەرمان دەشم زانی ناکۆکی ناوکۆمیتەکەمان وا ئەکات بەشێکی ئێمەش بگرێتەوە.

281052541 .jpg

لێرەدامن خۆم خانەقینیم کابرای پێشوش خانەقینی بو.. لە شیعەشدا تەقیە باوە بۆیە سوێندو پاکانە بەپویست نازانم ئەوەندە ئەڵێم قسەو باسەکان ھی زۆربەی کادرو پێشمەرگەو ئاوارەکانی ناو ئۆردوگان، کە پێش سەفەری جەنابت ھەر ھەبوون.. ئێستاش ھەر ھەیە. نەک ھی من.

بەنیسبەت برادەرانی زیندانەوە.. یادگاری شەوان و رۆژانی تاریکی زیندان و دیلی، پاشان تاقیکردنەوەی خەباتی دە ساڵەی رابردووی ناو شۆڕش.. پاکی و دڵسۆزی و لەخۆبوردوبونیان وای لێ کردوم جگە لە ھاوڕێیەتی و ھاوسەنگەری بوون بەکەس و کارو برام.

دیارە وەک خەڵکانی تری ناو شۆڕش ئێمەش بێ کەموکوڕی نین، لێرەدا رێگا بەخۆم ئەدەم بیری جەنابت بخەمەوە ( ئەگەرچی بە رێکەوتیش بەسەر زمانی جەنابت دا نەھاتوەو بەر گوێم نەکەوتوە) کە ھێزی ئەساسی راماڵینی تەکتلی ناو کۆمەڵە ھاوڕێیانی زیندان بوون، وە لەو سەردەمە کۆڵەکەیەکی ئەستور بوون بۆ جەنابت و ئێستاش نەک ھەر تەکتل نین بەڵکو بە دڵنییایەوە دەڵێم ھەمان کەسن، وە ھەمان ھەڵوێستی دڵسۆزانەیان ھەیە بۆ کۆمەڵەو شۆڕش و ئەنتی تەکتلن.

جێی داخە دۆستی و برایەتی و ھاوڕێ خۆشویستنیان بە جۆرێک لە تەکتل دا ئەنرێ. خۆشم وەک جاری پێشوو خۆم کردە کەوا سوری بەر لەشکر بۆ راماڵینی تەکتل بەھەمان حەماسەوە بەگژ ھەموو جۆرە تەکتلێکدا دەچم لەناو کۆمەڵە سەر ھەڵبدات.

باسی رێزو تەقدیری تایبەتیت کردوە بۆمن زۆر سوپاس بەڵام خۆم بە پێچەوانەوە ھەستم کردوە، ئەوەی ئاشکرایە ھەمیش لەدوای برادەرانەوە حسابم بۆ کراوە رێزو حورمەتی تایبەتم ھەیە بۆ ھاوڕێیانی سەرکردایەتی بە راستی پیاوی تێکۆشەرو ماندون.. پێم وایە منش شان بەشانی ئەوان رەنجم کێشاوەو ماندوو بوم، کەچی لەبەر نەبوونی متمانەی جەنابت بەمن ھەمیشە جێگام پەراوێزی مەسەلەکان و کارەکان بوە. وە بگرە نەک ھەندەی ئەوان حورمەتتان لێ نەگرتوین و جێ متمانەتان نەبوین بەڵکو زۆر جار لە خانەی دوای کاکە حەمەشەوە دانراوین کەلەم شۆڕشەدا نیو ھەندەی کادرێک زەحمەتی نەکێشاوە. ماندو نەبوە.

ساڵێک لەدەزگای رێکخستن بو ھیچ سەنگ و رەنگێکی نەبوو.. کۆبونەوەکانی لەگەڵ کادرەکان لەسەربانی مەقەڕ ئەنجام ئەدا ھاوڕێیانی ئەندامانی دەزگا گلەیان لێ کردبوو، گوتبوی وا باشە لەھاوین لەبەر گەرمای ھەتاو تاقەتی نامێنێ و لە زستانیش لەبەر سەرما ئیتر درێژە بەقسەکانی نادات و لەکورتی تەواو ئەبێ، ئابەم جۆرەیە کادری پەروەردە ئەکرد، پاشان ساڵ و نیوێک لە رێکخراو ( ئەوە ئێمە پیاوی نەخوێنەوارو زمان نەزانین) ئەی کاکە حەمەت ئینگلسی زان و چەندن زمان زان چەند سیمینارو دەورەی بۆ کادرەکان کردەوە،ئەوەشی نەئەکرد، وەک ئێمەی نەخوێنەواری کردبایا بۆ ( شەریک شعوری)سەردانی یەک لەکەرتەکانی سنوری رێکخراوەکەی بکردبایا نەک بۆ نامە بردنێک سەفەری ھەموو ئەوروپای بکردبایا. خۆزگە چاوێکت لێ ئەبوو، ئەمجارەی کە ھاتەوە بەحساب پەیام ھێنەری جەنابت بو لەسەر گەمەو فیشقیاتی کاک قادر لەگەڵ من کە بۆ خۆشی بوو چۆن کۆبونەوەکەی سوک کردو بۆ چ ئاستێکی نزم دابەزی.. خۆی ریسوا کرد.

ناتوانم لەم نامەیەی بۆ جەنابتی دەنوسم باسی بکەم ھەندە شەرم و شورەییە دڵنییام لێرە بویتایا نفرەتت لێ ئەکرد، خۆزگە کاک عمر فتاح و کاک فریدون وەک چۆن بوە بۆیان باس ئەکردی.

کۆتایی نامەکەم بە کۆتایی نامەکەی جەنابت دێنمەوە، زۆر راستە ( خەڵک لە ئەزمەو لێقەوماندا ئەناسرێ و مەعدەنی راستەقینەی دەرئەکەوێ) وە بەمتمانەووە ئەڵێم ئێمەش وا ئەکەین و وا ئەبین بە تایبەتی ئەرکی ئەو کۆمیتەیەش بە من سپێردراوە کە سەرپەرشتی ھێزی خوارەوە ئەکات و بەشک لە قورسایی ھەڵسانەوەی شۆڕش ئەکەوێتە ئەستۆمان..

بەم کارە ئەگەڕێمەوە ناو شۆڕش وەک کارەکانی جارانم لەپەراوێزەوە نابین و بەدڵ و بەگیان ھاوکاری برادەران ئەکەین و بێ کێشە.

دووبارە سوپاس بۆ بەسەرکردنەوەکەتان

ھەربژین

براتان

جەبار فەرمان

١٩٨٩/١٢/٢٨


سەرچاوە: بڵێسە جەبار فەرمان

281865543 .jpg
280931114.jpg
281700666.jpg