مەلا سەید ئەحمەدی فەیلەسووف

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
ملا سيد احمد الفيلسوف.jpg

ناوی تەواوی سەید ئەحمەدی کوڕی سەید ئەمینی کوڕی سەید موحەممەدی کوڕی سەید ئەمینی کوڕی سەید خدری کوڕی سەید بەوانی کوڕی سەید خان عەلی خانە و نازناوی (فەیلەسووف) بوو،و بە مامۆستا مەلا سەیید ئەحمەدی فەیلەسوف ناسرابوو، ئەوەش لەبەر بلیمەتی و زیرەکی و شارەزابونی بە شێوەیەکی بێ وێنە لە زانستە شەرعی یەکان و فەلسەفە و عەقیدەی ئیسلامی و زانستە کانی تری وەک بەلاغەو مەنتیق و عیلمی کەلام و سەرف و نەحوی عەرەبی و فەلەک و ئوستورلاب و جوگرافیا و مێژوودا. ھەروەھا شارەزایی زۆرباشی ھەبوو لەزانستی زەوی ناسیدا.

مامۆستا مەلا سەید ئەحمەدی فەیلەسوف لە نەوەی بابا شێخ ئەحمەدی باینچۆی کوری سەید مەحموودی سەبزەوارییە و لە سەیدەکانی (پیرخزری) یە پشتاوپبشت دەچنەوە سەر ئیمام ڕەزا ی مەشھەد خوای لێ ڕازی بێت.

لە ساڵی ١٩١١ ز بەرامبەر ١٣٢٩ک لە کەرکووک لەدایکبووە.

ھەر منداڵ دەبێت و لە تەمەنی چوار ساڵیدا باوکی ئەگوێزێتەوە بۆ بەغدا و لەوێ نیشتەجێ دەبێت، ھەر بۆیە مامۆستا فەیلەسوف لەوێ گەورە دەبێ و پێ دەگات و ھەر لە بەغداش فێری زمانی عەرەبی و فارسی و تورکی دەبێت. دوای ئەوە لە کەرکووک و ھەندێ ناوچەی دەوروبەری و چەمچەماڵ و ھەولێر ژیان بەسەر دەبات و ماوەیەکیش لە ئێران بوە. لە ژیاندا ھەژاری و کەم دەرامەتی و نەبونی زۆر بینیوە. چەند جارێک ماڵی تاڵان کراوە و ناخۆشی و دەربەدەری زۆری بینیوە و نوسراوو کتێب و پەرتووک و شیعرەکانی لەو نێوانەدا فەوتاون و لەناوچوون، تەنانەت لە ساڵی ١٩٦٣ دا کتێب و نوسراوەکانی بەر شاڵاوی تاڵان کردن دەکەوێت و چەند کتێبێکی کەم نەبێت ھیچی بۆ نامێنێتەوە و ھەندێ کەسی خەڵکی کەرکووک کە سەرباز دەبن لە باشووری عێراق بە ڕێکەوت ھەندێ لە کتێبەکانی بەدەستی منداڵی عەرەبەوە دەبینن لە شاری عیمارەو چەند دانەیەکی کەمی بۆ دێننەوە.

لە ساڵی ١٩٧٩ دا سەفەری حەج دەکات و ئەو ئەرکە پیرۆزەش جێبەجێ دەکات.

خوێندن

ملا سيد احمد الفيلسوف (1).jpg

مامۆستا زانستە شەرعییەکان و فەلسەفە و حیکمەت و بەلاغەو مەنتیق وعیلمی کەلام و فیقھو ئوسوڵی فیقھو حەدیس و باقی زانستەکانی ئەو سەردەمەی خوێندوە.

سەرەتای خوێندنی لە شاری بەغدا دەست پێکردووە، پاشان بۆ مەبەستی بەپایان گەیاندنی خوێندنەکەی ڕووی لە کەرکووک و ناوچەکانی دەوروبەری وەکو لەیلان و باواو فەرقان و کردووە، دواتر زۆر شوێنی تر گەڕاوە وەکو سلێمانی و گەرمیان وخانەقین و زەھاو و چەند شوێنێکی تر.

- سەرەتا لة بەغدا دەچێتە لای (کتاب = کوتتاب)بۆ فێربوونی ئەلف و بێ ی عەرەبی، دوای ئەوە قورئانی پیرۆزی خوێندوە. پاشان دەچێتە مزگەوتی شێخ عەبدولقادری گەیلانی و ھەندیّک حەدیس و دیوانی خواجە حافزی شیرازی و گولستان و بوستانی شێخی سەعدی شیرازی و چوار دەروێش و پەند عەتارو ھەندێک کتێبی تری فارسی دەخوێنێت، پاشان ھەندێک کتێبی تورکی و ئینگلیزی ئەخوێنیّت.

دواتر دەچێتە [[کەرکووک]] و لە مزگەوت ومەدرەسەکانی ئەو شارە دائەمەزرێت و دەست بە خوێندن دەکات. دوای ماوەیەک ڕووئەکاتە لادێ و شارۆچکةکانی دەوروبەری و ماوەیەکیش لەو شوێنانەبەسەر دەبات، دوای ئەوە ئەگەرێتەوە کەرکووک و درێژە بە خوێندنەکەی دەدات.

ئینجا دەچێتە ناوچەکانی گەرمیان و خانەقین و زەھاوو ماوەیەکیش لەوێ دەمێنێتەوە و پاشان ئەگەرێتەوە بۆ کەرکووک و ئەمجارەیان لە (مەدرەسەی ئەوقافی ئایینی کەرکووک) وەرئەگیرێت.

مامۆستا ئەم مەدرەسەیە بە پلەیەکی زۆر باش تەواو دەکات. ئەوەی پێویستە بوترێت لەو کاتەدا لە نموونەی ئەو مەدرەسە ئایینی یەی کەرکووک کەسەر بە وەزارەتی ئەوقاف بوو، سێ مەدرەسەی ئایینی تر ھەبوون لە ھەریەک لە شارەکانی بە غداو موسڵ و بە سرە و کەرکووک (نموونەی پەیمانگاو کۆلێژە ئایینی یەکانی ئێستا).

دەرچوانی ئەو جۆرە مەدرەسانە شارەزایی یەکی زۆر باشیان ئەبوو لە زانستە شەرعی و ئایینی یەکان و بڕوانامەی دەرچونیان (تخرج) پێ ئەدرا.

دواتر مامۆستا فەیلەسوف ڕووئەکاتە شاری سلێمانی و سەرەتا لە خانەقای مەولانا خالید دائەمەزرێ و ماوەیەک لەوێ دەمێنێتەوە، دوای ئەوە چەند شوێنێکی تر دەکات ھەر لەناو شاری سلێمانی بەڵام ئەو شوێنانەی بەدلّ نابێت و لەدواییدا لە خانەقای مەحوی جێگیر دەبێت و ماوەیەکی زۆر لە خزمەت مامۆستا ئەسعەد مەحوی دەخوێنێت و ماوەیەکی باش ئەمێنێتەوەو دۆستایی یەکی زۆرباشی لەگەڵدا پەیدا دەکات. دواتر ڕووئەکاتە لادێ و ناوچەکانی دەوروبەری سلێمانی و ماوەیەکیش بەو شوەیە بەسەر دەبات و ئینجا بەیەکجاری ئەگەرێتەو بۆ کەرکووک و لە خانەقای مامۆستا مەلا عومەری ئۆمەرگومەتی جێگیر دەبێت و لە سالّی ١٩٣٧ دا ئیجازەی مەلایەتی وەر دەگرێت و دەبێت بە مەلا و دەست دەکات بە خزمەت کردن و فەقێ یەکی زۆری لێ کۆئەبێتەوە.

مامۆستا بۆ خوێندن زۆر شوێنی کوردستان و عێراق گەڕاوەو ناخۆشی ژیان و ئازارو بێ پارەیی و نەبونی و غەریبی زۆری چەشتووەو تەنانەت چەند جارێک بۆ سەردانی ماڵەوەیان لە کەرکووکەوە بۆ بەغدا بە پێ ڕۆیشتوە.

مامۆستا فەیلەسوف سالاّنێکی زۆر و نزیکەی شەست سالّ خزمەتی بە دین و بەژین کردووە لە زۆر شوێنی کوردستان و عێراق، لەوانە کەرکووک و ناوچەی ساڵەیی و کوبێسە و سامەڕا و چەمچەماڵ حاجی ئۆمەران ناوچەی قەڵاسێوکە و زۆر شوێنی تر. لەو ماوەیەشدا ئیمام وخەتیبی کردووەو دەرسی بە قوتابی و فەقێکانی داوە. لە زۆر شوێنەوە فەقێ ڕووی لێکردوەو لە خزمەتیا زۆر بە شانازی یەوە خوێندویانەو دەیەھاو سەدەھا فەقێ ی کورد لەسەر دەستی خوێندنیان تەواو کردوەو بوون بە مەلاو مامۆستا.

لە سالّی ١٩٧٤ دا بەشداری لە شۆرشی ئازادی خوازی گەلەکەی کردووەو بووە بە دادوەر لە دادگای تەمیزی شەرعی لە کوردستان.

نوسینی زۆری ھەبوە لەسەر زانستەشەرعی یەکان، بەلاّم زۆربەیان بەر تاڵان و سووتان کەوتون و فەوتاون، تەنھا چەند نوسراوێکی کەمی ماوە کە ھێشتا چاب نەکراون.

پلەو پایەو کەسایەتی مامۆستا

مامۆستا فەیلەسووف زانایەکی ئایینی زۆر شارەزاو توانا بوو، زانایەکی زۆر لێ ھاتوو بوو لە فەلسەفەی ئیسلامیدا و ھەمیشە ھەوڵی ئەدا بۆ بەرپەرج دانەوەی ئەو فەلسەفە بیانیانەو ڕاو بۆچوونانەی کە دژی فەلسەفەو بیرو بۆچوونی ئایینی ئیسلام بوون، ئەم ھەوڵەشی لەکاتی وانەووتنەوەی بە فەقێ و قوتابی یەکانی دا زۆر بەروونی دیاربوو.

شارەزایییەکی زۆر باشی ھەبوو لە زمانی عەرەبی و عیلمی کەلام و بەلاغەو مەنتیق دا.

شارەزایی یەکی زۆرباش و زانستیانەی ھەبوو لە مێژووی کوردو مێژووی عەرەبی و ئیسلامی و تەنانەت لە مێژووی ولاّتانی ئەوروباو ئەمریکاشدا.

زەوی ناس و ئەستێرە ناس و فەلەک زانێکی چالاک بوو.

تواناو ئارەزویەکی زۆرچاکی ھەبوو لە خوێندنەوەدا، تەنانەت لە تەمەنی پیریشیدا ڕۆژانە نزیکەی ١٠ کاتژمێری بە خوێندنەوە بەسەر ئەبرد.

ئەدەب دۆست وشیعر دۆست و ڕەوانبێژ بوو، شارەزایی یەکی زۆری ھەبوو لە ماناو شیکردنەوەی شیعرو ئەدەبی عەرەبی و کوردی و فارسی دا. زۆر حەزی لە شیعرەکانی مەولانا و حافز و خەیام و بابا تاھیر و مەحوی و نالی و سالم و مەولەوی ئەکرد.

مردن

مامۆستا فەیلەسوف لة تەمەنی ٨٦ ساڵیدا و لە ١٧ی ئەیلوولی ١٩٩٧ توشی شەلەل دەبێت بەھۆی جەڵتەی دەماغەوە و نزیکەی حەوت ساڵ بەو شێوەیە لەسەر جیّگا دەکەوێت.

لە ڕۆژی چوارشەممە لە ڕێکەوتی ١٤ی نیسانی ٢٠٠٤ بەرامبەر(٢٤/ ٢ / ١٤٢٥ ک) لە نەخۆشخانەی فێرکاری لە شاری هەولێر و لە تەمەنی ٩٣ ساڵیدا گیان پاکی بە یەزدانی مەزن دەسپێرێت و ھەر ھەمان ڕۆژ تەرمە پیرۆزەکەی ئەگوێزرێتەوە بۆ شاری کەرکووک و لە گۆرستانی ڕەحیماوە ئەنێژێت، بەو جۆرە ئەو چرایەش دەکوژێتەوە لە خوازیارانی شەرع و دین.[١]

  1. سەرچاوە:وێکیپیدیا