لەبەر مردن،ژیان ڕەشپۆشە

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

لەبەر مردن،ژیان ڕەشپۆشە

07bf-4a61-84f7-2.jpg

(لە پەراوێزی ساڵمەرگی چیرۆکنووس مەنووچەر کەیخسرەوپووردا)

نووسینی: هۆمەر نۆریاوی

یەک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات،ڕێزنانی زێدە لە مردن و خەمساردیی بەرانبەر خودی ژیانە.

ڕۆژی پێنجشەممە، 9ی ڕەشەممەی 2724(27ی فیبریوەریی 2025)ساڵمەرگی ڕووناکبیر و تۆرەوان"مەنووچەر کەیخسرەوپوور"(2024-1947)بوو، بەم بۆنەیەوە، بنەماڵە و ژمارەیەک ڕووناکبیر و نووسەر لە شاری سنە ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر مەزارەکەی گرد بوونەوە و چەند ساتێکی خۆیان بە سووکە یادکردنەوە لەم کەسایەتییە چاندییە،بەخشی.

نووسەری ئەم دێڕانە کورتە پەیڤێکی پێشکەش کرد کە ڕووی پەیڤەکەی زێتر لە پتەوکردنی ژێرخانی پەروەردەیی کۆمەڵگە بوو کە یەک لە پەرۆشە سەرەکییەکانی خودی ئەم نووسەرە بەدرێژایی تەمەن بووە. ئەم پرسە لە نامەکەی مەنووچەر کەیخسرەوپوور بۆ مامۆستا"ئەلی ئەشرەف دەروێشیان"(2017-1941)و وەرامەکەی ئەم کەسایەتییە ناسراوەدا زۆر بە ڕوونیی خۆی دەنوێنێت.

لە بەشێکی نامەکەی مامۆستا "ئەلی ئەشرەف دەروێشیان"دا هاتووە:" مەنووچەری ئازیز،نامەکەتم وەرگرت. بوویت بە مامۆستای قوتابخانە، ئەرکێکی گەلێک چەتوون و گرانە.

بەڕێوەبردنی ئەرکی دیتران(خەڵکانی دی)بەرپرسیاریەتییەکی پڕ گرانە. پەروەردەکردنی مرۆ، ئەرک و کارێکە لە هەموو کەسێک ناوەشێتەوە. ئەگەر ئەرکێکی دیکەت لە ئەستۆ بووایە ئەوە دەکەوتەوە سەر خۆت چلۆن هەڵسوکەوت بکەیت لێ،مامۆستایەتی ئەرچی لەم وڵاتەدا ئەوەندە بایەخی پێنادرێت،ئەرک و کارێکی گرینگ و مایەی شانازییە.

-0f76cd1f8246.jpg

مەڵێ ئیدی بوومە مامۆستای قوتابخانە. ئەمە سووکایەتی و بێڕێزیکردنە بە پێگەی ئەرەستوو(322-384ی پێش زایین). هاوڕێی ئازیزم،کاتێک لە پێناو ڕۆشنگەریدا خەبات دەکەیت،گەرەک ئاگات لە شێوەی ئاخاوتن و قسەکردنت بێت. سەرەڕای خوێندنەوەی بەردەوام،پێویستە درێژە بە خوێندنەکەت بدەیت. هیچ پێویست ناکات تەنێ لە بەشی پزیشکیدا وەربگیردرێیت و درێژە بە خوێندن بدەیت. ڕوو لە بەشی ئەدەب و زانستە کۆمەڵایەتییەکان بکە،کۆمەڵناسی بخوێنە،زانستی پەروەردە بخوێنە. فێرە زمانیش ببە.

سەمەد(1968-1939)(مەبەست،سەمەد بێهڕەنگییە کە بە چیرۆکنووس و نووسەرێکی پێشڕەو لە ئەدەب و وێژەی فارسیدا دادەنرێت. وەرگێڕ)جگە لەوەی مامۆستای قوتابخانە بوو،فێرە زمانی ئینگلیزییش بووبوو و ئەو هەموو کتێب و پەڕتووکەیشی نووسی".(ژیوار،ل64) پێویستە ئیشارەتیش بەم خاڵە بدرێت کە مێژووی نامەکەی ئەلی ئەشرەف دەروێشیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1348ی هەتاوی(1969).

لێرەوە لە لایەکەوە دید و بۆچوونی ورد،قووڵ و ژیرانەی ئەلی ئەشرەف دەروێشیان خۆی دەنوێنێت و لەو لایشەوە پەی بە بایەخ و سەنگی پرسی هەرە هەستیاری پەروەردە وەک یەک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی پێکهێنەری کۆمەڵگەیەکی تەندروست دەبەین. مەنووچەر کەیخسرەوپوور وێڕای ئاوڕدانەوەی هەرەقەتی لەم پرسە کە تەمەنێک لە ڕێی مامۆستایەتی قوتابخانەوە جێبەجێی دەکرد،پرسی فەرهەنگ و چاندی کوردییشی زۆر لە لا گرینگ بوو. هەر لەسەر مەزارەکەی ئەم کەسایەتییە چاندییە،ئاماژەم بەم خاڵە جەوهەرییەیش دا کە ڕاز و نهێنیی مانەوەی ئەم جۆرە مرۆڤانە لە خودی کەسایەتییەکەیاندایە کە تا چەندە پەرۆشی زمان و کولتووری نەتەوەکەیان بوونە.

ئەگەر ناو و بەرهەمی هزر و ئەندێشەی مەلای جزیری(1640-1570)، ئەحمەدی خانی (1707-1650)، نالی (1855-1798)،حاجی قادر کۆیی(1897-1817)، مەولەوی تاوگۆزی(1882-1806)، پیرەمێرد (1867-1950)، جگەرخوێن (1984-1903)، هەژار موکریانی(1991-1920)، هێمن موکریانی(1986-1921)، شێرکۆ بێکەس (2013-1940) و...هەردەم لە نێو دڵی میلیۆنان کورددا دەمێنێتەوە، ڕاست ڕووی لە خودی ڕاژە و خزمەتی ئەم جۆرە کەسایەتییانە بە چاند و زمانەکەیانە کە مەنووچەر کەیخسرەوپووریش بە هەمان ڕێبازدا چووە بۆیە ناوی لەسەر ڕووپەڕی دیرۆکی ئەدەب دەمێنێتەوە.

A0de64b74.jpg

هەر لێرەوە دەمەوێت جەخت لەسەر ئەم خاڵەیش بکەمەوە کە کەسایەتییە چاندییەکانی ئێمە تا ماون پێویستییان بە ئاوڕدانەوە و سۆراغگرتن و پاڵپشتیکردنی کتێب و بەرهەمەکانیان هەیە نەوەک خێرپێکردن!

بەڵام بیانوویەکی دی نووسینی ئەم چەند دێڕە ڕووی لەم خاڵە گرینگەیە کە،ئێمە چەند تەنیاین تا لەژیانداین و چەندە دەورمان جەنجاڵە بۆ مردن!

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا کە تا دێت بەها و خەسڵەتە واڵا مرۆیییەکان کاڵتر دەبنەوە و ژیان هەر ساتە و بە ڕەنگێک خۆی دەنوێنێت کە من وەک خودی خۆم هەرگیز دژ بە فرەڕەنگیی و فرەدەنگی نیم بەڵام چلۆنە تا ماوین سەدی یەک ئەوەندە دەوروبەرمان قەرەباڵغ نییە کەچی لە سبەی مردندا ئەوەندە سەرمان بە مردنەوە جەنجاڵە! لە نێو خودی ئارامستان و بگرە دەرەوەی ئارامستانەکەیش حەشرێک بەرپا بوو کە هەر مەپرسە. تۆی خوێنەر ئەم دێڕانە ئەودیوی پرسەکە بخوێنەوە و پێویستی بە ڕاڤەی زێتر نییە.

شیاوی ئاماژەپێدانە چیرۆکنووس و شاعیر"مەنووچەر کەیخسرەوپوور"ساڵی 1326ی هەتاوی(1947)لە شاری شائاباد(ئیسلامئاوای ئێستا)سەر بە ستان و پارێزگەی کرماشان،لەدایک دەبێت و ڕۆژی سێشەممە،8ی ڕەشەممەی2723(27ی فێبریوەری 2024) دڵە میهرەبانەکەی ئەم چیرۆکنووسە لە شاری سنە لە لێدان کەوت و لە گۆڕستانی بەهەشت محەممەدیی ئەم شارەدا بۆ هەمیشە لە خاکی نیشتماندا ئارامی گرت. ئەم کۆپلە شیعرییە بە دوایین بەشی کورتە نووسینەکە دەبەخشم کە هەر ئەو دەم بۆ مەنووچەر کەیخسرەوپوورم نووسیبوو.

  • پەڵەهەورێکی باراناوی
  • لە هەورێکی باراناویی بەهار دەچوو،
  • نەرمێ دەهات،دادەباری و
  • وەکوو بزەش،
  • تەنێ سێبەرێکی نەخشین،
  • لە خەیاڵدان دا جێ دەما.
  • کە دەپەیڤی،
  • خودی خۆی زەردەخەنە بوو،
  • شیرین شیرین،
  • لەسەر دڵان ڕۆ دەنیشت و
  • بۆ هەمیشەش
  • لە ئەلبۆمی یادگاردا
  • نەخشی دەبەست.
  • ئەم ڕێبوارە چاوبەفرینە،
  • لە ڕەشەممەی چاوکاڵەوە،
  • چاوی هەر چاوەنۆڕی بەهار و
  • نەرمە بارانێ وەک خۆی بوو،
  • کەچی دڵە نەرمۆڵەکەی دەیگوت:
  • "مەنوو"گیان،بەسیەتی لێدان،
  • ئارام بگرە و بۆ هەمیشە
  • بگرە وچان.

سنە

9ی ڕەشەممەی 2723

ژێدەر:

• گۆڤاری ژیوار،ژمارە 3،ساڵی حەوتەم،بەفرانباری 1394ی هەتاوی،نامە مێژوویییەکەی ئەلی ئەشرەف دەروێشیان بۆ بەرزڕاگرتنی پێگەی مامۆستا