مێژووی ژیان و مردنی حاجی قادری کۆیی

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

وشە - ژیڤان خۆرانی

984ac8f.jpg

حاجی قادری کۆیی شاعیر و بیرمەندێکی بەناوبانگ و نەتەوەخوازی کورد بوو. ماوەیەکی درێژ لە ئیستەمبووڵ پایتەختی عوسمانی ژیاوە و بە ھۆی نەبوونی ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردی و نەخوێندەواریی کوردانی ئەو سەردەمە ڕووی کردووەتە ھۆنراوە و بیروبۆچوونە سیاسییەکانی بە شیعر نووسیوە. حاجی کاریگەری زۆری لەسەر بڕێک لە شاعیران و نووسەرانی پاش خۆی وەک عەبدوڵڵا پەشێو بووە. حاجی قادر سەرەڕای دەستنیشانکردنی دەرد و ئازارەکانی کورد، زۆر جاریش هەوڵی داوە چارەیان بۆ بدۆزێتەوە، بۆ نموونە: حاجی دەردێکی کوشندەی لای کورد دەست نیشان کردوە، کە دووبەرەکی و ناتەبایی و دوژمنایەتی کردنی یەکترە، دەرمانیش لای ئەو تەنیا هەر ڕێکەوتن و یەک ڕیزییە. حاجی ، دوژمنی سەرەکی دەست نیشان کردووە کە تەماحکارو داگیرکارانی کوردستاننن ، بۆ ڕوبەڕوبوتەوەی ئەو دوژمنەش چەکی چارەسەر داناوە، چونکە وادیارە ئەوکاتش زمانی سەردەم چەک بووە.

  • تا ڕێک نەکەون قەومی ئەکراد
  • هەروا دەبنە خەرابــــــــە ئاباد

حاجی قادر کوری ئەحمەدە لە ساڵی ١٨١٥ی زاینی لە گوندی گۆرقەرەج، لە باشووری خۆرئاوای شاری کۆیە لە دایكبووە .هەر بە منداڵی باوکی دەمرێ و دایکی ناوی فاتم بووە، لەبەر هەژاری و نەداری ئەم منداڵە هەڵدەگرێت و دەیهێنێتە شاری کۆیە، تا وردە وردە گەورە دەبێت و لە تەمەنی حەوت ساڵیدا دەخریتە بەرخوێندن. بۆ ناو کۆری فەقێیان و دەبێتە سوختە و لە مزگەفتی موفتی شاری کۆیە خەریکی خوێندن دەبێ، لە لای مەلا ئەحمەدی ئۆمەر گونبەتی زۆری خوێندوە .

بە فەقێیەتی دەچێتە (خۆشناوەتی - [[هەولێر]] - سەردەشت - مەهاباد - شنۆ - سلێمانی) لەگەڵ ( حاجی مەلا عەبدوڵای جەلی زادە) فەقێ بووە لە باڵەکایەتیدا، هەروەک لە نامەیەك بۆ جەلی زادەی نوسیوە و دەڵێ:

  • بە فیکرت دێ زەمانێ چوینە باڵەك
  • بە پێ خاوس، نە کەوشم بوو، نەکاڵەك

دوای تەواوکردنی فەقێیەتی دەگەرێتەوە شاری کۆیە، لەگەڵ حاجی عەبدوڵا بەیەکەوە دەبن، خاوەن زەوی و زارەکانی کۆیە زۆر ڕێزیان لێناوە، بەڵام لەگەڵ شێخ و مەشایخەکاندا دەمەقاڵەی زۆر بووە و لەگەڵیان نەگونجاوە .کەیفی جوانرۆیی شاعیر لەو ساڵانەدا لە کۆیە بووە و ژیاوە، لەگەڵ حاجی قادردا زۆر دۆست بووە و زۆر یەکیان خۆش ویستووە، کەیفی شاعیر لەگەڵ شێخ ڕەزادا نێوانیان تێك دەچێ و لەبەر ئەمە و چەند شتێکی تر، دەبێتە هۆی ئەوەی کەیفی لە کۆیە بڕوا و حاجیش لەگەڵ کەیفی دەڕوا و دەچنە هەولێر.

پاش ماوەیەك دەچنە دۆڵی خۆشناوەتی و رەواندز، دوای دەرۆن بۆ ناو هۆزی حەیدەرانی لە تورکیا و لە ساڵی ١٨٥٤ دا دەچن بۆ ئەستەمبۆڵ و دەچنە لای بەدرخانیەکان. (زۆر رون نییە لەگەڵ کەیفی بە یەکەوە سەفەریان کرد بێت بۆ تورکیا وەك دەڵێن حاجی پێش کەیفی چووە بۆ تورکیا.) کەیفی دەخەنە بەر حقوق و حاجیش دەبێتە مامۆستای کوڕەکانی بەدرخان پاشا، ئیتر لەگەڵ ڕۆژگاردا دەمێنێ و تا ساڵی١٨٩٧ لە تەمەنی ٧٩ ساڵیدا هەر لە ئەستەمبۆڵ کۆچی دوای دەکات و لە گۆرستانی (قەرەجە ئەحمەد) لە بەری (ئەسکۆدار) نێژراوە و لەگەڵ ناڵی بونەتە دوو نەمامی هەمیشە ڕواوی پر بەروبومی کوردەواری لە نامۆییدا. لەم شیعرەدا حاجی دەڵێ :

  • ئێمەش (دەمرین) دەبینە خاکی سەرەڕێ
  • ئەم ڕۆژوشەوە تەنووری صوبحی دەگڕێ
  • (دەسگاو) دوکــانــی شــارەکان دادەنـرێ
  • ئەمـیـان دەفرۆشێت و (ئەوی تر) دەکڕێ .

لە هەمووی گرنگتر ئوەیە، حاجی وەک هەر ڕووناکبیرێکی تازە، زانست و چەکی، پێکەوە کردوونەتە مەرجی سەرەکی و بنەڕەت بۆ خەبات و بەگژداچوونەوەی دوژمن، بۆیە دەڵێت:

  • بەشیرو خامە دەوڵەت پایەدارە
  • ئەمن خامەم هەیە، شیر نادیارە

لە هەموویشی گرنگتر ئەوەیە کە حاجی پێی وابووە کە پێویستە گەل بە دەوری سەرکردەیێک کۆ ببێتەوەو ئەو سەرکردەیە وەک ڕابەر و پێشڕەوی خەباتی نەتەوەیی میللەت لە دەوری خۆیدا گردکاتەوە بەرەو ئامانج بیان بات .

حاجی بە چەند هۆکارێک ڕووی لە شیعر نووسین کردووە، بەتایبەتی ئەو کاتەی، کە چووەتە ئیستەنبۆل کەوتووەتە ناو ژیانێکی نوێ و تازەوە، ئەو ژیانە نوێیە گۆڕانێکی سەرەکی بەسەر بیروڕای حاجیدا هێنا، چونکە شاری ئیستەنبۆڵ ئەو کاتە جێی کۆبونەوەی هەموو ئازادی خوازانی وڵاتی عوسمانی بوو، حاجی ئاگاداری تێکۆشانی ئەو نەتەوە ژێر دەستانەی عوسمانی بوو، بۆیە ئاوڕێکی لە میللەتەکەی دایەوە و کانیاوی شیعری نەتەوەیی لای ئەو تەقییەوە.

لە شاری ئیستەنبۆلدا، حاجی بە بنەماڵەی کورد پەروەری بەدرخانییان گەیشت بوو بە مامۆستای کوڕەکانیان، دیارە ئە بنەماڵەیە کورد پەروەر بوون دەمێک بوو لە پێناو ئامانجە ڕەواکانی کورددا درێژەیان بە خەبات و تێکۆشان و بەرخۆدان دەدا و کارێکی گەورەیان کردە سەر بیروباوەڕی حاجی قادر. ئەو، هەر لە ئەستەنبۆلدا، مەم و زینی ئەحمەدی خانی کەوتە دەست و پێشەکییەکەی خوێندەوە، ئەو پێشەکییە و دەیان کتێبی ڕۆشنبیری تازە بابەت، کە لە ئەورووپا دەهاتن و دەکران بە تورکی و دەهاتنە بڵاوکردنەوە، وایان کرد بیری هەستی نەتەواییەتی حاجی سەر هەڵ بدات. دیارە ئاوارە بوون و دوورکەوتنەوەی لە زێدی باووباپیرانی کارێکی گەورەی کردووەتە سەر حاجی و وای لێ دەکات هەمیشە بیروباوەڕ و هەست و هۆشی لای وڵات و شارەکەی بێت.

بەشێک لە چوارینەکانی حاجی قادری کۆیی


  • یا ڕەب بەقەدەر حەرفی سبووتی یەک یەک
  • ڕەحمەت لە موسەننیف و لە قاری بێ کەلەک
  • ئەمما عەجەم و ئەو کەسەی چاپی دانا
  • بیباتە جەهەننەم بە عەزاب و بە کوتەک


  • ئەی ڕەفێقانی وەتەن زۆر غەزەڵم ماوە لەوێ
  • لە کەنارێکەوە تەقدیرە وەکوو هەڵ بکەوێ
  • وەک سەفینە بگەڕێ بیخەنە بەر بەحری قەسەم
  • حەیفە وەک من لە غەریبی بمرێت و نەتەوێ


  • ئەی عوتارید لە دەرت خادیمی سەججادە بە شان
  • وەی لە کۆیی فوسەحادا قەڵەمت سنجقەشان
  • (حاجی) قادر نییە بەیتێکی وەکوو ئێوە بڵێ
  • ئەسپی کۆن زەحمەتە دەرچێ لەگەڵ ئاهوو ڕەوشان


  • نەقدی عومرم بە غەزەل دا و دووکانم دانا
  • هیچ کەسێ نەیکڕی ترسام لە ڕزین و لە خوران
  • بێ بەها دامە ئەم و ئەو وەکوو کوردێک کە ڕژا
  • ڕۆنی، ئەو وەقتە دەڵێ: کردمە خێری کوڕەکان


  • سەفەرێک سەفەری ڕاهڕەوی بێ تووشە
  • خاسەتەن ئەم سەفەری بەد ئەسەری بێ تووشە
  • بەدڕەقەی ڕێگە ئەگەر (خزری نەبی) بێ تووشە
  • (کافیە) کافیە کوا مەنزڵی من بێ تووشە

سەرچاوە/ دیوانی حاجی قادری کۆیی، سەردار حەمید میران و کەریم مستەفا شارەزا، ئینتیشارات کوردستان، یەکەم چاپی ١٣٩٠ی هەتاوی کۆچی.



وشە - ژیڤان خۆرانی